خەڵکی ئازادی خوازی ئێران!
هەروەک کوشتنی مەهسا ئەمینی بە دەستی جەلادانی جمهوری ئیسلامی بووە بڵێسەی کڵپەسەندنی خرۆشانێکی مەزنی جەماوەری لە زۆربەی شارەکانی ئێران لەدژی دەسەڵاته ستەمگەر و ئینسانکوژەکەی جمهوری ئیسلامی سەرمایە، هاوکات بە دوای خۆیدا پشتیوانیەکی گەورەی کۆمەڵگهی جیهانی بەرامبەر بە تاوان و دەستدرێژیەکانی جمهوری ئیسلامی بە گشتی و ئەو ستەم و چەوسانەوەیەی کە لە ژنان بەڕێوەی دەبات بە تایبەتی، بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بە دڵنیایەوە ئەم خرۆشانە کە هیچ بۆن و ڕەنگێکی قەومی و ئاینی پێوە نییە و ڕزگاری ژنانی لە دەست قانون و شەریعەتی ئیسلامی کردۆتە خاڵی سەرەکی خۆی و پەرچەمی ئازادی و یەکسانی هەڵبڕیوە، بزوتنەوە و کردەیەکی کەم وێنەی شۆڕشگێڕانەیە، کە لە ماوەی یەک مانگی درێژەکێشانی خۆیدا نەک هەر قەڵای کۆنەپەرستی ئیسلامی لە ئێران لەرزاندووە، بەڵکو پایەی بنەڕەتی ئایدۆلۆژی و تەواوی ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەی، خستۆتە ژێر گوشارەکانی خۆیەوە و ئومێدی گۆڕانکاری و ڕزگاربوون لەم بەڵایەی سەرسەری ئینسانەکانی سەوز کردووە. هەربۆیە حزبی ئێمە و جەماوەری بێبەشی کوردستان بەچاوی ئومێدەوە لە جوڵانەوەی ئێوە دەڕوانێ و بە بەشێک لە بزوتنەوە و خەباتی کۆمۆنیستەکان و چینی کرێکاری کوردستان لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی دەزانێ. بەم هۆیەشەوە حزبی ئێمە چ لەناوخۆی کوردستان و چ لەدەرەوەی وڵات سات لەدوای سات لەکەنار ئێوەدا ڕاوەستاوە و بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی ناڕەزایەتیەکانتان بەردەوام تێدەکۆشێ.
ژنان و کچان، لاوی شۆڕشگێڕ!
ئەگەر ئیوە لە تارانەوە تا سنە و شارەکانی تری ئێران یەکگرتوانە دەنگی ئازادی و یەکسانیتان هەڵبڕیوە و بە فڕێدان و سوتاندنی سەرپۆشی ئیسلامی، پەیامی خۆتان بە کۆمەڵگهی جیهانی گەیاندووە کە ڕەتی دەکەنەوە چیتر لەسایەی شەریعەت و دەسەڵاتی مەلاکاندا، ژیان بکەن. وە ئەگەر ئێوە چاوتان لە ئایندەیەکی گەش و شایستەی ئینسانی بڕیوە، و تەواوی دەسەڵاتی دژە ئینسانی جمهوری ئیسلامیتان خستۆتە لەرزە، ئەوا هەر بەم خەبات و خرۆشانەی ئێوە ناڕەزایەتی و تورەیی سەرجەم چین و توێژەکان و خەڵكی ستەم دیدەی ئێرانتان گۆڕیوە بە جوڵانەوەیەکی شۆڕشگێرانە و ئومێدبەخش لەپێناو کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئینسانکوژی ئیسلامی لە ئێران و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئینسانی، خاڵی لە ستەم و بیمافی و هەڵاواردن و چەوساندنەوە. ئەمە ئیتر جوڵانەوەیەکە بۆ گۆڕانکاری و تێپەڕینە لە رڕازیبون بە حوکمی زۆری مەلاکان. لە کوردستان ژنان و کچانێک کە جەسورانە سەرپۆشی سەریان فڕیدا و سوتاندیان، خوێندکارانێک کە هاواریان کرد کوردستان گۆڕستانی فاشیزمی ئیسلامیە، کرێکارانی نەوت و پترۆکیمیای کە ڕایانگەیاند کوشتنی مەهسا کوشتنێکی بە ئەنقەستی دەوڵەتە و نابێ بێ وەڵام بمێنێتەوە، مانگرتن و خۆپیشاندانی مامۆستایان و زانکۆ و خانەنشینان.. هەر هەموویان نەک هەر بەڵگەی ئەم قسانەن، بەڵکو نیشانەیەکە، لەعەزم وئیرادەیەکی گەورە و یەکگرتوانەتان، کە جیگای ستایش و پشتیوانیەکی گەورەی ئێمە و ئازادیخوازانی دونیایە. هەوڵەکانی ڕژێمی ئیسلامی بۆ لەخوێنهەڵکێشانی ناڕەزایەتیەکان و ئەو شێوازە لە سەرکوت و کوشتن و زیندانیکردن و بە میلیتاریزەکردنی شارەکان، دیسانەوە بەڵگەی ئەوەیە کە ڕژێم لە توانا و قابیلیەتەکانی ئەم خرۆشانە ترساوە و ئاسۆی ڕوخانی خۆی لەبەرامبەردا، دەبینێ.
بەلام ئەگەر ترس و سام ڕژێمی داگرتوە، ئەگەر خرۆشانی یەک مانگەی ژنان و کچان و خەڵکی ناڕازی و ستمهدیدە دەرگای گۆڕانکاری خستۆتەسەر پشت، بەڵام هێشتا ئەمە سەرەتای کارە. هێشتا دەبێ بورکانی ناڕەزایەتیەکانی ئێوە زۆرتر پەرەبگرێ و فراوانتر بێتەوە، دەبێ کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی شارەکان وهەموو ئەوانەی خوازیاری ئاڵوگۆڕن لە کۆمەڵگهی ئێراندا بەم ناڕەزایەتیانەوە پەیوەست بن. دەبێ ناوەندی شارەکان، کارگە و دامەزراوەکان، زانکۆ و گەڕەکەکان ببنە مەیدانی هاتنەمەیدانی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێرانە و یەکگرتوانەی جەماوەری. هێشتا دەبێ ڕیزەکانی خۆمان لە شورا و ئەنجومەن و کۆمیتە شۆڕشگێریەکاندا ڕێکخراو بکەین و لە کەنار درێژەدان بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا، لە فکری ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا بین. دەبێ ڕابەران و هەڵسوڕاوانی ئەم ناڕەزایەتیانە بە دیدێکی ڕۆشنەوە لە ئایندەی کۆمەڵگە بڕوانن و هەر لە ئێستاوە، بۆ دامەزراندنی نیزام و سیستەمێک تێبکۆشن کە ئازادی و یەکسانی وخۆشگوزەرانی بۆ هەموان زامن دەکات. بەتایبەتی کە هەر جوڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بەبێ ئاسۆیەکی ڕۆشن لەسەر ئایندە و ئەو سیستەمەی کە کۆتایی بە جیاکاری چینایەتی و نابەرابەری دێنێ و دەستی سەرکوت و زیندان و بێمافی لەسەر کۆمەڵگه هەڵدەگرێ، ئەگەر بشتوانێ ڕژێم بڕوخێنێ، بەڵام هێشتا ئەو فرسەتە دەهێڵێتەوە کە باڵێکی تری بۆرژوازی، دەستکەوتەکانی خەبات و قوربانی جەماوەر بدزن و دوبارە کۆمەڵگه بگێڕنەوە دۆخێک کە لە قازانجی چینی سەرمایەدار و حزبەکانیدا بێت. کەوایە پێویستە ڕیزەکانمان ڕێكخراو بکەین و لە ژێر ئاسۆی سۆشیالیستیدا کۆببینەوە تا کۆتایی بە دەسەڵاتی زیاتر لە چواردەهەی ئەم رژێمەی ئیسلامی سەرمایە بهێنین و بە ئیرادەی خۆمان سیستەمێک لەسەر کەلاوەکەی بنیات بنێین، کە ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموون زامن بکات.
