شەڕی دوو بنەماڵەی سیاسی!

موحسین کەریم

ئەو دەسەڵاتەی لە کوردستاندا هەیە، حکومەت نیە، بەڵکو دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی سیاسی بۆرژوازی، بە پاشخانی عەشیرەتیەوەیە، کە خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندوە. ئەگەرچی بەڕوالەت ناویان لەخۆیان ناوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و گوایە ناوبەناو هەڵبژاردن دەکەن و لەسەر بنەمای ئاکامەکانی هەڵبژاردن حکومت دروست دەکەن، بەڵام ئەوە تەنها ڕوکەشێکی ساختەو ناوبەتاڵە. بۆئەوەیە کە خۆیان لای دەوڵەتان و هێز و تاقمە بۆرژوازیە هاوبەشەکانیان لە عێراق وەکو نوێنەری خەڵكی کوردستان نیشان بدەن تا بەوناوەوە لە دەسەڵات و داهاتی عێراق بەشی خۆیان وەربگرن و وەکو فەرمانڕەوای کوردستان قبوڵیان بکەن. دەنا دەمێکەیە بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون بۆتەوە کە نە پەرلەمان و نە حکومەتی هاوبەشی ئەو دوو حزبەو نە حکومەتە بنکەفراوانەکەی دوای پیوەستبوونی باڵی بەناو ریفۆرمیستی بزوتنەوەی کوردایەتی بە ڕابەری بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا، تەنها دیوەخانێکی سیاسین بۆ بەخشینی سیمایەکی یاسایی درۆزنانە بەدەسەڵاتی ڕەهای ئەو دوو بنەماڵە سەرمایەدارەی کوردستان و دەستوپێوەندەکانیان لە خاوەن کۆمپانیاو سەرمایەداران و خزمەتکارەکانیان.

ئەم دوو بنەماڵە سیاسیە کە هەر یەکەیان بەناوی حزبێکەوە کاردەکەن و کۆنترۆلی کوردستانی عێراقیان کردوە، لەسەر بنەمای شەڕێکی دوورودرێژی چەکداری و بەدیاریکراویش لەدوای شەڕێکی ٤ ساڵەی نیوان خۆیان دوای ڕادەستکردنی دەسەڵات پێیان لەلایەن ئەرمیکاو رۆژاواوە وەکو بەشێك لە ئاکامەکانی شەڕی کەنداوی دووەم، کوردستانی عێراقیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردوەو هەریەکەیان فەرمانڕەوای بەکردەوەی ناوچەیەکن کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندایە. تەنانەت ئەو دەورانەی کە گوایە حکومەتی هاوبەش و یەکگرتوو و بنکەفراوانیشیان لەوپەڕی ئینسجام و یەکگرتوویدا بوو، بەکردەوە دوو ناوچەی نفوز لەئارادا بوو. بە دانپێدانانی خۆیان ئەو دوو حزبەی کە لەلایەن دوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانیەوە خاوەندارێتی دەکرێن، لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکتردا بێدەسەڵات و هیچ پێگەیەکی واقعی و ڕاستەقینەیان لەدەسەڵاتی محەلیدا نەبوە و وەکو خۆیان دەڵێن لە پێگەی ئۆپۆزیسیۆندا بوون!

فشارە داراییە بەردەوامەکانی پارتی بۆسەر ناوچەی ژێردەسەلاتی یەکێتی، هەوڵەکانی دەزگای پاراستن بۆ کڕینی بەرپرسە باڵاکانی دەزگای زانیاری کە لە ناو (ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم)دا کاردەکەن، تەقەکردنەکان و نائارامیە بەردەوامەکانی سلێمانی، سەرەنجام هەڵاتنی ئەژی ئەمین بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاری یەکێتی بۆلای پاراستنی پارتی و  دواتریش روداوی تیرۆری بەرپرسێکی دەزگای زانیاری بەناوی عەقید هاوکار لە هەولێر، کە دیارە ئەویش لەو بەرپرسانەی دەزگای زانیاریە کە چوونەتە پاڵ دەزگای پاراستن، هەروەها تۆمەتبارکردنی دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی بە ئەنجامدانی تیرۆرەکە لەلایەن (ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم) یاخود ڕاستر لەلایەن پاراستنی پارتیەوە و وەڵامەکەی دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی بۆ ڕاگەیاندنەکەی دەزگای پاراستن…. ئەمانە هەموویان ئەوە نیشان دەدەن کە کێشەی ئەو دوو بنەماڵە سیاسیەی خاوەنی پارتی و یەکێتین، کێشەیەکە کە سەرتاپای بوونی یەکتریان ئامانج گرتووە.

گومان لەوەدا نیە کە بنەماڵەی بارزانی و پارتی دوای نەمانی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، دەیانەوێ و پێیانوایە کە دەتوانن ڕکابەرە سیاسیەکی خۆیان لە مەیدانی سیاسی و ململانێی سیاسی- چەکداریی کوردستاندا دەرپەڕێنن. بزوتنەوەی گۆڕان بەتەواوی لە مەیدانی کێشمەکێشی سیاسی چوەتە دەرەوەو پێگەیەکی لەبەرامبەر پارتیدا نەماوەو چاوەڕێی خێروسەدەقەی سیاسی پارتی و یەکێتیە. بۆیە قورسایی پارتی لەسەر ئەوەیە کە یەکێتی لەبەریەك هەڵوەشێنێ و هەموو ئەو هەنگاوانەی کە تائێستا ناویەتی ئەو ئاڕاستەیە نیشان دەدات. دزەکردنی پاراستن بۆناو هەستیارترین دەزگای یەکێتی، دەکرێ گورزێکی کاریگەر بێت لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەی پارتیدا. لە بەرامبەریشدادەبینین کە بافڵ تاڵەبانی، بۆ پێشگرتن لەم سیاسەتەی پارتی، پێشوازی لە ئەدهەم بارزانی ئامۆزای مەسعود بارزانی دەکات تا لەسلێمانی بارەگای سیاسی خۆی وەکو ڕەوتێکی نەیاری پارتی و بنەماڵەی بارزانی بکاتەوە!

بەڵام خەڵکی کوردستان هەقیەتی لەژێرسایەی ئەم دوو بنەماڵە سیاسیە بۆرژوازیەدا ژیان نەکەن. هەقیانە وەکو مرۆڤی سەردەم ژیانێکی خۆشگوزەران و ئازاد و ئارامیان هەبێت، دوور لە پشێوی و نائارامی و تیرۆرو دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی چەکدار کە هەموو داهاتی کۆمەڵگایان بۆخۆیان قۆرخکردوەو دەسەڵاتی دواکەوتوانەو کۆنەپەرستانەی خۆیان بسەر ژیانی مەدەنی هاوڵاتیانی کوردستاندا سەپاندوە، هەریەکەیان بوونەتە خزمەتکاری دەوڵەتێکی کۆنەپەرست و دژی مرۆیی ناوچەکەو نۆکەری دەست لەسەر سنگی هەر دەوڵەتێك کە بیەوێ کوردستان وەکو پێگەی جێبەجێکردنی سیاسەتە قێزەونەکانی لە ناوچەکەو  عێراقدا بەکاربهێنێ بەرامبەر بە برێك دەسکەوتی مادی بۆیان. خەڵکی کوردستان، مافی خۆیەتی ئایندەیەکی سیاسی رۆشنی هەبێت کە دووربێت لە دەستێوەردانی ووڵاتانی ناوچەکەو بەبارمتەگیرانی ژیان و خۆشگوزەرانیان لە ململانێی نێوان ئەم دوو بنەماڵە سیاسیە تاڵانچی و مافیاییەدا! خەڵکی کوردستان هەقی خۆیەتی کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئابوریەوە بەدەستەوە بگرێت و خۆی سەردار و سەروەری خۆی بێت. بۆئەم کارەش دەبێ خەڵکی کوردستان دەسەڵاتی میلیشیایی ئەم دوو بنەماڵەیە تێپەڕێنن و دەسەڵاتدارێتی ڕاستەوخۆی جەماوەری خۆیان لەچوارچێوەی حکومەتی شورایی خەڵکی کوردستاندا دابمەزرێنن.

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …