با (٨) ی مارسی ئەمساڵ رۆژی بانگەوازبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو یاساو رێساو دەسەڵاتێك کە ئەڵقەی بێمافیو کۆتوپێوەندکردنی ژنانی کوردستان تونددەکاتەوە
ژنان و پیاوانی ئازادیخواز!
(٨) مارس، رەمزی خەباتی یەکسانیخوازانەی ژنان وپیاوانی ئازادیخوازو هاتنەمەیدانی جەماوەریو فراوانیانە لە دژی چەوساندنەوەو نایەکسانی و پلەدوویی ژنان و لەپێناو کۆمەڵگایەك کە ژنان و پیاوان لەسەرجەم مافە سیاسی وئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیاندا یەکسان بن. بزوتنەوەی یەکسانیخوازی چینی کرێکار بە درێژایی مێژووی کۆمەڵگای سەرمایەداری، پاڵپشتێکی گرنگی خەباتی ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی ئەوان بوە، رابەران و هەڵسوڕاوانی چینی کرێکارو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و یەکسانیخوازی چینی کرێکار هەمیشە لەپێشەوەی خەبات و بزوتنەوەی ژناندا راوەوستاون. بەوجۆرە خەباتی ژنان بۆ ئازادی و کۆتایی هێنان بە جیاکاری رەگەزی و گەیشتن بە یەکسانی جێندەری لەگەڵ پیاواندا، بووە بە بەشێك لە خەباتی چیبنی کرێکار بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری. هەر پێشرەویەك کە چینی کرێکارو بزوتنەوە یەکانیخوازیەکەی بەرامبەر بە بۆرژوازی و سەرمایەداری بەدەستی هێنابێت، هەنگاوێك بزوتنەوەی ژنانی بەرەوپێش بردوەو لە بارودۆخێکی باشتردا لە رووی ماف و جێگاورێگای کۆمەڵایەتیان لە کۆمەڵگادا دایناون.
لە کوردستانیش بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەپاڵ بزوتنەوەی یەکسانیخوازیو کۆمۆنیستیی چینی کرێکاردا، لە دوای راپەڕینەوە بە گوڕو تینێکی زۆرەوە سەری هەڵداو لەماوەیەکی کەمدا کاریگەری خۆی لەسەر کۆمەڵگاو لەسەر هوشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان داناو ژنانێکی بەرچاو هاتنە ناو مەیدانی خەباتی یەکسانیخوازیەوە. بەڵام بزوتنەوە کۆنەپەرستەکانی بۆرژوازی کورد، بە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەوە کەوتنە دژایەتی کردنی ئاشکرای بزوتنەوەی کۆمۆنیستیو بزوتنەوەی ژنان. ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتداری کورد، بە پشتیوانی میلیشیاو بە دەستگرتن بە نەریتو یاسا کۆنەپەرستەکانو بە پاڵپشتی و هاوکاری بزوتنەوەی کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان، کەوتنە پڕوپاگەندەو هێرشی راگەیاندن و پیلانگێڕی لە دژی هەڵسوڕاوانی ژنان و بزوتنەوە یەکسانیخوازەکەیان و سەرەنجام بزوتنەوەکەیان تووشی پاشەکشەو دواتر سەرکوت کرد. بەڵام سەرکوتکردنی بزوتنەوەکە نەیتوانی هەموو ئەو خواستو ئومید و نەریتە ئینسانی و یەکسانیخوازانەی لەناو ژنان و پیاوانی کوردستاندا رەگی داکوتابوو، ریشەکێش بکات. بۆیە بەردەوام لەوکاتەوە دەسەڵاتدارانی کوردستان ناچارن کە لەلایەکەوە بەشێوازی ریاکارانە خۆیان وەکو لایەنگری مەسەلەکانی ژنان هەڵخەنو لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ چەواشەکاری و پێشگرتن بە هەڵسانەوەی بزوتنەوەیەکی یەکسانیخوازی جەماوەریو رادیکاڵی ژنان، لەرێگای رێکخراوە بەناو جەماوەریە سێبەرەکانی خۆیانو پەرەدان بە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیو قەتیسکردنەوەی پرس و ماف و ئازادیەکانی ژنان لەچوارچێوەی کۆمەڵێك چالاکی نمایشکاریو دابڕاو لەجەماوەر.
ئێستا کە کوردستان، لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی کوردو سیستەمە ئابوریو سیاسیەکەیاندا تووشی قەیرانێکی سیاسیو ئابوری کوشندە هاتوە کە ژیانو گوزەرانی زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگای لە کرێکارو کارمەندو فەرمانبەری کەمدەرامەتو مامۆستاو خانەدنشین روبەرووی سەختیو کارەسات کردۆتەوە، بەشێوەیەکی قورستر باری گرانی ئەم قەیرانە کەوتۆتە سەرشانی ژنان. بەشێکیان کە لە کەرتی تایبەتیدا کاریان کردوە، بێکارکراون، بەشێکی دیکەیان وەکو هاورێ پیاوەکانیان مووچەکانیان چوەتە قوڕگی حکومەتەوەو نایەتەدەرەوە. بێجگە لەوە قورسایی نەبوونی و بێنازبوونی مناڵەکانیان و گرفتەکانی بەڕێوەبردنی ژیانی رۆژانەی خێزانەکانیان بەهۆی ئەم بارودۆخەوە، فشارێکی زیاتری خستۆتە سەریانو ژیانی سەخت تر کردون.
بێگومان بزوتنەوەی نارەزایەتی دژی دەستدرێژیەکانی حکومەتی هەرێم بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان، کە لەچەند مانگی رابردوەوە بەشێوەی جۆرواجۆر درێژەی هەیە،مەیدانێك بوە بۆ بەشداری چالاکانەی ژنان. ژنانی مامۆستاو فەرمانبەرو کارمەندی تەندروستی و خانەنشین دەورێکی بەرچاویان هەبوە لە خۆپیشاندانو کۆبونەوەی نارەزایەتی و مانگرتنەکان لە سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان. ئێستا ژنان جارێکی دیکە و لەجەرگەی خەباتێکی راستو رەوان دژی گەندەڵی، ناعەدالەتی، نایەکسانی، تاڵانکردنی قووتی خەڵکی هەژارو برسێتی شان بەشانی پیاوان هاتونەتە مەیدانی خەبات. ئەم هاتنە مەیدانە جارێکی دیکە دەوری ژنان لە خەباتی سەرجەم کۆمەڵگادا بۆ ژیانێکی باشتر، ژیانێکی ئازادو یەکسان بەرجەستە دەکاتەوە. بۆیە پێویستە لە (٨) مارسی ئەمساڵدا کۆمەڵگا جارێکی دیکە سیمای یەکسانیخوازی خۆی نیشان بداتو خەباتی ژنان بۆ یەکسانی لەگەڵ پیاواندا وەکو بەشێك لە خەباتی خۆی بۆ ژیانێکی ئارام و یەکسان تەماشابکات. پێویستە (٨) ی مارسی ئەمساڵ رۆژی پاشەکشەکردن بێت بە بەهاو بۆچوونو یاساو کەلتوری دواکەوتوانەی دژی ژن. رۆژی بانگەوازبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر یاساو رێساو دەسەڵاتێك کە ئەڵقەی بێمافێو کۆتو پێوەندکردنی ژنانی کوردستان توند دەکاتەوە.
حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان
٦/٣/٢٠١٦