موحسن کەریم:
دەسەڵاتدارانی کوردایەتی لە کوردستانی عێراق، هیچ گومانیان لەوە نەماوەتەوە کە رۆژێك دێت خەڵك لەدژیان ڕادەپەڕێت. ئەوان خۆشیان دەزانن چ ستەم و زوڵمێك لە خەڵك دەکەن. دەزانن نفوزی جەماوەریان و خۆشخەیاڵی خەڵك پێیان و بە دەسەڵاتە خۆماڵیەکەیان تاڕادەی نزیك لە سفر هاتۆتەخوارەوە. هیچ موعجیزەیەکیش ئەمە پێچەوانە ناکاتەوە. دەزانن کە توڕەیی خەڵك لە دەسەڵاتەکەیان گەیشتۆتە چ ڕادەیەك! ئەوەشی تائێستا ئەوانی وەکو فەرمانڕەوای کوردستان هێشتۆتەوە ، لەلایەکەوە رێکخراونەبوونی جەماوەری ناڕازی و توڕەیە، کە بەرامبەر بە هێزێکی رێکخراوی خاوەن دەیان هەزار چەکدار و دەیان دەزگای سەرکوت و پۆلیسی و جاسوسی وەستاوەتەوە، کە هەموو کاتێك ئاکامی ڕەنج و قوربانی و فیداکاریەکانی بەپاشەکشەو بگرە بە شکست کۆتایی دێت. لەلایەکی دیکەوە زاڵنەبوونی ئاسۆی سیاسی سۆشیالیستی لەناو هوشیاری سیاسی ئەواندا، وایکردوە ناوبەناو هێزێکی بۆرژوازی لەناو ئۆپۆزیسۆنەوە سەردەربهێنێت و بەناوی بەرگریکردن لە بەرژەوەندی ئەوانەوە، جەماوەر لە هێڵی شۆرشگێڕانە دووربخاتەوەو بیانباتەوە ناو هەمان سیستەمی سیاسی کە خەڵك رەخنەی لێی هەیەو خوازیاری کۆتایی هاتنیەتی! ئەوەش بێئومیدی و بێبروایی لەناو خەڵكدا پەرە پێدەدات و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری تووشی ساردی و سڕبوون دەکات! بێجگە لەوانە هەمیشە هێزی سەرکوتیان ئامادەیە کەهەر جوڵەیەکی بچووک و گەورەی جەماوەر بە فیشەك وەڵام بدەنەوە.
هەموو ئەو فاکتەرانە پێویستی ئەوە دەخەنە بەردەم خەڵك و بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵكی کرێکار و زەحمەتکێش کە دەبێ ئەوانیش وەکو دوژمنەکانیان رێکخراو و چەکداربن، چەکدار بن بە هێڵی سیاسی شۆڕشگێڕانەو چینایەتی خۆیان و لە رێکخراوە سیاسی و جەماوەریە چینایەتیەکانی خۆیان، خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەو ڕوبەڕوونەوەیە کە بێگومان رۆژێك هەر پێی دەگەن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی کوردایەتیدا.
سیاسەتمەدارانی بۆرژوازی کورد خۆشیان ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە رۆژێك خەڵك لە دەسەڵاتەکەیان ڕادەپەڕێت. تازەترین دەربڕین لەلایەن لاهوری شێخ جەنگیەوە بوو کە ووتی ئەگەر چاکسازی نەکرێت ڕەنگە ڕاپەڕینی چەکداری ڕووبدات. بەڵام دیارە دەسەڵاتدارانی بزوتنەوەی کوردایەتی پێیانوایە کە دەتوانن زەبری هێزی میلیشیاکانیان و لاوازی سیاسی و رێکخراوەیی بزوتنەوەی جەماوەری و هاوکات ئەو نەخشەی کە ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی دەیبینێ بۆ هەڵمژینی توڕەیی و بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتی خەڵك و قەتیش هێشتنەوەی لەناو چوارچێوەی هەڵبژاردن و پەرلەماندا تاسەر کاری خۆی دەکات! بەڵام چ ژیانی ڕاستەقینەی خەڵك و توندبوونەوەی ناڕەزایەتیاکان سەرباری ئەو کەموکوڕیانەشی کە هەیەتی، چ دوورکەتنەوەی خەڵك لە شانۆگەری هەڵبژاردن و پەرلەمان و چ ڕیسوابوونی هەنگاو بەهەنگاوی هێزە بۆرژواییە ئۆپۆزیسۆنەکان، ئەوە دەردەخات کە ئەم لاشە بۆگەنبووەی دەسەڵاتی کوردایەتی ناتوانێ بۆماوەیەکی زۆر خەڵك هەراسان بکات! جەماوەر ڕاپەڕینێکی لەپێشە، بەڵام بۆئەوەی سیناریۆکانی خرۆشان و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ووڵاتانی ناوچەکەو کوردستان و عێراقیش دوبارە نەبێتەوەو لەناو خێزانی بۆرژوازی کوردەوە کەس و هێزێك وەکو فریادەڕەسی خەڵك خۆی نەکاتەوە بە فەرمانروا بەسەر سەری خەڵکەوەو هەمان ژیانی کوێرەوەری و بێمافی و بێدەرەتانیان بەناوی شۆڕش و راپەڕینەوە نەکاتەوە بە نسیبیان، ئەوا دەبێت هەر لەئێستاوە خەڵك خۆیان بۆ راپەڕینێکی هوشیارانە ئامادە بکەن. خۆیان رێک خەن. شورا و سەندیکاو رێکخراوە جەماوەیەکانی خۆیان دابمەزرێنن. هوشیاری سیاسی چینایەتیان بەرەوپێش بەرن و لە دەوری ئاسۆی سیاسی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی کۆببنەوەو رێکخراو بن. ئەوەش ئەرکی ئێمە کۆمۆنیستەکانە کە ئەو پێداویستیانەی خەباتی خەڵكی کرێکارو زەحمەتکێش دابین و مسۆگەر بکەین.