هەرێمی کوردستان، لە نەبوونی حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکدا!

عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com

لە ١٩ حوزەیرانی ٢٠١٥، ماوەی یاسایی! سەرۆکی هەرێم کۆتایی پێهاتووە. لە ١٢ئۆکتۆبەریشەوە، سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن پارتیەوە بە زۆری چەک رێگریلێکرا بچیتەوە ناو هەولێر و دەزگا شەرعی! و هەڵبژێردراوەکەی کوردستان، پەرلەمان لە کارکەوتووە، حکومەتیش ٦ مانگە تەنها یەکجار کۆبۆتەوە، ئاسۆیەکی نزیکیش بۆ خستنەوە گەریان دیار نییە.

ئیستا هەریمی کورستان هەم بێ سەرۆکی هەرێمی یاساییەو هەم کاری پەرلەمان، وەستاوە. حکومەتیش بێ پەرلەمان هیچ کارەیە و کۆبونەوەکانی وەستاون. دۆخی هەریمیش هیچ ئاڵوگۆرێکی بەرجەستەی تیا روینەداوە، کۆمەڵگا بە هەمان شێوەی رابردوو، بەهەمان ئەو کێشەو گرفت و قەیرانانەوە، کە بە بوونی سەرۆکی هەریم! و بە چالاک بوونی پەرلەمانیشەوە!، هەیبوو، ئێستاش دەچەرخێت. گرفتەکان بە سەرۆکی هەرێمی یاسایی!! و ماوە بەسەرچوەوە، پەرلەمان بەسەرۆک و کاری رۆتینی خۆیەوە تا بێ سەرۆک و لە کارخستنی… وەکو خۆیان ماونەتەوەو دەشێ بەهۆی هاتنی وەرزی زستانەوە گرفتی کارەباو سوتەمەنیش زیاد بکات و بچێتە سەر گرفتی بێ موچەیی و گرفتە زۆرو زەوەندەکانی تر… ئەمەش هەموو ساڵیک دوبارە دەبێتەوە.

ئەم هەلومەرجە کە هەرێمی کوردستانی پیا تێپەردەبێت، بەوەی سەرۆکی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەبێت، یان هیچیانی نەبێت، هیچ لە دۆخەکە ناگۆرێت، جگە لەزۆربوونی هاش و هوشی حزبی و درۆی پیداویستی کۆبونەوە حزبیەکان وبەرین بوونەوەی قیرەقیری لێکٶڵەرە سیاسی حزبی و بێبەهرەو بەرۆژ نرخی نان خۆرەکان. تەنها دەتوانێ راستیەکی سادە بەیان بکات، ئەویش ئەوەیە کە هێشتا هەرێمی کوردستان لە جێگا پێکهاتە و دەزگا یاساییەکان، حزبەکان و لە ناو حزبەکانیشدا، حزبی خاوەن هێزی چەکدار و قەڵەمرەوی جغرافیایی، کۆمەڵگا بەوجۆرەی خۆیان دەیانەوێت و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیان دەپارێزێت، ئاراستە دەکەن. وە ئەو راستیە سادەیە نیشان دەدات کە هەڵبژاردن و حکومەت و پەرلەمان لە نەبوونی ناسنامەی حقوقی، لە نەبوونی قەوارەی دەوڵەتیدا… تەنها دەتوانێ جێگای خۆی بدات بە حزبە چەکدارەکان تا خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن و بەجۆرەی خۆیان دەیانەوێت یاری بە چارەنووس ئایندەی دانیشتوانەکەیەوە بکەن. حکومەت و پەرلەمان لە نەبوونی جغرافیای دان پیانراوی فەرمی نێودەوڵەتیدا، لە کاریکاتۆرێک زیاتر بۆ شێواندنی رای گشتی ناتوانێ رۆڵێکی تر بگێرێت. وە حکومەت و پەرلەمان لەدۆخی نەبوونی دەوڵەت و قەوارەی دەوڵەتیدا، تەنها دەبێتە چەک و کارتی گوشار بەدەست حزبی خاوەن هیزو قەڵەمرەوی جغڕافیای زیاترەوە. ئەوەی کە پارتی لە ئێستادا هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت دەرگای پەرلەمان کڵۆم بدات و سەرۆکەکەی خانەنشین بکات، ئەوەی کە یەکێتی نیشتمانی دەتوانی بەڕێوەبردنی شارێکی وەکو سلێمانی و دانانی پارێزگارێک بۆی بەویستی خۆی دابنێ، گاڵتە بە ئاکامی هەڵبژاردنەکان بکات… تەنها بەرهەمی دەسەڵاتی میلیشیایی و بەبارمتەگرتنی پاروی دەمی خەڵکە لە رێگای زۆری هیزەوە.

هەرکاتێکیش ئەم حزبانە بەتایبەتی حزبی خاوەن قەڵەمرەوی سیاسی و چەکدار و دەستگیر بوو لە داهاتی خەڵکی کوردستان، پەرلەمان و حکومەت، بۆیان تەنها ئەو گرنگیەی هەیە ،کە رەوایەتی بدات بە دەسەڵاتی مییشیاییان و تاڵان و برۆیەکی ئاشکرا. هەر کاتێکیش بیانەوێت یان بەهەر هۆیەکەوە لە ئەدای حکومەت و پەرلەمان نارازی بن، وەکو موچەخۆری حزب دەتوانن لغاوی بکەن و لەکاری بخەن. ئەمەش نیشان دەادت کە حکومەت و پەرلەمان لە کوردستان لە بنەرەتدا دوو دەزگای فریوکارین بۆ شێواندنی راگشتی دنیای دەرەوە، لەناوخۆشدا بۆرسەیەکە بۆ سات و سەوداو دابەشکردنی داهات و سامانی خەڵکی کوردستان لە نیوان ئەو حزبانەی بەشداری لەم دوو دەزگایەدا دەکەن. ئەوە کە حزبە سیاسیەکان و لێکوڵەر و توێژەرەوە سیاسیەکان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کوردستان لە قەیرانێکی قوڵدایە، قەیرانەکە نە کودەتای پارتیە بەسەر شەرعیەت و پەرلەماندا، نە گرفتی سەرۆکایەتی هەرێمە و نە بنبەستی حکومەتی بنکە فراوان و نە تێکچوونی رێکەوتنامەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە، وە نە تیكچوونی ڕیکەوتنی گۆران و پارتییە، ئەمانە هەموویان دەرهاوێشتە و ئاکامی گرفتی بناغەییترن… گرفتی نەبوونی قەوارەی دەوڵەتی ویاسا، وە بوونی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابە. ئەم دەسەڵاتە میلیشیایییە خۆی بەربەستێکی سەرەکی هەر هەوڵ و بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازانەیە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی پشت بەستو بە ئیرادەی خەڵک. وە رێگری سەرەکی یاساو ریسا و دەزگای سیستەماتیکی بەرێوەبردنە. کۆتاییهێنان بەو گرفتانە تەنها لەگرەوی جیاکردنەوەی کوردستان لە عێراق و پێکهێنانی وڵاتیکی سەربەخۆی سکیولاری غەیرە دینی وغەیرە قەومی لەلایەک و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزاب لە لایەکی ترەوەیە…

ناوەراستی دیسەمبەری ٢٠١٥

 

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *