بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بە راگەیاندنی فیدراڵیزم لە “رۆژئاوا- باکوری سوریا”

رۆژی پێنجشەممە ١٧-٣-٢٠١٦ لە شارۆچکەی رومێلان لە سوریا، لە کۆنفرانسێکدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەن‌ و هێزە سیاسیەکان‌‌و هاوڵاتیانی هەر سێ کانتۆنی جەزیرەو  کوبانێ و عەفرین، سیستەمی فیدراڵی لەژێرناوی (سیستەمی فیدراڵی دیموکراتیك لە رۆژاڤا- باکوری سوریا) راگەیەنرا. بەپێی راگەیاندنەکە، ئازادی ژنان‌و شێوازی بەڕێوەبردنی زاتی دوو پرەنسیپی بنەڕەتی دەسەڵات دەبن. بەرپرسانی پەیەدە کە حزبەکەیان خاوەنی هێزو دەسەڵاتی سەرەکیە لەو ناوچانەداو خاوەنی پرۆژەکەشن، ئەوەیان راگەیاندوە کە سیستەمی فیدراڵی لە (رۆژاڤا- باکوری سوریا) نەتەوەیی نیە و بەلکو فیدرالیزمیکی ناوچەییە و بۆسەرجەم دانیشتوانی ئەو ناوچانەیە  کە لە کوردو عەرەب و تورکمان‌و سریان‌و نەتەوەی دیکە پێکهاتوون.

بێگومان بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە دژی رێکخراوی دڕندەو هەوسارپچڕاوی داعش ‌و ئیسلامی سیاسی، دوورخستنەوەی لە گێژاو شەڕی ناوخۆ و سیناریۆی رەشی سوریا‌، پەسەندکردنی مەرسومی مافەکانی ژنان‌‌و هەروەها خۆپاراستن لە بەرجەستەکردنی ناسنامەی قەومی و دەستەبەندی نەکردنی هاولاتیان لەسەر بناغەی ناسنامەی کۆنەپەرستانەی قەومی و دینی.. کۆمەڵە دەسکەوتێکن بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە کە دەبێ پارێزگارییان لێبکرێت‌. بەدەر لەوەی کە هیزەکانی پشتی ئەم راگەیاندنی فیدرالیەتە بە دوای چ بەرژەوەندیەکی سیاسیەوەن، هەروەها بەدەر لە لایەنە نیگەتیفەکانی سیستەمی فیدرالی، تەنانەت ئەگەر نەتەوەیش نەبیت، بەڵام پاراستن و پەرەپێدانی ئەو دەستکەوتانە بە دەسەڵات‌و ئیدارەیەکی یەکگرتوو و سەراسەری باشتر مەیسەر دەبیت کە لانی کەم ئەوناوچانە لێك گرێبداتەوە و بەیەک دەستورو یاسای پێشکەوتوانە بەرێوەیان بەرێت. بەلام نەک هەر مەرج نیە بەلکو پێویستیش نیە ئەمە بەرگی فیدرالیزمی بەبەردا بکریت. باشتروایە دەسەڵاتێکی سەراسەری دیفاکتۆی سەربەخۆی کاتی تا هەلومەرجی سیاسی سوریا یەکلایی دەبێتەوە، دابمەزرێنن. چونکە ئەم فیدراڵیزمە یەکلایەنە هیچ بوارێك بۆ خەڵکی سەراسەری سوریا ناهێڵێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر شێوازی دەسەڵاتی سیاسی.

لەهەلومەرجی سەخت و لیک ئالۆزکاوی ئێستای ناوچەکەداو دژایەتی دەوڵەتی تورکیاو سوریاو سەرجەم ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی- نەتەوەپەرستی سوریا و پیلانەکانیان بۆ خنکاندنی ئەم گیانی بەرەنگاریەو شکاندنی ئیرادەی خەڵکی ئەو ناوچانە و هەروەها پاشەکەشەکردن بە دەسکەوتەکانی خەڵك، گرتنەپێشی سیاسەتی هوشیارانە بەرپرسیارێتیەکی گرنگ‌و چارەنوسسازە بۆ هەر هێزو لایەن‌و حزبێك کە ژیان و ئایندەو دەسکەوتەکانی خەڵکی ئەو ناوچانەی بۆ گرنگە. مەرجێکی سەرەکی پاراستنی ئەو دەسکەوتانە‌و پەرەپێدانی ژیانی مەدەنی‌و دورراگرتنی لە سیناریۆی تەلخی کێشمەکێشی قەومی‌و دینی‌، قولکردنەوەی گیانی هاوچارەنوسی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە یە بە دور لە ناسنامە داتاشراوە نەتەوەیی‌و دینیەکان. لە کاتیکدا ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست نوقمی کارەساتە قەومی و دینیەکانە، خۆ دورگرتنی هەر دەسەلاتیک لە ناسنامە کۆنەپەرستە قەومی و دینیەکان، مەرجی سەرەکیە بۆ تەبایی لەگەل ئاوات‌و ئارەزوە ئینسانی و پیشکەوتووەکان.

پاراستنی دەسکەوتەکانی خەڵك‌و کردنەوەی دەرگای ئومێدو ئاسۆیەکی ئینسانی کە ماف و ئازادیەکانی جەماوەر و بە تایبەتی ژنان دەستەبەر و جێگیر بکرێت، پیویستی بەوەیە کە سیستەمێکی سیکولارو غەیرە قەومی دابمەزرێت، دەسەڵاتی خەڵك لە خوارەوە و دیموکراسی راستەوخۆ و ئیرادەی جەماوەر بەرجەستە بکرێت، هەروەها لە گرەوی ئەوەدایە کە سیستەمی سیاسی ئەو ناوچانە بە سیستەمی شورایی بەڕێوەببرێت. بە پیچەوانەی پارلەمانتاریزم و شێوەکانی دیکەی دیموکراسی بورژوازیەوە کە هەموو رۆل‌و بەشداری جەماوەر لە دەسەڵاتدا تەنها لەوەدا بەرتەسک دەکاتەوە کە چوارسال جارێک ببرێنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، سیستەمی شورایی بەشێوەی بەردەوام جەماوەر لەمەیدان رادەگرێت‌و دەسەڵاتی راستەوخۆی خەڵك دەکاتە زامنی پاراستنی ماف‌و بەرژەوەندیەکانیان. سیستەمیکی شورایی کە لەسەر بنەمای چەکدارکردنی گشتی جەماوەر وەستابێت‌و هەموو جۆرە سیمایەکی چەکداریی حزبی‌و میلیشیایی حزبی نەهێڵێت. یاسای یەکسانی ژن و پیاو لەهەموو بوارێکی سیاسی، یاسایی، کۆمەڵایەتیدا جێگیر بکات. جیایی دین لە دەوڵەت بەکردەوە ئەنجام بدات. یاسایەکی کاری پێشڕەو پەسەند بکات کە مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران‌و هەلومەرجێکی ئینسانیتر بۆ ژیان‌و کاریان فەراهەم بکات. ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسی‌و رێکخراوبوونی سیاسی و جەماوەری دەستەبەر بکات‌و مافی هاوڵاتیبوون، سەربەخۆ لە باکراوندی دینی و مەزهەبی و نەتەوەیی و  رەگەزی، بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە دابین بکات….تەنها شێوازێکی دەسەڵاتی سیاسی دیموکراتیك‌و جەماوەریە کە لەسەر بنەمای ئەوپەڕی ئیرادەنواندنی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش‌و ئازادیخوازو یەکسانیخواز دامەزرابێت. هەر هێزو لایەنێکی سیاسی کە بەڕاستی بیەوێ بەئاقاری ئازادی‌و دەستەبەرکردنی ئاوات‌و ئارەزوەکانی خەڵکدا هەنگاو هەڵگرێت، پێویستە پێداگری لەسەر دامەزراندنی سیستەمی شورایی بکات.

حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان

٣٠-٣-٢٠١٦

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *