نوری بەشیر
قەیرانێکی ئابوری و سیاسی کە یەخەی وڵاتی سریلانکای گرتووە، هەمان قەیرانی سیستەمی سەرمایەداریە کە یەخەی زۆرێک لەوڵاتانی گرتووە، کە نەهامەتیەکانی بەسەر خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگادا دەشکێتەوە. ئەم قەیرانانە لەهەر وڵاتێکدا بەجۆرێک یەخەی سەرمایەداری دەگرتێت و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکیش بەپێی هەلومەرج و ئامادەییەکان و ئاستی ناڕەزایەتیەکان لەخوارەوە شکڵ دەگرێت و پێدەنێتە مەیدانەوە.
ناڕەزایەتی گەورەی جەماوەری سریلانکا کە بۆ ماوەی ١٠٠ رۆژ لەسەرتاسەری وڵاتدا بەردەوام بوو، بەتایبەت لە کۆڵۆمبۆی پایتەختدا، ناوەندەکانی دەسەڵات و شوێنی سەرانی دەسەڵات گەمارۆ درابوو، تا سەرەنجام سەرۆکی ئەو وڵاتەیان ناچار بە هەڵاتن کرد. ئەم ناڕەزایەتیانە بەدژی هەلومەرجی نالەباری ژیان و گوزەران بوو لەلایەن فەرمانڕەواکانی بۆرژوازی ئەو وڵاتەوە بەسەر خەڵکدا سەپێنراوە و لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەکی ترسناك زیادی کردبوو.
بەهۆی کەمیی پێدوایستیە رۆژانەییەکانی خەڵک لە دەرمان و سوتەمەنی و خۆراک و کارەبا و بەنزین، لەلایەك و بەرزبوونەوەی بێکاری و هەژاریەکی زۆر و هەروەها بەرزبوونەوەی ڕادەی هەڵئاوسان بەجۆرێك کە گەیشتبوە نزیکەی لە سەدا شەست، دۆخی ژیانی خەڵك بە تەواوی ڕووی لەنابووتبوون کردبوو.. رێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکاتە کە نزیکەی ٥ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی سریلانکا پێویستیان بە کۆمەکی خۆراک هەیە و زۆربەی خێزانەکان ناتوانن لە رۆژێکدا خواردنی تەواو بخۆن. ئەو وڵاتە لەژێر قەرزێکی زۆری سندوقی دراوی نێودەوڵەتیدایە و لە مانگی نیساندا قەرزە دەرەکیەکانی ٥١ ملیار دۆلار بووە.
لەماوەی ئەو چەند مانگەی ناڕەزایەتی جەماوەریدا دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی سریلانکا دەستیان نەپاراستووە لەگرتن و راونان و کوشتنی خۆپیشاندەران و روخاندن و سوتاندنی جێگەوڕێگەی ڕابەرانی خۆپیشاندەران. بەڵام هەموو ئەوانە نەیانتوانی پاشەکشە بە ناڕەزایەتیەکان بکەن. رۆژ بەڕۆژ بڵێسەی خرۆشانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتكێش بەتینتر دەبوو تا سەرەنجام لەسەر بانگەوازی ڕابەران و هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکان و بەتایبەت دەوری چەپەکان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی گشتی لە کۆڵۆمبۆی پایتەخت، سەرباری رێگریەکانی هێزە سەرکوتگەرەکانی سەربازی و ئاسایش و چەقۆکێشەکانی دەوری سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیران وەزیری بەگری، لەرۆژی ٩ی تەمووزدا بەڕێوە چوو کە دەیان هەزار کەس خۆیان گەیاندە پایتەخت و توانیان کۆشکی سەرۆککۆمار دەست بەسەردا بگرن. بەدوای ئەودا ماڵی سەرۆک وەزیران و چەندین سەرانی دیکەی دەوڵەت و باڵەخانەی تەلەفزیۆنی فەرمی وڵات بخەنە ژێردەستی خۆیانەوە.
بەدوای دەست بەسەراگرتنی کۆشکی سەرۆککۆمار (گوتابایا راجابکسا) لەلایەن خەڵکەوەو هەڵاتنی ناوبراو بۆ دورگەی ماڵدیف، وە نیشاندانی ئەم دیمەنانە لە ناو کۆشک و شوێنەکانی حەوانەوەی سەرۆک و نیشاندانی جۆرەها سەیارەی گرانبەها کە نرخەکانیان دەگاتە دەیان ملیۆن دۆلار، ئیتر دەسەڵاتداری بۆرژوازی ئەو وڵاتە لەوە گەیشت کە رێگایەکیان لەبەردەمدا نەماوە بۆئەوەی پێش بە پەرەگرتنی ناڕەزایەتیەکان و توندبونەوەی قەیرانی سیاسی سەرەنجام سەرکێشانی بۆ شۆڕشێکی جەماوەری کە تەختی دەسەڵاتی بۆرژوازی لە ریشە هەڵکەنێت، دەستیان دایە مانۆری سیاسی و بە قوربانیکردنی سەرۆكکۆمار ویستیان توڕەیی خەڵك دابمرکێننەوەو دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن. ئەوەبوو دوای هەڵاتنی سەرۆكکۆمار، سەرۆک وەزیرانیان وەک جێگرەوە دیاریکرد، بەڵام خەڵك ئەمەی قبوڵ نەکرد و سەرەنجام سەرۆک وەزیران و بەدوایدا وەزیری دارایش ناچاربوون دەست لەکاربکێشنەوە!
بۆژوازی دەسەڵاتدار و بەیارمەتی بۆرژوازی دەرەکی و بەپێی ئەزمونێك کە لە شۆڕش و خرۆشانە جەماوەریەکانەوە بەدەستیان هێناوە، بۆئەوەی دەسەڵات لەدەست بۆرژوازیدا بمێنیتەوەو نەکەوێتە دەست خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەت، سیناریۆیەکی دیکەیان خستەڕێ ئەویش ئەوەبوو کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بانگەوازی ئەوەبکەن کە سەرۆککۆمار لەناو نوێنەرانی حزبەکاندا هەڵبژێدرێت. بۆ ئەومەبەستە چەند کەسیان دیاریکرد و لە کۆتاییدا لەناو پەرلەمانەوە (رانیل ویکریمیسینگ) وەکو سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا.
لەڕوانگەی بۆرژوازیەوە ئەمانە هەموویان لەناو خێزانی بۆژوازیدان و هەرکامیان هەڵبژێرێت، مانەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی مسۆگەر دەکات. سەرباری ناڕەزایەتی خەڵک بەرامبەر بەم تەرحە، بەڵام دواجار (رانیل) وەکو سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرا کە چەندین دەورە لە لەدەسەڵاتدا بووە و بەشداربووە لە هەموو نەهامەتیەکانی خەڵکدا.
بەدوایدا لەژێرناوی بەشداری هەموو هێزولایەنەکان بۆ باشکردنی باری ئابووری وڵات و پاراستنی ئاسایش، هێزەکانی خۆیان لە سەرباز و پۆلیس هێنایەوە مەیدان و کەوتنە پاشەکشە بە خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتیەکان و دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوان و بەمەیشەوە نەوەستان، دەستیان کردە هێرشکردنە سەر ماڵان و نوسینگەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەت چەپەکان و رابەران و هەڵسوڕاوانیان و تاڕادەی قەدەغەکردنی هەڵسوڕانی لایەنە چەپەکان و هەوڵدان بۆ قەدەغەکردنی چالاکیەکانیان. بەتایبەت کە لەدەورەی ناڕەزایەتیەکاندا هەندێ لایەنی چەپ بە چەند دروشمی وەکو؛ هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان، بەڵێ بۆ پێکهێنانی شوراکانی گەڕەک و هەروەها هەموو کۆنەپەرستان دەبێت دادگایی بکرێن، رۆڵی کاریگەریان هەبوو.
ئەوەی لە سریلانکا روویدا دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی عێراق و لوبنان و پێشتریش وڵاتانی باکوری ئەفریقایە، لەوەی توانیان دەسەڵات ناچاربکەن بە ئاڵوگۆڕ لە شێوازی حکومەتدا، بەڵام نەگەیشتە گۆڕانکاری لە خەسڵەتی حکومەت و دەسەڵاتدا. لە سریلانکا هەروەکو ئەو ووڵاتانە روخسارەکانی سەرەوەی دەسەڵاتیان گۆڕی، بەڵام جەوهەری ئەوانیان نەگۆڕی! هیچیان دەستیان نەبرد بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی و دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری. هۆکاری سەرەکی ئەم کەمبودەش بەتایبەت نەبوونی هوشیاری سیاسی چینایەتی و رێکخراوبوونە کە مەرجی ئەساسی سەرکەوتنی ئەو بزوتنەوانەیە لەبەرژەوەندی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگادا. هەڵبەت نزیکەی ١٠٥ ساڵ لەمەوبەر کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەتی ڕوسیا لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئەو ئەزمونەیان بەدەست هێنا کە خەبات و ناڕەزایەتیەکانیان دژی ستەم و نایەکسانی بەسەرکەوتن بگات، ئەویش رێك دابینبوونی ئەو دوومەرجە بوو، کە لەلایەکەوە چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتكێش خاوەنی ڕادەیەك لە هوشیاری سیاسی چینایەتی و سۆشیالیستی بوون و لەلایەکی دیکەوە خاوەنی ئاستێك لە ڕیکخراوبوونی سیاسی و جەماوەری بوون کە شوراکان و هەروەها حزبی بەلشفەی بوو بە ڕابەری لینین.
کەواتە بۆئەوەی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەران و کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوەو نایەکسانی سەرمایەداری، چەندبارە توشی سکست نەبنەوە، پێویستی بە هوشیاری و رێکخراوبوون هەیە، پێویستی بەوەیە کە جەماوەری زەحمەتکێش و چینی کرێکار لەژێر سایەی سیاسەتی هێزو حزبە بۆرژواییەکان کە لەژێرناوی ئۆپۆزیسۆندا خۆیان بەخواستەکانی ئەوانەوە هەڵدەواسن ، دەربازببن و هوشیاربن بە بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی خۆیان و لە دەوری سیاسەتی ڕادیکاڵی کۆمۆنیستی خۆیان رێكخراو بکەن لەناو شورا و سەندیکاو نەقابەکانی خۆیاندا و لەدەوری حزبی پێشڕوی کۆمۆنیستی بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان و گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەرانیان و ژێرەوژوورکردنی سەرجەم دەسەڵاتی سەرمایەداری و دامەزراندنی دەسەڵاتی سۆسیالیستیە لە شوراکانی خۆیاندا، کە کۆتایی بەهەموو نەهامەتیەکانی کۆمەڵگا دێنێت.