رژێمی ئێران هەڕەشەی کۆمەڵکوژی دەکات!

موحسین کەریم

دوای ئەوەی کە رژێمی ئیسلامی ئێران بەرامبەر بەخرۆشانی شۆڕشگێڕانەی ژنان و لاوان و خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دەستەوەستان مایەوەو نەیتوانی بەکوشتنی سەدان خۆپیشاندەرو زیندانیکردنی هەزاران، بەئەنجامدانی تاوانی زیندانی ئەوین و کوشتاری نوێژخوێنانی بلوچ لە زاهیدان و…. پاشەکشە بەجەماوەری ڕاپەڕیو بکات، دواهەمین کارتی خۆی بۆ سەرکوتی جەماوەری خرۆشاو ڕاکێشا!

رژێمی ئیسلامی، بۆئەوەی سیفەتێکی شەرعی بدات بە سیاسەتی کۆمەڵکوژیەکەی، لەجیاتی فەرماندەکانی سوپاو لەشکرو پاسدارو بەسیج ،  ئەندامانی مەجلیسی ئیسلامی( پەرلەمان) بە دەنگی ٢٢٧ ئەندام لەکۆی ٢٧٠ ئەندام، داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کرد سزای سێدارە بەسەر خۆپیشاندەراندان جێبەجێ بکات! دوای ئەوەش فەرماندەی هێزە زەمینیەکانی سوپا هەڕەشەی ئەوەی لە خۆپیشاندەران کرد کە تائێستا هەموو هێزی خۆیان بەکارنەهێناوە! لەهەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی هەڕەشەکەیاندا، دادگای رژێمی ئیسلامی فەرمانی سێدارەی بۆ دوو زیندانی خەڵکی زاهیدان دەکرد کە پێشتر دەستیگیر کرابوون و لە رۆژی ٦ی مانگدا لەسێدارە دران. هەڕەشەی سێدارەدانیش لەسەر دوو رۆژنامەوانی ژن هەیە کە پەردەیان لەسەر تاوانی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئیرشادەوە، هەڵماڵی!

رژێمی تاوانباری ئیسلامی ئێران، کە بەتەواوی ترسی مەرگی لێنیشتوە، بەوەوە نەوەستاوەو شەپۆلێکی ڕەشبگیری خۆپیشاندەرانی بەتایبەتی لە شارەکانی ئێران ( بێجگە لەکوردستان کە توانای ئەو کارەی نیە) دەستپێکردوەو تائێستا دەیان هەزار کەسی دەستگیرکردوە، تا لەو رێگایەوە کۆتایی بەخۆپیشاندانەکان بهێنێ و ئەگەری ئەوەش هەیە ئەم زیندانیانە وەکو بارمتە بەکاربهێنێ و تاوانێکی مەترسیدار دەرهەق بەوان ئەنجام بدات.

بەڵام ئەم رژێمە دڕندەیە کە لەماوەی ٤٣ ساڵ تەمەنی نەگریسیدا دەیان هەزار هەڵسوڕاوی سیاسی لەسێدارەداوەو یان کوشتاری سەرجادەیی بەناوی (دوژمنانی خودا)وە بەڕێخستوە، هەموو شێوازەکانی سەرکوتی خۆی دژی خەڵكی شۆرشگێڕی ئێران تاقیکردۆتەوەو رۆژدوای رۆژ ناڕەزایەتی و دژایەتی خەڵك بۆ ئەو رژێمە نەك ساردو خاو نەبۆتەوە، بەڵکو بەتێپەڕینی تەمەنی رژێم، نارەزایەتی خەڵك فراوانتر و گشتگیرتر و ڕادیکاڵتر و جەربەزانەتر بوە. بەجۆرێك کە لەماوەی نزیك بە دوو مانگی ڕابردوودا، لاوانی کچ و کوڕ و خوێندکاران جیهانیان تووشی سەرسوڕمان کردوە لە ئازایەتی و چاونەترسی بەرامبەر بە دەسەڵاتێک کە لە تەپڵی سەریەوە تا نوکی پێی چەکدارە و خاوەنی دەیان هەزار هێزی چەکداری بەسیجی و پاسدارو دامەزراوەی دیکەی تیرۆریستیە! هاوکات هاتنەمەیدانی مامۆستایان و خانەنشینان و کرێکارانی دامەرزاوە پیشەسازیەکانی ئێران و بەشدارییان لەخرۆشانی جەماوەری کچان وکوڕانی لاودا، ئەوە نیشان دەدات کە خەڵكی ئێران بڕیاری کۆتایی خۆیان داوە بۆ روخاندنی رژێمی ئیسلامی ئێران و سەرکوت و هەڕەشەکانی رژێم نایانگێڕێتەوە!

ئەزمونی شۆڕشە جەماوەریەکانیش نیشانیان داوە کە سەرەنجام دەسەڵاتە سەرکوتگەر و دڕندەو ئینساکوژەکان، ئەوکاتەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و لاوان و ژنان بڕیاریان دابێت، دەتوانن لەسەر کورسی دەسەڵات کێشیان بکەنە خوارەوە. بۆیە ئەو هەڕەشانەی جمهوری ئیسلامی لە بەرپاکردنی تاوانی کۆمەڵکوژی دژی خۆپیشاندەران و زیندانیەکان، دەیکەن، تەنها نیشاندەری ئەوەن کە ئەو رژێمە هارو دڕندەیە رۆژەکانی کۆتای تەمەنی خۆی دەژمێرێ، بۆیە سڵ لە دڕندانەترین شێوەی سەرکوت ناکاتەوە. بەڵام خەڵکی ئێرانیش بڕیاری خۆیان داوە بۆ ریشەکێشکردن و پێچانەوەی بارگەو بنەی ئەم رژێمە خوێنخۆرە کە ٤٣ ساڵە بە ئاگرو ئاسن حوکمیان دەکات، بۆیە ئەوانیش سڵ لەدانی قوربانی ناکەنەوە!

کوانوی شۆڕرشی جەماوەری ئێران بە هەڕەشەکانی کۆمەڵکوژی زیندانیانی خۆپیشاندانەکان و خۆپیشاندەران سارد نابێتەوە. گڕی شۆرش رۆژبەڕۆژ زیاتر کڵپە دەستێنێ و تا گەیاندنی پەیامەکەی بە کۆتایی دانامرکێتەوە! پشتیوانی جیهانی بۆ ئەم شۆرشە فراوانتر بۆتەوە. کرێکاران و ژنان و لاوانی ئازادیخوازی دنیا و بەتایبەتی ناوچەکە ئەرکی مێژوویی و چینایەتی و سیاسیمان لەسەرە کە دژی ئەم هەوسارپچڕانەی جمهوری ئیسلامی بوەستینەوەو لەپاڵ خرۆشان و شۆڕشی جەماوەری خەڵکی ئێراندا بەهەموو تواناوە ڕابوەستین. خەڵکی ئێران جەنگی ئێمە؛ کرێکاران و زەحمەتکیشان و ژنان و لاوانی کوردستان و عێراق و یەمەن و سوریا و لوبنان و ناوچەکە دەکەن. ئەوان لە قەڵای ئیسلامی سیاسیەوە خەریکن جەنگی ئازادی خۆیان و ئێمە دەکەن. ئەم شەڕە بۆ هەموومان چارەنوسازە. دەبێ بەشداری جدی بکەین.

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …