ئاسۆکمال
فاینانشاڵ تایمز*1 ساڵی پار کوردستانی بەهەرزانترین شوێنی دنیا بۆ دەرهێنانی نەوت و ئازادترین شوێن بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا جیهانیەکان دادەنا،ئەمساڵ لەپڕێکدا بەموجازەفەترین شوێن بۆسەرمایەگوزاری و بێمتمانەترین حکومەت بۆ وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی ناو دەبرێ.
لەماوەی ئەم دوانزەساڵەدا(٢٠٠٣-٢٠١٥) کەکوردستان نەوتی هەناردەکردوەبەپێی ئامارەکانی نەوتی حکومەتی عێراق بەشی ٪ ١٧کوردستان ٢٥٠ملیار دۆلار بوە*2،بەڵام ئێستا کوردستان ٢٢ ملیار دۆلار قەرزارە*3. وە لەماوەی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥واتە لەدووساڵدا ڕێژەی هەژاری لەکوردستاندا لە ٪٣ەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٪١٢*4.
لێکدانەوەی پەیوەندی ئەم داهاتە زۆرە و هەرزان بونی تێچونی نەوت لەگەڵ ئەم قەیرانە داراییەی حکومەتی هەرێم و فڕینی ڕادەی هەژاری، ،پێویستی بە ناسینەوەی تایبەتمەنیدیەکانی ئابوری کوردستانە .لەبەرئەوەی زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکەش کە خاوەنی ئابوری رەیعی سەرمایەدارین لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت وەک حکومەتی هەرێم توشی مایەپوچی و بانکۆرەپسی دارایی نەبون و تاڵان فرۆشی نەوت و بەرزبونەوەی ڕادەی هەژاریش بەم شیوە ناوازەی کوردستان نیە.
لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین کە چوارچیوەی گشتی ئابوری رەیعی باس بکەین و بزانین ئەو تایبەتمەندیانەی سیستەمی ئابوری و سیاسی کوردستان چین کە هۆکاری ئەم داڕوخانە خێرا و تیژە ئابوریەی ئێستان.ئەم لێکدانەوەیە دەتوانێ ڕێگاچارەی واقعی بۆ دەربازبون لەم قەیران و ئایندە نادیارە بخاتە بەردەم و ناڕەزایەتیەکانیانی خەڵک بەڕووی سیاسەت و نەخشەی یەکێتی وپارتی بۆ ئیدارەی ئابوری و سیاسی کوردستان.
یاسا گشتیەکان و مۆدیلی ئابوری رەیعی کوردستان
لە ٨٥٪ داهاتی کوردستان بریتیە لە فرۆشتنی نەوت وگاز. ئەم ئابوریەی کوردستان پێی دەوترێ ئابوری رەیعی ،کە پشت بەسەرچاوەیەکی سروشتی دەبستێ و لەنیوان بڕی تێچون وفرۆشتنیداجیاوازیەکی زۆر هەیە کە خاوەنی ئەو سەرچاوەیە وەک “کرێی جیاکاری”وەریدەگرێ.لەکوردستان ئەم سامانە سروشتیە Differential Rent لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە مۆنۆپۆل کراوە.ئەو داهات و زێدەباییەی دەستی خاوەنانی هۆیەکانی بەرهەمهێنانی نەوت ، کۆمپانیاجیهانیەکانی نەوت و پارتی و یەکێتی دەکەوێت دەکرێت بەدوو بەشەوە ؛بەشێک وەک زێدەقازانج لە هێزی کاری هەرزانی کرێکارانی نەوتی کوردستان دەستیان دەکەوێت وبەشەکەی تری یەکێتی و پارتی وەک مۆنۆپۆلی نەوت بە شێوەی “ کرێی تەفازولی یا جیاکاری“*5 وەری دەگرن. Differential Rent
ئەم کرێی جیاکاریە بریتیە لە جیاوازی نێوان تێچونی بەرهەمهێنانی هەربەرمیلێک نەوت لە کوردستان لەگەڵ ڕێژەی ناوەڕاستی تێچونی هەربەرمیلێک نەوت لە جیهاندا.گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم بەشیوەی شەریک کردنی ئەم کۆمپانیانەیە و ئەوان بەهۆی بەکارهێنانی
سەرمایەیەکەوە کە لەم بوارەدا خستویانەتە کار بەشێک وەک زێدەقازانج دەبەن. *6
ئابوری رەیعی لە کوردستان تەواو بەستراوەتەوە بەسەرمایەی کۆمپانیا جیهانیەکان و دەوڵەتەکانیانەوە.لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان هەلومەرجی بەدەستهێنانی قازانج بۆ ئەم کۆمپانیانە مسۆگەر نەکا و هەلومەرجی ئەمنی و ئاسایش و جێگیری باری سیاسی و پێداویستیە ژێرخانیەکانی بواری گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت فەراهەم نەکەن و نرخی نەوتیش لەئاستی کەمتر لە تێچوندا نەبێت، ئەوا سەرمایە بەگەڕ ناخەن و ڕیسک و موجازەفە لە کوردستاندا ناکەن.هەربۆیە بازاڕی ناوخۆی کوردستان وابەستەی سەرمایەی کۆمپانیادەرەکیەکانی نەوت و ئەو دەوڵەتانەیە کە سەرمایە لە کوردستاندا بەگەڕ دەخەن.
کوردستان ئێستابەشێک لەو بازاڕەی سەرمایەی جیهانیەی نەوتە کە کێشمە کێشێکی بەردەوام و توندو تەنانەت شەڕی تێدایە و کۆمپانیا و دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکان ئەم بازاڕەیان مۆنۆپۆلکردوە و کار لەسەر وابەستەکردنی ماڵی و ئابوری و سیاسی دەوڵەت و حکومەتە بەرهەمهێنەکانی پیشەسازی نەوت و وزە دەدەن. هەرکامەیان وەک ئەمریکا “کۆنترۆڵی نرخی نەوت و ڕادەی بەرهەمهێنانی بە کۆڵەکەی ئەمنی قەومی “خۆی دەزانێ.
تایبەتمەندی کوردستان لەم بازاڕە جیهانیەدا لەوەدایە کە هیچ کام لە پێویستیە بنەڕەتیەکانی خستنەگەڕ و پێشبڕکێ و بەکاربردنی ئەم پیشەسازیەی نەوتی نیە.کوردستان دەوڵەت وکۆمپانیای پیشەسازی نەوت و دراو و بانک و بازاڕی ناوخۆی پیشەسازی و یاسا و گومرگ و باج و ستراتیژ وچاودێری و سندوقی داهاتی نەوت بۆ زەمانەتی کۆمەڵایەتی و زۆر شتی تری نیە و هیچ بەرنامە و کارێکی جدیش نیە بۆ ئەوەی کە پیشەسازی نەوت و بازاڕی ناوخۆی لە چوارچێوەیەکی سیاسی و ئابوری و یاسایی و نێودەوڵەتیداڕێک بخا. هەربۆیە لەڕاستیدا دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە کوردستان وەک قاچاغچی و مافیایەکی خاوەنی چەندکێڵگەیەکی نەوتی لەم بازاڕە جیهانیەدا دەردەکەون. لە بەتاڵان فرۆشی نەوت و گاز بەتورکیا وەک “تەنار یڵدز” وەزیری وزەی تورکیا دەڵێ ڕۆژی ٦٦٠ هەزار بەرمیل نەوت لە کوردستانەوە دەگاتە تورکیا و گازیش بەنیوە قیمەت لە کوردستان دەکڕین لە ٢٠١٧ەوە.”*7 تا دەگاتە دیارنەبونی کۆنتراکتەکان و داهاتی نەوت و سپاردنی بەبانکی بنەماڵە”بانکی کوردستان” لەجێگای بانکی حکومی و هتد..دەبینین کە چۆن دوو حزب و کۆمپانیاکانیان کێڵگە نەوتیەکان دابەشکردوە و بەردەوام لە کێشەدان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لەسەر بڕ و داهاتی نەوت. بەپێی نەخشەی نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمەوە پارتی و یەکێتی بەڕێژەی (٧٥٠ بەرمیل لەڕۆژێکدای پارتی و٣٩٠ی یەکێتی) نەوتی کوردستانیان بەشکردوە*8 و ئێستا کەرکویش بەڕێژەی٢٥٠ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدایەلە لایەن یەکێتی و پارتیەوە مۆنۆپۆل کراوە . بێگومان بەم ئیدارە میلیشیاییەی نەوت لەبازاڕێکی ڕێکخراوی مۆنۆپۆلکراوی جیهانیدا کوردستان لەگەڵ هەر نزمبونەوەیەکی نرخی نەوتدا ڕوبەڕوی مایەپوچی و بانکۆڕەپسیەکی خێرای وەک ئێستا دەبێ و لەئاکامیشدا بڕی قازانجی خەیاڵی سەرانی ئەم دوو حزبە مسۆگەر و پارێزراوە و کرێکار و فەرمانبەر و خەڵکی کەم دەرامەتیش دەبێ لەبەشە موچە و بژێوی ئەوان قەرەبوی کەمی بودجە و دابەزینی نرخی نەوت بکرێتەوە.
ڕێگا چارەکانی دەسەڵات بۆ ئەم قەیرانە
هەنگاوی یەکەم کە ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە دەستیان بۆبردوە قەرزکردنە. بێگومان لەبەرئەوەی کوردستان دەوڵەت نیە هیچ ناوەندێکی نێودەوڵەتی وەک بانکی جیهانی و سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی متمانە و زەمانەتی دانی قەرزیان بەم دەسەڵاتە ناوچەییە نیە. قەرزی نێودەوڵەتی بە حکومەتێک دەدرێ کە لە حساباتی نێودەوڵەتیدا بتوانرێ مامەڵەی ڕەسمی لەگەڵ بکرێ و زەمانەت و رەسیدی بانکی و ئیعتباراتی مادی هەبێ ، یاسا و دەزگای چاودیری و لێپرسینەوە دیار بێت تاکو لەسەر بەرنامەی دانەوەی قەرز و مەرجەکانی بەڕیوەبردنی بەرنامەی ئابوری حساب بکرێ. لەغیابی ئەم پیداویستیانەدا پارتی و یەکێتی پەنایان بردۆتە بەر دەوڵەتانی وەک تورکیا و ئەمریکاو بانکی کەرتە تایبەتە دەرەکیەکان. بەڵام ئایا ئەم هەنگاوە دەتوانێ کۆتایی بە مایەپوچی دارایی حکومەت بێنێ؟ ئایا مەرجەکانی ئەم دەوڵەت و بانکانە چیە؟ ئەم قەرزانە چەندن و چۆن دەدرێنەوە و کاریگەریان لەسەر کوردستان چیە؟ دیارە هیچ کام لەمانە ئاشکرانین.
تورکیا خۆی بەشێک لە هۆکارەکانی قەیرانی ئابوری و دارایی کوردستانە و ئاشکرا نیە کە ڕێکەوتنی ٥٠ سالەی پارتی لەگەڵ تورکیادا و داهاتی ئەم چەندساڵەی تورکیا لە نەوتی هەرێمی کوردستان چەند بوە و ئەو قەرزانەی دراوە و دەدرێت لەڕێگەی حکومەتی ئەردۆگانەوە چۆن کوردستان دەکاتە وابەستە و ژێردەستەی تورکیا. تورکیا ٪٩٥ پێویستی نەوت و گازی لەدەرەوە بۆ دابین دەکرێ و بەبڕی ٥،٤ ملیار دۆلار بازرگانی لەگەڵ عێراق هەبوە لە ساڵی ٢٠١٤ کە بەشی زۆری لەگەڵ کوردستان بوە. *9
بێگومان بانکی ناوەندی ئەمریکاش ئەگەر قەرز بەحکومەتی هەرێم بدا مەرجەکانی زۆر قورستر لە مەرجەکانی سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی دەبێ کە قەرزی بە عیراق داوە بەمەرجی کەمکردنەوەی تێچون و سەرفکردن بۆ بوارە غەیرە نەوتیەکان،هەربۆیە ئەم قەرزانە چاەڕوانیەکیان لێ ناکرێ جگە لەوەی ڕێژەی هەژاری لە ٪١٢زیاتر دەکا و کەمتری ناکا.
سەرەڕای ئەمانەش حکومەتی هەرێم بەم سیستەمە ئابوری و سیاسیەی ئێستایەوە بەم قەرزانەشەوە ئەگەر شانسی وەرگرتنی هەبێ ئەوا چاوەڕوانی دانەوەی لێناکرێ و خەڵکی کوردستان دەبنە باجدەری ڕێژەی قازانجی ساڵانەی ئەو قەرزە کە لەوانەیە ئایندەی دەیان ساڵی تر لەژێر باری قەرزدا لە ئێستا خراپتربێ.ئەگەر حکومەتی یەکێتی و پارتی لەداهاتی زیاتر لە٢٥٠ملیار دۆلاری نەوت ٢٢ ملیار دۆلار قەرزاربن ئەوا دەبێ لەسەر ئەم قەرزداریەوە بڕی قەرزی کەڵەکەبوو لەماوەی ١٠ ساڵدا ببێت بەچەند؟
حکومەتی چەپی سیریزای یۆنان ڕازی نەبوو بەهەر مەرج وقیمەتێک قەرز لە ئەوروپای یەکگرتو وەرگرێ ،چونکە نەیدەویست دەوڵەتی یۆنان بکاتە کرێگرتەی ئەڵمانیا. ئێستا حکومەتی هەرێم پێشنیاری فرۆشتنی کەرتی کارەبابە”کەرتی تایبەت”! دەکا و سبەینێ دەست دەکا بە فرۆشتنی کەرتی نەوت بەتورکیا و ئێران و سعودیەش ئەگەر نەیانتوانی ئەم قەرزانە بداتەوە. پێویستە بڕ و چۆنیەتی سەرف و دانەوەی ئەم قەرزانە دیار بێت ، ئەگینا هیچ زەمانەتێکی ئایندەی خەڵک نیە.
چاودێری وشەفافیەت
یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان داوای چاودێری و شەفافیەت دەکەن و ئەمە بە ڕێگاچارەی قەیرانی کوردستان دەزانن! سەیر لەوەدایە یەکێتی کە تائێستاش بەشی شێری دوەمی لەم ئابوری جەنگەڵەدا هەیە داوای شەفافیەت دەکا! دانانی دەزگای چاودیری و شەفافیەتی ڕاستەقینە جۆرێک لە ئازادی ڕادەربڕین و پێویستی دەخاڵەتکردنی پەرلەمان ودادگا وحزب و ڕێکخراوە و گروپ و میدیاوهاوڵاتیان دێنێتەئاراوەو ڕێگەی سەرانی حزب لە نهێنی هێشتنەوەی داهات و چۆنیەتی سەرفکردنی بەرتەسک دەکاتەوە.بەڵام ئایا داوای چاودێری و شەفافیەت لەم سیستەمە میلیشیایەی کوردستان واقعیە و مومکینە؟
باسندوقی داهاتی نەوت وەک نمونەی ئەم چاودێری و شەفافیەتە باس بکەین و بەراوردێک لە نێوان سندوقی کوردستان و نەرویجدا بکەین ؟ نەرویج لە بڕی داهاتی نەوت تەنیا ٪٤ دەخاتە خزمەت بودجەی ساڵانەوە و ٪٩٦دەخاتە سندوقی موچەی خانەنشینی حکومیەوە و بەمە تا ٢٠١٤ بڕی ٨٦٠ ملیار دۆلاری پاشەکەوت کردوە و داهاتی هەر تاکێک١٧٦ هەزار دۆلارە وە نەک تەنیا مافی لەسەر کاربون بەڵکو مافی زەمانەتی لەسەر کاربونیشی بۆ هەرتاکێک دابین کردوە*١٠
.ئایا سندوقی نەوتی کوردستان چی لێ هات کە نزیک بە ١٠ساڵە یاساکەی هەیە ؟ پێش ئەوەی ٢٥٠ ملیار دۆلارەکەی تێ بکەن ئێستا قەرزی ٢٢ ملیار دۆلاری لێ دەدەنەوە. جیاوازیەکە لێرەدایە کە بڕی داهاتی نەوت لە نەرویج لەدەست دەوڵەت و دەسەڵاتێکدایە کە خەڵک دەزانێ ڕادەکەی چەندە و دەزگای چاودێری ئاشکرا هەیە کە دەزانێ چۆن سەرف دەکرێ وبەرنامە و ستراتیژیەک هەیە بۆ سەرفکردنی. لە کوردستان بڕ و پارەی نەوت تەنیا بنەماڵەبارزانی و هێرۆخان دەیزانێ و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتیش نایزانن ، هەربۆیە نە لیژنەی چاودیری و نە شەفافیەت دەتوانی واقعیەتی هەبێ و نەمیدیا و نە هاوڵاتیش زانیاری ڕاست و دروستی لەسەر دەبێ. خویندنەوەی ڕاپۆرتە نوێیەکەی ٢١٠٦ی دکتۆر مارک دیوێڤەر “ قەیرانە گەورەکەی کوردستان”*١١ئەم ڕاستیە دەخاتە ڕوو کە ئەگەر بتەوێ بەدوای داتا و ئاماری ئابوری لە کوردستاندا بگەڕێیت دەبێ بچیت دوکان و بازاڕ و ئوتێل و کارگە و فەرمانگەکان بگەڕێی و خۆت کۆی بکەیتەوە* ئەگینا چونە لای وەزیری کاریش سودی نیە کە دەڵێ “ئاماری بێکاری کوردستانم نازانم”*!١٢
بەتایبەت شەفافیەت و چاودێری لەسەر داهاتی نەوت مەترسیە بۆ سەر کەڵەکەکردنی سەرمایە لە بانکەکانی دەرەوەی کوردستان و سپی کردنەوەی ملیارەها دۆلار کە کۆڵەکەی ئەم دەسەڵاتەیە. لە ئێستادا بەهۆی ئابوری رەیعی نەوت زۆر ئاسان ئەم دەسەڵاتە توانیویەتی لە داهاتی نەقدی زۆری نەوت دەیان دەزگای میلیشیایی جۆراوجۆری سەرکوت و تۆقاندن لەپاڵ دامودەزگای میدیای بۆ فریودان سازبکا ،و لەبەرامبەر ناڕەزایەتی کرێکاران و فەرمانبەرانیشدا ،کە وەک موچە خۆرانی حکومەت لە٪٧٠ ی هێزی کارن، هەڕەشەی دەرکردن لەسەر کار و بڕینی موچە وفشاری جۆراوجۆر وەک چەکێ دژیان بەکاربێنێ . هەموو ئەمانە بەبێ ئەوەی دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی وفشار و ناڕەزایەتیکی دەوڵەتانی دەرەوەی ڕوبەڕو بێتەوە .نمونەی دەوڵەتە رەیعیەکانی عێراق و ئێران و شێخ نشینەکانی کەنداو و سعودیە ئەو ڕاستیانە دەسەلمێنن کە دیکتاتۆریەت و کۆنەپەرستی دینی
وپەیوەندی عەشیرەتی و سیستەمی بنەماڵەیی و بیرۆکراتیەت دەبنە شێواز و سیستەمی بەڕێوەبردن و سەرکوتی ئازادیەکان و بێ مافی ئابوری و کۆمەڵایەتی دەبنە سەرخانی سیاسی ئەم دەسەڵاتانە و بازاڕی جیهانی سەرمایەداری و ئەمریکا و ئەوروپا کێشەیان لەگەڵ ئەم دەوڵەت و دەسەڵاتە دیکتاتۆریانەدا نیە . بەپێچەوانەوە ئەو هەلومەرجە سیاسی و ئابوریەی کە بۆ کەڵەکە و گەشەی سەرمایەی مۆنۆپۆلی لەم وڵاتە نەوتیانەدا پێویستە ، هێشتنەوەی تێچونی هەرزانی بەرهەمهێنانی نەوت و کاڵاکان کە بەمانای هەرزان هێشتنەوەی هێزی کار و کرێ و موچەیە کە ئەمەش بە دیکتاتۆریەت و سەرکوت و بێ مافی سیاسی دەکرێ .هەربۆیە سەدەی بیست و تائێستاش شاهیدی ئەم پەیوەندیە دۆستانەیەین کە داهاتی قازانجی ئەم دیکتاتۆرانە لەبەرهەمی نەوت پەیوەستە بەبازاڕی جیهانی و نیازە تایبەتەکانی سەرمایەی مۆنۆپۆلی و پەیوەندی نێوان ئەم دوولایەنە دیاریکردوە.
بێدەنگی ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر پەکخستنی پەرلەمان لەلایەن پارتی و گەندەڵی و سەرکوتی ئازادیەکان لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە دریژەی هەمان هاوپەیمانی دیکتاتۆریەت و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایە و بەتایبەت کە جێگای دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ ئەم دەوڵەتانە لەکارتێکی فشارەوە گۆڕاوە بۆ شەریکێکی بازرگانی نەوت لەبازاڕێکی ڕەشی ئازاددا.
دەربازبون لەئابوری بەرخۆر و ئیستهلاکی
لەگەڵ باسی قەرز و شەفافیەت ئێستا ئەم حزبانە سەرگەرمی کۆنفرانس و ۆرک شۆپن بۆ دەربازبون لەئابوری بەرخۆر و ئیستهلاکی.سەیر لەوەدایە لەکاتی ئیفلاسیدا نەک ڕەونەقدا باسی گۆڕینی سیستەمی ئابوری دەکەن. داهاتی کوردستان ٪٨٥ داهاتی فرۆشتنی نەوتە و باقیەکەی گومرگ و باج وبازرگانی و چەند بەشیکی تر. لە کوردستان ئەو بەشانەی سەرمایەی تێدا خراوەتە کار لەلایەن کۆمپانیاکانی یەکێتی و پارتیەوە بریتی بوون لە چیمەنتۆ و خانووبەرە و بازرگانی خۆراک و دەرمان و چەند بوارێکی تر. قەیرانی ئێستا ئەم بوارانەشی گرتۆتەوە. چیمەنتۆ لە ٢٠٠٠دا تەنی بە ١٦٠$ بوەئێستا بوە بە ٦٠$*١٣. نرخ و کرێی خانوبەرە و ئوتێل و تاوەرەکانیش بەڕادەیەکی زۆر دابەزیون. خۆراک و دەرمان ڕۆژ بەڕۆژ کوالیتی دادەبەزێ و بونەتە سەرچاوەی زیانی گەورە بەتەندروستی. ئەوەی ئاشکرایە کە کۆمپانیا بازرگانەکانی سەرمایەدارانی حزبی و ناحزبی بەشوێن قازانجی خێرا و کورت ماوەدا بوون چ لە بواری نەوت خەریکی بەتاڵان فرۆشتنی و خۆشبون لە باجی کۆمپانیاکان بۆ ماوەی دەساڵ یاخود بەفراوانی کەوتونەتە بەخشینی زەوی وزار بە بنەماڵە و پلە و پۆستە باڵاکانی حزب. بوژانەوەیەکی ئابوری کەلە بەرزبونەوەی ئاستی کرێ و موچە و بەهۆی بودجەی نەوتی عێراق و کوردستان هاتەئاراوە زۆر زوو بوە سەرچاوەی داهاتێکی زۆروزەبەندی کۆمپانیاکانی حزب بۆ خانوبەرەوخۆراک و پێویستیەکانی تر.
هەربۆیە هەمیشە کاتێک باس لەکەرتی تایبەت و بوژانەوەی دەکرێ لە دوای ڕوخانی بەعس و پیشەسازی نەوتەوە ئەوەی بازاڕی ناوخۆ و ئەو بوارانەی پیشەسازی و بازرگانی بەدەستەوەیە هەمان کۆمپانیاکانی دەسەڵات و حزبەکانن و دیواری چین لەنێوان کەرتی
گشتی و دەوڵەتی و کەرتی تایبەت نیە. بازاڕی ناوخۆ و نەوت و گاز وداهاتی کوردستان لەلایەن یەکێتی وپارتیەوە مۆنۆپۆل کراوە و هەرچی حزب و کۆمپانیا و سەرمایەدار وبازرگانی ترە بەناچاری وابەستە یاخود شەریکی سەرانی ئەم دوو حزب و دوو بنەماڵەیە و کەرتی تایبەت خۆی بەشێکە لەو دەسەڵاتەیە. داواکاری گەڕانەوەی داهاتی کۆمپانیا حزبیەکان بۆ حکومەتیش هەمان هاوکێشە و مەتەڵەی حکومەت و حزبەکانە کە وەک سەفسەتەی مریشک و هێلکە نازانین کامیان لەکامیانن .
سەرەڕای ئەمەش بازاری ناوخۆ و نەوت و سەرمایەی دەسەڵات لە کوردستان بەناچاری وابەستەی ئەو بازاڕ و دەسەڵاتە جیهانیەیە کە نرخی نەوت دیار دەکا.بەم پێیە بەرهەمهێنان و پرۆسەی سوڕانەوەی ئەم سەرمایەیە لە بازاڕی کوردستاندادەبێ ئەو هەلومەرجە قازانج هێنەرە دروست بکاتەوە کە سەرمایەی دەرەکی لەڕێگای کۆمپانیاکانی نەوتەوە دەیڕژێننە بازاڕی ناوخۆی کوردستانەوە.پارتی ویەکێتی و کۆمپانیاکانیان دەبێ پێداویستیەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ کۆمپانیا دەرەکیەکان فەراهەم بکەن و لەدەوری ئەمە ئەو پیشەسازی و بوارە ئابوریانەی پەیوەستن بەنەوتەوە گەشە دەکەن . بەڵام ئەو پیشەسازیانەی ناتوانن ئەم سەرمایەیە زیاد بکەن و قازانج هێنەر بن ئەوا شانسێکیان نابێ و سەرمایە ڕویان تێ ناکات. بۆنمونە بەرهەمهێنانی هۆیەکانی گوزەرانی کرێکاران و فەرمانبەران کە لە دەرەوەی کوردستان بەنرخێکی هەرزانتر بەرهەم دێت ئەوا دەسەڵات ناچێت و نایەوێت سەرمایەی خۆی بخاتە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراکەوە و دەرگای کوردستانی خستۆتە سەرپشت بۆ ئەو کاڵایانە.گرنگ بۆ ئەم حزبە سەرمایەدارانە ئەوەیە کە پێویستیەکانی ژیان و مانەوەی زۆربەی خەڵکی کوردستان کە کرێکار و کارمەند و خەڵکی کەم دەرامەتە بە کەمترین تێچون فەراهەم بکرێ تا بتوانێ لەم کاتی قەیرانانەدا کرێ و موچە کەم بکاتەوە.
نەدان و کەمکردنەوەی موچە
لەکاتێکدا سەرمایەی دەسەڵات لەڕێگای بازرگانی بەو مادە خۆراکی و پێویستیە سەرەتاییەکانی ترەوە ئەو موچە وکرێیە وەردەگرێتەوە کە بە موچەخۆرانی دەدا ولەگەڵیشیدا قازانج دەکا. سەرەڕای ئەم ڕاستیەش کە کرێ و موچە لەکۆتاییدا بەشیوەی قازانج دەچێتەوە گیرفانی دەسەڵات بەڵام تایبەتمەندی ئەم دەسەڵاتە لەوەدایە ،کە ئامادەنیە لەکاتێکدا توشی قەیران بوە لەبەشی قازانجی خۆی کەم بکاتەوە و بەئەرکی خۆی نازانێ کە کرێ و موچەی زیاتر لە ملیۆنیك کارمەند بدات و بەپێچەوانەوە وەک هەر سەرمایەدارێکی تاک و کەرتی تایبەت مامەڵە دەکا لەگەڵ کارمەندان دەکا و زۆر بەئاسانی خۆی بەبەرپرسیار نازانێ لەژیانی ٤ملیۆن ئینسان. لەم کاتەداکە دەیان ملیار دۆلاری سەرانی هەردوو حزب لە بانک و بازاڕی جیهانیدا خەریکی سوڕانەوەیە بەدوای قازانجدا یان نازانین چەند دە ملیاری تریان بە قسەی “مەلا بەختیار” لە ژێر زەمینەکاندا پاشەکەوت و “تکنیز” دەکرێ، سەرۆکی حکومەت بەئاسانی دەتوانێ بڵێ “پارە نیە” تا بدرێت بە موچە وکرێی کرێکاران و فەرمانبەران.
نەدانی موچەی کرێکاران و فەرمانبەرانە و دانی نیوموچەی ٦مانگ لەمەوپێش، نیشانی دەدا کە ئەم دەسەڵاتە هیچ پێوەرێکی ئیدارەی مەدەنی و شارستانیانەی ژیانی کۆمەڵگەی نیە.
هەژارکردن و برسی کردنی کرێکاران و فەرمانبەران و چینە کەم دەرامەتەکان تەنیا ڕێگایەکە کە لەم قەیرانەی دابەزینی داهاتی نەوتدا بتوانێ سەرمایەی کەڵەکەبوی سەرانی پارتی و یەکێتی بپارێزێ و ئەوان وەک خەڵک ئیفلاس نەکەن. توندکردنەوەی چەوسانەوە ودابەزاندنی ئاستی گوزەران و چاوەڕوانیەکانی کرێکار و فەرمانبەر و چینە هەژارەکان هەمیشە یەکێک لەڕیگاکانی بەتاڵکردنەوەی قەیرانەکانی سەرمایەداری بەڵام مامەڵەی ئەم دەسەڵاتەی حزبە سەرمایەدارەکانی کوردستان لەگەڵ سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک و گەیاندنی ڕادەی هەژاری لە دووساڵدا لە ٪٣ ەوە بۆ ٪١٢ نیشانەی دڕندەیی و چاوچنۆکی ئەم حکومەتە و حزبەکانێتی.سەرۆکی ئەم حکومەتە میلیشیاییە بە کارمەندانی مانگرتوو دەڵێ بایکۆت و مانگرتن هیچ سودێکی نیە. ئەمە مانای ئەوەیە کە بەشەڕ و شۆڕش نەبێ ئەم حزبانە ئامادەنین دەست لەم هێرشە بۆسەر ژیان وگوزەرانی خەڵک هەڵگرن.مانای وایە لەسایەی ئەم حزبانەدا خەڵک ڕێگاچارەی تری نیە جگە لەلابردنی ئەم دەسەڵاتە و چاوەڕوانی بێ هودەیە.چارەسەری کێشەی ئابوری و نەبونی دەوڵەت و دامەزراوە گشتیەکان و بەرنامەی خزمەتگوزاری و چاودێری و ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵک لە گۆڕینی ئەم سیستەمە سیاسی و ئیداری و ئابوریە میلیشیاییەدایەوئەمەتەجروبەی شکست و هەژاری و سەرگەردانی چارەکە سەدەیەکی خەڵکی کوردستانە.
سەرچاوەکان:
*1 http://www.ft.com/cms/s/0/0cc26014-1674-11e5-b07f-00144feabdc0.html#axzz3yD040TFs
*2 http://www.alhayat.com/Opinion/Writers/11593768
*3http://pasewan.com/Kurdi/Detail.aspx?Jimare=303
*5 https://www.marxists.org/archive/marx/works/1894-c3/ch38.htm
http://hekmat.public-archive.net/ *6
http://rudaw.net/english/kurdistan/15082015*7
http://mnr.krg.org/index.php/ku/2013-09-16-10-55-57*8
*10http://ara.reuters.com/article/businessNews/idARAKBN0DO0RX2014050
*11 http://www.marcopolis.net/iraqi-kurdistan-economic-report-2016-kurdistan-s-great-recession.htm?SETSTYLE=1
*12http://www.sulcci.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=5725&Jor=6
Share