هەنگاوێکی لە بایکۆت کارسازتر پێویستە

رێبوار ئەحمەد:

ماوەی چەند هەفتەیە زۆرێک لە قوتابخانەکان و ناوەندەکانی کار بە بایکۆتکردن و نەچونەسەرکار، پەیامێکی توندی ناڕەزایەتیان داوە بەگوێی دەسەڵاتدا. هەرچەندە جەماوەری ناڕازی توڕەیی خۆیان لەوە دەردەبڕن کە دەسەڵات گوێ نیەو نایبیستێ. بەڵام لە راستیدا دەسەڵات ئەو پەیامەی بە باشی بیستوەو لەژێر فشاری تونددا قەراری گرتوە. سەرباری ئەوەش نایەوێ بە ئاسانی مل بەداخوازیەکانی خەڵك بدات. هێشتا سورە لەسەر ئەوەی ئاکامە کارەساتبارەکانی تاڵان و برۆی چەندین ساڵەی خۆیان بەسەر خەڵکدا بشکێنێتەوە. ئەگەرچی تۆزقاڵێک پاشەکشەی لە خۆی نیشانداوە، بەڵام لە راستیدا دەیەوێ بە بەڵێنی پوچ و تەم و مژاوی و هاوکات بە فشاری هەمەلایەنە، ناڕەزایەتیەکان خامۆش بکاتەوە و دۆخەکە وەکو خۆی تێپەڕێنی. هیچ شتێک لەوە ئاشکراترنیە کە ئەم دەسەڵاتە نیازی نیە دەست لە ستەمکاری و نانبڕینی خەڵک هەڵگرێت. تەنانەت ئەگەر بۆ خۆدەربازکردن لە گورزی ناڕەزایەتیەکان هەندێک بەڵینی تەم و مژوای پوچیش بە خەڵک بدات؛ وەکو “هەڵە لە بڕیاری پاشەکەوتکردنی زۆرەملێی موچە هەیەو پێداچونەوەی بۆ دەکەن، موچە کەمەکان کەم ناکەنەوە، مژدەی خۆشیان هەیە بۆ خەڵک لە رۆژانی داهاتودا و…هتد.” لەگەل ئەوەی ئەم بەڵینانە خۆیان پوچن و هیچ شتێکی سەرڕاست و راشکاو بەدەستەوە نادەن، تازە ئەگەر گۆرانکاریەکی رواڵەتیش بکرێت، گومانی تیانیە کە تەنها تا خامۆش بونەوەی ناڕەزایەتیەکان بڕ دەکات و دوای ئەوە توندتر لە ئێستا دەست دەنێنە بناقاقای خەڵکی ستەمدیدە.

ئەم دەسەڵاتە بورژوازیەی کوردایەتی لە رادەبەدەر مشەخۆرو چاوتێرنەبوە، تا ئەو رادەیەی کە هیچ مافێک بە خەڵکی “نەتەوە پیرۆز”ەکەی خۆی رەوانابینێ. هەرچی لەسەر زەوی و ژێر زەوی و ئاسمانی ئەم کۆمەڵگایەدا هەیە بە موڵکی خۆی دەزانێ. سەرجەم داهاتەکان بۆ خۆی دەبات، قاچاخچێتی بە دەرمان و خۆراکی ماوە بەسەرچوشەوە دەکات، هەموو کۆمپانیا تاڵانچیەکان هەر موڵکی خۆیانن. لەگەڵ ئەوەشدا تا سەر ئێسقان خوێنی کرێکارو جوتیارو مامۆستا و کارمەند و پێشمەرگەش دەمژن، ئەو کۆمەکانەی بە ناوی پێشمەرگەو شەری داعشەوە وەریدەگرێت، ئەوەی بە ناوی ئاوارە و شەنگارەوە وەریدەگرێت، ئەوەی بە ناوی خۆراک و دەرمانەوە وەریدەگریت، لە هەموی بەشی شێری بەتاڵان دەبرێت. دەست بۆ خەرجی گیرفانی خوێندکارو سفرەی خاڵی کەس و کاری ئەنفال و شەهید و خانەنشین و دەستفرۆش و کەم ئەندامیش درێژ دەکەن، لە داهاتی لەشفرۆشیش بەشی خۆیان دەوێ، هێشتاش چاویان تێرنابێت و تەنانەت پەلاماری شیری منداڵیش دەدەن. ئەمە ماناو ناوەرۆکی ناسیۆنالیزم و کوردایەتی و نەتەوەپەرستیە. بورژوازی کوردو حزبە بورژوازیەکانی کوردایەتی میللەت و نەتەوەیان تەنها و بە تەنها بۆ ئەوەیە خوێنی بمژن، هیچ گوزەران و خۆشبەختیەک بە مافی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ستەمدیدەی ئەو نەتەوەیە نازانن کە رۆژ تا ئیوارە بە ئەی رەقیب و کوردایەتی مێشکیان دەکوتنەوە.

ئەمرۆ ئەو راستیە وەکو رۆژی روناک ئاشکرایە کە ئامانجی بورژوازناسیۆنالیستی کورد لە برەودان بە کوردایەتی و ئەی رەقیب و گیانی نەتەوەپەرستی کوردی، ئەوەیە کە ئەم ستەمکاری و تاڵان و بڕۆیە پەردەپۆش بکات. دەیەوێ لە ژێر ناوی “هەموان هەر کوردین”، چەوساوەکان چەواشە و شەڕی نێوان چینی ستەمکارو چینی ستەمدیدە خامۆش بکات. “ئەی رەقیب و کەس نەڵێ کورد مردوە” ی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد تەنها و بە تەنها بۆ ئەوەیە کریکارو زەحمەتکیش و سەتەمکێشانی کورد “نەمرن” و بمێنێن بۆ ئەوەی کۆشک و تەلار و قەڵای سەرمایەی ئەوان بەرزو بەرزتر بکەنەوە. دروست وەکو ئەوەی لەم چارەکە سەدەیەدا رویدا. دەرسێکی گرنگی روداوەکانی ئێستای کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە توڕهەڵدانی نەتەوەپەرستی و ناسیۆنالیزم مەرجێکی سەرەکی پساندنی کۆت و بەندی کۆیلایەتی و ستەمکاریە لە دەست و پێی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز.

لە جیاتی بایکۆت!

ناڕەزایەتیەکانی تا ئێستا و بە تایبەتی بایکۆت کردن، سەرەتایەکی باش و پەیامێکی بەهێز بوو بۆ هۆشداریدان بە دەسەڵاتی ستەمکاری بورژوازی کورد. بەڵام لەوە زیاتر درێژەدان بەو شێوازە کارساز نیە و ناتوانێ هاوسەنگیەکە زیاتر بە قازانجی جەماوری ناڕازی بگۆڕێت، ناتوانێ وەکو پێویست چۆک بە دەسەڵات دابدات. بۆیە پێویستە جێگای خۆی بدات بە شێواز و هەنگاوی کارسازتر. بە تایبەتی بایکۆت لەگەڵ درێژە پەیداکردنی بۆ درێژماوە لایەنە لاوازەکانی بەرجەستەتر دەبێت و رەنگە بگۆڕێت بە دژی خۆی. بەتایبەتی دوای ئەوەی دەسەڵات پەنای بردووە بۆ پلانی کەمکردنەوەی دەوام بە مەبەستی ئەوەی هەم کاریگەریەکانی بایکۆت ناکام بکاتەوە و هەم پەرتەوازەیی و دوبەرەکایەتی بەسەر ناڕەزایەتیەکاندا زاڵکات. بەدەر لەمەش خودی بایکۆت بۆ دریژماوە خاڵی لاوازی خۆی هەیە لەوانە؛

یەکەم/ بەردەوامی بایکۆت بۆ درێژماوە، دەبێتە هۆی لێکدابڕانی جەماوەری ناڕازی لەیەکترو لاوازبونی هاودەنگی و یەک ریزیان.

دوەم/ دەسەڵات کار دەکات بۆ هەڵخڕاندنی خەڵک دژی راوەستانی خزمەتگوزاریەکان و هاندانی بەشێکی تر لە خەڵک دژی بایکۆت. دەیەوێ ئۆباڵی بەفیڕۆچونی ساڵێکی خوێندکاران بخاتە ئەستۆی ماموەستایان نەک بێدەربەستی خۆیان. ئەمە پلان و پڕوپاگەندەیەکی ژەهراویە بۆ ئەوەی خوێندکاران و خانەوادەکانیان بکات بە گژی ماموەستایاندا.

سێەم/ ئۆباڵی راوەستانی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان دەخاتە ئەستۆی دکتۆرو کارمەندانی موچە بڕاو نەک بێدەربەستی و تاڵان و بڕۆی خۆیان. هەر تەنگەبەری و روداو کارەساتێکیش بە هۆی نەبونی ئەم خزمەتگوزاریانەوە بێتەبەرەوە، دەسەڵات دەیکاتە بەهانیەک بۆ هاندانی خەڵک دژی بایکۆت.

چوارەم/ خاڵێکی لاوازی بایکۆت ئەوەیە کە رادەی گوشاری لەسەر دەسەڵات سنوردارو بەرتەسکە و رەنگە ئەوان بتوانن بۆ ماوەیەکی دێژتر خۆیان لە بەرامبەر ئەم گوشارەدا رابگرن، تا ئەوکاتەی خەڵک بێزارو نائومێد، هەروەها ریزی نارەزایەتیەکان پەرتەوازە و دوچاری ناکۆکی دەبنەوە…

پێشتر باسی ئەوەشمان کردوە کە جەماوەری ناڕازی پێویستە لەگەڵ گرتنبەری هەر شێوازیکی ناڕەزایەتیدا، ئەوەیان لەبەرچاوبێت کە ناکرێ بۆ درێژماوە و کاتێکی نادیار خزمەتگوزاریەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک لەکاربکەون. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانە ئیتر کاتی ئەوە هاتوە شێوازێکی کارسازتر جێگای بایکۆت بگرێتەوە. شێوازێک کە گوشاری زیاتر بێت لەسەر دەسەڵات، ئاستی یەکدەستی و رێکخراوبونی جەماوەر بەرەوسەر بەرێت، ریزی نارەزایەتیەکان فراوانتر بکاتەوە ….بۆ ئەم مەبەستە باشتر وایە لە جیاتی بایکۆت هەموان بگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی کارو خوێندن، قوتابخانەکان و خزمەتگوزاریە پێویستەکانی خەڵک بخرێنەوە کار، ئەوەندەی دەکرێت خزمەتگوزاری پێویست بۆ خەڵک دابینبکرێت و لە بەرامبەردا ئابڵوقە لە سەر دەسەڵات و حزب و دامەزراوەکانی دابنرێت و هەمو خزمەتگوزاریەکیان لێ ببڕدرێت. هەروەها لە جیاتی بایکۆت باشتر وایە هەموو مەیدانەکانی کارو خوێندن بکرێن بە مەیدانی کۆبونەوە و میتینگی رۆژانە بۆ گفتوگۆ لەسەر چی کردن و چۆن کردن و چۆنیەتی یەکدەستبون و بەرەنگاربونەوەی پلانەکانی دەسەڵات. پێویستە سەرجەم ناوەندەکان خۆیان لە شواراکان و رێکخراوە سەربەخۆکاندا رێکبخەن. واتە کۆبونەوەی گشتی ناوەندەکەیان بەرپا بکەن و نوێنەرانێکی جێگا باوەڕو متمانە پێکراو لە نێوان خۆیاندا هەڵبژێرن بۆ رابەری کردنی خەباتی ناوەندەکە و نوێنەرایەتی کردنیان هەم لە بەرامبەر دەسەڵات و هەم بۆ یەکخستنی ناڕەزایەتیەکان لەگەڵ ناوەندەکانی تر و لە ئاستی سەراسەریدا. شوراکان لە هەمانکاتدا هەموو کاروباری ناوەندەکان بەدەستەوە بگرن و رێکیانبخەن. خاڵی بەهێزی شورا لە چاو سیستەم و شێوەکانی تری رێکخراوبون ئەوەیە کە هەر ناوەندە خۆی راستەوخۆ نوێنەرانی خۆی هەڵدەبژێرێت و هەر ساتێکیش دەرکەوت کە نوێنەرانێک باش نوێنەرایەتی ئەو جەماوەرە ناکەن کە هەڵیانبژاردوە، یەکسەر هەر لەلایەن ئەو جەماوەرەوە لادەبرێن و کەسی گونجاوتر بۆ جێگرتنەوەیان هەڵدەبژێردرێتەوە. لە سیستەمی شورایدا هیچ بەهانەیەک نیە کە ئەم کارە بۆ یەک رۆژیش دوابخات. جیاوازیەکی گرنگ و بنەڕەتی شورا لەگەڵ سیستەم و شێوەکانی تر، بۆ نمونە پەرلەمان و یەکێتی و نەقابە، ئەوەیە کە شورا بوار نادات کەسانێک ببن بە وەکیل و بریکاری خەڵک و هەردوای وەرگرتنی پەنجە مۆری خەڵک ئیتر بۆ چەند ساڵ بتوانن سات و سەودا بە مافی جەماوەرەوە بکەن بەبێ ئەوەی جەماوەر مافی ئەوەی هەبێت لایانبەرێ. شورا هەمیشە جەماوەر لە مەیدانی دەخاڵەتی راستەوخۆ رادەگرێت و کەسانێکیش دەکات بە نوێنەر، هەرکات باش نوێنەرایەتی جەماوەریان نەکرد یەکسەر لادەبرێن.

پێویستە تاکتیکی گونجاو لەبەرامبەر ئەو تاکتیکەی دەسەڵات بگیرێتەبەر کە هەوڵدەدات خوێندکاران و خانوادەکانیان بکات بە گژی ماموەستایاندا و ئەمە لە دژی خۆی هەڵبگێڕدرێتەوە. لەگەڵ بەگڕخستنەوەی ناوەندەکانی خوێندن، سەرجەم خانەوادەی خوێندکاران بانگێشت بکرێن و لە ناو قوتابخانەدا کۆبونەوەیان لەگەڵ بکرێت، بۆیان رونکرێتەوە کە رێگای بە فیرۆ نەچونی ساڵێکی خوێندکاران ئەوە نیە مامۆستا ناچاربکرێت بە گیرفانی بەتاڵ و سفرەی خاڵی ماڵیەوە وانە بڵێتەوە، ئەمە بە هیج جۆرێک ناکرێت و لە توانادا نیە. رێگاچارە ئەوەیە کە دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی ناچاربکرێت، لەو داهاتەی بەتاڵانیان بردوە، دەستبەجێ هەموو موچەکانی ماموەستایان بدەن. تەنها رێگای خوێندکاران و خانەوادەکانیشیان بۆ ئەوەی بەربگرن لە بەفیرۆچونی ساڵێکی خوێندن، هەر ئەوەیە کە بە هەموو توانا لە پشتی خەباتی ماموەستایان راوەستن و هاوشان لەگەڵ ئەوان راوەستن بۆ ناچارکردنی دەسەڵات بەجێبەجێ کردنی خواستەکانیان. ناوەندە خزمەتگوزاریەکانیش دەتوانن هەمان رێگا بگرنەبەر بۆ ئەوەی جەماوەری بێبەش لە خزموتگوزاری، لە پشتی ناڕەزایەتی خۆیان رابگرن. جگە لە ناوەندەکانی کار پێویستە گەڕەکەکانیش بکرێنە مەیدانی کۆبونەوە و متینگ و سەنگەرێکی تری خەبات لە دژی برسێتی و نانبڕین و ستەمکاری. لەم کۆبونەوانەدا شورای گەرەکەکان دامەزرێن بۆ رێکخستن و رابەری کردنی خەباتی جەماوەری و بە دەستەوە گرتنی کاروباری گەڕەک لە جیاتی دام و دەزگا گەندەڵەکانی دەسەڵات.

ئەو ناوەندانەی کە خۆیان داهاتیان هەیە، لە جیاتی دانی داهاتەکان بە دام و دەزگا گەندەڵەکان، داهاتەکانیان لەلایەن شوراکانەوە کۆنترۆڵ بکرێت بۆ دابینکردنی موچەکان و کۆمەک کردن بە دابینکردنی موچەی ئەو ناوەندانەی تر کە داهاتیان نیە. پێویستە بەڕێوەبەرایەتی و دەزگا گەندەڵەکانی دەسەڵات فەرامۆش و بایکۆت و دەسکۆتابکرین و پێڕەویان لێ نەکرێت. بۆ ئەم کارانە نابێ کات بە فیرۆبدرێت، پێویستە شەو رۆژ بخرێنە سەریەک بۆ بەرەوپێش بردنی خێرای ئەم هانگاوانە. تێپەڕبونی کات بە زیانی خەباتی جەماوەری و بە قازانجی دەسەڵاتی ستەمکارە. دەسەڵات دەیەوێ کات بەسەر بەرێت تا خەڵک شەکەت و ماندو نائومێد دەبێ و چۆکدائەدات. ئەرکی پێشڕەوان و رابەرانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنیستە کە دەست بخەنەپێش و جەماوەری ناڕازی لەم رێگایەدا رابەری بکەن.

مەسەلەیەکی زۆر گرنگ ئەوەیە کە دەستەکانی ئێستا هەروەها لەگەڵ بەرپابونی شوراکاندا، بەردەوام بانگەوازی پێشمەرگە و پۆلیس و هێزەچەکدارەکان بکەن و بەرچاویان رۆشنبکەنەوە کە چارەنوسی ئەوان و چارەنوسی جەماوەری ناڕازی و ستەمدیدەیە یەک چارەنوسە. ئەوانیش بەشێکن لەو جەماوەرەی کە بۆ نان و ژیان و ئازادی هاتونەمەیدان. ئەوان کە خۆیان رۆڵەی کرێکاران و جەماوەی زەحمەتکێش و ناڕازی و برسین، نابێ ببنە قەڵغانی کۆمەڵێک جەردە و گەندەڵ و ستەمکارو لە پێناو پاراستنی قەڵای سەروەت و دەسەڵاتی گەندەڵکاراندا لولەی چەکەکانیان ئاراستەی سنگی هاوچارەنوسەکانی خۆیان بکەن کە تەنها لە پێناو مافی رەوای خۆیاندا هاتوەتەمەیدان. دەبێ بەردەوام ئەوەیان بۆ رونبرێتەوە کە سەنگەری ئەوانیش سەنگەری ناڕەزایەتی جەماوەری ستەمکێش و ئازادیخوازە، ئەوانیش دەبێ لەم سەنگەرە و لە پاڵ جەماوەری ستەمدیدە دژی دەسەڵاتی ستەمکار راوەستن.

٢٣ شوباتی ٢٠١٦

 

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *