راپه‌ڕین، خۆپیشاندانی سه‌راسه‌ری، مانگرتنی سه‌راسه‌ری کامیان له ئێستادا!؟
موحسین که‌ریم
ناره‌زایه‌تیه‌کان به‌رامبه‌ر به زوڵم و زۆری حکومه‌تی هه‌رێم شه‌پۆل ده‌دات. فشاره‌کانی ئه‌م حکومه‌ته بۆسه‌ر ژیانی خه‌ڵک به ئاستێك گه‌یشتوه که ئیتر توانای ته‌حه‌مولکردنی نه‌ماوه. ئه‌وه‌نده‌ش به‌رپرسانی باڵای ئه‌م حکومه‌ته نابه‌رپرسیارن که دوای نه‌دانی (5) مانگ مووچه هێشتا داوا له خه‌ڵك ده‌که‌ن دان به‌خۆدا بگرن و ته‌حه‌مولی برسێتی بکه‌ن! ئه‌مه له‌کاتێکدا که خۆیان سه‌دان ملیۆن دۆلاریان له داهاتی گشتی بۆ خۆیان تاڵان کردوه‌و مووچه‌و ده‌رماڵه‌ی هه‌ریه‌کێکان به‌قه‌ده‌ر موچەو ده‌رماڵه‌ی سه‌دان کرێکار‌و کارمه‌ند ده‌بێت!
ئه‌م حکومه‌ته‌و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هیچ حوکمێکی تری به‌سه‌ردا ناسه‌پێ ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت که به هێزی خه‌ڵك له‌سه‌ر کورسی دابگیرێتو به‌رپرسه گه‌نده‌ڵه‌کانی بکێشرێنه دادگا‌و ئه‌وه‌ی تاڵانیان کردوه لێیان بسه‌نرێته‌وه. ئه‌م حکومه‌ته چاکسازی ههڵناگرێتو خه‌ڵك به به‌های ژیانی خۆیان ئه‌م ئه‌زمونه‌یان به‌ده‌ست هێناوه.
به‌ڵام ئایا ئیستا کاتی راپه‌ڕینه؟
راپه‌ڕین پێویسته، به‌ڵام له کاتی خۆیدا. ئه‌گه‌ر خه‌ڵك، له ناوه‌نده‌کانی کار‌و دامه‌زراوه‌کان و گه‌ڕه‌که‌کان خۆیان رێك نه‌خستبێت.. ئه‌گه‌ر ده‌یان مانگرتن و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌رییان له ناو شار‌و شارۆچکه‌کان بۆ خواسته‌کانی خۆیان به‌رێ نه‌خستبێت.. ئه‌گه‌ر له‌نێوان جه‌ماوه‌ری نارازیدا په‌یوه‌ندیه‌کی خه‌باتکارانه‌ی توند‌و تۆڵ له رێگای ده‌سته‌کانی ناره‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکه‌وه دروست نهبووبێتو ناره‌زایه‌تیه‌کان لێك گرێ نهدرابێتنهوهو له پرۆسه‌یه‌کی سیاسی و هوشیاربوونهوهدا نه‌بووبێته جموجوڵێکی سه‌راسه‌ری، ئه‌گه‌ر ئاستێکی باش له رێکخراوبوونی جه‌ماوه‌ری و سیاسی سه‌ربه‌خۆی کرێکاران‌و کارمه‌ندانو جه‌ماوه‌ری که‌مده‌رامه‌ت به‌شێوه‌یه‌کی گشتی به‌دی نه‌هاتبێت، ئه‌وا له‌و باره‌دا هه‌رجۆره راپه‌ڕینێکی خه‌ڵك ئاکامه‌که‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان ناگه‌ڕێته‌وه. گروپێکی سیاسی دیکه‌ی بۆرژوازی که هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی زهحمهتکێشو چه‌وساوه‌دا نیه، ئاماده‌ن سواری شه‌پۆلی ناره‌زایه‌تی و راپه‌ڕینی خه‌ڵك بن، جڵه‌و بگرنه ده‌ست و به‌ناوێکی دیکه‌وه هه‌مان ژیانی کوله‌مه‌رگی و بێمافی به‌سه‌ر خه‌ڵکدا داسهپێنهوه. ئه‌وکاته‌ش هه‌موو ئومێده‌کانی خه‌ڵک بۆ ئاڵوگۆڕ و بڕوابوون به ئیراده‌و هێزی خۆی پاشه‌کشه‌ده‌کات و بۆ جه‌ندین ساڵ دوباره خه‌ڵك ده‌که‌ونه‌وه ژێر ده‌ستی زوڵم و نایه‌کسانی و بێمافیهك که ئێستا لێی نارازین و ده‌یانه‌وێ له دژی راپه‌ڕن.. نمونه‌ی ئه‌وه‌ش شۆرشی ئێران و شۆرشی میسر‌و شۆرشه‌کانی دیکه‌ی جیهانی عه‌ره‌ب و 17 ی شوباتی لای خۆمان بوو.
که‌واته راپه‌ڕین پێویسته به‌ڵام کاتێك جه‌ماوه‌ر له‌رووی سیاسی و رێکخستنه‌وه تا ئه‌و راده‌یه ئاماده‌بێت که راپه‌ڕین به قازانجی خۆی به‌رپا بکات نه‌ك گروپێکی سیاسی یان حیزبێك به‌رهه‌می ره‌نجیان وه‌کو هه‌باشه بماشێته‌وه.
ئەی ئایا خۆپیشاندانی سه‌راسه‌ری له ئێستادا کاتیه‌تی؟ پێده‌چێت ئه‌وه‌ش هێشتا زووبێت، چونکه هه‌مان کێشه‌ی نارێکخراوبوونی خه‌ڵک، په‌رش و بڵاوی و سه‌راسه‌ری نه‌بوونی ناره‌زایه‌تیه‌کان، هه‌روه‌ها که‌م کاریگه‌ری ناره‌زایه‌تیه‌کان به‌هۆی بهگهرنهکهوتنی هێزی فراوانی خه‌ڵك و شێوازه لاوازه‌کانی ناره‌زایه‌تیه‌کان که تائیستا له‌چوارچێوه‌ی بایکۆتکردن و جێهێشتنی ده‌وام و خۆپیشاندانی بچووك بچووک دا بوه، هێشتا ناتوانێ ئه‌م بژارده‌یه وه‌کو بژارده‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو بخاته به‌رده‌م خه‌ڵکی نارازی. هه‌روه‌ها له‌م ئاسته له هێزو توانای ناره‌زایه‌تیه‌کان ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه هه‌م له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاته‌وه سه‌رکوت بکرێن‌و هه‌م له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه که ده‌یانه‌وێ راپه‌ڕینێکی پێشوه‌خت به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بسه‌پێنن، به‌ره‌و کاری سه‌رچڵانه پاڵ پێوه بنرێت‌و شکستی پێبهێنرێت.
که‌واته له ئێستا ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین مانگرتنی سه‌راسه‌ری به‌ڕێ بخه‌ین.
بایکۆت‌و جێهێشتنی ده‌وام چه‌کێکی که‌م کاریگه‌ره بۆ سه‌پاندنی خواسته‌کان. له‌م هه‌لومه‌رجه سیاسی و ئابوریه‌ی ئێستای کوردستاندا که‌مترین فشار بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست ده‌کات، له‌به‌رئه‌وه‌ی کاره‌کانی حکومه‌ت خۆی تووشی ئیفلیجی بوه‌و هاوکات ئه‌و ههڵایهش دروست ناکات له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات تا ناچار بکرێت زوو وه‌ڵام بداته‌وه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه بایکۆت و جێهێشتنی ده‌وام که‌مترین په‌یوه‌ندی خه‌باتکارانه‌و ده‌رفه‌تی قسه‌وباس و خۆ رێکخستن له‌ناو کرێکاران‌و کارمه‌ندانی نارازی دا دروست ده‌کات. له‌رووی راگه‌یاندن و کاریگه‌ری ناره‌زایه‌تیه‌کانی شوێنه جیاجیاکان له‌سه‌ر یه‌کتری هه‌مان کێشه‌ی هه‌یه‌و به بێده‌نگی تێپه‌ڕده‌بێت. حکومه‌ت ئه‌م جۆره ناره‌زایه‌تیه‌ی پێباشتره، چونکه ده‌بینین له فه‌رمانگه‌کانی سلێمانی کاتێك ده‌نگی ناره‌زایه‌تی به‌رزده‌بێته‌وه راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانه‌وه ده‌رگای دائیره دادهخرێو کارمه‌ندان و کرێکاره‌کان ده‌نێرنه ماڵه‌وه!
مانگرتن له دامه‌زراوه حکومیه‌کان و له خوێندنگا‌و زانکۆ‌و په‌یمانگاکان، واته چوونه ده‌وام به‌بێ ئه‌وه‌ی کاربکرێت.. کۆبوونه‌وه‌ی کرێکاران‌و کارمه‌ندان و مامۆستایان له‌ناو فه‌رمانگه‌و خوێندنگا‌و زانکۆکانی خۆیاندا‌و قسه‌وباسی به‌رده‌وام و رۆژانه له‌سه‌ر پێداویستیه‌کانی خه‌بات و نارهزایهتیهکانیانو چۆنیه‌تی به‌ره‌وپێشبردنی.. دروستکردنی ده‌سته‌کانی نوێنه‌رایه‌تی بۆ سه‌رپه‌رشتی ناره‌زایه‌تیه‌کان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئیداره و به‌رپرسانی ئه‌و جێگایه‌ی خۆیان…. له‌م پرۆسه‌یه‌شدا به‌شێوه‌یه‌کی ئاسایی هه‌نگاو به‌ره‌و جۆرێك له خۆرێکخستن و رێکخراوبوونی سه‌ربه‌خۆ و شۆرشگێڕانه‌ی خۆیان ده‌نێن که خاڵێکی گرنگ‌و مه‌رج و وه‌سیله‌یه‌کی گرنگی سه‌رکه‌وتنه‌کانیان ده‌بێت له‌م خه‌بات و تێکۆشانهیاندا.
به‌ڵام بێگومان نابێت مانگرتنهکانو کۆبونه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی ناو فه‌رمانگه‌کان به‌دابڕاوی و ته‌نیا لەناو چەند فەرمانگەو دامەرزاوەو زانکۆ‌و خوێندنگایەکدا بمێنێته‌وه، به‌ڵکو ده‌بێ هه‌نگاو به‌ره‌و فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوه‌کانی دیکه‌و زانکۆ‌و په‌یمانگاو خوێندنگاکانی دیکه بنێت. هه‌وڵ بدرێت له‌نێوان ئه‌و شوێنانه‌دا و له‌نێوان ده‌سته‌کانی سه‌رپه‌رشتی و نوێنه‌رایه‌تی ناره‌زایه‌تیه‌کاندا په‌یوه‌ندی خه‌باتکارانه دروست بکرێ. هه‌وڵ بدرێ خواسته‌کان و چالاکیه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا گرێبدرێنهوهو هاوئاهه‌نگ بکرێن. به‌وجۆره زه‌مینه‌کانی مانگرتنێکی سه‌راسه‌ری دروست بکرێ له سه‌راسه‌ر یان له زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری دامه‌زراوه‌و زانکۆ‌و خوێندنگاکان‌دا.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا میکانیزمی گونجاو بگیرێته‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵکی دیکه له کاسبکاران‌و کرێکارانی که‌رتی ئه‌هلی پشتیوانی له‌م خواست و بزوتنه‌وه‌یه‌ی کارمه‌ندان وکرێکارانی که‌رتی گشتی و مامۆستایان بکه‌ن. هه‌وڵ بدرێ رێگای ئه‌وه خۆشبکرێت که دوکاندارو کاسبکارانیش بەم بزوتنەوە نارەزایەتیەوە په‌یوه‌ست ببنه‌وه‌و ئه‌وانیش ده‌رگای دوکانه‌کانیان دابخه‌ن.. ئه‌گه‌ر بتوانرێ ئه‌و کاره ئه‌نجام بدرێ، که کارێکی عهمهلیهو که‌متر ده‌سه‌ڵات فرسه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌بێ سه‌رکوتی بکات‌و پێشی پێ بگرێت، له‌وباره‌دا فشاری گه‌وره ده‌خرێته سه‌ر حکومه‌ت و ناچار ده‌کرێ گوێ له‌خه‌ڵك بگرێ و خواسته‌کان جێبه‌جێ بکات. ئه‌م کاره‌ش به که‌مترین زیان بۆ خه‌ڵك ته‌واو ده‌بێ.. ده‌توانرێ مانگرتنی گشتی چه‌ندجار و بۆماوه‌ی چەند رۆژیش به‌رده‌وام بێت. تا ئەوکاتەی دەسەڵات و حکومەت تەسلیم بە خواستەکانی خەڵك دەکرێن.
که‌واته له ئێستادا و به‌پێی ئاماده‌ییه‌کانی خه‌ڵك‌و هاوکێشه‌ی هێزی سیاسی نێوان خه‌ڵك‌و حکومه‌ت، مانگرتنی ناوه‌نده‌کان و دامه‌رزاوه‌کان و زانکۆ‌و خوێندنگاکان و په‌یمانگاکان و هه‌نگاو نان به‌ره‌و مانگرتنی گشتی رێگایه‌کی دروسته بۆ وه‌ستانه‌وه به‌رووی حکومه‌ت و گه‌یشتن به ماف و خواستەکان.