گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مه‌نسور حمکه‌ت له لایه‌ن علی جوادی له ڕادیۆی ئینته‌رناسیۆنال،
ئۆگه‌ستی ٢٠٠٠ ده‌قی نووسراوه له گفتوگۆی ڕادیۆییه‌وه
علی جوادی: مه‌نسور حکمه‌ت ئیجازه بده‌ن له‌و خاڵه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین که ئه‌سڵه‌ن بۆچی ئێوه و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لایه‌نگری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی کاری به کرێن؟ کێشه‌ی ئێوه له‌گه‌ڵ ئه‌مه و ڕه‌خنه‌ی فه‌لسه‌فی ئێوه له هه‌بوونی کاری به کرێ له کۆمه‌ڵگادا چییه؟
مه‌نسور حکمه‌ت: ئه‌گه‌ر له کاری به کرێ له کۆمه‌ڵگادا بڕوانین، له‌وه تێ ئه‌گه‌ین که چ مه‌سه‌له‌یه‌کی نابه‌جێ به‌ڕێوه‌یه. ته‌ماشاکه‌ن، ئه‌وه‌ی که که‌سێک ئه‌بێ له‌پێناوی کرێدا کار بکات، شتێکی تایبه‌ت به هه‌لومه‌رجی مه‌وجودی ئه‌م که‌سه به ده‌سته‌وه ئه‌دات و ئه‌وه‌ش هه‌رئه‌وه‌یه که ئه‌م که‌سه ناتوانێ بڕوات خۆی کار بکات، ئه‌بێ کاره‌که‌ی بفرۆشێت. مه‌به‌ستم له‌وه‌ی که ئه‌بێ بڕوات خۆی کار بکات ئه‌وه نییه به‌رهه‌مێکی بچوکی خۆی هه‌بێ. یانی له هیچ ئامڕازێکی به‌رهه‌مهێناندا به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌شدار نییه و ئیراده و کۆنترۆڵی به‌سه‌ریدا نییه. سه‌رئه‌نجام ئه‌بێ کاره‌که‌ی به که‌سێک بفرۆشێت که ڕووه‌که‌ی تری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئه‌وه‌یه که که‌سانێک هه‌ن کار ئه‌كڕن. وه سه‌رئه‌نجام ئه‌وه ئه‌مانن که ئه‌بێ ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانیان هه‌بێت. چه‌ند که‌سێک خاوه‌نی ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تین که ئه‌م ئامڕازانه‌ی به‌رهه‌مهێنان له بزمار و چه‌کوش و بچوکترین ئامڕازی به‌رهه‌مهێنانه‌وه بگره تا کارگه‌کان، تا ئامێره‌کانی بارهه‌ڵگرتن و گواستنه‌وه‌ی گه‌وره و تا ئه‌و دامه‌زراوه و سیستمانه‌ی که به‌رهه‌مه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به به‌رهه‌م دێنن به هه‌موو ئاڵۆزیه‌کانیه‌وه ئه‌گرێته‌وه. ئه‌مانه تایبه‌تن به توێژ و به‌شێکی کۆمه‌ڵگا و زۆرینه‌ش ئه‌بێ بڕۆن و هێزی کاریان به‌وان بفرۆشن تا بتوانن له به‌رامبه‌ردا پاره‌یه‌ک وه‌ربگرن. یانی به کرێیه‌ک که پاره‌یه‌که له‌به‌رامبه‌ر فرۆشتنی هێزی کاریاندا وه‌ری ئه‌گرن. ئه‌بێ دوایی بتوانن بڕۆن له بازاڕی به‌رهه‌می کاره‌که‌ی خۆیان که دوێنێ خۆیان دروستیان کردوون به‌و پاره‌یه له بازاڕی بکڕن.
به واتایه‌کی تر، ئێوه ئه‌چن کار ئه‌که‌ن، هێزی کارتان ئه‌فرۆشن، ئه‌وه هێزی کاری ئێوه‌یه. که‌سانێک که خاوه‌نی سه‌رمایه‌ن، خاوه‌نی ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانن سوود له‌و هێزی کاره ئه‌بینن. ئه‌و هێزی کاره سه‌رف ئه‌بێ و چه‌ند کاڵایه‌ک به‌رهه‌م دێ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێوه کارتان بۆی کردووه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی تایبه‌ت به که‌سێکه که خاوه‌نی ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه، تایبه‌ت به خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه، ئه‌و به‌رهه‌مه‌کان ئه‌هێنێته بازاڕه‌وه و ئێوه‌ش ئه‌چن به کرێکهتان به‌شێک له‌وانه ئه‌کڕن تاکو بتوانن زیندوو بمێننه‌وه. ئه‌ڕۆن ئه‌یکڕن تاکو بتوانن سبه‌ی دووباره بڕۆنه‌وه کار بکه‌نه‌وه. زۆرتر کرێکه‌ی ئێوه، له سه‌دا نه‌وه‌د و شتێکی کرێکه‌ی ئێوه بۆ زیندوو مانه‌وه‌ی ئێوه، بۆ سهرپهنادانی خۆتان و خێزانتان خه‌رج ئه‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی که بتوانن دووباره سبه‌ینی کار بکه‌ن. ئه‌مه به‌زمی له ژیاندا مانه‌وه‌یه و هه‌موو ڕۆژێک دووباره ئه‌بێته‌وه.
کاری به‌کرێ درێژکراوه‌ی سیستمه چه‌وسێنه‌ره‌کانی تره. سه‌رده‌مێک بوو که خودی ئینسانی کارگه‌ر، خودی له‌شیشی تایبه‌ت به ئه‌ربابه‌کان بوو. کۆیله‌تی شتێک نییه جگه له‌وه‌ی کۆیله کار ئه‌کات و ئه‌ربابیش ئه‌و به زیندووێتی ئه‌هێڵێته‌وه. ئه‌م سیستمی کاری به کرێیه به‌جۆرێکه که کۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخ، کۆمه‌ڵگای مۆدێرنی سه‌رمایه‌داری ئه‌یه‌وێ هه‌مان په‌یوه‌ندی چه‌وسێنه‌رانه‌ی کۆن له‌وێدا شکڵ پێ بداته‌وه. یانی کۆمه‌ڵێک ئینسان ناچارن بۆ که‌سانی تر کار بکه‌ن. له سیستمی پێشوودا ئه‌وه به هۆی تهوقێکهوه بوو که کرابووه ملی کۆیله‌کان، که پێیان ئه‌ووت ته‌وقی کۆیله‌تی. له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا به‌هۆی جیایی له ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و نه‌بوونی هیچ جۆره کۆنترۆڵێک به‌سه‌ر ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا ناچاره له کۆمه‌ڵگادا هێزی جه‌سه‌دی خۆی به وێنه‌ی کاڵا بفرۆشێت تاکو بتوانێت به‌شێک له به‌رهه‌مه‌کانی خۆی به ده‌ست بهێنێت و به‌کاری بهێنێت!
خودی ئه‌م هه‌لومه‌رجه هه‌لومه‌رجێکی قاسیه. ئه‌م هه‌لومه‌رجه له یه‌که‌م ڕۆژه‌وه نه‌بووه و تا ئه‌به‌دیش نابێ. هه‌لومه‌رجێک نییه که ئه‌بێ ئینسان به شێوه‌یه‌کی غه‌ریزه‌یی تیایدا بێت. ئه‌مه به‌رهه‌می په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تییه و ئه‌بێ ئه‌م په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیانه بگۆڕدڕێن. بنه‌مای ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئه‌وه‌یه که من و ئێوه و که‌سانێکی تر که ئه‌چین کار ئه‌که‌ین و هێزی جسمی خۆمان ئه‌فرۆشین به که‌سانێک که پێشتر چنگیان له ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان گیرکردووه که خودی ئه‌و ئامڕازانه‌ی به‌رهه‌مهێنان له قۆناغه‌کانی پێشتردا به‌رهه‌می کاری خودی ئێمه بوون، و ئێمه‌یان لێ بێبه‌ش کردوون. سه‌رئه‌نجام ئه‌بێ بڕۆین و بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێک له‌و ئامرازانه بۆ زینده‌گی خۆمان به کار بهێنین، ئه‌بێ کار بۆ ئه‌وان بکه‌ین.
ته‌سه‌ورکردنی ساده‌یه، ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی گشتی ته‌واوی ئه‌و ئامڕازانه له‌به‌ر ده‌ستی کۆمه‌ڵگادا بوونایه، ئه‌وکات که‌سێک کرێی به که‌سێکی تر نه‌ئه‌دا. ئینسانه‌کان ئه‌ڕۆیشتن و کاریان به‌و ئامڕازانه ئه‌کرد، جا به‌هه‌ر شێوه ڕێکخستنێک که له به‌رهه‌مهێناندا هه‌یانه، و دواتر ئه‌گه‌ڕانه‌وه ماڵه‌وه و به‌رهه‌مه‌کانیان به‌کار ئه‌هێنا، مۆڵه‌تیان هه‌بوو بچوونایه بڕێک به‌نزین که پێویستیان پێیه‌تی له‌و کۆمه‌ڵگایه وهریانگرتایه، که‌سێک ئاڵووێری به پاره نه‌ئه‌کرد، که‌سێک شتێکی نهئهفرۆشت. له سیستمێکدا که ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان موڵکی تایبه‌تی تاقمێکی که‌مه ئه‌وکات ئێوه ئه‌بێ هێزی کارتان بفرۆشن تا بتوانن به‌و ئامڕازانه کار بکه‌ن و ژیانتان دابین بکه‌ن.
علی جوادی: لایه‌نێک له‌و ڕه‌خنانه‌ی که ئێوه باستان کرد، ڕه‌خنه‌یه‌کی ئه‌خلاقییه له سیستمی سه‌رمایه‌داری. ئایا وایه؟ لایه‌نه‌کانی تری ڕه‌خنه‌ی ئێوه له مه‌سه‌له‌ی فرۆشتنی هێزی کار چییه؟ بۆ نمونه حه‌قده‌ست بۆ فرۆشتنی هێزی کار، هه‌لومه‌رجی فرۆشتنی هێزی کار و شتی له‌و بابه‌ته؟
مه‌نسور حکمه‌ت: ئه‌و ڕه‌خنه ئه‌خلاقییه ڕه‌نگه ووشه‌یه‌کی گونجاو نه‌بێ. ئه‌گه‌ر ئێوه ئینسانێکی یه‌کسانیخواز بن و باوه‌ڕتان به‌وه بێ که ئه‌بێ به یه‌ک چاو سه‌یری ئینسانه‌کان بکرێ و کۆمه‌ڵگا نابێ پۆلێن بکرێ و ئینسانه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رتر و خوارتر دابه‌ش نه‌کرێن، ئه‌و کات ئێوه ناڕه‌زایه‌تی ده‌رئه‌بڕن به‌رامبه‌ر به‌و په‌یوه‌ندیه‌ی که تیایدا به‌شێک له ئینسانه‌کان، که‌مینه‌یه‌کی بچووک، به حوکمی کۆنترۆڵیان به‌سه‌ر ئامڕازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه، حوکم ئه‌که‌ن و سه‌روه‌ت پێکه‌وه ئه‌نێن و له به‌رامبه‌ریشدا زۆرینه‌یه‌کی زۆریش بێجگه له هێزی کاریان هیچی تریان نییه که بیفرۆشن و توانای کارکردن یان توانای به‌رهه‌مهێنانیان ئه‌فرۆشن. ئایا ئه‌م ڕه‌خنه‌یه ئه‌خلاقییه؟ به‌و مانایه ئه‌خلاقییه که له یه‌کسانیخوازی ئێوه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێ، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام ئه‌خلاقی نییه، بگره زۆریش زانستییه چونکه کۆمه‌ڵگا ناتوانێ ته‌حه‌مولی ئه‌و نایه‌کسانییه بکات. ئه‌و زۆرینه‌یه ته‌حه‌مولی ئه‌م نایه‌کسانییه ناکات و سه‌رئه‌نجام ئه‌مه‌ش بانگه‌وازێکه سه‌باره‌ت به ئاینده و نیشاندانی ڕێگای ئایندهی کۆمه‌ڵگایه.
سه‌باره‌ت به لایه‌نه عهمهلیترهکانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه مه‌علومه که له‌م سیستمه‌دا ئه‌و زۆرینه‌یه له زۆربه‌ی خۆشیه‌کانی زینده‌گی بێبه‌شن و له کۆتایی ته‌مه‌نیاندا که ئاوڕ ئه‌ده‌نه‌وه و سه‌یرێکی ژیانیان ئه‌که‌ن ئه‌بینن سی ساڵ، چل ساڵ ڕۆژ به ڕۆژ کڕیاریان بۆ هێزی کاره‌که‌یان په‌یدا کردووه و فرۆشتوویانه و له کۆتایی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا به هه‌زار فرتوفێڵی تر و یا به هه‌زار فشاری تر مه‌سه‌له‌ی خانه‌نشینی خۆیان ته‌رتیب نه‌کردبێ، ئیتر خاوه‌نی هیچ شتێک نین. ئه‌مه له کاتێکدا که دێوێک که له‌به‌رامبه‌ر ئه‌واندا ساز کراوه، دێوی سه‌رمایه، که به هێزی خودی ئه‌وان درووست بووه، سه‌د قات به‌هێزتر بووه. هه‌رچی زیاتر کار بکه‌ن لایه‌نی به‌رامبه‌ریان به‌هێزتر ئه‌بێ. ئێوه هه‌رچی زیاتر کار بکه‌ن، سه‌رمایه‌داری زیاتر گه‌شه ئه‌کات و سه‌رمایه‌داران به‌هێزتر ئه‌بن و ده‌سه‌ڵاتی ئابوری و سیاسیان فراوانتر ئه‌بێته‌وه.
هێزی کار وه‌ک کاڵایه‌ک ئه‌به‌یته بازاڕ و ئه‌یفرۆشیت و ئه‌وان له به‌رامبه‌ردا کرێیه‌ک به‌و بڕه ئه‌ده‌ن که ئێوه بتوانن بڕۆن و خۆتان تازه بکه‌نه‌وه و دووباره سبه‌ینێ بێنه‌وه و له ڕه‌وه‌ندی کاردا به‌شداری بکه‌ن. ئیتر ڕۆشنه که ئه‌و خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه به پێویست به مانایه‌ک مه‌مره و مه‌ژی نییه. به‌ڵام مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که کرێکار به‌هه‌رحاڵ چ له کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتووه ڕۆژئاواییه‌کاندا و چ له کۆمه‌ڵگا دواکهوتووترهکاندا وه‌ک ئێران، به به‌راورد به خاوه‌نانی سه‌رمایه و به‌ڕێوه‌به‌ران و شتی له‌و بابه‌ته، ئه‌م توێژه کهمدهرامهتترن. هه‌میشه کرێکار به پێی پێناسه‌یه‌ک که هه‌یه‌تی و ئه‌بێ هێزی کاره‌که‌ی بفرۆشێ و ئه‌بێ له پرۆسه‌ی کاردا به‌شداری بکات، له‌به‌ر مه‌ترسی مونافه‌سه‌یه‌ک که له ڕیزه‌کانی ئه‌م هێزه گه‌وره‌یه‌دا هه‌یه، به ئه‌ندازه‌ی مانه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی ستاندارده‌کانی ئه‌و کاته‌ی کۆمه‌ڵگادا کرێ وه‌رئه‌گرێ نه‌ک زیاتر. ئه‌مه ئیتر ده‌ستپێکردنی مه‌سه‌له‌کانی له چه‌شنی هه‌ژاری، بێبه‌شی، دواکه‌وتوویی و زۆر شتی زه‌ره‌رمه‌ندی تری وه‌ک ئالوده بوون، له‌شفرۆشی، بێفه‌رهه‌نگی و هه‌زار و یه‌ک موسیبه‌تی تره که کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی له خۆیدا نوقم کردووه. له پشت هه‌موو ئه‌مانه‌وه هه‌مان په‌یوه‌ندی کۆیله‌تی کرێ ڕاوه‌ستاوه.
علی جوادی: ئیجازه بده‌ن من پرسیارێکی ترتان لێ بکه‌م. ئێوه کاتێک ته‌رحی ئه‌وه ئه‌که‌ن که خوازیاری کۆمه‌ڵگایه‌کن تیایدا که‌س ناچار به فرۆشتنی هێزی کاره‌که‌ی نه‌بێ و یان ئه‌سڵه‌ن میکانیزمێکی له‌و چه‌شنه بۆ دابینکردنی زینده‌گی له ئارادا نه‌بێ، یه‌که‌مین پرسیارێک که دێته پێشه‌وه ئه‌وه‌یه بۆ نمونه چ میکانیزمێک جێی ئه‌و میکانیزمه ئه‌گرێته‌وه که له‌ژێر ڕه‌خنه‌دایه؟ هێنانه‌دی پێداویستیه‌کانی ئینسانه‌کان له ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، چه‌ند و چۆنێتیه‌که‌ی به چ جۆرێک دابین ئه‌بێ؟
مه‌نسور حکمه‌ت: به‌هه‌رحاڵ مهبستتان له‌وه‌یه که له‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه قسه بکه‌ین نه‌ک دابه‌شکردنه‌که‌ی…
علی جوادی: به‌ڵێ
مه‌نسور حکمه‌ت: لایه‌نی به‌رهه‌می میکانیزمه‌کانی جێگرتنه‌وه‌ی ئه‌م نیزامه ساده‌یه. ئه‌گه‌ر له هه‌مان ئه‌م ئارایشی به‌رهه‌مهێنانه که ئێستا هه‌مانه بمانه‌وێ په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌بوون و موڵکدارێتی که به‌سه‌ر ئه‌واندا زاڵه بگۆڕین ئه‌توانێ تا چه‌ند ماوه‌یه‌ک کار بکات. ڕۆشنه که ئاڵ‌وگۆڕێک له شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و چهرخاندنهکهی به ده‌ستدێنین. ڕۆشنه که ئاڵ‌وگۆڕێک له سه‌عاتی کار یان هه‌لومه‌رجی کار یان ئاسایشی شوێنی کار و شتی له‌و بابه‌ته به‌ده‌ستدێنین.
با ئێستا به فه‌رز وا وه‌ریبگرین که کارخانه‌یه‌کی دروستکردنی کۆمپیوته‌ر هه‌ر ئێستا له جێی خۆیدا هه‌یه من و ئێوه ئه‌چین له‌وێدا کار ئه‌که‌ین به‌ڵام ئه‌و کارخانه‌یه ئیتر په‌یوه‌ست به خاوه‌نێکی دیاریکراوی خۆیه‌وه به ناوی کاک فڵان یان فڵان خانه‌وه نییه که به‌رهه‌مه‌کانی ببنه موڵکی ئه‌و و دواتر ئه‌و به‌شێک له‌وه به شێوه‌ی کرێ بدات به ئێمه، به‌ڵکو ئه‌و کارخانه‌یه و به‌رهه‌مه‌کانی موڵکی کۆمه‌ڵگان. له‌و حاڵه‌ته‌دا کۆمه‌ڵگا هه‌موو ئێمه وه‌ک هاوڵاتی یه‌کسان و هاوبه‌شانی خۆی ته‌ماشا ئه‌کات، پاره‌یه‌ک ئاڵووێری پێ ناکرێت. ئێمه ئه‌چین کار ئه‌که‌ین و ئه‌گه‌ڕێینه‌وه ماڵه‌وه. قوباتخانهمان مه‌علومه، مه‌علومه دکتۆری ئێمه کێیه، ئه‌توانین هه‌ر کاتێک بمانه‌وێ سواری وه‌سیله‌کانی گواستنه‌وه ببین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ بچین بۆ شانۆ ده‌روازه‌که‌ی به ڕووی هه‌موواندا کراوه‌یه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ خۆراکێکمان هه‌بێ له به‌رده‌ستماندا ئه‌بێت. هه‌ر ئێستا هه‌موو خه‌ڵک له ئه‌وروپا له ڕێی ئینته‌رنێته‌وه شت ئه‌کڕن، ئێوه ئه‌و کات ده‌ست به دوو دوگمه‌دا ئه‌نێن یان ئه‌ڕۆن له سوپه‌رمارکێتێک شتێک ئه‌هێننه‌وه به بێ ئه‌وه‌ی له کۆتاییدا ناچار بن پاره‌یه‌ک بده‌ن.
ئێستا بۆچی ئه‌بێ پاره وجودی هه‌بێ؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی له هه‌لومه‌رجی حاکمی ئێستادا، ئه‌م کاڵایانه خاوه‌نیان هه‌یه و ئه‌یانه‌وێ پاره وه‌ربگرن و له‌و ڕێیه‌وه پاره پێکه‌وه بنێن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئینسانه‌کان بێبه‌شن و له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شی کافی له ئارادا نییه. ئه‌گه‌رنا ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی مه‌سکه‌ن، بۆ نمونه، به مافی هه‌ر که‌سێک بزانرێت و کۆمه‌ڵگا مه‌سکه‌ن و به‌رهه‌مهێنانی ئه‌وه ڕێکبخات به جۆرێک که هه‌ر که‌سێک مافی هه‌بێ له فه‌زایه‌کی گونجاو و مه‌سکه‌نێکی گونجاو به‌هره‌مه‌ند بێت، که زۆرێک له ووڵاته‌کان هه‌تا له هه‌لومه‌رجی ئێستادا به ده‌ره‌جه‌یه‌ک له‌م ڕووه‌وه چوونه‌ته پێشه‌وه، ئه‌و کات من و ئێوه که ئه‌گه‌ینه ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵی ئه‌ڕۆین و موراجه‌عه ئه‌که‌ین به شورای نیشته‌جێبوونی گه‌ڕه‌کی زینده‌گیمان و له‌وێ ناوی هه‌موو ئێمه ئه‌نووسن و یه‌کێک له خانووه‌کانمان ئه‌ده‌نێ و ئه‌توانین تیایدا بژین. ئیتر بۆچی ئه‌بێ پاره بدرێ به که‌سێک؟ وه ئیتر ئه‌گه‌ر من کرێ نه‌ده‌م و پاره به قوتابخانه نه‌ده‌م، پاره‌ی خۆراک نه‌ده‌م، کرێی خان‌و نه‌ده‌م، ئه‌گه‌ر پاره به گواستنه‌وه و هاتوچۆ نه‌ده‌م، پاره به کۆمپیوته‌ریش نه‌ده‌م، پاره به جلوبه‌رگ نه‌ده‌م، میکانیزمی کۆمه‌ڵگا ئیتر پێویستیه‌کی به‌وه نییه که پاره بدات به من تا بڕۆم ئه‌و شتانه به‌و پاره‌یه بکڕم. هه‌ر ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هاووڵاتیم، ئه‌توانم بڕۆم سوود له‌و شتانه وه‌رگرم که هه‌ن.
سه‌رمایه‌داران به ئێمه ئه‌ڵێن: ئه‌و کاته خه‌ڵک هێرش ئه‌به‌ن هه‌موو شته‌کان ئه‌به‌ن بۆ خۆیان. به‌ڵام واقعیه‌ت ئه‌وه‌یه که به‌وجۆره نابێ چونکه ئینسانه‌کان کاتێک مومکینه هێرش ببه‌ن که بیر ئه‌که‌نه‌وه ئه‌و شتانه‌ی تاڵانی ئه‌که‌ن به شێوه‌ی ئاسایی نایانده‌نێ. ئێوه ئه‌گه‌ر یه‌ک له‌حزه کاره‌با له لوس ئه‌نجلس ببڕن هه‌موو شار تاڵان ئه‌کرێ، یه‌ک له‌حزه، بیست ده‌قیقه کاره‌با له لوس ئه‌نجلس یان نیویۆرک ببڕێ شار تاڵان ئه‌کرێ. به‌ڵام کۆمه‌ڵگایه‌ک که تیایدا ئه‌و شتانه‌ی هه‌یه موڵکی هه‌مووانه و هه‌ر کاتێک بتانه‌وێ ئه‌توانن موراجه‌عه بکه‌ن، بۆ نمونه ئه‌و کتێبخانانه‌ی که ئێستا هه‌ن و ئێوه ئه‌توانن موراجهعهیان بکه‌ن و کتێب وه‌ربگرن تووشی وه‌زعێکی له‌و چه‌شنه نابن. ئێستا گه‌ر کاره‌با ببڕێ که‌سانێک هێرش نابه‌ن کتێب له‌و کتێبخانانه قه‌رز بکه‌ن به بێ ئه‌وه‌ی ناوی خۆیان بنووسن. خه‌ڵک هێرش بۆ شتێک ئه‌به‌ن که پێیان وایه به گشتی پێیان ناده‌ن و پێیان وایه ئیمتیازێکه که هه‌رگیز ده‌ست ئه‌وان ناکه‌وێ.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه مافێکی سرووشتی هه‌ر که‌سێک بێت که بڕوات سوود له سه‌نته‌ره هونه‌رییه‌کان وه‌ربگرێت، بڕوات و له شه‌قامی گه‌ڕه‌که‌ی خۆی سوود له کۆمپیوته‌ری ناو سه‌نته‌ره فهرههنگیهکه وه‌ربگرێت، له مه‌له‌وانگه‌کانی گه‌ڕه‌کدا مه‌له بکات، ئه‌وکات هێرش بکاته سه‌ر چی؟ کاڵایه‌ک له ئارادا نییه که که‌سێک بیه‌وێ بیبات بۆ شوێنێک. ئه‌و ته‌ماع و چاوچنۆکیه‌ی که کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری خۆی به‌رهه‌می هێناوه نیسبه‌تێکی داوه به ئینسان. ئنجا له‌به‌رامبه‌ر کۆمۆنیسته‌کاندا ئه‌و باسه دێته پێشه‌وه که وه‌زعیه‌تێکی که من باسی ئه‌که‌م، ئیمکانی نییه، له کاتێکدا به ته‌واوه‌تی مومکینه.
علی جوادی: ڕێگه بده‌ن من پرسیارێک بکه‌م. ڕه‌نگه له وه‌ڵامه‌که‌ی ئێوه‌دا ئه‌و پرسیاره بێته پێشه‌وه که چالاکیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان چۆن ڕێک ئه‌خرێن؟ چالاکیه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی ئابوری له کۆمه‌ڵگادا چۆن ڕێک ئه‌خرێن؟ به‌شی هه‌ر تاکێک له به‌رهه‌مهێنانی پێداویستییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا چۆن ڕێک ئه‌خرێن و به‌رنامه‌ڕێژیان بۆ ئه‌کرێت؟
مه‌نسور حکمه‌ت: ته‌ماشاکه‌ن، دابه‌شکردنی کار به مانای دابه‌شکردنی کار له ناو ناچێت، به‌ڵام دابه‌شکردنی ئینسانه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای کار له ناو ئه‌چێت. بۆ نمونه، به‌وجۆره نییه که من ناچار بم کرێکاری قیر بم. ڕۆشنه که دابه‌شکردنی کار هه‌یه یانی چه‌ند که‌سێک ئه‌بێ بڕۆن له ڕۆژێکدا جاده قیر بکه‌ن یان پاشه‌ڕۆ کۆبکه‌نه‌وه یان کۆمه‌ڵێک ئه‌بێ بڕۆن به‌هه‌رحاڵ دکتۆری بکه‌ن، کۆمه‌ڵێک ئه‌بێ بڕۆن به‌هه‌رحاڵ بیناسازی بکه‌ن یان هه‌ر کارێکی تر بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ی که ئه‌بێ ئه‌م کاره بکه‌ن به پێویست هه‌مان ئه‌و کۆمه‌ڵه نین که دوێنێ ئه‌و کاره‌یان کرد، وه به پێویست ئه‌و کاره به ناوچه‌وانی ئه‌وانه‌وه نه‌لکاوه. به‌وجۆره نییه که من ئه‌بێ بۆ ماوه‌ی بیست و پێنج ساڵ له ژیانمدا به‌رپرسی کۆکردنه‌وه‌ی زبڵ بم، یان کرێکاری مه‌عده‌ن بم، یان حه‌تمه‌ن هه‌ر ئه‌بێ سه‌رباز بم یان شتێکی تر. که‌سێک که دێت له کۆمه‌ڵگادا کار ئه‌کات، به‌گوێره‌ی ئاماده‌ییه‌که‌ی یان ئاره‌زووی بۆ کاری جیاجیا کار له ئه‌ستۆ ئه‌گرێت. زۆر کار که قورس و ناپه‌سه‌نده و ئینسان ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵی ده‌سته‌و یه‌خه ئه‌بێ، بۆ نمونه کاری قورس یان ئه‌و کارانه‌ی که قابیلی تووشکردنی نه‌خۆشیه، یه‌که‌م ته‌کنه‌لۆژیا پێشیان ئه‌خات و دووه‌میش ئه‌بن به سه‌ره. سه‌رئه‌نجام ئینسان له مانگێکدا دوو جاریش ئه‌ڕوات له تیمی پاککردنه‌وه‌ی شوێنی ژیانی خۆیدا کار ئه‌کات. به‌ڵام له ڕاستیدا ئینسانه‌کان ئه‌توانن له‌م کاره‌وه بڕۆن بۆ کارێکی تر. نه‌فه‌رێک ئه‌توانێ، به هه‌مان شێوه که مارکس ئه‌ڵێ، به‌یانی وێنه‌کێش و ئێواره ماسیگر بێ. ئینسان ناچار نییه که کاری مهعدهنچێتی و کاری شۆفێری گواستنه‌وه‌ی گشتی ببێته کاری هه‌موو ژیان و داستانی ژیانی و من ئێوه. به‌ڵێ ئه‌بێ بڕۆین له مانگێکدا چه‌ند سه‌عاتێکی دیاریکراو وه‌ک شۆفێری شه‌مه‌نده‌فه‌ر کار بکه‌ین و چه‌ند سه‌عاتێکی تریش له زانکۆ وانه بڵێینه‌وه، ئه‌مه عه‌مه‌لییه، کۆمه‌ڵگا ئه‌توانێ ئه‌م کاره بکات. ئه‌وه‌ی که كێ ئه‌مه ڕێک ئه‌خات به تایبه‌تی ئێستا به بۆنه‌ی به‌هێزبوونی تۆڕه‌کانی په‌یوه‌ندی گرتن و ئینته‌رنێت و پێشکه‌ووتنه ته‌کنه‌لۆژیه‌کانی زانیاریه‌وه، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زۆر ساده‌تر بۆته‌وه. ئه‌وه‌ی که چۆن خه‌ڵکانێکی زۆر ئه‌توانن دابنیشن و نه‌خشه دابڕێژن و ته‌رحه‌کانیان ته‌دقیق بکه‌ن و کار بخه‌نه به‌رده‌می ئه‌و کۆمه‌ڵگایه و بۆ ئه‌وه جلی کار له‌به‌ربکه‌ن. به‌هه‌رحاڵ دابشکردنی کار هه‌یه به‌ڵام کاره‌کان دابه‌ش ئه‌که‌ین نه‌ک ئینسانه‌کان. ئه‌و دابه‌شکردنی کاره‌ش ئه‌بێ به نه‌خشه‌یه‌ک، به پڕۆژه‌یه‌ک. ڕاکێشانی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ووڵات و گه‌یشتنی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کان بۆ ئیستگه‌کان له کاتی خۆیدا له ووڵاتێکدا، ڕۆشنه که خۆی له خۆیدا کارێکه، به‌ڵام ئینسانه‌کان مراجه‌عه ئه‌که‌ن و له پێشه‌وه زانراوه چ که‌سێک و له چ سه‌عاتێکدا ئه‌بێ ئه‌و کاره بکات. خه‌ڵک له‌و پێناوه‌دا خولی فێربوون ئه‌بینن، ئینسانه‌کان هه‌روه‌ها پسپۆڕیی جیاجیا په‌یدا ئه‌که‌ن، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی که ئێستا به‌مجۆره‌ی لێهاتووه، زۆرێک له کاره‌کان که پێشتر ڕشته‌ی نه‌فه‌رێک بوون ئێستا زۆرێک له‌و بواره‌دا پسپۆڕن و شاره‌زان ئه‌نجامی بده‌ن. به تایبه‌تی به هۆی پێشکه‌ووتنی ته‌کنه‌لۆژیاوه فێربوونی کاری جیاجیا به مانایه‌ک ساده و ساده‌تر ئه‌بێ. ئینسانه‌کان ئه‌توانن کون و که‌له‌به‌ری ئه‌و کارانه‌ی که هه‌ن به‌رنه پێشه‌وه و به گوێره‌ی تواناییان له دابه‌شکردنی کاردا به‌شداری بکه‌ن.
ڕۆشنه که پێویست به ته‌مه‌رکوز و بڕیاردان هه‌یه، سه‌رئه‌نجام ئه‌و ته‌مه‌رکوز و بڕیاردانه به مانای ته‌مه‌رکوزی سیاسی نییه، به مانای ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و مه‌رکه‌زه نییه. که‌سێک که ئه‌یه‌وێت بڕیار بدات که چۆن شار ئه‌بێ به پاکی بمێنێته‌وه، یا چۆن ئه‌بێ پارکه‌کان درووست ببن، یا بۆ نمونه پیشه‌سازی کانزا چۆن ئه‌بێ کاره‌کانی بڕواته پێشه‌وه، به پێویست هه‌مان ئه‌و که‌سه نییه که بڕیار ئه‌دات من و ئێوه که‌ی ئه‌خه‌نه زیندانه‌وه! ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌ڵئه‌وه‌شێته‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ئیداری و توانایی ئیداری له نێوان هاوڵاتیاندا دابه‌ش ئه‌کرێ.
علی جوادی: ڕێگه بده‌ن له کۆتایی باسه‌که‌ماندا بێینه سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه که ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی سه‌عاده‌تی ئینسانه‌کانه. له ئه‌ده‌بیاتی کۆمۆنیزمی کارگه‌ریدا، و ئه‌ده‌بیاتی مارکسیزمی کلاسیک‌دا به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی باس له‌وه ئه‌کرێ که مه‌سه‌له‌ی سه‌عاده‌تی ئینسانه‌کان گرێی خواردووه به ئه‌نجامدانی شۆڕشی ئابوری و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کاری به کرێ به‌تایبه‌تیه‌وه و هه‌وڵێکی زۆر که له مێژوودا به‌ڕێ که‌وتوون و تا ئه‌و جێگایه‌ی که سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون کاری به کرێ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه شکستیان خواردووه و له مێژوویه‌کدا سه‌رله‌نوێ دووباره بۆته‌وه. پێمان خۆشه ئه‌گه‌ر بکرێ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زیاتر ڕۆشن بکه‌نه‌وه.
مه‌نسور حکمه‌ت: من وا بیر ئه‌که‌مه‌وه که ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که بتوانن مانگی بادامێک بخۆن و ته‌ماشای ئاسمان بکه‌ن و هه‌ست به سه‌عاده‌ت بکه‌ن به‌هه‌رحاڵ که‌مه. ئه‌زانم هه‌ندێک هه‌ن ئه‌ڵێن پاره خۆشبه‌ختی ناهێنێ و یان خۆشبه‌ختی مه‌سه‌له‌یه‌کی مه‌عنه‌وییه و مادی نییه. به‌ڵام ژماره‌ی که‌سانێک که بتوانن به‌مجۆره خۆشبه‌خت ببن که‌من. زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵک بۆ ئه‌وه‌ی خۆشبه‌خت بن پێویستیان به ئیمکانات هه‌یه، پێویستیان به خانه و لانه هه‌یه، پێویستیان به دکتۆر هه‌یه، پیویستیان به‌وه‌یه ئه‌منیه‌تی ئابورییان هه‌بێ، پێویستیان به‌وه‌یه ئازادی جموجۆڵیان هه‌بێ بتوانن له سه‌ر گۆی زه‌ویه‌ک که له‌سه‌ری ئه‌ژین سه‌فه‌ر بکه‌ن، پێویستیان به‌وه هه‌یه به ئینسانی تر ئاشنا ببن، پێویستیان به‌وه هه‌یه ده‌ست به‌رن بۆ کاری جیاجیا و کاری تازه فێر ببن. هه‌موو ئه‌مانه‌ش یانی ئازادی ئابوری ئینسان، یانی توانایی ئابوری ئینسان. ئه‌گه‌ر ئێوه بێن به‌شێک له کۆمه‌ڵگا به‌وه حوکم بده‌ن که ڕۆژی هه‌شت سه‌عات یان شه‌ش یان هه‌رچه‌ندێک بڕوات کاره‌که‌ی بفرۆشێ و دواتریش ماندوو و شه‌که‌ت بڕواته‌وه ماڵه‌وه و خۆشی تازه‌ی بکاته‌وه، به پێناسه‌ی ووشه‌که ئینسانه‌کانت له سه‌عاده‌ت بێبه‌ش کردووه. ئینسانی خۆشبه‌خت ئینسانێکه که خه‌لاقیه‌تی خۆی بخاته گه‌ڕ، ئینسانێکه ده‌رک ئه‌کات که کاروباره‌کانی و دیاریکردنی ژیانی له ده‌ستی خۆیدایه، ئینسانێکه که بیر ئه‌کاته‌وه که ناچار نییه. ئینسانێکه که بیر ئه‌کاته‌وه که ئه‌توانێ خۆی ئازادانه بڕیاره‌کانی بدات. به‌هه‌رحاڵ سه‌عاده‌ت په‌یوه‌ندی به ئازادییه‌وه هه‌یه ئه‌م ئازادیه‌ش به بێ ئازادی ئابوری مومکین نییه.
له جه‌رگه‌ی ئابوری کاری به‌کرێدا، له جه‌رگه‌ی سیستمی کرێگرته‌دا، زۆریک له ئینسانه‌کان له ئازادی بێبه‌شن. زۆرێک له ئینسانه‌کان ناچارن هه‌موو ڕۆژێک هێزی کاری خۆیان بفرۆشن و گه‌رنا ئه‌وا سبه‌ینێ نامێنن، نامێنن هه‌تا به مانای فیزیکی ووشه‌که. یانی ڕه‌نگه له خۆراک و پێداویستی ڕۆژانه و مه‌سکه‌ن و شتی تر، له هه‌موو ئه‌و ئیمکاناته‌ی که ڕێ ئه‌دات ئینسان به ئینسانی بمێنێته‌وه و هه‌تا له پێداوستییه فه‌رهه‌نگی و جوانیه‌کانیش تێر نه‌بێ. سه‌رئه‌نجام فرۆشتنی هه‌ر ڕۆژه‌ی هێزی کار و هه‌موو ڕۆژێک زوو به‌یانیان گه‌یشتنه بازاڕی کار و به دوای موشته‌ریدا گه‌ڕان و به درێژایی عومر خه‌می ئه‌وه‌ی که ڕه‌نگه کاره‌که‌م له ده‌ست ده‌ربهێنن، ئه‌مه دژایه‌تی هه‌یه له‌گه‌ڵ خۆشبه‌ختی ئینسانه‌کاندا. مارکسیزم ئه‌و مه‌کته‌به‌یه که له پشت هه‌موو ئه‌و قسه فه‌لسه‌فی و سۆفیانه و غه‌یره سۆفیانه‌وه که سه‌باره‌ت به مانای ژیان و سه‌عاده‌تی ئینسان کراون وه‌ڵامێکی ڕۆشن به‌ده‌سته‌وه ئه‌دات و ئه‌ڵێت: ئینسان ئه‌بێ خۆشگوزه‌ران و ئازاد بێ، بۆ ئه‌وه‌ی خۆشگوزه‌ران و ئازاد بێ ئه‌بێ ئه‌و سیستمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی تیایدا ئه‌ژی، سیستمێک بێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی، یه‌کسانی و خۆشگوزه‌رانی و مورهفههکردنی ئینسانه‌کان فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و سیستمه پێک بهێنێ.
کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری ئه‌مه نییه، ئێمه ئازاد نین له‌به‌رئه‌وه‌ی ناچارین هێزی کارمان بفرۆشین. ئازاد نین له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی چینی ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر سه‌رمانه‌وه‌یه. خۆشگوزه‌رانی ئێمه ئامانجی کۆمه‌ڵگا نییه، قازانج ئامانجی کۆمه‌ڵگایه. هه‌ربۆیه به‌شی هه‌ره‌زۆری ئێمه هه‌ست به سه‌عاده‌ت ناکات.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ئینسانیه‌ت له دانه دانه‌ی ئێمه‌دا به پله‌یه‌ک به‌هێزه که هه‌تا له‌م چه‌رمه‌سه‌ریه‌ی تێیداین، له جه‌رگه‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجه و به‌م هه‌موو فشاره‌وه، چاومان له یه‌کتره و به یه‌کتره‌وه مه‌شغوڵین و به مناڵه‌کانمانه‌وه و به مناڵی که‌سانی تره‌وه مه‌شغوڵین. کاتێک که له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا ئه‌توانین هه‌ست به ده‌ره‌جه‌یه‌ک له خۆشبه‌ختی بکه‌ین، بهێننه به‌رچاوتان ئه‌گه‌ر ئه‌و یه‌کسانیه ئابورییه دابین ببێ، ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆیله‌تی کرێیه له ناو بچێ، ئه‌گه‌ر ناچاربوونی ڕۆژانه به کارکردن بۆ که‌سانی تر و ته‌سلیم بوون به که‌سانی تر یه‌خه‌ی خه‌ڵک به‌ربدات، ئینسان به چ ئه‌ندازه‌یه‌ک زه‌رفیه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه که به شادی و خۆشبه‌ختی بژی. له ده‌قی فارسیه‌که‌وه وه‌رگێڕدراوه که له هه‌ڵبژارده‌ی کاره‌کانی مه‌نسور حکمه‌ت (لاپه‌ڕه‌کانی ١٥٣٣ تا ١٥٣٧) دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. له بڵاوکراوه‌کانی حزبی کۆمۆنیستی کارگه‌ریی – حکمه‌تیست، ساڵی ٢٠٠٥. ده‌قی فارسیه‌که له ژێر ناونیشانی (در باره لغو کار مزدى گفتگو با على جوادى، راديو انترناسيونال – اوت ٢٠٠٠، متن پياده شده از روی مساحبه راديويی) دا له‌سه‌ر سایتی مه‌نسور حکمه‌ت ده‌ست ئه‌که‌وێ hekmat.public-archive.net وه‌رگێڕانی له فارسیه‌وه: جه‌مال موحسین