مستەفا باهیر
بڕیاروایە یاریەکانی جامی جیهانی تۆپی پێ بۆ ساڵی ٢٠٢٢ لە ٢٠ی نۆڤەمبەر لە وڵاتی قەتەر دەست پێبکات، لە سەرتاسەری جیهاندا بەسەدان ملیۆن کەس زۆر بەشەوقو زەوقەوە چاوەڕوانی چرکەساتی دەستپێکردنی یاریەکانی جامی جیهانی تۆپی پێن، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە کە ئەم هەموو ئامادەکاریە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە ، بەشانو بازوی کام هێز دروستکراوە. یاخود ئەم کارانە بوبێتە هۆکاری مەرگ و چەوسانەوەو هیلاک بوون و بێ نان و ئاوکردنی هەزاران کرێکار. لە هەر وڵاتێک ئەم یاریە جیهانیە ئەنجام بدرێت بەهۆی ئەوەی کە میوانێکی یەکجار زۆر ڕوو دەکەنە ئەوشووێنە ، پێویستی بە دروستکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاری هەیە، بەتایبەتی لە بواری بیناسازی وەک دروستکردنی ” گۆڕەپان بۆ ئەنجامدانی یاریەکان ، ڕیستۆرانت ،هۆتێل ، جێگای تایبەت بۆمانەوەی یاریزانەکان، هاتوچۆ ….تاد”. دەوڵەتی قەتەریش ، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارانە پێویستی بەهێزو بازوی چینی کرێکارە . لە ٩٥٪هیزی کاری قەتەر لە کرێکارانی بیگانە پێکهاتوە. هەربۆیە قەتەر ناچاربوو نزیکەی ٢ملیۆن کرێکار لە ” هندستان، سریلانکا، پاکستان، بنگلادیش، نیپاڵ. میسر ” ..تاد بێنێت. ئەم کرێکارانە خۆیان ناتوانن سەربەخۆ بین بۆ وڵاتی قەتەر و پێویستیان بە یەکێک هەیە پشتگیریان بکات ببێتە (کەفیلیان). بۆئەم مەبەستەش چەندەها کۆمپانیا دروست بوە . کرێکاران بۆئەوەی بگەنە قەتەر ناچاردەبن کە پێشەکی هەندێک پارەبدەن بەو کۆمپانیانە، ئەویش کۆمەڵێک بەڵێنن دەدا بە کرێکاران کە هەر کرێکارێک لە لایەن خاوەنکارەکەیەوە ” موچەی مانگانەی ٢٧٥ دۆلار ، شوێنیی نیشتەجێ بوون، خواردنو خواردنەوە، خزمەتگوزاری تەندروستی ، هێڵی ئەنتەرنێت بۆ پەیوەندیکردن بە کەسوکاریانەوە، هەمو پێداویستیەکی سەلامەتی کارکردن وەک جلو بەرگ و دەسکێش و کڵاویان بۆ دابین دەکرێ و لەگەڵ چەندەها بەڵێنی تر.
بەڵام کاتێک ئەم کرێکارانە دەگەنە وڵاتی قەتەر وەک کۆیلە خاوەنی کۆمپانیاکە دەیان فرۆشێت بە سەرمایەدارە قەتەریەکان، ئەوانیش موچەیەکی یەکجار کەمیان دەدەنێ کە جاری واهەیە ئەو موچە کەمەش بە ٦ مانگ جارێک وەریدەگرن، شوێنیکی ناتەندروست بۆ نوستن و خورادنێکی خراپیان دەدەنێ. کارێکی یەکجار زۆریان پێدەکەن کە ڕۆژانە نزیک بە ١٤ کاتژمێڕ لەبەر ئەو گەرمایە کاردەکەن. هەرچەندە بە گوێرەی یاسای قەتەری لە هاویناندا بەهۆی گەرمای زۆرەوە نابێت کرێکاران لە کاتژمێر ١١،٣٠ بۆ کاتژمێڕ ١٥ لەبەر هەتاو کاربکەن، بەڵام ئەم کرێکارانە رۆژانە ١٤ کاتژمێر لەبەر ئەوهەتاوە گەرمە کاری بیناسازی دەکەن. بەهۆی ڕەچاونەکردنی سەلامەتی شوێنی کار و چەند هۆکاری تر ، بوەتە هۆی ژیان لەدەستدانی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو کرێکارانە. بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی بڵاوکراوەی گاردیانی بەریتانی لە ساڵی ٢٠١١ تاوەکو ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٧ حەوت هەزار کرێکاریی بیانی لە وڵاتی قەتەر بەهۆکاری جیاواز ژیانیان لەدەستداوە. دەوڵەتی قەتەر، ئەو کرێکارانەی کە ژیان لەدەست دەدن، جەستەکانیان نا گەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان بەڵکو زۆرجار بەکۆمەڵ لە بیابانەکاندا دەکرێن بە ژێر خۆڵەوە.
ئەم کرێکارانە کاتێک لای خاوەن کارەکە دەستدەکەن بەکارکردن هەمو بەڵگەکانیان لێوەردەگیرێت وەک پەساپۆرت و پێناسەی (هویەی ) شەخسی بۆ ئەوەی نەتوانن هەڵبێن. ئەگەر کرێکارێک بیەوێت لەو دۆزەخەی کە سەرمایەداران و دەوڵەتی قەتەر دروستیان کردوە بۆیان ڕزگاری بێت لە کاتێکدا کە برایەکی یاخود کەسێکی نزیکی دەمرێت هەوڵدەدات بەهەر جۆرێک بوە پارەیەک پەیدا بکاتو ئەو مردوە لەگەڵ خۆی بباتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی کە زیاتر مەبەست لەوکارە ڕزگاربونیەتی لەو وڵاتە. بەرامبەر بەم کارە نامرۆڤانەی دەوڵەتی قەتەر، بەشێکی زۆر لە ئازادیخوازان و نەقابە کرێکاریەکان و ئەحزابی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی بە تایبەتی لە ئەوروپا هاتونەتە دەنگ. لەژێر ناونیشانی” یاریەکانی تۆپی پێی جیهان ڕاگرن” ، حزبی چەپی بەلجیکی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردوەتەوە و سەرنجی جیهانی بۆ ئەو کارەساتە ڕاکێشا. بەشێک لە یاریزانەکان بەتایبەتی یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتی( نەرویچ، هۆلنداوا ،ئەلمانیا،فەرەنسا،دانمارک ) داوایان کردوە کە بەشداری ئەو یاریانە نەکەن کە لەقەتەر ئەنجام دەدرێت. نەقابە کرێکاریەکان لە نرویج دژی ئەم کارە وەستاوەنتەوە فشاریان بۆ فیفاو دەزگا دەوڵەتیەکان هێناوەو تا بەر بەم کارەساتە بگرن.
لەژێڕ ئەم فشارانەدا دەوڵەتی قەتەر ناچار بوو کە کۆمەڵێک چاکسازی بکات، بەڵام زۆرێک دەڵێن چاکسازیەکەی قەتەر دەورێکی ئەوتوۆی نەبوە لە سەر ژیان و گوزەرانی کریکارەکان . مردنو خۆکوشتنو سوکایەتی کردن بەکرێکاران لە لایەن سەرمایەدارنی وڵاتی قەتەرەوە بەردەوامە. تا ئێستاش کریکاران ئازاد نین ئەگەر کارەکەیان بەدڵ نەبوو، کار نەکەن. تائێستاش هەمو پێداویستیەکی سەفەرکردنی کرێکارەکان لە لای خاوەنکارە، کرێکاران بە بێ بوونی کەفیل ناتوانن بچن بۆ ئەو وڵاتە.
بەگشتی یاری تۆپی پێ وا دێتە پێش چاو کە وەسیلەیەکە تەنها بۆ خۆشی و سەر گەرمی، فیفا دەزگایەکە بۆ بەڕێخستنی ئەم یاریانە و بێلایەنە دەڕوانێتە ڕوداوە سیاسیەکان ، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەیت دەبینیت کە فیفا وەک کۆمپانیایەک بێجگە لەوەی کاری بازرگانی بەم یاریانەوەدەکات بوەتە وەسیلەیەک بەدەست وڵاتانی ڕۆژئاواوە. ئەو دەوڵەتانە فیفا بەکار دەهێنن بۆ فشار خستنە سەر ئەو وڵاتانەی کە نەیاریانن ،بە بەرچاوی فیفاوە زیاتر لە ٧ هەزار کرێکار لە قەتەر بە هۆی مامەڵەی نامرۆڤانەی خاوەن کارو کاربەدەستانی وڵاتی قەتەر بە شێوازی جیاوز مردون. هەررچەندە لەلایەن ئازادی خوازنو نەقابەکرێکاریەکان و حزبە کۆمۆنیستەکانەوە فشارێکی گەورەی لەسەرە، بەڵام نەیتوانیوە هەتاوەکو ئێستا هەنگاوی جدی بنێت بۆ باشترکردنی ژیانی ئەو کریکارانەی کە لەقەتەر کاردەکەن. بەڵام لەسەر داوی ئەو وڵاتانە ڕوسیایان لە پێشبڕکێکە دەرکردوە بە بیانوی ئەوەی کە هێڕشی کردوەتە سەرا ئۆکرانیا، ئێستاش دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئێرانیش دور دەخرێتەوە لەو پێشبڕکێکە بە بیانوی کوشتنی خۆپیشاندەران. لەکاتێکدا دەوڵەتانی بۆرژوایی رۆژاوایی نەك هەر دۆستی خەڵکی ئێران نین، بەڵکو نەخشیان هەبوەو هەیە لە کارەساتەکانی خەڵكی زەحمەتکێشی ناوچەکەو دنیاش. لە کارەکانی فیفا گومان لەوەدا ناهێڵێتەوە کە دەزگایەکە بەدەست دەوڵەتە رۆژ ئاواکان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکاری دێنن، کاربەدەستانی فیفاش سودمەندی گەورە دەبن.
٨/١١/٢٠٢٢