عەبدوڵا مەحـمود
بەم دواییانە پەرلەمانی کوردستان، بەدەنگی ٨٥ پەرلەمانتاری “پارتی و یەكیتی و گۆڕان و پێکهاتەکان” تەمەنی خۆی درێژکردەوە بۆ ٣١/١٢/٢٠٢٣. دیارە ئەوە یەکەمینجار نییە پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی درێژدەکاتەوە، بەڵکو لەماوەی ٣٠ ساڵەی دەسەڵاتی پارتی و یەكیتی و هاوبەشەکانیان، حەوت جاری تر پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژکردوەتەوە. پاساوەکانی پێشوو بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان؛ شەری ناوخۆ، ٣١ ئاب، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی و کێبەرکێ لەسەر پۆستەکان، بووە…تاد
درێژکردنەوەی ئەمجارەی پەرلەمان تەواو جیاوازە لەدرێژکردنەوەی جارەکانی پێشووتر… لەگەڵ ئەوەدا کە کێشمەکیش و ململانێی نیوان خانەوادەی بۆرژوازی کورد و بەتایبەتیش لەنیوان پارتی و یەکێتیدا، درێژەی هەیە، بەڵام ئەمجارە یەکێتی و پارتی و گۆڕان و هاوبەشە ئیسلامیەکانیان لەهەلومەرجێکدا ناچار بەدریژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بوون، کە هەموویان توشی گرفتێکی بناغەیین، گرفتی نەفرەت و تورەیی جەماوەری لەسەرجەم دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد. بەشدارینەکردنی ٨٠% خەڵکی کوردستان لەهەڵبژاردنی پێشوودا، وەکو گۆشەیەک لەدرێژەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بەدژی کارنامەی ئەم دەسەڵاتە، وەرچەرخانێکی گرنگی لەهاوسەنگی هیزی جەماوەر و دەسەڵاتدا، خستەڕوو. لەوەش زیاتر ئەوەی نیشاندا کە خەڵکی کوردستان متمانەیان بەپرۆسیسی هەڵبژاردن، بۆ گوڕانکاری و دەستاودەستکردنی دەسەڵات نەماوە. ئەم وەرچەرخانە بۆ یەکەمینجار دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی لەخەوێکی قوڵ بێدارکردەوە تا ئەورادەیەی تۆشی شۆکی کردن. بەشدارینەکردنی ٨٠% خەڵکی کوردستان، لەکاتێکدا پارتی و یەکێتی لەرێگای جۆراوجورەوە گەورەترین لەشکریان بەخۆیانەوە بەستۆتەوە و قوتی بەشێکی یەکجار فراوانی خەڵکیان بەبارمتە گرتووە، ئەوەی خستەڕوو کە پارتی و یەکیتی نوینەرایەتی ئەوان ناکەن و پەرلەمانەکەشیان هیچ رەوایەتیەکی یاسایی نییە. بەمانایەکی تر خەڵکی کوردستان چۆن لەئاستی شەقامدا بەردەوام خەریکی وەرێخستنی نارەزایەتی و نەفرەت لەدەسەڵاتن، ئاواش لەئاستی فەرمی و گەمەی هەڵبژاردنەکاندا، ئەوەیان خستەڕوو، کە رەوایەتی بەو دەسەڵاتە نادەن.
لەدۆخێکی ئاوادا، وەرێخستنی هەڵبژاردن لەئاستی ناوخۆی کوردستاندا خۆکوژییەکی ئاشکرایە و لەسەر ئاستی رای گشتی دنیاشدا، لەزەویدانی ئەو پشتیوانیەیە کە تائێستا لێی بەهرەمەندبوون. دیارە یەكیتی و پارتی و هاوبەشەکانیان لەدەسەڵاتی هەرێمدا، لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەکان بەدەسەڵات نەگەیشتوون و لەڕیگای هەڵبژاردنەکانیشەوە، لەدەسەڵات ناخرێن، بەڵام گەورەترین چەکی پڕوپاگەندەی رەوایەتی بەخشین بەخۆیان بانگەشەکانیان لەپەیوەند بە دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە لەدەست دەدەن.
بۆیە چ پارتی و چ یەکێتی و گۆڕان… سەرباری هەر ناکۆکی و ململانییەک کە لەگەڵ یەکتری هەیانە، بەڵام لەو خاڵەدا کۆکن، کە جەماوەرێکی تورەو ناڕازی لەبەرامبەر خۆیاندا دەبین و پێشمەرجی هەر هەڵبژاردنێک بەوە دەزانن، کە پاشەکشە بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بکەن و توڕەیی جەماوەری خاوبکەنەوە تا خۆیان لەشکستێکی دووبارە بەدووربگرن. بەشدارینەکردنی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا، هەر رەتکردنەوەی کایەی هەڵبژاردنەکان و بەشکستکێشانی نییە، بەڵکو بەمانای نا وتنە بە دەسەڵاتیان.
دواخستنی هەڵبژاردنی ئەمجارە راستەوخۆ ریشەی لەبزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستاندایە و خانەوادەی دەسەڵات بەدەستی کوردستان پێویستیان بە کاتە بۆ زەمینەسازکردن بۆ هەڵبژاردنێک کە رەوتی نارەزایەتیەکان خاوبکاتەوە و چەکی بایکۆت لە جەماوەر بسەنێتەوە. بەواتایەکی تر دواخستنی هەڵبژاردن ئامادەکارییە بۆ رووبەڕووبونەوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ تورەیی و نەفرەتی جەماوەری، کە خواستی راماڵینی دەسەڵاتی هەیە.
هاتوهاواری بەشێک لە بۆرژوازی نارازی و ئۆپۆزیسیۆنە بودەڵەکەی و چەند ئەندام پەرلەمانیکی دابەستەو خانەنشیکراو لەسەر قوتی خەڵکی کوردستان، لەژێر ناوی وەستانەوە بەرووی دواخستنی هەڵبژاردندا تەواوکەری هەمان پلانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە و هەوڵیکە بۆ جوانکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و پەرلەمانی پارێزەری ئەو دەسەڵاتە. پەرلەمان لەژێر سایەی دەسەڵاتی میلیشییای ئەحزابدا بێت، یان پەرلەمان لەژێر سایەی وڵاتێکی دامەزراوەیی و دیموکراسی ئەوروپا و ئەمریکادا بێت… هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت، کە ئەرکی بەرگرییە لە دەسەڵاتی بۆرژوازی و کۆمپانیاکان. وە هەرکاتێک پەرلەمان کەوتە بەرامبەر بەدەسەڵات و بەرژەوەندی کۆمپانیاکان، بە سادەیی دایدەخەن. ئەم بەشە لە بۆرژوازی ناڕازی کورد و ئەو دەنگە نارازیانەی تری ئەندام پەرلەمانەکان و نوخبەیەکی سیاسی لەهەرێمدا، کاتێک دەڵێن ماوەی یاسایی پەرلەمان تەواو بووەو شەرعیەتی نەماوە، بەخەڵکی کوردستان دەڵێن، کە پەرلەمان نوینەری خەڵک بووە، دەڵین دامەزراوەیەکی فەرمی بووە، پیرۆزی پەرلەمان دەخەنە روو… ئەوە لەکاتێکدایە پەرلەمانی کوردستان بەدرێژیی ٣٠ ساڵی رابردوو نەک هەر پیرۆز نەبووە، بەڵکو بەکردەوە وەسیلەیەکی هەڵخەڵەتێنەرانەی بێ رۆڵ و گوێگری دەسەڵاتی میلیشییایی بۆرژوازی کورد بووە، بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کوردستان و لەوەش زیاتر بۆ شێواندی رای گشتی و بە رەوا نیشاندانی دەسەڵاتی حزبۆکراتی بۆرژوازی کورد.
خەڵکی کوردستان چۆن بە بایکۆت و بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوودا، گورزێکی کوشندەیان لەپیگەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی داو نیشانیاندا کە پەرلەمان ڕیگایەک بۆ باشکردنی هەلومەرجی ژیان و گوزەرانیان نییەو هیچ چاوەروانیەک بۆ گۆرانکاری و تەنانەت بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەڕیگای هەڵبژاردنەکان و پەرلەمانەوە بەشوێنێک ناگات… ئاواش دەبێت هەوڵەکانی باڵە ناڕازییەکانی بۆرژوازی کورد و ئەو نوخبە سیاسییە، ریسوابکەن کە دەیانەوێت ئابڕو بۆ هەڵبژاردن لەژێرسایەی دەسەڵاتی میلشیاییدا بگێرنەوە و پەرلەمان وەکو کاریکاتۆرێکی فریوکارانە و دەمەزراوەیەکی فەرمی و پیرۆز بخەنە ڕوو… هەندێک لەو ئەندام پەرلەمان و نوخبە سیاسیەی ناسیونالیزمی کورد بانگەوازی ئەندام پەلەمانەکانی تر دەکەن کە لەپەرلەمان بکشێنەوە و ژمارەیەکیشیان کشانەوە بەپاساوی ئەوەی پەرلەمان ماوەی یاسایی بەسەرچووە و شەرعیەتی یاسایی نەماوە، کەچی ئەم جەنابانە ئەرک ناکێشن یەک تاکە دەستکەوتی ئەو پەرلەمانە بخەڕوو. جیا لەوانە ئەگەر ئەو ئەندام پەرلەمانانە، لەبەرامبەر بێمافی و سەرکوتی ئازادییەکان و خۆپیشاندەران، لەبەرامبەر لوشدانی مووچەی کرێکاران و کارمەندان و مووچە پاشەکەوتکراوەکان، لەبەرامبەر کوشتاری بەردەوام و رۆژانەی ژنان، لەبەرامبەر نۆکەرپیشەیی ئاشکرای حزبەکان بۆ وڵاتانی ناوچەکە، لەبەرامبەر دەستگیرکردنی بێپاساوی گیراوەکانی بادینان و تاد، دەستیان لەکار بکێشایەتەوە، لەوانەبوو کەسانێک بڕوایان پێبکەن کە لەخەمی یاساو ریزگرتن لەدەنگی دەنگدەرانیاندان… بەڵام کاتێک ئەو ریزە لە ئەندام پەرلەمان و حزبەکانیان لەبەرامبەر سەرەکیترین کیشەی خەڵکی کوردستاندا، بێدەنگ بوون و مێش میوانیان نەبووەو نیییە و بەکردەوە نیشانیانداوە، کرێگرتەی موچەیەکی خەیاڵی و پارچەی ماشێنێکی حزبی چاوچنۆک و بەرگری لەدەسەڵاتن، ناتوانن هیچ کەسێک فریوبدەن.
بەکورتی چ حزبەکانی دەسەڵات و چ هیزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکان… تەبا بن یان لەململانێدابن، دەیانەوێت خەڵکی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردن ئاشت بکەنەوە و ئامادەیان بکەن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو، وە خەباتی شەقامیان بگوازنەوە بۆ ململانێی ناو پەرلەمانێکی کارتۆنی. کشانەوەی چەند ئەندام پەرلەمانێک یان مانەوەیان لە پەرلەماندا هیچ نییە، جگە لە مزایەدەیەکی سیاسی ئاشکرا. پەرلەمان لە کوردستان و لەژێرسایەی دەسەڵاتی میلیشییاییدا، هیچ نییە جگە لە روپۆشێک بۆ دەسەڵاتێکی حزبۆکراتی و میلیشیایی.