کرێکاران، خەڵکی ئازادیخوازی ئێران!
ژنان ولاوان و خوێندکارانی ڕاپەڕیو!
ئەگەر مانەوە لەژێر سایەی حاکمیهتی شەرع و ئیسلامدا جگە لە کوشتنی مەهساکان و کۆیلەیەتی ژنان و ێیمافی هەمەلایهنه شتێکی تر نییە، ئەگەر مانەوە لە سایەی جمهوری ئیسلامی ئێراندا جگە لە قوربانیدان و قەبوڵ کردنی بێکاری و هەژاری و سەرکوت و زیندان و سەدان دەرد و مەینەتی تر شتیکی تری بەدواوە نییە، کەوایە وەرن با بەهیزی یەکگرتوی خۆمان دام و دەزگاکانی ئەم دەسەڵاتە دژی ژن و دژە ئینسانیە بۆ هەمیشە هەڵپێچین. وەرن با ڕیزی ڕێکخراو یەکگرتوانەمان، بە هاوئاهەنگکردنی توانایی و ئیرادەمان، لە شوێنی کار و ژیانمان، شەقام و کارگە و زانکۆکان و گەڕەکەکان بکەینە جێگای پەیڕەوکردنی یاساوڕێسای ئینسانی و بەرابەریخوازنە و زامنکردنی سەرجەم ئازادییە فەردی و مەدەنیەکان و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دەزگا پۆلیسی و ئەمنی و بیرۆکراتی و سەرکوتگەریەکان و توڕهەڵدانی هەموو ئەو یاساوڕێسایانەی کە لەگەڵ خواست و مافەکانی ئینساندا ناکۆکیان هەیە. پێویسیە سەرجەم زیندانیان سیاسی ئازاد بکەین و ئازادی سیاسی و کەشی ئازادیخوازانە کە زامنی چالاکی و هەڵسوڕانی ئازادانە بکات جێ بخەین.
بەردەوامیدان بە خەبات و ڕاگرتنی هێزی یەکگرتوانەمان، جەماوەریترکردنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکان، هاوئاهەنگکردنی بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکان لەگەڵ یەکتری، دەستبردنی خێرا بۆ رێکخراوبوون لەو راستایەشدا وەڕێخستنی کۆبونەوە گشتیەکان و پێکهێنانی شوراکان و بەڕێوەبردنی گەرەک و کارگە و ناوەندەکان و لە هەر شوێن و جێگایەک هاوسەنگی هێز ڕێگادەدات… تا دەگاتە بەدەستەوەگرتن و جێگیرکردنی یاساوڕێسای ئازادیخوازنە و زامنکردنی ئازادیە سیاسیەکان و مافە فەردی مەدەنیەکان، بردنە سەری ئامادەیی و ڕێ و شوێنی پێویست بۆ بەگری و وەستانەوە بەڕووی پلان و نەخشەی ڕژێم و هیزەکانی دژە شۆڕشدا… ئەو هەنگاوە کارسازانەن بۆ جێگیرکردنی دەستکەوتەکان و پێشڕەویەکانی تا ئێستا و هاوکات بۆ پێشڕەویەکانی داهاتوو…
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ستایشی ڕۆڵی جەسورانە و جەنگاوەرانهی ئێوە دەکات و بەتەواوی تواناوە لەپاڵ ئێوە و داخوازیەکانتان و پشتیوانی ناڕەزایەتیەکانتان ڕادەوەستێت.
٢٢/١٠/٢٠٢٢