یەکێتی مامۆستایان، لە پەیام و ئامانجەکەیەوە تا پرۆسەی ھەڵبژاردنەکەی!

چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و ھەڵبژاردنەکەی

موزەفەر عەبدوڵا

سه‌ره‌تا رونکردنه‌وه‌یه‌ك: نارەزایەتی یەکانی مامۆستایان ماوەیەکە بۆ دانی موچە دەستی پێکردوەو رۆڵو هەڵوێستی هەڵپەرستانەی یەکێتی مامۆستایانیش لەم بارەیەوە دیارە، بو زیاتر رونکردنەوەی ئەم هەڵوێستو رۆڵەی ئەم رێکخراوەیە دوبارە بڵاو کردنەوەی ئەم نوسینە کە چەند ساڵ لەمەوبەر نوسیم بەپویست دەزانم

 

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، وەک ڕێکخراوێکی جەماوەری لە ڕووی فکری و سیاسی وکەلتوری یەوە سەر بە بزوتنەوەی ناسیونالستی کوردەو راستەوخۆ بە دەسپێشکەری کۆمەڵێک مامۆستای ئەو بزوتنەوەیە، بە تایبەتیش پارتی لە ساڵی 1962 دا پێکھات، ئەمەش بۆ کۆکردنەوەو ھەڵخراندنی تویژی مامۆستایان لە کوردستان بە دەوری خواست و ئامانجە سیاسی – ستراتیژی و تاکتیکی یەکانی ئەو بزوتنەوەیەو حزبەکانیدا. بێ گومانە کە ئەم ڕێکخراوەیە تا ئێستا لەم دەیان ساڵەدا کەم تا زۆر توانیوێتی ناڕەزایەتی و خواستە ڕەواو پیشەیی و مرۆیی یەکانی ماموستایان ،وەک تویژێکی ڕۆشنبیر لە کومەڵگای کوردستان،بۆ ئەو مەبەستانەی لە قالب بدات.وە ئەم راستی یەش ھەر لەم دوو دەیەی ڕابردوودا بە زیندوویی دیارە کە بزوتنەوەی ناسیونالیستی و حزبەکانی باڵادەست بونەو دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری کوردستانیان لە دەستدا بووەو کارنامەی ڕەشیان بە زیندووی بو ھەمولایەک ئاشکرا بووە .

تەنانەت لەم چەند ساڵەدا لە زوربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان ئەگەر مامۆستایانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز ھەر داوایەکی ڕاست و ڕەواشیان بوبێت و ناڕەزاییان دەربڕیبێت بەرامبەر دەسەڵاتداران ئەوە ئەم رێکخراوەیە چ ڕاستەوخو یا ناڕاستەوخۆ وەک مەقاشێکی دەسەڵات وابوونە بۆ خامۆش کرنەوەو کپ کردنەوەو بەلارێدا بردنی ئەو نارەزایەتی یانە بە بەھانەی ئەوەی کە بارودۆخی گەل و نەتەوەو نیشتمان ناسکەو دەبێت چاوپۆشی لەو خواستانە بکرێت.بەرچاوترین نمونەی ئەم ناڕەزایەتی یە بە کومەڵەی مامۆستایانیش ئەوەبو کە ساڵەکانی دوای بە دەسەڵات گەیشتنی پارتی و یەکێتی بوو کە زیاتر لە 6 مانگ بەھۆی دزی و گەندەڵی ئەم حزبانەوە موچەیان نەدەدا بە مامۆستایان ،و ئەم رێکخراوەیەش کەوتە بانگشەو بالۆر ژەنین بۆ دروشمەکەی ئەم حزبانە کە دەیانوت ماموستایانی کوردستان سەری بەرزی کوردایەتیان بو موچە نەوی ناکەن.

دیارە ئەمە یەکێکە لە نمونە زەقەکانی سازشی ئەم رێکخراوەیە لەگەڵ حزبەکانیان بو مل کەچ کردنی ماموستایان و سەرکوت کردنیان و بەلاری دا بردنی خواست و نارەزایەتی ماموستایان.دیارە لە ڕوویەکی تریشەوە ئەم ڕیکخراوەیە ھەمیشە وەک ئۆرگانێکی پارتی و یەکێتی ھەر کات ئەمان شەڕ لە نێوانیان بوبێت ئەمانیش دوو شەق بونەو ھەر کاتێش ئەم دوو حزبە ئاشتی لە نێوانیان بەرقەرار بوبێت ئەوە ئەوانیش یەکیان گرتۆتەوە.

زیندو ترین نمونەی ئەم ململانی و کێشمە کێشە شەڕی نیوان یەکیتی و پارتی بوو لە ساڵی 1994 وە کە بوە ھۆی دوو شەق بونی یەکێتی مامۆستایان تا لە 29-3-2007 یەکیان گرتەوە.

ھەڵبەت خوێنەر بۆ ئەوەی زیاتر،بە دوکیمەنتیش ،ناوەڕۆکی سیاسی و فکری و بە ناو پیشەیی ئەم ڕێکخراوەیەی بۆ دەرکەوێت، دەکرێت چاوێک بخشێنێت بەو بەیان و ڕاگەیاندن و ڕاپۆرت و چاوپێکەوتنانەی کە ئەم ڕێکخراوەیە بڵاویان کردۆتەوە . بە تایبەتی سەرنج دان لە گۆڤاری وەرزی (پەیامی مامۆستا)و رۆژنامەی مانگانەی(ئامانج) یان کە چۆن و چەندە پەیام و ئامانجی ئەم ڕێکخراوەیە لە ھەمو ڕویەکی سیاسی و فکری و کومەڵایەتی یەوە کونەپەرستانەیە،و ڕاستەوخۆ بەشێکە لە پەیام و ئامانجەکان و خواستەکانی بزوتنەوەی قەومی و حزبەکانی.وە دورو نزیک پەیوەندی نییە بە پەیام و خواستە مرۆیی یە ڕەواو ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکانی مامۆستایانەوە.

دیارە ئێستاش ئەم یەکێتی یە بەھۆی ھەلومەرجی ئەم چەند ساڵە و زیاتر کێشمەکیش و ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتی کوردستانەوە و دەرکەوتنی زیاتری دەستەو تاقمی میلیشایی قەومی – عەشیرەتی و ئیسلامی یەوە ئەمەش زیاتر بۆتە ھۆی سەرھەڵدان وپێکھاتنی دەستەو تاقم و ڕێکخراوی تر بە ناوی ماموستایان. جا چ لە ناو یان لە دەرەوەی یەکێتی مامۆستایان بن و، ئەمەش بۆ یەکێتی مامۆستایان چاوەروان نەکراوو بوو، ھەر وەک خۆیان لە ڕاگەیاندنی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکەیان کە بۆ سازدانی ھەڵبژاردنی مامۆستایان بڵاویان کردۆتەوە سەبارەت بە بەشداری کردنی 8 لیستی تر لە ھەڵبژاردن.

جا ئەگەر مامۆستایانێک تا ئێستا جۆرە خۆشخەیاڵی یەکیان بەم رێکخراوەیە ھەبوبێت بە واقعی ئەمە ناوەڕۆکی پەیام و ئامانجی سیاسی و فکری یەکەیەتی.

ھەڵبەت یەکێتی ماموستایان بە ڕیوایەتی خۆیان لەم 40-50 ساڵەدا 11 کۆنگرەیان ساز داوە لە شاخ وشارداو، پێ بە پێ و شان بە شانی حزبەکانی بزوتنەوە ناسیونالیستی یەکانیان و تەنانەت بە فەرمان و ڕێنوینی ئەوان.

ڕۆژی 2-12 ئەم مانگەش دوای دوو ساڵ، بە ووتەی خۆیان لە کارو تێکۆشان و ماندووبوونی مەکتەبی تەنفیزی و سکرتاریەت و سەرۆک و جێگرو کارمەندانی تریان، ئەخیرەن ھەڵبژاردنی سەراسەری یان لە کوردستان سازدا. وە بە پێی ڕاپۆرتەکانیان 117 ھەزار مامۆستا مافی بەشداری کردن و دەنگیان ھەبووە، تا 392 نوێنەر ھەڵبژیرن بۆ گۆنگرەی دوانزە کە بڕیارە لە مانگی مارسی 2011 ساز بدرێت.وە لەم ھەڵبژاردنە 11 لیستی جۆراوجۆر بەشدار بوونە.

ھەروەھا بە پێی ئەو ڕاپورت و ڕاگەیاندن و چاوپێکەوتنانەی ئەو بەرپرسانە کە زۆربەی ھەرە زۆریان سەر بە پارتین ، ئەم ھەڵبژاردنە ئەگەرچی کەمێک لاوازی تیابوەو گلەیی یان لێکراوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ھەڵبژاردنێکی نەزیھو و دیموکراسی بووە و لە کەشێکی ئازاد دا بەشدار بوان دەنگیان داوەو پرۆسەکە بە ڕێک و پێکی بەرێوەچوە. بە تایبەتی بەوەی خودی وەزیری پەروەردە لە نزیکەوە ئاگادار بووەو سەردانی چەندین بنکەی ھەڵبژاردنی کردوە. دیارە ڕۆشنە کە وەزیری پەروەردەش سەفین دزەیی یەو یەکێکە لە بەرپرسانی پارتی و نزیکەکانی بنەماڵەی بارزانی. وە ئاکامی ھەڵبژاردنیش لە ھەمو ئەو ناوچانە کە پارتی دەسەڵاتی تیادا بە تەواوی ھەیە، ئەوە نوێنەرانی سەر بەوان زۆرایەتیان ھێناوە، بۆیە بە لای ئەوانەوە ئیتر پرۆسەکە سەرکەوتو بوەو بە نەزاھەت بووە.

بەڵام ئەگەر چاو بخشێێن بە ڕاپورتو قسەو چاوپێکەوتنی بەرپرسانی لیست و لایەنەکانی ترو، رۆژنامەنوسان و چاودێرانی تردا ،لەوانە قسەکانی بەرپرسی فیدراسێۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ،دەبینین ئەوان بە بەڵگەوە باس لە دەیان پێشێلکاری و ھەڕەشەو گوڕەشەو دەرکرن و نەقڵ کردن و پارە بەخشینەوەو دەنگ کڕین دەکەن کە ڕووی داوە .تەنانەت لە زۆریک لە بنکەکان ،بە تایبەتی ئەوانەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، تەنانەت فەرمانبەران و پاسەوانی ناو ئەو دامو دەزگایانەی کە کراونەتە بنکەی دەنگدان، ئەوانە شوناسننامەی مامۆستایانیان بۆ دروست کراوەو دەنگیان داوە.

وە لە زۆرێک لە بنکەکان کە دەنگ دراوە ھیچ چاودێرێکی سەربەخۆی لێ نەبوە کە ئەمە بەڵگەدارترین نمونەیە بۆ ئەوەی کە ئەو ھەڵبژاردنە سەرەتایی ترین تایبەتمەندی نەزاھەی تیا نەبوە.

ھەروەھا بەو پێ یەی بەرپرسانی ئەم یەکێتی یە زۆربەیان سەر بە دەسەڵاتن و پارتین لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو کە خەریکی زەمینە کردن بوونە بۆ ئەم ھەڵبژاردنە بە شێوەیەک پرەنسیپ و بنەماکانی ھەڵبژاردنیان دارشتووە کە وێک بێتەوە لە ئاکامێک کە خۆیان گەرەکیانەو، وایان کردوە کە سەرکەوتن دەستەبەر بکەن و زۆرایەتی نوێنەران بەدەست بێنن بۆ کۆنگرە.

بۆیە ئەم ھەڵبژاردنە لە ھەر گۆشەیەکەوە ئەگەر سەرنجی ڕەخنەگرانەی لێ بدرێت ئەوە لە تەواوی ئەم پرۆسەیە بە تەواوی وێک دیتەوە لەگەڵ پەیام و ئامانجێکی سیاسی کە یەکێتی ماموستایان وەک رێکخراوێکی سیاسی و فکری قەومی سازی داوەو سەرپەرشتی کردوە. وە بە تەواوی کۆپی یەک بووە لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق کە لە یەک ساڵی ڕابردودا سازیان داوە.

لە کۆتایی دا پێویستە ئاماژەیەک بەوەش بدەیندوە ،کە ئەو لیستانەی تریش کە ناوی سەربەخۆ و سەردەمیان لە خۆیان ناوە گەر سەر بە ئۆپۆزیسیۆن بن یا نەبن ئەوە ھەر بە ڕواڵەت ناکۆکن بە لیستەکانی دەسەڵات، جا بزانن یان نەزانن تا ئەو جێگەیەی کە لە ڕووی ئاسۆو ئامانجی سیاسی و فکری یەوە خۆیان بە تەواوی جیا نەکەنەوە لە ئاسۆو ئامانج و پەیامی ئەم رێکخراوەیە ئەوە ناتوانن ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی جەماوەری ئازادیخوازو یەکسانیخوازی مامۆستایان.بەم پێیەش ناتوانن رێکخراوێکی سەربەخۆو ھاوچەرخ و ئازادیخواز بنیاد بنێن. بۆیە ھەر دەبن بە بەشێک لەم یەکێتی یە کە بە تەواوی سەر بە دەسەڵاتەو ئامرازێکە بۆ گەیاندن و سەپاندنی پەمام و ئامانج و کردەوەی سیاسی ئەوان.

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *