هاوڕێیان
مه‌به‌ستی من له‌م نووسینه ده‌ستبردن بۆ مه‌سه‌له‌کانی سازدانه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕانی حزب له ناوچه‌ی ژێر ده‌ستی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان نییه. هاوڕێ ڕێبوار و هاوڕێیانی تر له‌م بابه‌ته‌وه نووسینیان هه‌یه‌و من سه‌رنجه‌کانم سه‌باره‌ت به‌و نووسینانه له کۆبوونه‌وه‌که‌دا مه‌تره‌ح ده‌که‌م. لێره‌دا ده‌مه‌وێت سه‌رنجتان بۆ چه‌ند خاڵ ڕاکێشم که ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ له ڕووداوه‌کانی ئه‌م دوواییه وه‌ڵام وهربگرێتو به بڕوای من سه‌رکه‌وتنی ئێمه له داهاتوودا له گره‌وی چاره‌سه‌ری ئه‌وانه‌دایه.
گوشاری ئه‌م دوواییانه‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی بۆ سه‌ر حزب له عیراق‌و دهرگیریو داخرانی نووسینگه‌کانی حزب له سلێمانی، ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه نییه. هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ی بارودۆخه‌که بۆ پێش ڕوودانی ئه‌و پێشهاتانه‌ش ناتوانێت وه‌ڵامی ئێمه‌و ئامانجی ئێمه بێت. به بڕوای من به‌و شیوازهوه که ئێمه له کوردستانی عیراقدا ههڵدهسوڕاینو به‌و ئاراسته‌یه‌وه که ئێمه گرتبوومانه به‌ر، دره‌نگ یان زوو ده‌بوو ئه‌و په‌لاماره‌ی یهکێتیو پاشه‌کشه‌ی حزب ببینین. کۆمۆنیزم ناتوانێت جووڵانه‌وه‌یه‌کی ڕۆتینی په‌راوێزی ئه‌م جۆره کۆمه‌ڵگایانه بیت، که وه‌کو حزبه بۆرجوازیه‌کان هه‌میشه “هه‌ن”و له په‌راوێزی چه‌ند دهرسهدیکی ئه‌م کۆمه‌لگایانه درێژه به مانه‌وه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن. کۆمۆنیزم له‌م جۆره کۆمه‌ڵگایانه‌دا یان ده‌بێت سه‌رکه‌وێت، یان شکستی پێدههینن، یان ده‌بیت پێشڕه‌وی بکات، یان پاشه‌کشه‌ی پێده‌که‌ن. خاڵێکی هاوسهنگیو نۆرمێکی مانه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه‌و ئاسایی بۆ کۆمۆنیزمی ڕادیکاڵ له ووڵاتانێکی دواکه‌وتوو، که سهرکوتگهرییو رژیمی سیاسی کۆنه‌په‌رست تیایاندا ده‌سه‌ڵاتداره، بوونی نییه. ئه‌و بۆچوونه‌ی که پێی وایه ڕادیکالیزمی کۆمۆنیستی ده‌توانێت له کۆمه‌ڵگای وه‌ک عیراق یان کوردستانی عیراق ته‌لارێکی میژوویی‌و یه‌کێک له “جێگا سه‌رنجڕاکێشه‌کان” بێت که ساڵه‌ها خه‌ڵک بچن بیبینن‌و بێنه‌وه، ئه‌و بۆچوونه‌ی که پێی وایه ده‌کرێت له گۆشه‌یه‌کی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌رستیی، تهبلیغو هۆشیارکردنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی وه‌ک هه‌ر خزمه‌تگوزاریه‌کی ناوشار، وه‌ک ئاو‌و کاره‌باو ته‌له‌فۆن، ساڵه‌ها به شێوه‌ی رۆتینی له به‌رده‌ستی خه‌ڵکدا بێت، بۆچوونێکی ناواقیعییه. کۆمۆنیزم نه‌ک به شیوه‌یه‌کی گشتی، به‌ڵکو به تایبه‌ت به‌هۆی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی ووڵاتانی وه‌کو ئێران‌و عیراق‌و هاوشێوهیانهوه، به مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و به توانا‌و هێزی کرده‌ی سیاسیه‌وه گرێی خواردووه. کۆمۆنیزمی بێ په‌یوه‌ند به مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه، کۆمۆنیزمێک که نه‌خوازێت مه‌سه‌له‌ی نفوزی کۆمه‌ڵایه‌تی، باڵاده‌ستی سیاسی‌و حاکمیه‌ت له ئه‌جێندای به په‌له‌ی خۆیدا دابنێت، مه‌حکوم به شکسته.
هێرشی یه‌کێتی نیشتیمانی بۆ سه‌ر حزبی ئێمه له عیراق له هێرشنه‌کردنی ئێمه بۆ سه‌ر یه‌کیتیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. مه‌به‌ستم هه‌رگیز هێرشی سه‌ربازی نییه. مه‌به‌ستم هێرشێکی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمۆنیزمه له کوردستانی عیراقدا که ده‌بوو له ماوه‌ی ئه‌م ده ساڵه‌ی ڕابردوودا بکرایه. ده‌بوو هاسه‌نگی هێز به قازانجی ئێمه ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بهاتایه، ده‌بوو پێکهاتی ڕابه‌رانی کۆمه‌ڵگا بگۆڕایه. ده‌بوو په‌یوه‌سته‌یی سیاسی خه‌ڵک به حزب‌و گروپه‌کانه‌وه ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بهاتایه، ده‌بوو کریکاران‌و ژنان‌و خه‌ڵکی بێبه‌ش به حزبه‌که‌یان ئاشنا بوونایه‌و له ڕیزه‌کانیدا یه‌کگرتوو بوونایه، ده‌بوو بابه‌ته‌کان له کۆمه‌ڵگادا مۆری کۆمۆنیسته‌کانی لێبدرایه، ده‌بوو هاوسه‌نگی هێزی سه‌ربازی ئاڵوگۆڕی بکردایه‌و سه‌ره‌نجام ده‌بوو ئه‌م ئۆردوه شۆڕشگێڕ‌و ڕادیکاله بۆ ده‌سه‌ڵات هه‌ڵمه‌تی ببردایه، ده‌بوو هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی بخواستایهو بۆ گرتنی ده‌ستی درێژ بکردایه.
ده‌بێ به‌ر له هه‌ر شتێک واقعیه‌تێکی به‌رچاوی کوردستانی ئه‌م ساڵانه‌ی دووایی به ڕه‌سمی بناسرێت. واقعیه‌تێک که به بڕوای من زۆر ڕاچڵهکێنهرهو مایه‌ی ده‌رس وه‌رگرتنه. بۆ ماوه‌ی ده‌وره‌یه‌کی نزیک به ده ساڵ ڕه‌وتی ئێمه له کوردستان بۆی کراوه که به شێوه‌یه‌کی یاسایی‌و ئاشکرا هه‌ڵسوڕان بکات. بۆی کراوه که به شێوه‌ی یاسایی‌و ئاشکرا ڕادیۆو ته‌له‌فیزیۆنی هه‌بێت، ڕۆژنامه بڵاوبکاته‌وه، نووسینگه‌ی ئاشکرای هه‌بێت، هێزی سه‌ربازی پێکبهێنێت. هیچ شتێک ڕێگری پهیوهندگرتنمان به کرێکارانه‌وه نه‌بووه. هیچ که‌س ڕیگری دروستکردنی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک نه‌بووه. ئێمه مۆڵه‌تمان هه‌بووه‌و له تواناماندا بووه که ڕێکخراوه‌ی جهماوهریو ئاشکرا پێکبهینین. میتینگی ئاشکرا دابنێین. هه‌لومه‌رجێکی له‌م بابه‌ته بۆ زۆرێک له کۆمۆنیسته‌کان خه‌ونێکه، بۆ نموونه بۆ خودی خۆمان له ئێران. حزبی ئێمه له ئێران، ئاماده‌بوونی کورتماوه‌ی هێزه‌کانی له مه‌ریوان وه‌ک ڕووداوێکی گه‌وره دهبینێتو ئاهه‌نگی بۆ ده‌گێڕێت. له سلێمانی ئێمه ٢٤ سه‌عات، شه‌وو ڕۆژ، بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ ئاماده‌بووین. “شوبات تا ئۆکتۆبه‌ری“* ئێمه له کوردستان ساڵه‌ها درێژه‌ی کێشا، به کوێ گه‌یشتین؟
به بڕوای من پێش ئه‌وه‌ی په‌لاماری یه‌کێتی نیشتیمانی‌و به‌رته‌سکبوونه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجه‌که‌ی ئه‌م دوواییه پرسیارێک بخاته به‌رده‌م ئێمه، ئه‌م واقعیه‌ته ده‌بێت پرسیار بۆ ئێمه دروستبکات. به‌رنامه‌ی ئێمه بۆ پێشڕه‌وی‌و سه‌رکه‌وتن چییه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌لاماره‌ی یه‌کێتی بتوانێت ئێمه بۆ ئه‌م پرسیاره بێ‌دار بکاته‌وه، ئه‌گه‌ر بتوانێت ڕامانچڵهکێنێتو بیرمان بهێنێته‌وه که مه‌سه‌له‌که ئه‌وه نه‌بوو که یه‌کێتی نیشتیمانی چی له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌کات، به‌ڵکو ئه‌وه بوو که ئێمه له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی بهعسو نیمچه ده‌سه‌ڵاته‌کانی بۆرجوازی لۆکاڵیی ده‌مانه‌وێت چی بکه‌ین، ئه‌گه‌ر بتوانێت دووباره مه‌سه‌له‌ی بنه‌ڕه‌تی کۆمۆنیزم، واته ده‌سه‌ڵات بۆ گۆڕینی کۆمه‌ڵگا بۆ ئێمه مه‌تره‌ح بکاته‌وه. ئه‌و ده‌م ئه‌م ڕووداوه ده‌توانێت به ڕاستی خاڵی وه‌رچه‌رخانێکی ژیانی ئێمه بێت.
ئێمه‌و کۆمه‌ڵگا
باسی حزب‌و کۆمه‌ڵگا پێش هه‌ر که‌س به بڕوای من په‌یوه‌ندی به حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عیراقه‌وه هه‌یه. وای بهێننه به‌رچاو که ئێمه توانیبێتمان باره‌گاکانی خۆمان له سلێمانی دووباره بکه‌ینه‌وه‌و سهعاتهکانمان چه‌ند مانگ بۆ دوواوه بگێڕینه‌وه. پاشان چی؟ به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی ئێمه بۆ پێشڕه‌وی‌و سه‌رکه‌وتن چییه؟ ئه‌مه پرسیارێکه که ده‌بێ له لایه‌ن ڕابه‌رانی کۆمۆنیزمه‌وه له عیراق وه‌ڵامێکی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ربگرێت. کۆمۆنیزم وه‌ک گروپی گوشار به‌هایه‌کی به‌کاربردنی سنوورداری هه‌یه. به‌ڵام کۆمۆنیزم به ناونیشانی ئه‌لته‌رناتیڤێک، وه‌ک ئامرازی به‌دیهێنانی ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی له ژیانی خه‌ڵکدا، ئه‌و شته‌یه که ئێمه ته‌مه‌نمان له پێناویدا داناوه. پێش ئه‌وه‌ی باسمان بێته سه‌ر حزب‌و باره‌گاو نووسینگه‌و ڕادیۆ، پرسیارێک که من له ڕابه‌رێکی کۆمۆنیزمی عیراقم هه‌یه ئه‌وه‌یه که به‌رنامه‌و ستراتیجتان چییه؟ بوون‌و نه‌بوونی ئێوه بڕیار وایه چ شتێک بگۆڕێت؟ دیاره که ئینسانه ڕادیکالو کۆمۆنیسته‌کان له هه‌ر جێگاوشوینێکهوه بێت بۆ به‌رگری له مافه‌کانی بێبه‌شان ته‌قه‌لا دهکهنو هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕووبه‌ڕووی کۆنه‌په‌رستی بوه‌ستنه‌وه. به‌ڵام ئه‌م سهنگهربهندیه ڕۆتینیه به‌رگریکارانه‌یه له کۆمه‌ڵگادا ناتوانێت سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆمۆنیزم‌و پایه‌یه‌ک بۆ هێنانه کایه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمۆنیستی خاوه‌ن ئیعتیبار بێت. کۆمۆنیسته‌کان ده‌بێ ئه‌وه بڵێن که چ ته‌رحێکیان بۆ کۆمه‌ڵگا هه‌یه‌و به کام قۆناغانهداو به کام هه‌نگاوانه بڕیاره پێی بگه‌ن. حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عیراق ئه‌م ئاسۆیه‌ی نییه.
ئه‌م حه‌وت هه‌شت ساڵه گرنگترین‌و پڕ ئاڵوگۆڕترین ده‌وره‌ی ژیانی سیاسی عیراق (له ناو عیراقدا کوردستانیش) بووه. سیمای ئه‌م ووڵاته به شێوه‌یه‌کی بێ پێشینه گۆڕاوه. هاوکێشه سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له بناغه‌وه ئاڵوگۆڕی کردووه. ئه‌گه‌ر هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕادیکال ده‌یه‌وێت له چاره‌نووسی ئه‌م خه‌ڵکه‌و ئه‌م ووڵاته‌دا ڕۆڵێکی جیددی بگێڕێت، ئه‌مه هه‌لێک بوو که به شیوه‌یه‌کی مێژوویی فه‌راهه‌م بووبوو. له ژیانی هه‌ر نه‌وه‌یه‌کدا مه‌رج نییه هه‌لی وا ته‌نانه‌ت یه‌ک جاریش فه‌راهه‌م بێت. هیچ کاتێک کۆنه‌په‌رستیی له‌م ووڵاته به‌م ئه‌ندازه‌یه لاوازنه‌بووه، هیج کاتێک خه‌ڵک به‌م ئه‌ندازه‌یه ئاماده‌ی شکاندنی ته‌وقی ناسیۆنالیزمی عهرهبو ناسیۆنالیزمی کورد نه‌بووه. هیج کاتێک هه‌لومه‌رج بۆ ده‌ستپێکردنی فه‌سڵێکی تازه له مێژووی سیاسی عیراق‌و کوردستان به‌م جۆره‌ی ئێستا گونجاو نه‌بووه. ئه‌مه هه‌لێک بوو بۆ کۆمۆنیزم که ببێته هێزی یه‌که‌می ئه‌م کۆمه‌ڵگایه. حزبێک ده‌توانێت به‌مه بگات که یه‌که‌م، بیه‌وێت ئه‌م کاره بکات‌و دووه‌م ڕه‌وه‌نده کۆمهڵایهتیو میژووییهکانو هه‌لومه‌رجی بابه‌تیی ده‌ورووبه‌ری خۆی بناسێت. ڕابه‌رانێکی ده‌وێت که خۆیان نه‌ک وه‌ک سه‌رۆکی ڕێکخراوه‌که‌ی خۆیان، به‌ڵکو خۆیان به که‌سایه‌تی مێژوویی بژمێرنو به‌م تواناییهو به‌م چاوه‌ڕوانیه‌وه له خۆ بچنه ناو ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه. ڕابه‌ری کۆمۆنیست ئه‌گه‌ر ڕابه‌ری خه‌ڵک نه‌بێت، ڕابه‌ر نییه. حزبی کۆمۆنیست ئه‌گه‌ر ده‌ست بۆ مه‌سه‌له‌کانی کۆمه‌ڵگا نهباتو وه‌ڵام به پرسیاره گرێییه‌کانی خهڵکو کۆمه‌ڵگا نه‌داته‌وه، حزبێکی سیاسی نییه. ئێمه تا ئێستاش له عیراقدا به وێنه‌ی ڕابه‌رانی کۆمهڵایهتیو به ناونیشانی حزبی سیاسی بوونی خۆمان ڕانه‌گه‌یاندووه. به بڕوای من ئێمه تازه وا له خاڵی دهستپێکردنداین. ئه‌وه‌ی که له سلێمانی باره‌گامان هه‌یه یان نا هیچ شتێک له‌م بابه‌ته‌وه ناگۆڕێت. ئێمه له به‌غداش باره‌گامان نییه به‌رنامه‌مان بۆ ئه‌وێ چییه؟ به بڕوای من ده‌بێت لانی که‌م وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی خواره‌وه‌مان لابێت:
١– ئایا که‌سانێکمان هه‌ن که له ئاستی عیراق‌و کوردستاندا ڕابه‌رانی ده‌ره‌جه یه‌کی خه‌ڵک بن‌و له‌م ده‌ورانه خهتهرناکهدا خۆیان به چاره‌نووسی خه‌ڵکه‌وه گرێ بده‌نه‌وه. که‌سانێک که فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی خۆیان به ڕۆڵبینین له چاره‌نووسی ملیۆنه‌ها ئینسان‌و له مێژووی کۆمهڵگایهکو ووڵاتێکدا دانابێت؟ که‌سانێک که ئاماده بن پێداویستیه‌کانی بینینی ڕۆڵیکی له‌م چه‌شنه فه‌راهه‌م بکهنو مهترسیهکانو گوشاره‌کانی قه‌بوڵ بکه‌ن؟ کۆمۆنیزمی کرێکاریی به بێ بوونی ڕابه‌رانی سه‌رتاسه‌ریی، ناسراوو جه‌سور به هیچ جێگایه‌ک ناگات. ئه‌م ڕابه‌رانه ده‌بێ به‌رگریکارانی یه‌ک ئاسۆی هاوبه‌ش بن‌و سه‌ر به یه‌ک جووڵانه‌وه‌ی فیکری‌و سیاسی بن. پێویسته به‌رهه‌می ڕه‌خنه‌کردنێکی دیاریکراو له چوارچێوه فیکری‌و عه‌مه‌لیه کۆنه‌کان بن. ده‌بێ پێکه‌وه مه‌کته‌بێکی فیکری-سیاسی نوێ له ئاستی کۆمه‌ڵگای عیراقدا پێکبهێنن. ده‌بێ کۆمه‌ڵگای عیراق باس له سهرههڵدانو په‌ره‌گرتنی جووڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمۆنیستی نوێ له عیراقدا بکات که هه‌ژموونی‌و ده‌سه‌ڵاتی مێژوویی ناسیۆنالیزمی به‌سه‌ر سیاسهتو بیرکردنه‌وه له عیراقدا بردۆته ژێر پرسیاره‌وه. مهکتهبێکو جووڵانه‌وه‌یه‌کی نوێ‌و سه‌رنجڕاکێش به ئاڵاههڵگرانو ڕابه‌رانی خۆیه‌وه. هه‌ر جووڵانه‌وه‌یه‌ک به ئه‌ندازه‌ی توانا‌و ئاسۆی ڕابه‌رانی ده‌چیته پێشه‌وه، ده‌بێ ڕابه‌ری لێهاتوو باشمان هه‌بێت.
٢– پێویسته ستراتیجێکی ڕوونمان هه‌بێت. ئه‌مڕۆ به سبه‌ینێ گهیاندنو خۆهێشتنهوهو گه‌شه‌ی خه‌تیی بۆ یه‌کێتییه پیشه‌ییه‌کان گونجاوه، ناتوانێت بنیاتنه‌ری حیزبێکی شۆڕشگێڕانه بێت. پێویسته قۆناغه‌کانی گه‌شه‌و پێشڕه‌وی خۆمان تا سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی بناسێنین. قۆناغی خۆڕاگهیاندنو ناساندنی ناسنامه‌ی خۆ به خه‌ڵک، جێگرتن له مه‌یدانی ئه‌سڵی جیدالی سیاسی‌دا، قۆناغی جووتبوون له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه کرێکاریه ڕاسته‌وخۆکاندا، ڕێکخستنی نهێنیو بزاوتنی ئاشکرا، ڕێکخراوه جه‌ماوه‌ریه کرێکاریه‌کان، په‌یوه‌ندی به جووڵانه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌کانه‌وه، هێنانه‌دی ههژموونیهکی سیاسی له جووڵانه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه گشتی‌و سهراسهریهکاندا، گواستنه‌وه له حزبێکی بچوکه‌وه بۆ حزبێکی جه‌ماوه‌ری. جه‌نگ له قه‌ڵه‌مڕه‌وی بیر‌و باوهڕهکانو پێکهێنانی ده‌زگای گه‌وره‌ی ڕاگه‌یاندن، چه‌کدارییو حزبی چه‌کدار، ڕاپهڕینو جه‌نگی جه‌ماوه‌ریی. هه‌موو ئه‌مانه ده‌بێ بۆ ڕابه‌ریی حزبی عیراق له ته‌رحێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌دا پێناسهکرابێتو ئاسۆیه‌کی واقیعی ڕابه‌ریه‌کی سیاسی پێکبهێنێت. مه‌به‌ستم نووسینی به‌ڵگه‌نامه‌ی وا نیه که ئه‌مانه له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه بنووسێت. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ڕابه‌رانی کۆمۆنیستی عیراق بزانن‌و بتوانن به ڕوونی ئه‌وه به ڕیزه‌کانی خۆیان‌و خه‌ڵک بڵێن که بڕیاره چۆنچۆنی له وه‌زعی ئێستاوه بگه‌ینه ئه‌و جێگاوشوێنه باڵاده‌سته. چ ڕێگریه‌ک ده‌بێ له‌سه‌ر ڕیگا لاببرێت‌و چۆن؟ له کوێوه ده‌بێ ده‌ستپێبکه‌ین؟
٣– ده‌بێ تێڕوانینێکی ڕوونمان بۆ هه‌لومه‌رجی بابه‌تی کۆمه‌ڵگاو ڕه‌وتی موحته‌مه‌لی بارودۆخه‌که هه‌بێت. ئه‌و هه‌لومه‌رجه ئیمکاناته بابهتیهکانو به‌ربه‌سته‌کانی به‌رده‌م کارمان پێناسه ده‌کات. چاره‌نووسی به‌عس چی لێ دێت؟ ئاڵوگۆڕی سیاسی داهاتوو له به‌غداد چی ده‌بێت، خه‌ڵک چی‌یان ده‌وێت؟ چ پۆتانسێلێک بۆ ڕێکخراوبوون‌و جووڵه‌ی چینی کرێکار هه‌یه، چ جوولانه‌وه‌یه‌کی ئۆپۆزیسیۆن له عیراقدا ده‌توانێت شکڵ بگرێت؟ بارودۆخی ئابووری چۆنه؟ کام گرایشو مه‌یل له نێو خه‌ڵکدا په‌ره‌ده‌گرێت؟ له کوردستان چی؟
٤– ئه‌و کێشه گرێیانه‌ی کۆمه‌ڵگا که وه‌ڵامیان ده‌وێت کامانه‌ن؟ حزب به وه‌ڵامدانه‌وه به کام مه‌سه‌لانه خۆی به کۆمه‌ڵگا دهناسێنێتو له ناوه‌ندی جیدالی کۆمه‌ڵایه‌تیدا جێده‌گرێت؟ چاره‌نووسی حکومه‌تی به‌عس، گه‌مارۆی ئابووری، مه‌سه‌له‌ی کوردستان، مه‌سه‌له‌ی ژن، مافه مه‌ده‌نیه‌کان، ئاشتی عهرهبو ئیسرائیل، ئه‌مانه نموونه‌ی ئه‌و پرسیاره گرێیانه‌ن. حزب ده‌بێ وه‌ڵام به‌م پرسیارانه بداته‌وه. نه له‌سه‌ر کاغه‌زو له نامیلکه‌یه‌کدا، به‌ڵکو له دیالۆگێکی بهردهوامو بێ پسانه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکی عیراق‌و ڕای گشتی نێوده‌وڵه‌تی.
٥– نه‌خشه‌ی ڕێکخراوه‌یی حزب. پێویسته ته‌رحێک بۆ سازدان‌و بیناکردنی هه‌نگاو به هه‌نگاوی ئۆرگانه نهێنیهکانو ئاشکرا‌کانی حزبێکی سیاسی هه‌بێت. له رۆژنامه‌کان‌و ڕادیۆکانه‌وه، تا کۆمیته شاریه‌کان، ڕێکخستنی چهکداریو هی تر. هه‌ر ساڵێک ده‌بێ له‌م نه‌خشه‌یه‌دا چووبینه پێش. ده‌بێ ئه‌ندێشه‌یه‌کی ڕێکخراوه‌یی ڕوونمان هه‌بێت که حزبێکی له‌م بابه‌ته له وڵاتیکو ده‌ورانێکی ئاوادا ده‌بێ تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی چی بن. پێویسته کادر دروست بکه‌ین، په‌یوه‌ندی پێکبهێنین، ڕۆتین به‌دی بهینین، ئیمکانات وه‌ده‌ستخه‌ین.
٦– ئامرازه‌کانی خۆده‌رخستنی ئاشکراو سه‌رتاسه‌ری حزب چین؟ میدیا‌و ڕۆژنامه‌و مینبه‌ره‌کانی حزب کامانه‌ن؟ ئایا کۆمه‌ڵگا داده‌پۆشن؟
٧– ده‌بێ فۆکوسه دهورهییهکان که وه‌ک ئامرازیکی گواستنه‌وه حزب له قۆناغێکه‌وه بۆ یه‌کێکی تری باڵاتر ده‌گوێزێته‌وه پێناسه بکرێت‌و جووڵانه‌وه‌ی کۆمۆنیستی کرێکاریی‌و ڕیکخستنی حزب له‌سه‌ریان کۆبکرێته‌وه‌و ئاراسته بکرێت. مه‌سه‌له‌ی ژن له کوردستانی عیراق، مافه مه‌ده‌نیه‌کان له سه‌رانسه‌ری عیراق، مه‌سه‌له‌ی گه‌مارۆی ئابووری، مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم‌و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی کوردستان، نامه‌شروع بوونی ده‌سه‌ڵاتی بهعسو حزبه کوردیه‌کان‌و پێویستی پێکهێنانی دامه‌زراوه‌ی قانونی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا. ئه‌مانه چه‌ند نموونه‌ی ئه‌و فۆکوسانهن.
٨– ده‌بێت بزانین له هه‌ر بڕگه‌یه‌کدا حزب له چ قۆناغێک له ڕه‌وتی پێکهاتنی خۆیدایه. تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ململانێی حزب له‌گه‌ڵ دهوڵهتهکانو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندا په‌یوه‌سته به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه. کاتێک هاوڕێیان باس له “هێرش بۆ سه‌ر یه‌کێتی” ده‌که‌ن، ده‌بێ ڕوون بێت که ئه‌مه چۆن هێرشێکه. بۆ حزبێکی کۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن هێزو چه‌کدار ده‌کرێت ئه‌م هێرشه ته‌نانه‌ت چه‌کدارانه‌ش تێبگه‌ین. بۆ حزبێکی چکۆله که هێزی چه‌کداری ئه‌وتۆی نییه‌و هێشتا له قۆناغی خۆ مهترهحکردن وه‌ک ئهلتهرناتیڤێکو په‌یوه‌ندی دروستکردنی له‌گه‌ڵ چینی کرێکار‌و جووڵانه‌وه ناڕهزایهتیهکاندایه، به ناچاری “هێرش” مانایه‌کی ته‌واو جیاوازی هه‌یه. ئه‌گه‌ر حزب ته‌سویرێکی له جێگاوشوێنی خۆی له کۆمه‌ڵگاداو له ڕه‌وتی پێکهاتنو په‌ره‌گرتنی کۆمۆنیزمی کرێکاریی وه‌ک حزبێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت، ناتوانێت وه‌ڵامی پێداویستیه پراکتیکیه‌کانی هه‌ر قۆناغه بداته‌وه.
باس له‌م بابه‌ته‌وه زۆره‌و من پاش کۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ هاوڕییاندا هه‌وڵ ده‌ده‌م نووسێنێکی پوخته‌تر ئاماده بکه‌م. به بڕوای من له ڕاستیدا ئێمه ده‌بێ سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێبکه‌ینه‌وه. ئه‌وه‌ی تا ئێستا کردوومانه ماتریاڵێ دووباره بیناکردنه‌وه‌یه‌کی بناغه‌ییتره. کێشه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه که له ڕێکخستنه‌وه ده‌ست پێ دهکهینو له باره‌گاو نووسینگه‌و ئهندامو ڕادیۆوه. له حاڵیکدا ده‌بێت له سیاسهتو ستراتیج‌و ئاسۆ‌و کارومهسهلهوئهرکی کۆمه‌ڵایه‌تی جووڵانه‌وه‌ی کۆمۆنیزمی کرێکارییه‌وه له عیراق ده‌ست پێ بکهینو خهسڵهتو ئه‌رکه‌کانی ڕێکخراوی خۆمان له‌وێوه ده‌ربکێشین. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاسۆ‌و ستراتیژه‌و ژماره‌یه‌ک که‌س که به قووڵی باوه‌ڕیان پێیان هه‌یه‌و پێی له‌سه‌ر داده‌گرن هه‌بن، ئه‌وکاته ده‌کرێت جووڵانه‌وه‌و حزبێکی به‌هێز دروست بکه‌ین، ئه‌گه‌ر نه‌بن ئه‌وده‌م هیچ جووڵه‌یه‌کی تهشکیلاتیو ئاماده‌کاریه‌کی عه‌مه‌لی ناتوانێت به‌ر به سستبوونه‌وه‌ی ڕه‌وتی ئێمه له عیراقدا بگرێت.
نادر (م. حکمت)
٧ سپتامبر ٢٠٠٠
* ئاماژه به ماوه‌ی نێوان شۆڕشی شوباتی ١٩١٧ و شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ره له هه‌مان ساڵدا، که له‌و ماوه‌یه‌دا حزبی به‌لشه‌فی ئازادانه‌و ئاشکرا پاش ڕووخانی قه‌یسه‌ر کاری سیاسی کردووه.
وه‌رگێڕانی: شه‌ماڵ علی ٣١ر٨ر٢٠٠٧