ئەنوەر نوری
هەموان ئاگادارین کە رۆژی چوار شەممە ٢٨/٠٩/٢٠٢٢ جمهوری ئیسلامی ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ( درۆن) وە ساروخی بالیستیەوە بنکەو بارەگاکانی حزبی دیموکرات و حزبی رزگاری و حزبەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێرانی بۆردومان کرد لە کوردستانی عێراق. زۆر بە داخەوە لەو هێرشە وەحشیانەیەی جمهوری ئیسلامی دا چەندی کادر و ئەندامی ئەو حزبانە کوژراون و بریندار بوون جگە لە کەسانی چەکداری ئەو حزبانە کەسانی مەدەنی بێچەک لە پیاوان، ژنان و منداڵیشی تیادا بوونە قوربانی. ئەم کارە دڕندانەیەی جمهوری ئیسلامی ئێران کارێکی ئێجگار وەحشیانەیە و دژ بە هەمو بەها مرۆڤاییەکانە و مەحکومە.
بەڵام پرسیارێک، هۆکار و ئامانج چییە کە لەم کاتوساتەدا جمهوری ئیسلامی ئێران ئەم هێرشانەی ئەنجام دا. روونە کە جمهوری ئیسلامی ئەم هێرشانەی لە وەلام بە دوو ئامانج ئەنجام داوە ئامانجەکەی هەم ناوخۆییە و هەم دەرەکی.
١/ ئامانجە ناوخۆییەکە جمهوری ئیسلامی دەرگیری ناڕەزایەتییەکی زۆر گەورە و بەرفران بووەتەوە لە ناوخۆی ئێراندا بە تایبەت دوای کوشتنی ژینا ئەمینی (مەهسا) لە تاران کە لەلایەن پیاوەکانی جمهوری ئیسلامی ئەنجام دراوە کە پێیان دەڵێن هێزی بەرگری لە شەرەف، لە واقعدا ئەو هێزانەی جمهوری ئیسلامی دیفاع لە بێشەرەفی دەکەن نەک کەرامەت و حورمەتی ئینسان .
خەڵکی ئێران هەم دژی کوشتنی مەهسا ئەمینی وە هەم وەک دەرفەتێک بۆ ناڕەزەیەتی دژ بە نەبوونی ئازادی وە دژ بە یاساکانی ئیسلام بە تایبەت حجابی زۆرەملێوە هاتنەمەیدان و دەستیانکرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین. وە خەڵکی ئێران بە تایبەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان وە خەڵکی تینوی ژیانێکی ئازاد و خۆش گوزەران لە زۆربەی شارەکانی ئێران بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هاتونەتە مەیدان. ناڕەزایەتییەکان لە رۆژەکانی سەرەتادا دژی کوشتنی مەهسا و دژی حجابی ئیسلامی بوون بەڵام پاش چەند رۆژێک شیعار و هاوارەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتوو و بوون بە مەرگ بۆ جمهوری ئیسلامی مەرگ بۆ خامنەی و بژی ئازادی شەقامی شارەکانی ئێران هەر لە تارانەوە تا کوردستان، قوم و دەیەیان شاری گەورەی تری ئێرانی گرتەوە و سیمای ناڕەزایەتیەکان وە شیعار و ناڕەزایەتیەکان شکڵێکی چینایەتی و دژە دەستەڵاتی سەرمایەی جمهوری ئیسلامی خۆی نمایش کردو نمایش دەکات. هەروەها لە دەرەوەی وڵات لەلایەن خەڵکی ئازادی خواز و یەکسانیخوازی ئێرانی و جیهانەوە بۆ پشتیوانی لە ژینا ئەمینی و دژی سەکوتگەریەکانی جمهوری ئیسلامی چەندین خۆپیشاندان لە بەردەم سەفارەتەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران و ناوەندی وڵاتەکاندا ئەنجام دراوە و ئەنجام دەدرێت.
ئەگەر چی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی ئێران هەر لەدوای هاتنەسەرکاری ئەو دەستەڵاتە رەشەی سەرمایەوە کە زیاتر لە چڵ ساڵ دەکات ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانیان دژی ئەو دەستەڵاتە ئەنجامداوە بە بەردەوامی. بە تایبەت ناڕەزایەتی کرێکارن لە زۆر ناوەند و شوێنی کاردا، ناڕەزایەتی خوێندکارانی ئێران دژ بە ناخۆشی و زەحمەتی ژیانیان و نەبونی ئازادیەکانی جلوبەرگ و ئازادی رادەربڕین، رێکخرابون …هتد هەمیشە بەردەوام ناڕەزایەتی و خۆپیشانیان ئەنجامدراوە. لە ئێراندا وەک کۆمەڵگەیەکی چینایەتی ناوەندەکانی کار، کارگە و کارخانەکان جێگەی زۆرترین ناڕەزایەتی بووە لە ماوەی ئەم ٤٣ ساڵەی جمهوری ئیسلامی دا، کە دژ بە باری خراپی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بووە. بەهۆی سیاسەتەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران کە دەستەڵاتێکی ئێجگار دڕندە و کۆنەپەرستی دژە ژنە، ژنانی ئێران وەک بەشێک لەبێمافتری ئینسانەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و وەک بەشێکیش لە چینی کرێکاری ئێران بەشی سەرەکی نێو ئەو ناڕەزایەتیانەیان بەرکەوتوە کە دژی جمهوری ئیسلامی ئەنجام دراوە. چونکە ژنان دوو جار چەوساوە بوون لە سایەی ئەو نیزامەدا هەم وەک ژن بونیان وە هەم وەک کرێکارێکی بێماف. هەر بۆیە ژنانی ئێران هاوشانی هاو چینەکەیان کە کرێکارانە بەشداری ناڕەزایەتیەکان بوون دژی بێکاری و نالەباری ژیانی کرێکاران، هەم هاوشانی پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز دژی نەبونی مافە فەردی و مەدەنیەکانیانی ژنان و دژی حیجابی ئیجباری. دژی بێمافی سەفەر، رێگری لە خۆشەویستی و مافە فەردیەکانیان، ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و جەنگاون. کەم نین ئەو ژنانەی کە لە ئێراندا هەم لەسەر مافەکانیان وە هەم لە پێناو ژیانێکی باشتر، ژیانێکی ئازاد و یەکسان جەنگاون و گیانی خۆیان بەختکردوە. وە لەلایەن جمهوری ئیسلامیەوە تیرۆر کراون یان بەبەر چاوی خەڵکەوە لە سیدارە و ئیعدام کراون یاخود مەجبور بە کۆچی زۆرەملێ کراون..
لە ئێستادا ئەگەر چی ناڕەزایەتیەکانی ئێران بێکێشە و کەموکوڕی نین بەڵام ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان سەرتاسەری بۆتەوە وە بە ئاشکرا بە هەزاران ژن لە سەرتاسەری ئێراندا لەچکەکانیان دەسوتێنن و فڕێی دەدەن و لەشەقامەکاندا سەمادەکەن تا دەگاتە ئەوەی خەڵکی کرێکار، بێکار و خوێندکاران و خەڵکی تینوی ئازادی لە ئێران بە ژن و پیاوەوە هاواری مەگ بۆ جمهوری ئیسلامی دەڵێنەوە.
لە بەرامبەردا جمهوری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی سەرمایەداری دەیەوێت دەرفەتێک بدۆزێتەوە تا چەند بۆی بکرێت خۆی لە لەناوچون بپارێزیت و بمێنیتەوە. ئەگەر چی ئەوە حەتمیە کە دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ئێران دەروخێت لە ئێستا بێت یاخو لە داهاتودا، لەلایەن خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی شۆڕشگێر و کرێکاری ئێرانەوە جمهوری ئیسلامی بە زبڵدانی مێژوو دەسپێررێت.
جمهوری سەرمایەداری ئیسلامی ئێران دەیەوێت لەکاتی ئەم ئەزمە و کێشەیەی دا کە دەسەڵاتەکەی نزیک بۆتەوە لە روخان، ئەویش دەیەوێت تا چەند بۆی دەکرێت محاوەلە دەکات و هەوڵدەدات خۆی لە روخان رزگار بکات و دەیەوێت دەرچەیەک بدۆزیتەوە تا خۆی رزگار بکات و نەفەسێک بۆ دەستەڵاتەکەی بهێڵیتەوە هەر بۆیە دەیەوێت جۆری کێشە ناوخۆییەکەی ئێران بگوێزێتەوە بۆ شەڕ و کێشەیەکی دەرەکی تا لەو رێگەیەوە توانایی زهنی خەڵکی قەومی و دینی ئێران ڕاکێشێت بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بۆ دەرەوەی سنورەکانی ئێران، ئا لەمکاتەدا باشترین دەرفەت بۆ دەسەڵاتە دڕندەکەی دەکرێتەوە کە خەڵکە ناڕازیەکانی ناوخۆی ئێران سەرکوت بکات، وە بە کەیفی خۆی کوشتوبڕ بکات، بە ناوی خیانەت و بەکرێگیرا و پیاوی دوژمنان و دەستی دەرەکی بداتە پاڵ خەڵکی ناڕازی ئێران.
ئەم جۆرە بەدیلە لەلایەن دەسەڵاتەوە کە کێشە و قەیارانەکانی دەسەڵات ببرێتە دەرەوەی وڵات، زۆرجار لەلایەن دەسەڵاتە سەرمایەداریەکانەوە لە جیهاندا پەیڕەو کراوە و ئەنجام دراوە. کە توڕەی خەڵک پێچەوانە بکاتەوە بۆ کێشەیەکی دەرەکی نمونە شەڕی ئێران و عێراق نمونەیەکی زۆر زیندوە، کە ئەوکات هەردوو حزبی بەعس لە عێراق و جمهوری ئیسلامی لە ئێران دەرگیری قەیرانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ڕووبەڕووی نارەزایەتی بەرفراوانی خەڵک بووبوونەوە بۆ ئالگۆڕی شۆڕشگیرانە، بەڵام بە هۆی ئەو شەڕەوە کە سەپاندیان بەسەر خەڵكی عێراق و ئێراندا کە هەشت ساڵی خایادن، کە زیاتر لە ملیۆنێک ئینسان کوژران و بریندار و بێسەر و شوێن بوون. نەتیجەی ئەو شەڕە بە دەیان ساڵ عومری دەسەڵاتی حزبی بەعس و جمهوری ئیسلامی درێژ کردەوە وە دەنگ و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانیان هەر یەکەو لە وڵاتەکەی خۆیدا سەرکوت و کپکردەوە. هێرشەکانی دەسەڵاتی فاشستی تورکیاش بۆ کوردستانی عێراق و سوریان جۆرێکە لەو سیاسەتە. هەروەها شەرڕی ئێستای روسیا دژە ئەمریکا، ئەوروپا کە مەیدانەکەی لە ئێستادا ئۆکرانیایە نمونەیەکی کەیە کە زهنی خەڵکی راکێشاوە بۆ شەڕێکی زۆر دواکەوتوانە لەجیاتی شەڕی سەروماڵی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێس دژ بە دەسەڵاتی سەرمایەداری لەو کۆمەڵگەیانەدا.
یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەو هێرش و بۆمبا بارانکردنە دەرفەتێک دەدات بە جمهوری ئیسلامی ئەگەر بۆی بگونجێت تا سەرکوتە وەحشیانەکانی دژ بە خەڵکی راپەڕیوی ئێران ئەنجام بدات و شەرعیەتێکی زۆر درۆزنانە دەدات بە دەسەڵاتەکەی تا خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەری ئێران سەرکوت بکات و کوشت و کوشتاریان بکات.
دووەم هۆکار لەم هێرشە دەرەکییە کە جمهوری ئیسلامی بە باشی زانیوە لەم کات و ساتەدا ئەنجامی بدات بۆسەر بارەگاکانی ئەو حزبانە، هاوکاتە لەگەڵ سەرکەوتنی باڵی شیعی سەر بەڕەوتەکانی سەر بە جمهوری ئیسلامی ئێران لە پەرلەمانی عێراق دا، کە جمهوری ئیسلامی توانی شکست بە باڵی مقتەدا سەدر بهێنیت کە ئەمریکا بۆی گرنگ بوو سەر بکەوێت. لە کوردستانیش دا پارتی دیموکراتی بارزانیش خۆی بە رەوتی سەدر و ئەمریکادا هەڵواسیبوو. هێرشە موشەکیەکانی ئێران ئا لەم کاتەدا ئاگادارکردنەوە و جۆرێک بوو لە نیشاندانی بێمنەتی بەرامبەر بە ئەمریکا و پێی بڵێت کە لە ئەرز و ئاسمانەوە خاوەنی عێراقە. هەمان کاتی هێرشەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ سەر مقەڕەکانی حزبە قەومیە کوردیەکانی ئێران باڵەکانی سەر بە ئێران لە بەغداد چەند کاتیۆشایەکیان هاویشتوە بەرەو ناوچەی سەوز لە بەغداد کە ئەمریکا خۆی تیادا بە باڵادەست دەزانێت. هەروەها وەڵامێکی کە بوو بە ئەمریکا کە ئەم ماوەیە ئەمریکا خەرێکی رێکخستن و جۆریک لە گرنگی دانبوو بە حزبە ناسیۆنالستە کوردیەکان کە وەک ئیزعاجیەک دژی جمهوری ئیسلامی ڕایان بهێنێت. هەمان کات جمهوری ئیسلامی توانی گوێ ڕاکیشان و ئاگادار کردنەوەیەکی زۆر گەورەی پارتی دیمکراتی بارزانی بکات وە دووبارە ترس بخاتەوە دڵی بارزانیەوە و پێی بڵێت سنوری خۆت بزانە خۆت و دەسەڵاتەکەت لەژێر رەحمەتی چەکەکانماندا دەبێت. هەر ئێسات لە ئیعلام و وتارەکانی سەرانی پارتیەوە زۆر بە روونی دیارە کە پارتی دەترسن و ناشزانن بۆ کوێ پەنا ببەن چونکە ئەمریکای بە ناو پشت و پەنای پارتی پەرچە کردارێکی ئەو تۆی نەبوە تا دەسەڵاتەکەی بارزانی بپارێزیت یاخود بارزانی دڵی پێی خۆش بێت.
سەرەنجام جمهوری ئیسلامی ویستی بەو هێرشە موشەکیە بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی ئێران دوو هەدەف بپێکێت یەکەم مەجال بۆ سەکوتی خۆپیشاندەران و ناڕازیانی ئێران بکات هەروەها بە ئەمریکا و پارتی دیمکراتی کوردستان بڵێت عێراق لە ئیستادا جۆرێک لە دەسەڵاتی تیادایە کە سەر بەڕەوتی جمهوری ئیسلامییە و جمهوری ئیسلامی خاوەنی ئەرز و ئاسمانی عێراقە.
پێچەوانە کردنەوەی ئەو سیاسەتانەی جهوری ئیسلامی لە گرەوی یەک ریزی و یەک خەباتی چینی کرێکار و بەرەی ئازادیخوازی ئیراندایە کە سیاسەتە خەتەرناکەکانی ئەو دەسەڵاتە دڕندەیە پێچەوانە بکەنەوە و لە گۆڕی بنێن و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان لە جێگای بنیات بنێن.
٣٠/٩/٢٠٢٢