وتارێک، له کۆنگره‌ی دووه‌می حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران ١٥ی نیسانی ١٩٩٨
بێگومان هاوڕێیان، له باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه چاوه‌ڕوانی جۆراوجۆریان هه‌یه، به‌ڵام باسه‌که‌ی من ده‌رباره‌ی هه‌نگاوه یه‌ک له دوای یه‌که‌کان، هه‌ر له هاویشتنی مه‌وادی خۆراکی بۆ کارمه‌ندانی سه‌رکوتگه‌ری ڕژێم، تا ده‌گات به ڕاپه‌ڕینی چه‌کدارانه نییه. من نامه‌وێ لێره‌دا ئه‌م قۆناغانه شرۆڤه بکه‌م. به‌ڵکوو ده‌مه‌وێ تێبینییه‌کانی خۆم ده‌رباره‌ی بابه‌تگه‌لێک بخه‌مه ڕوو، که له پرۆسه‌ی هێزگرتنی کۆمۆنیزمی کرێکاری و به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له لایه‌ن کۆمۆنیزمی کرێکارییه‌وه خۆیان ته‌رح ئه‌که‌ن و ئه‌و فاکتۆرانه ڕۆشن بکه‌مه‌وه که ده‌خاڵه‌تیان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌یه.
ئه‌مه‌وێ به چه‌ند خاڵێک ده‌ست پێ بکه‌م، که زیاتر به پرسیارگه‌لێک ده‌که‌ن که، له لای ئێمه به کفر ده‌ژمێردرێن. کفر به‌و مانایه‌ی که به ڕواڵه‌ت، وه‌ڵامه تیۆرییه‌کانی تا هه‌نووکه، ته‌رحکردنی خودی ئه‌م پرسیارانه ده‌خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه.
من پێموایه، به تێڕوانینێکی وردتر له تیۆری کۆمۆنیزم و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌وه ده‌رئه‌که‌وێ که، ئه‌م پرسیارانه هیچ ناڕۆشنییه‌ک ناهێننه ئاراوه. وه‌لی من ئه‌م پرسیارانه‌م هه‌یه و ده‌مه‌وێ ئێوه‌ش بیری لێ بکه‌نه‌وه و به‌شداری له تهرحکردنیدا بکه‌ن.
یه‌که‌مین خاڵێک له په‌یوه‌ست به ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه ئه‌مه‌یه:
ده‌سه‌ڵاتی حیزب یان چین؟ که‌سێک، که بیر له سه‌رئه‌نجامی ئه‌م باسه ده‌کاته‌وه، ئه‌مه یه‌که‌مین پرسیارێکه، که ڕووبه‌ڕووی ئێمه‌ی ده‌کاته‌وه. لێمان ده‌پرسێت، که بۆچی ده‌تانه‌وێ له باره‌ی “حیزب” و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه بدوێن؟ به پێی تیۆری سۆسیالیستی بڕیار بو، قسه له باره‌ی “چین” و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه بکه‌ن، بڕیار وا نییه که، ئێوه کۆمۆنیسته‌کان، سه‌باره‌ت به گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن حیزبه‌که‌تانه‌وه بدوێن. سه‌رئه‌نجام (له‌م ڕوانگه‌یه‌وه)، باسی “حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی” له‌گه‌ڵ تیۆری سۆسیالیستی‌دا ناکۆک دێته‌وه. پێمان ده‌ڵێن، به‌و پێیه‌ی, که تیۆری ده‌ڵێت، چینی کرێکار ده‌سه‌ڵات له بۆرژوازی ده‌سه‌نێت و خۆی به ناونیشانی چینی فه‌رمانڕه‌وا ڕێک ده‌خات، ئه‌وه ڕۆشن نییه، که حیزب لێره‌دا، چ جێگایه‌کی هه‌یه و هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه، بۆچی باسی “حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی” ئه‌هێننه ئاراوه؟
ئه‌م “قه‌ده‌غه‌بوون”ه له په‌یوه‌ند به حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه، ته‌نها به ئێمه ده‌گوترێت. ته‌نها ئێمه کۆمۆنیستهکانین کاتێک که باسی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌که‌ین، هۆشداریمان پێ ئه‌ده‌ن که له جێی خۆمان دانیشین، ئێوه به پێی تیۆرییه‌که‌ی خۆتان، بڕیار نییه، وه‌کوو حیزب له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نزیک ببنه‌وه، به‌ڵکوو بڕیاره چینی کرێکار له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نزیک بێته‌وه.
ئێمه، چ له ده‌روونی بزاڤی سۆسیالیستی و چ له ده‌ره‌وه‌ی خۆمان، ڕووبه‌ڕووی ئه‌م جۆره هه‌ڵوێستانه و ئه‌م جۆره هۆشداریدانانه ده‌بینه‌وه. ئه‌مه بۆ ئێمه، له ڕیزی چشته “قه‌ده‌غه‌کراو”ه‌کان ده‌ژمێردرێت. ئه‌گه‌ر بێت و پێنج که‌سی ناسیۆنالیست له ده‌وری یه‌کدی کۆوه‌بن و پارتێکی نوێ دامه‌زرێنن، ئه‌وا یه‌کسه‌ر باسی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌که‌ن، هیچ که‌سێکيش نایات بیانوویان پێ بگرێت، هیچ که‌س! ده‌ڵێن، حیزبی ناسیۆنالیستی تازه‌ی ئێران دامه‌زراوه و به‌ڕێز فڵانه‌که‌س سه‌رۆکه‌که‌یه‌تی و بڕیاری خۆی بۆ گرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ڕاده‌گه‌یه‌نێ، سه‌رۆکی کۆمار و سه‌رۆکی وه‌زیرانیش ده‌ناسێنن و له ڕۆژنامه‌کان و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆنیش سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه، چاوپێکه‌وتن ساز ئه‌که‌ن، لێ ئه‌گه‌ر ئێمه بڵێین، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری گه‌ره‌کێتی به ئاقاری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌نگاو بنێ، یه‌که‌مین که‌سێک که یه‌خه‌مان ده‌گرێت، یه‌کێک له‌و چه‌پانه‌ی په‌نا ده‌ستی خۆمان، له چه‌شنی “یه‌کێتی کۆمۆنیستی”یه، که ده‌ڵێت: کاکه ئه‌وه چی قه‌وماوه؟ ئه‌وه چینه که بڕیاره ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، ئه‌ی مه‌گه‌ر دیارده‌ی یه‌کێتی سۆڤێتی نابینن؟
ئه‌مه، گراچو مارکس، کۆمیدیگهری به‌ناوبانگی ئه‌مریکاییم دێنێته‌وه یاد که، ده‌ی گوت: من نابمه ئه‌ندامی یانه‌یه‌ک که، که‌سانی وه‌کوو من به ئه‌ندامی خۆی قبوڵ بکات! تێڕوانینی که‌سانی به‌رامبه‌ریشمان له‌و جۆره‌یه. ده‌ڵێت، من ئاماده‌م له کۆمه‌ڵگایه‌کدا، که له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی بۆرژوالیبراڵدایه زینده‌گی بکه‌م، ئاماده‌م له ژێر سایه‌ی حکومه‌تی کۆنسێرڤاتیڤ (پارێزگاران)ه‌کان زینده‌گی بکه‌م، ئاماده‌م له ژێر سایه‌ی حکومه‌تی لیبراڵی‌دا زینده‌گی بکه‌م، به‌ڵان له‌ژێر سایه‌ی حکومه‌تێکدا که، ده‌وڵه‌ته‌که‌ی له که‌سانێکی وه‌کوو من پێکدێت، ئاماده نیم زینده‌گی بکه‌م!
ئه‌مه خاڵێک و لایه‌نێکی تیۆریی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یه، که قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌که‌ین و پێویسته بچینه سه‌ری. ئێمه مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه، له باره‌ی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌وه به‌و جۆره بدوێین, که ئه‌مڕۆ گه‌ره‌کمانه پێی بدوێین. پاشان ده‌چینه سه‌ر باسه کۆنه‌کانی خۆمان له مه‌ڕ، شۆڕشی کرێکاری، ڕێکخستنی جه‌ماوه‌ریی کرێکاران، گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ڕاپه‌ڕین.
مه‌هدی خانبابا تارانی له گفتوگۆیه‌کیدا له‌گه‌ڵ “نیمروز”، که من خوێندومه‌ته‌وه ده‌ڵێت، کێشه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌وه‌یه, که چاوی له ده‌سه‌ڵات بڕیوه! من تێناگه‌م. ئه‌ی گوایه، بڕیاره ئۆپۆزیسیۆن چ کارێکی دی بکات؟ گرفتی مه‌هدی تارانی، بۆ نموونه، ئه‌وه نییه که ئۆپۆزیسیۆن، له مه‌ڕ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه، باش یان خراپ بیر ده‌کاته‌وه، ده‌ڵێت، کێشه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئه‌وه‌یه, که چاوی له ده‌سه‌ڵات بڕیوه!
یه‌که‌مین خاڵێک, که من ده‌مه‌وێ بیڵێم و ڕه‌نگه وه‌ک کفر ته‌ماشای بکرێت ئه‌وه‌یه, که ئه‌م حیزبه چاوی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بڕیوه و گه‌ره‌کێتی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له چنگ بگرێت. ئه‌مه نه‌ک هه‌ر ته‌نها له‌گه‌ڵ به ده‌سه‌ڵاتگه‌ییشتنی چینی کرێکاردا ناکۆک نییه، به‌ڵکه له بنچینه‌دا، ته‌نها ڕێیه‌ک بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له لایه‌ن چینی کرێکاره‌وه ئه‌وه‌یه, که له ڕێگه‌ی حیزبه‌که‌ی خۆیه‌وه ده‌ست بۆ ده‌سه‌ڵات به‌رێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی, که ده‌سه‌ڵاتگرتن له لایه‌ن حیزبه‌وه، ده‌کرێت ده‌سه‌ڵاتگرتنی چینی به دوادا نه‌یات، په‌یوه‌سته به‌وه‌ی, که ئه‌و حیزبه چ جۆره حیزبێکه. قسه‌کانی من، سه‌باره‌ت به حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکارییه.
خاڵێکی دیکه که به ڕواڵه‌ت و گوایه له تیۆرییه‌وه بۆ ئێمه هاتووه، ئه‌وه‌یه, که پرۆسه‌ی دهسهڵاتگیری سیاسی وه‌کوو پرۆسه‌ی ناشتنی دره‌ختێکه، ئه‌ویش به‌و مانایه‌ی که: کۆمۆنیسته‌کان، به کارکردن له نێو چینی کرێکار ده‌ست پێ ئه‌که‌ن. ته‌بلیغ، ته‌رویج، سازمانده‌یی ئه‌که‌ن و له نێو ‘چین”دا په‌ره ئه‌ستێنن. ورده ورده چین ڕێک ده‌خه‌ن. که‌سان و کۆڕ و کۆمه‌ڵی ده‌روونی چین، ده‌بنه کۆمۆنیست. ئه‌م توانا و چوونه نێو “چین”ه‌وه، هه‌نگاو به هه‌نگاو ڕوو له زیادی ده‌کات. توانای ئاکسیۆنی په‌یدا ئه‌که‌ن. توانای خۆپیشاندان په‌یدا ئه‌که‌ن و به درێژایی ئه‌م پرۆسه‌یه، په‌یوه‌ندی نێوان حیزب و چین به جۆرێک مه‌حکه‌م ده‌بێت، که حیزب ده‌توانێت چینی کرێکار بۆ ڕاپه‌ڕین به کێش بکات. شۆڕش ڕێک بخات و ده‌سه‌ڵات له چنگ بگرێت.
ئه‌مه تیۆری چه‌پ و وێنای گشتیی کاری کۆمۆنیستییه.
من ئه‌مه‌وێ لێره‌دا، یه‌ک پرسیاری کفراوی دیکه بکه‌م: ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م پرۆسه‌یه له بیست ساڵ زیاتر درێژه بکێشێت، ئێمه‌ش به ڕێکخستنی چینی کرێکار ده‌ست پێ بکه‌ین، بۆ نموونه، کرێکارانێک که هه‌نووکه بیست بیست‌ودوو ساڵانن و سازماندهییان بکه‌ین، له‌م باره‌دا، له پاش ١٠ تا ١٥ ساڵی تر، به‌شێک له‌وانه ده‌بنه خاوه‌نی منداڵ، ژماره‌یه‌ک نه‌خۆش ده‌که‌وون و ژماره‌یه‌کیش له‌وانه ده‌ست له کاری سیاسی ده‌کێشنه‌وه. سه‌رئه‌نجام ده‌بینین، له پاش ئه‌م هه‌موو ساڵه ئێمه، له لایه‌که‌وه به ڕواڵه‌ت مرۆڤه‌کان ده‌که‌ین به کۆمۆنیست، له لایه‌کی دی، ئه‌وانه خانه‌نشین ده‌بن و له کاری سیاسی دوور ده‌که‌ونه‌وه.
مه‌گه‌ر فێرکاری سۆسیالیستی، کۆمۆنیزم، ڕێکخراوبوونی چین و په‌یوه‌ندی نێوان حیزب و چین، له وه‌چه‌یه‌که‌وه بۆ وه‌چه‌یه‌کی تر ده‌گوازرێته‌وه؟ بۆ نموونه، ئێمه بێین، کار له‌سه‌ر کرێکارانی ده‌یه‌ی شه‌سته‌کان و حه‌فتاکانی ئێران بکه‌ین و به ئومێدی ئه‌وه بین، که له‌گه‌ڵ کرێکارانی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی بیست و ده‌یه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌می ئێران به ده‌سه‌ڵات بگه‌ین؟
ئایا ده‌کرێت، حیزبێکی کۆمۆنیستی بۆ ماوه‌ی ٥٠ ساڵ له نێو کرێکاراندا کار بکات و پاش ٥٠ ساڵ به ده‌سه‌ڵات بگات؟
بۆ من، به ناونیشانی ڕێبوارێکی بێگوناه له کۆمه‌ڵگادا، چاوه‌ڕوانییه‌کی له‌و جۆره نه‌شیاوه. چونکه ئه‌م میراته ڕێکخراوه‌ییه، ئه‌م گفت و به‌ڵێنه ئایدیۆلۆژییه، ئه‌م وشیارییه چینایه‌تییه و ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان حیزب و چینه، هه‌روا به سانایی له وه‌چه‌یه‌که‌وه بۆ یه‌کێکی دی ناگوێزرێته‌وه. ئێمه گه‌ره‌کمانه ئه‌مه ببینین! ئێوه له نێو کرێکاراندا هه‌ڵده‌سوڕێن و بۆ نموونه، به ڕاده‌ی له سه‌دا ٢٠ په‌ره‌تان سه‌ند و پاش ماوه‌یه‌ک حه‌وسه‌ڵه‌یان نامێنێ، ده‌نا ڕاده‌ی هاتن و چوون چه‌ند ده‌بێت؟ ئێمه به‌رده‌وامی به ژیانی سیاسیمان ئه‌ده‌ین، له کاتێکدا ئه‌و کرێکارانه‌ی، که کار و چالاکیمان له‌گه‌ڵدا ده‌کردن، ده‌ڕۆن. ئێمه، ئه‌م دیارده‌یه له زینده‌گی سیاسی خۆماندا ده‌بینین.
ئه‌م حیزبه، حیزبێک بوو که، له یه‌کی ئایارهکانی شاری سنه ده‌خاڵه‌تی ئه‌کرد، له‌گه‌ڵ کۆڕ و کۆمه‌ڵه جۆراوجۆره‌کان که، گوێبیستی ڕادیۆ بوون، به‌رنامه‌ی حیزب و بهرنامهڕادیۆییهکانیان ڕونوس و بڵاو ده‌کردنه‌وه، سه‌فه‌ری هه‌نده‌رانیان ده‌کرد، په‌یوه‌ندی هه‌بوو. هه‌نوکه له خۆمان ده‌پرسین و خه‌ڵکانی دیکه‌ش لێمان ده‌پرسن، ئه‌و نفوزه‌ی که هه‌مان بوو، چی لێ به‌سه‌رهات؟ سه‌یر له‌وه دایه، که ئێمه ئه‌و نفوزه کرێکاری و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌مان له نێو دڵ و له دوای سه‌رکوتکارییه خوێناوییه‌کانی ٢١ (٣٠ی خورداد)ی حوزه‌یرانی ساڵی ١٩٨١دا په‌یدا کرد، ڕایه‌ڵه و پایه‌ی کرێکاریمان هه‌بوو و ئێستا نیمانه. چی‌یان لێ هات؟ مه‌سه‌له‌که ئاشکرایه، حه‌وسه‌ڵه‌یان نه‌ما، هه‌مویان له چاوه‌ڕوانی هاتنی شۆڕشدا نابن، تا ئه‌وان له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌رێت. پاش ماوه‌یه‌ک، بڕیارێکی دیکه له زینده‌گی خۆیان ئه‌ده‌ن و کارێکی دیکه ده‌که‌ن، یان هه‌ر به یه‌کجاری ده‌ڵێن، ئه‌م کاره که‌ڵک و ئاکامێکی نییه. ئه‌و کۆڕ و کۆمه‌ڵ و هه‌ڵسوڕاوه کریکارییانهی، که له‌و سه‌رده‌مانه، له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بوون، ئێستا ده‌بیستین که، خه‌ریکی کارێکی دیکه‌ن.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسییه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته حیزبییه، له وه‌چه‌یه‌که‌وه بۆ وه‌چه‌یه‌کی دیکه ناگوێزرێته‌وه. نفوزی کرێکاریی پارته‌کان پاشه‌که‌وت ناکرێت. ئه‌مه له چه‌شنی ده‌خیله‌یه‌ک نییه که، ئێوه پاره و پولی تێبکه‌ن، تا ده‌گاته بڕێکی وا که بایه‌خی هه‌بێت.
کاتێک، که نفوزی کرێکاری بهدهستئههێنی، به بڕوای من، یان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گری، یان که‌ڵکی لێ وه‌رناگری و ده‌بێت دووباره بچیت کار بکه‌یته‌وه تا به شوێنێک بگه‌یت. ئایا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی که‌ڵک له‌و نفوزه وه‌رده‌گری، یان نا؟ ئه‌زمونی ته‌واوی پارته کۆمۆنیسته‌کانی ئه‌وروپا به‌و جۆره‌یه. ئه‌زمونی ته‌واوی پارته سیاسییه چه‌په‌کانی دنیا به‌و جۆره‌یه.
ئه‌و حیزبانه‌ی که له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه دێنه سه‌ر کار، هه‌ر چوار ساڵ جارێک، له وڵاته دیموکراتیکه‌کاندا، به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌ن و خه‌ڵکی، ده‌نگیان پێ ده‌دات، چه‌په‌کانیش وه‌ک هه‌میشه، هیچ کاتێک ده‌نگ ناهێنن. ئه‌گه‌ر بڕوانیته داستانی زینده‌گی چه‌پی سیسته‌می په‌رله‌مانی و چه‌پی ڕادیکاڵ، ده‌بینیت که، ترۆتسکییه‌کان، له هه‌ندێک کاتدا و سه‌رئه‌نجام، نزیک ده‌بنه‌وه له‌وه‌ی که، له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی ناوچه‌ییدا، که‌سێکیان بگاته ئه‌نجومه‌ن و تازه له دوای ٢٠ ساڵ و ته‌نانه‌ت له وڵاتگه‌لێکی وه‌کوو ئینگلته‌را و فه‌ره‌نسا، ناتوانن ئه‌م کاره‌ش له هه‌ڵبژاردنه ناوچه‌ییه‌کاندا بکه‌ن. ئه‌مه داستانی سه‌رکه‌وتنه‌کانی پارته چه‌په ڕادیکاڵه‌کانه، له په‌یوه‌ست به ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه، له سیسته‌مه په‌رله‌مانییه‌کاندا. کاتێکیش که به ڕواڵه‌ت هاوڕێ فڵان چووه نێو ئه‌نجومه‌نی شاره‌وه، ئیدی باسێک له مه‌ڕ ده‌سه‌لاتی سیاسی نامێنێته‌وه.
ئه‌بێ ئه‌م پرسیاره بکرێت:
ئایا ڕێی تێ ئه‌چێت، به تیۆرییه‌کی له‌م جۆره، یانی تیۆری پهرةسهندنی پله به پله، له په‌یوه‌ست به گه‌ییشتن له خاڵی A بۆ B، له سفره‌وه بۆ سه‌د و ئاماده‌کاری بۆ ڕاپه‌ڕین، به ئاکامێک بگه‌ین؟ هه‌روه‌ها، ئایا ڕاپه‌ڕینی کۆمۆنیستی، سه‌رئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌کی له‌و بابه‌ته‌یه؟
خاڵێکی تر و پرسیارێکی تر: ئایا، هه‌ر کاتێک که بمانه‌وێت یان بتوانین، ده‌توانین ده‌سه‌ڵات له ده‌ست بگرین، یان ئه‌وه‌تا له کۆمه‌ڵگادا، ده‌بێ ئاڵ‌وگۆڕێک ڕووبدات؟
وای دابنێ که ئێمه په‌ره‌مان سه‌ند و له سه‌دا ٣٠ تا ٤٠ی کرێکاران به ڕیزه‌کانی ئێمه‌وه په‌یوه‌ست بوون، هه‌روه‌کوو حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیا، یان وه‌کوو حیزبی کۆمۆنیستی فه‌ره‌نسای ٢٠ ساڵ به‌ر له ئێستا. ئایا، کاتێک به ئێره گه‌ییشتن، ئیتر خۆت بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات ئاماده کردووه؟ ئایا مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندی نێوان حیزب و چین یه‌کلا ئه‌بێته‌وه؟ ئایا، هه‌ر کاتێک حیزب، چینی بۆ شۆڕش ئاماده کرد، شۆڕش ئه‌بێت؟
شۆڕش، دیارده‌یه‌که له کۆمه‌ڵگادا. سه‌رئه‌نجام، له ڕوانگه‌ی ڕێکخراوه‌یی و فکریی چه‌په‌وه ده‌گووترێت که، هه‌ر کاتێک ئێمه ئاماده بووین، ئه‌چین ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست ئه‌گرین. به‌ڵام تیۆری مارکسیستی ده‌ڵێت که، پێویسته کۆمه‌ڵگا بکه‌وێته نێو ده‌وره‌یه‌ک له گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانه‌وه، تاوه‌کوو بتوانین له ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵگادا ده‌خاڵه‌ت بکه‌ین. کۆمه‌ڵگایه‌ک، که نایه‌وێت ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت، به سه‌رکوت به‌ر به‌و کرێکاره ده‌گرێت، که ده‌ست بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌بات، با ڕاده‌ی ڕێکخراوبوونی به هه‌ر ئه‌ندازه‌یه‌کیش بێت. ناکرێت تۆ، له به‌ره‌به‌یانێکی ئارام‌دا، له خه‌و ڕابیت و بڵێیت، من ئاماده‌م ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست بگرم، خودی کۆمه‌ڵگا له بار و دۆخێکی وه‌هادا، ڕێگات پێ نادات که ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست بگریت.
جۆشخواردنی شۆڕشگێڕانه، هه‌ڵکشانی کاری سیاسی، له ئارابوونی ناکۆکییه‌ک له ناخی کۆمه‌ڵگه‌دا، که چینه‌کان بۆ ململانێکردن له‌گه‌ڵ یه‌کدی به كێش ده‌کات و له هه‌ندێک بڕگه‌ی تایبه‌تی نێو ئه‌و ململانێیه‌دا، ده‌کرێت ده‌سه‌ڵات بگریت، له‌و فاکته‌ره گرنگانه‌ن که، کاریگه‌ریان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌یه. ئایا، له هه‌ر کات و ساتێکدا، ده‌کرێت ده‌سه‌ڵات له ده‌ست بگیرێت؟ ئایا، ئه‌گه‌ر پێت وا بوو، که له باری ڕێکخراوه‌یی، چه‌ندایه‌تی، سه‌ربازی و هێزه‌وه ئاماده‌یت، ده‌کرێت ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست بگریت؟ ئایا ده‌سه‌ڵات، له هه‌ر بار و دۆخێک‌دا، قابیلی لهدهستگرتنه، یان ئه‌وه‌تا به ته‌نها، له نێو بار و دۆخێکی تایبه‌تیدا ئه‌کرێت ده‌ستی بۆ ببردرێت؟
وه‌ڵامی من بۆ ئه‌م پرسیارگه‌له ئه‌مه‌یه:
به دیدی من، تیۆری زرک، هه‌میشه حیزب به بێ چین و چین به بێ حیزب له‌به‌رچاو ده‌گرێت. کاتێک که ده‌رباره‌ی حیزب ده‌دوێت، به ناونیشانی ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانێکی بێ ڕه‌گ و ڕیشه له‌گه‌ڵ هه‌بوونی جیاوازییه‌ک ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که، ئه‌مه ئه‌نجومه‌نێکی شۆڕشگێڕانه‌یه و به ته‌واوه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی چینه و له ده‌روونی خودی چیندا هیچ کاریگه‌رییه‌کی نابێت و به‌ر هیچ کاریگه‌رییه‌کیش ناکه‌وێت. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌مان له ئه‌ده‌بیاتی پێشووترماندا شرۆڤه کردووه. کاتێکيش باسی چین ئه‌کات، پێی وایه که، ئه‌م چینه بچووکترین حیزبیبوونیان (تحزب/ وه‌رگێڕی کوردی) له نێودا نییه، ئه‌وه خودی کرێکارانن که له حاڵی ته‌حه‌سون (ڕاگرتنی کار و مانه‌وه له شوێنی کار/ و. ک) و مانگرتندان و به هه‌مان سه‌روسیما و به ده‌سته‌گه‌لی ده‌سه‌ڵات ده‌گرن، وه ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌وانه، خۆیان ڕێکخراو کرد، یان ڕێکخراوێکی سیاسی له نێویاندا ته‌شه‌نه‌ی کرد، ئه‌وا یه‌کسه‌ر شۆڕشه‌که‌یان له‌که‌دار ئه‌بێت!
به شێوه‌یه‌کی گشتی، له ده‌ربڕینه زرکهکانی تیۆرییه باو و بڵاوه‌کاندا ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره له ئارادایه: حیزب له لایه‌ک به بێ کرێکاران، کرێکاران له لایه‌کی دی به بێ حیزب.
ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی که، خه‌سڵه‌تی کرێکاریی یه‌ک حیزبی کۆمۆنیستی و کرێکاریبوونی، له هه‌بوونی یه‌ک به‌رنامه‌ی کرێکاریدایه، به بێ ئه‌وه‌ی به ناچاری تێکڕای کرێکاران، یان زۆرایه‌تی کرێکاران له‌گه‌ڵیدا بن، دیارده‌یه‌که که، ئێمه گه‌ره‌کمانه ته‌رحی بکه‌ین.
حیزبێکی کرێکاری، با له نێو کرێکاراندا که‌مایه‌تیش بێت، له ساته‌وه‌ختی مێژوویی چارهنووسزازدا، ده‌توانێت، بزاڤی زۆرینه‌ی کرێکاران ڕێکبخات، ڕاپه‌ڕین به‌رپابکات، ده‌سه‌ڵات بگرێت و بیپارێزێت و له ڕاستیدا، له‌م ڕێییه‌وه ده‌توانێت، ببێته زۆرایه‌تی. به بڕوای من، ئه‌م کاره ده‌شێت بکرێت. پێویسته به‌م جۆره بێت، ئه‌گه‌ر نا، هه‌ر که‌سێک بێت، هه‌ر مامۆستایه‌کی زانکۆ که سۆسیالیزمی خوێندووه بڵێت، ئه‌م کاره جووت نایه‌ته‌وه له ته‌ک ئه‌و شته‌ی که من خوێندوومه، یان هه‌ر چه‌پێک که، وانه‌ی له ستالینیزمه‌وه وه‌رگرتووه، به ئێمه بڵێت، ئێوه له نێو کرێکاراندا، که‌مینه‌یه‌کی تایبه‌تن و مافی ئه‌وه‌تان نییه ده‌ست بۆ ده‌سه‌ڵات ببه‌ن، وه‌ڵامی من بۆ ئه‌وانه به‌م جۆره‌یه: تیۆری ئێمه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌م جۆره نه‌بووه، که ئێوه باسی ئه‌که‌ن.
وه‌ڵامی من ئه‌مه ئه‌بێت، ئێمه هیچ کاتێک، ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه له ئارادا نه‌بێت، ناتوانین زۆرینه‌ی چین، بۆ لای خۆمان ڕابکێشین، هیچ کاتێک ناتوانین. پێویسته که‌مایه‌تیی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستیی چین، له خه‌باتی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، چه‌ند هه‌نگاوێکیان نابێت، تا ببێته هۆی ئه‌وه‌ی، زۆرایه‌تی چین پێیانه‌وه په‌یوه‌ست بن. ئه‌گه‌ر له هه‌ر جێیه‌ک، شوێنپێیهکتان نه‌بێت، هیچ هۆکارێک له ئارادا نییه، تاوه‌کوو که‌سێک پێتانه‌وه په‌یوه‌ست بێت. هیچ که‌سێک پاڵنه‌رێکی نییه، به حیزبێکه‌وه په‌یوه‌ست بێت که، به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ کارێکی گرنگ پێ نه‌بێت. جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک، به که‌سانێکه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بن که، به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تییان بۆ گۆڕینی کۆمه‌ڵ هه‌یه. جه‌ماوه‌ری چینی کرێکار، کاتێک ته‌ماشا ئه‌کات که، ئێوه ڕاپه‌ڕین ده‌خه‌نه ده‌ستوری کاریانه‌وه و پاشان پێتان ناکرێ و ڕێکخستنهکهیتان بۆ مه‌یسه‌ر نابێت، ده‌ڕوات په‌یوه‌ندی به حیزبێکی ڕیفۆرمیستهوه ئه‌کات که، به لای که‌مه‌وه ده‌توانێت زیادبوونی کرێکانیان بۆ مسۆگه‌ر بکات. په‌یوه‌ندی حیزب و چین له‌گه‌ڵ شۆڕش و چاکسازی، په‌یوه‌ندییه‌کی تایبه‌تی و به ته‌واوه‌تی مرۆڤایه‌تییه، ئه‌ویش باشبوونی بار و دۆخه له هه‌ر ساتێک و باشبوونی بار و دۆخی زینده‌گییه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر کرێکاران ببینن که، ئێوه به نیاز نین و لهبارتاندا نییه به شێوه‌یه‌کی ئۆبژه‌کتیف، بزووتنه‌وه‌یه‌ک ڕێک بخه‌ن که، ئاکامێکی هه‌بێت، چاکه، ده‌ڕۆن ده‌نگ به هه‌مان حیزبی چه‌پی بۆرژوایی ده‌ده‌ن که، لانیکه‌م پێیان ده‌کرێت به‌ر به کۆنسێرڤاتیڤه‌کان بگرن، داکۆکی له لانیکه‌می ژیان بکه‌ن، یان له ده‌رمان و دکتۆری خۆڕایی پارێزگاری بکه‌ن…
وه‌ڵامی خودی من به‌م بابه‌ته ئه‌مه‌یه:
حیزبێکی کرێکاری، که که‌مایه‌تییه‌ک بێت، هێزێکی واقیعی له ده‌روونی چیندا هه‌بێت، حیزبێکی کۆمۆنیستی، که هێزێکی واقیعی هه‌ستپێکراوی له ده‌روونی چیندا هه‌بێت، که توانای کاری شۆڕشگێڕانه و ڕادیکاڵی له ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تیدا پێ ببه‌خشێت، ئه‌وا له ڕێگه‌ی هه‌مان کاری شۆڕشگێڕانه و ڕادیکاڵی نێو مه‌یدانی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ده‌توانێ باقی “چین”ه‌که بۆ خۆی ڕابکێشێ. میکانیزمی نزیکبوونه‌وه‌ی حیزب له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له په‌یوه‌ست به چینه‌وه ئه‌مه‌یه، حیزب کاتالیزاتۆری (catalysator، حفاز/ و. ک.) نییه تاوه‌کوو چین میتابۆلیزمی(کارلێکردن، تفاعل/ و. ک.) ده‌روونی خۆی تێدا ببینێت. به هه‌مان شێوه و به بڕوای من، هه‌مان که‌مایه‌تی و هه‌مان حیزبه ناچارن، که له پاش گرتنی ده‌سه‌ڵات یه‌کسه‌ر، ڕۆڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه له ڕێکخستنی ده‌سه‌ڵاتدا بگێڕن.
به‌م پێیه، ئێمه‌ش هه‌روه‌کوو پارتگه‌لی بۆرژوازی، هه‌ڵپه‌ی دهسهڵاتمانه، واته، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت ده‌سه‌ڵات بگرین. ئه‌گه‌ر حیزبێکی بۆرژوازی بڵێت که، ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست بهێنێت، ئایا پێیان ده‌ڵێین که، مه‌گه‌ر ئێوه حیزبێکی بۆرژوازی نین، ئایا ته‌واوی بۆرژوازی له‌گه‌ڵ ئێوه‌دان و لێیان ده‌خوازین که، نفوزی خۆیانمان له نێو تاک به تاکی بۆرژواکاندا پێ نیشان بده‌ن؟ وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه و ده‌ڵێن، هه‌ڵبژاردن ئه‌که‌ین، تا ببینین که، ئه‌و نفوزهمان هه‌یه، یان نا؟ هه‌ڵبژاردن ئه‌و ڕێگایه‌یه که ئه‌وان، پرۆسه‌ی به‌ده‌ستهێنانی هێز و نفوز له نێو چینه‌که‌ی خۆیانى پێ نیشان ئه‌ده‌ن.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن به‌رنامه و ڕێگای ئێمه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات نییه، ئه‌وا ئێمه‌ش ده‌ڵێین، شۆڕش ئه‌که‌ین و پاشان ببینین که، کرێکاران پشتیوانیمان لێ ده‌که‌ن، یان نا؟ ئێمه‌ش ڕێک ئه‌م پرۆسه کۆمه‌ڵایه‌تییه ته‌رح ئه‌که‌ین. بێگومان ئه‌وان ده‌ڵێن که: ئێمه شۆڕشهکهتانمان قبوڵ نییه. ئێمه‌ش ده‌ڵێین: هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێوه‌مان قبوڵ نییه. ئه‌مه‌وێ بڵێم که، ئه‌م دووتای ته‌رازووه هاوسه‌نگن.
کاتێک له کۆنگره چووینه ده‌ره‌وه، بۆ نموونه، له چاوپێکه‌وتنێکدا ئه‌ڵێین، به‌ره‌و به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌نگاو ئه‌نێین، یه‌کسه‌ر چه‌پی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان هاواری لێ به‌رز ده‌بێته‌وه و ده‌ڵێت، ببینن ئه‌وانه سیکت (سیکتاریست/ و. ک)ن ، گه‌ره‌کیانه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆ خۆیان پاوه‌ن بکه‌ن! وه‌ڵامی من بۆ ئه‌وانه ئه‌مه‌یه که، مه‌گه‌ر ئێوه له پێناوی چیدا هاتوون؟ ئایا ئێوه له‌و ئۆتۆمۆبیله کۆنه ئهڵمانییهن که مۆتۆڕه‌که‌ی له دواوه‌یه، تا چین بده‌نه پێش خۆتان؟ ئه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی بوونی خودی ئێوه چییه؟
به بڕوای من، په‌یوه‌ندی نێوان حیزب و چین له بازنه‌یه‌کدا دێت و ده‌چێت، لاواز ده‌بێت و به‌هێز ده‌بێت. پله پله ههڵناکشێ و پاشه‌که‌وت ناکرێ. ئێوه به ناونیشانی حیزبێکی سیاسی، له هه‌ر ده‌وره‌یه‌کدا، هه‌لێکی دیاریکراوتان له‌به‌رده‌ستدایه که، چین، بۆ هه‌ستانێک، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، ساز و ئاماده بکه‌ن. ئه‌گه‌ر له‌مه که‌ڵک وه‌رنه‌گری، ئه‌بێ بڕۆیت له سه‌ره‌تاوه تێ ههڵچیتهوه. هێز له جێیه‌ک بۆ ئێوه پاشه‌که‌وت نابێت. ڕه‌نگه له بیره‌وه‌ری مێژوویی کرێکاران، بیره‌وه‌ریی کۆمه‌ڵگه، نفوزی نێو چه‌پدا بمێنێته‌وه، به‌ڵام نفوزی سیاسی ئێوه له نێو کرێکاراندا له شوێنێکدا پاشه‌که‌وت ناکرێت. کرێکار دێت و ده‌ڕوات، ده‌وره‌یه‌ک له‌گه‌ڵتاندایه و ده‌وره‌یه‌ک له‌گه‌ڵتاندا نییه. ئه‌گه‌ر شۆڕش بکه‌یت و شۆڕش شکست بخوات، کرێکاران ڕیزه‌کانت شه‌پۆل شه‌پۆل به‌جێ ده‌هێڵن. منیش بم ئه‌ڕۆم و به‌جێت ئه‌هێڵم. هه‌ر که‌سێک ئه‌قڵی پێ بشکێ، پاش تێکشکانی شۆڕش، حیزبه کۆمۆنیسته‌کان به‌جێده‌هێڵێت. به‌رده‌وامی ژیانی حیزبێکی کۆمۆنیستی له بار و دۆخێکی وادا، به‌رنامه و نه‌خشه‌یه‌که، که ئه‌و حیزبه کۆمۆنیسته ڕێنوێنی بکات و له‌سه‌ر پێ ڕای بگرێ، به‌ڵام له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، ئه‌گه‌ر که‌سێک یه‌ک هه‌نگاو له‌و لای ئه‌و شوێنه‌وه ڕاوه‌ستابێت، ئه‌وا ده‌ڕوات، ئۆقره‌ی لێ ده‌بڕێت.
خه‌ڵکی پێیان خۆشه، له بری ئه‌وه‌ی سیناریۆیه‌کی سه‌یر و سه‌مه‌ره بۆ زینده‌گییان بکێشن، له دنیادا بژین و باش بن، خۆشگوزه‌ران بن، تێکه‌ڵی و دۆستایه‌تییان هه‌بێت.
ئێمه کۆمه‌ڵه که‌سانێکین، له‌به‌ر هه‌ندێک هۆ، جۆره سیناریۆیه‌کی زینده‌گی، بۆ خۆمان هه‌ڵده‌بژێرین، وه‌لێ جه‌ماوه‌ری فراوانی خه‌ڵک، ئه‌م کاره ناکه‌ن. سه‌رئه‌نجام، ده‌وره‌یه‌ک بۆ ئێمه هه‌یه، که، کار و چالاکی تێدا ئه‌نجام بده‌ین، یان ئه‌وه‌تا به ئه‌نجامێکی ده‌گه‌یه‌نین، یان ئه‌بێ هه‌مدیسان له سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێ بکه‌ینه‌وه.
ئایا گرتنی ده‌سه‌ڵات، په‌یوه‌سته به نفوزی ئێمه له نێو چینی کرێکاردا، به جۆرێک که، هه‌ر کاتێک به‌و ئاسته گه‌ییشتین و هه‌ر کاتێک گه‌ره‌کمان بێت، بچین ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرین؟ به بڕوای من، نه‌خێر! حیزبێک ده‌توانێت ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست بگرێت که، ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له نێویدا ئاوێزان (هه‌ڵواسراو، معلق/ و. ک.)ه، ده‌سنیشان بکات. ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕوانگه‌یه‌مان نه‌بێت، هیچ کاتێک ناتوانین ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست بگرین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هێزێکی مه‌زنیش له کرێکاران له‌گه‌ڵماندابن.
له مێژووی پارته چه‌په‌کاندا نموونه‌گه‌لی زۆر هه‌یه، که ته‌نانه‌ت سیمپاتی ته‌واوی کرێکارانی بۆ خۆی به‌ده‌ستهێناوه، ئه‌گه‌ر ده‌ستیان بۆ ڕاپه‌ڕین ببردبایه، کاره‌که ته‌واو ببوو. ڕاپه‌ڕینیان نه‌کرد، ئه‌و کرێکارانه‌ش که له‌گه‌ڵیاندابوون، ڕۆیشتن، ڕابهرانیشیان گیران و له سێداره دران. چه‌ندین نموونه له سه‌ر حیزبه چه‌په‌کان هه‌یه، که دواتریش سه‌رکۆنه کراوون که: ئێوه ئه‌م هه‌موو نفوزهتان هه‌بوو، هێز و تواناتان هه‌بوو و … بۆچی له‌و هه‌لومه‌رجه دیاریکراوه‌دا، که مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵات کراوه بوو، نه‌چوون ده‌سه‌ڵات بگرن؟
ڕه‌نگه بڵێن، کرێکاران له هه‌لومه‌رجێکی وادا ڕیزه‌کانمان به‌جێ ناهێڵن. به‌ڵام بۆرژوازی که بێکار دانانیشێ، پڕوپاگه‌نده ئه‌کات، پێشنیاری ڕیفۆرم ئه‌کات و چاکسازی له کۆمه‌ڵدا ئه‌کات، ئه‌و مۆڵه‌تی چوون بۆ پیکت (picket، کۆڕوکۆمهلی ناڕه‌زایه‌تی/ و.ک.) نادات، تا بگات به‌وه‌ی ئێمه، بۆ بهدهستهوهگرتی ده‌سه‌ڵات، کار له نێو کرێکاراندا بکه‌ین، کارێک ده‌کات، که له توانای ئێوه‌دا نه‌بیت.
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م فاکتۆرانه، به بڕوای من مه‌سه‌له‌که به‌م شێوه‌یه فۆرموله ئه‌کرێت:
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری له حاڵێکدا که، خاوه‌نی به‌شی کاریگه‌ری کرێکاران بێت، به‌شی که‌مایه‌تی، وه‌لی که‌مایه‌تییه‌کی کاریگه‌ر و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی کرێکاران، که‌مایه‌تییه‌کی خاوه‌ن ده‌نگی کرێکاران له کۆمه‌ڵگادا و که‌مایه‌تییه‌کی چالاکی کرێکاران بێت، ئه‌گه‌ر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری حیزبێک بێت به‌م مانایه که، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چینی کرێکاردا پته‌و بێت، به‌رنامه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌بێت، نفوزی خۆی له سه‌رده‌مانێکدا به ڕاده‌یه‌ک گه‌یاندبێت، که له ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی و له ناوجه‌رگه‌ی دنیای سیاسه‌تدا، به وێنه‌ی یه‌کێک له یاریکه‌رانی ئه‌سڵی گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت ده‌رکه‌وتبێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م حیزبه، هه‌سته‌وه‌ری بۆنکردنی به جۆرێک بێت، که بکارێت، ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی، که مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له کۆمه‌ڵگادا کراوه‌یه و بووه به بابه‌تی مشتومڕی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌سنیشان بکات، ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ده‌ست بهێنێ. بێجگه له‌مه، ناتوانێت ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست بهێنێ.
چاره‌نووسێکی حه‌تمی و ته‌وزی (جبري) له ئارادا نییه. به‌و کفرانه‌ی، که گوتم، ئێمه ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست ئه‌هێنین. ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاکێشه له مهسهلهکهشدا، حه‌تمی نه‌بوونی چاره‌نووسی ئێمه‌یه. مه‌سه‌له‌که به پراکتیکی خۆمانه‌وه، به توانستی دهستنیشانکردنمانهوه، به فاکتۆری بڕیار و ئیراده‌ی به ئاگایانه‌ی خۆمانه‌وه، له‌و دهورانانهی که هه‌لی به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات به ڕووی ئێمه‌دا کراوه‌یه، په‌یوه‌سته. من پێشتریش گوتوومه، سۆسیالیزمیش چشتێکی حه‌تمی و ته‌وزی نییه…
به‌داخه‌وه، له ژیانی ئێمه‌دا جارێک یان دووجار بارودۆخی وا دێته‌کایه‌وه. ئێوه پێویسته به‌رنامه و نه‌خشه‌ی خۆتان بۆ ئه‌و بار و دۆخه بنووسنه‌وه. ئه‌وه‌ی، که پرۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگا حه‌تمی نییه و له پاش من، کرێکاران و خه‌ڵکانێک به ناوی من و ئێوه‌وه دێن و سه‌رئه‌نجام ده‌سه‌ڵات ده‌گرن، هیچ ئارامییه‌ک به من و به‌م حیزبه تایبه‌ته نابه‌خشێت. به‌ڵکوو پێویسته، ئه‌م حیزبه تایبه‌ته بێت و بڵێت، که بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، بۆ ئێمه و له زه‌مانی ئێمه و کرێکاراندا، هه‌وڵ ئه‌دات، نه‌ک ئه‌وه‌ی، خه‌ریکی شرۆڤه و ڕوونکردنه‌وه‌ی سیناریۆیه‌ک بیت، که بڕیاره جیهان به‌پێی یاساکانی خۆی تێپه‌ڕێنیت.
سه‌رئه‌نجام، به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کارێکی عه‌مه‌لییه. به یه‌ک مانا، پێویسته بڵێم که، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌مانه ده‌گرێته‌وه:
١. ببێته نه‌ریت (سونه‌ت)ێکی سیاسی و خه‌باتکاری زیندوو، له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگا و چینی کرێکاردا. ئه‌م نه‌ریته، که له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵکشان و داکشانێکدا له‌به‌ین ناچێت. ئه‌گه‌ر ئێوه توانیبێتتان ببنه نه‌ریتێکی سیاسی، ئه‌وا کۆمۆنیزمی کرێکاری بووه به یه‌کێک له هێزه دهخاڵهتگهره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، یه‌کێک له‌و هێزه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که هه‌یه، ئه‌گه‌ر گریمان، هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام درا، ڕه‌نگه ١٠ یان ٣٠ی له سه‌دی ده‌نگی کرێکارانی به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام هێزێکه له مه‌یداندا، به‌شێکه له ژیانی خه‌ڵک، به‌شێکه له پێکهاته‌ی سیاسی کۆمه‌ڵ. ئه‌مه کارێکه، به‌ده‌ر له هه‌ڵکشان و داکشانه‌کان، به‌ده‌ر له بار و دۆخی شۆڕشگێڕانه و ناشۆڕشگێڕانه، ئێوه ده‌توانن پێوه‌ی سه‌رقاڵ بن و ئه‌وه مسۆگه‌ر بکه‌ن، که ئه‌م نه‌ریته بمێنێته‌وه و ڕێگای خۆی بکاته‌وه.
٢. به ناونیشانی یه‌ک حیزب، پێویسته هه‌لومه‌رج و بار و دۆخێک که بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئاماده‌یه، بناسیت و ده‌ستبکه‌یت به ده‌سته‌به‌رکردنی پێویستییه‌کانی. ئه‌و ده‌مه شانسی ئه‌وه‌ت ئه‌بێت که، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ده‌ستبهێنیت و ببیته حیزبی زۆرایه‌تی، یانی، حیزبی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ. ئه‌مه میکانیزمی به “زۆرایهتیبوون”ه، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه یانی، “زۆرایهتیبوون” میکانیزمی به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات بێت.
ده‌ستبردنی چینی شۆڕشگێر بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات، مه‌رجی زۆرایهتیبوونه له کۆمه‌ڵدا، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. زۆرایهتیبوون له کۆمه‌ڵگای ده‌ره‌وه و له په‌راوێزی مێژوودا، مه‌رجی مانه‌وه له مه‌یدانی ئه‌سڵی مێژوودا نییه. ئه‌مه ئه‌سته‌مه. ئه‌مه ئه‌و چوارچێوه‌یه‌یه که له هه‌ر گۆشه‌یه‌که‌وه تێی بڕوانیت، تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئێمه و پرۆسه‌ی زۆرایهتیبوونی ئێمه نیشان ئه‌دات. نه‌ک پرۆسه‌ی ورده ورده‌ی په‌ره‌سه‌ندنی مێژوویی و به‌رئه‌نجامی پرۆسه‌ی ته‌بلیغ و ته‌رویج و هاوخهتکردنی پێشوه‌ختی زۆرایه‌تی چین، که هه‌ڵوێستی هه‌میشه‌یی چه‌پی تا ئێستا بووه.
من هه‌وڵم دا، سه‌باره‌ت به‌و پێویستییانه‌ی که، چۆن ده‌توانیت بۆ نه‌ریتێکی سیاسی زیندوو له هه‌ناوی کۆمه‌ڵدا بگۆڕێیت، بدوێم. من کۆمه‌ڵه تێزێکی دیاریکراووم له په‌یوه‌ست به حیزبێکی تایبه‌ت و گراییشێکی تایبه‌ت له کۆمۆنیزم، خسته ڕوو. له په‌یوه‌ست به حیزبه کۆمۆنیسته‌کانه‌وه به شێوه‌یه‌کی گشتی، قسه و باسم نه‌کردووه. ئه‌و پێویستییانه ده‌ژمێرم:
– یه‌که‌مین مه‌رجی ئاماده‌بوونی ئێمه له‌و جه‌نگه‌ی که بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌کرێت، ئه‌وه‌یه، که ئاڵاهه‌ڵگری چه‌پی زێده‌ڕه‌وی (افراطی) نێو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگا بین، نه‌ک که‌سی دووه‌م و سێیه‌م. ده‌بێت ئاڵای چه‌پی زێده‌ڕه‌و له کۆمه‌ڵگادا، چه‌پی کرێکاری له کۆمه‌ڵگادا، به بێ ڕکابه‌ر (منافس) له ده‌ستی ئێمه‌دا بێت. ئێمه به ناونیشانی نوێنه‌ری ڕاپه‌ڕینی کرێکاریی داهاتوو، به ناونیشانی ئه‌و تارمایییه‌ی که له بان سه‌ری کۆمه‌ڵگاوه دێت و ده‌چێت، بناسرێین. ببینه ئه‌و لایه‌نه‌ی که، گشت ئه‌و هێزانه- که داکۆکی له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی که هه‌نووکه له ئارادایه ئه‌که‌ن- گه‌ره‌کیانه تاوانباری بکه‌ن. ئه‌م حیزبه، ئه‌و حیزبه بێت که، ئاڵای ناڕه‌زایه‌تی ڕادیکاڵی کرێکاری، ئاڵای مارکسیزم، ئاڵای ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی له‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی له ئارادایه، له دهستدابیت. نه‌ک یه‌کێک له بهشداریکهرانی چه‌پ، به‌ڵکه نوێنه‌ری کۆمۆنیزمی کرێکاری بێت. دواتر ده‌توانین ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی، که تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک به‌و ئاقاره‌دا چووینه‌ته پێش، یان هێشتا مه‌ودای نێوانمان چه‌نده، یان به کوێ گه‌ییشتووین، بکۆڵینه‌وه.
ئه‌مه یه‌کێکه له‌و قهڵهمڕهوانهی که پێویسته ئێمه بچینه ناویه‌وه. چونکه کاتێک کۆمه‌ڵگا ئێمه به ناونیشانی چه‌پ بناسێت و کاتێک بیری کرده‌وه، که ئه‌بێ ده‌سه‌ڵات بداته ده‌ستی چه‌پی زێده‌ڕه‌و، ئه‌مانه بوار ئه‌که‌نه‌وه، که ئێمه ده‌سه‌ڵات بگرین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگا بۆ نموونه، حیزبی توده به ناونیشانی نوێنه‌ری چه‌پی زێده‌ڕه‌و بناسێت و ئاره‌زووی ئه‌وه بکات، که ده‌سه‌ڵات به چه‌پ بدات، ئه‌وه به حیزبی توده‌ی ده‌سپێرێت. ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگا پێی وابێت که مارکسیسته‌کان له فیدائی و نه‌ریتی فیدائیدا به‌رجه‌سته بوونه و کاتێک که پێی خۆشه و شه‌یدای ئه‌وه‌یه که، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بداته ده‌ستی سۆسیالیسته‌کان، ئه‌وه به چریکه فیدائییه‌کانی ئه‌دات.
پێویسته ئاڵاهه‌ڵگری ئه‌و خواستانه، ئه‌و پێویستی و ئه‌و به‌رنامه و ئامانجه کۆمه‌ڵایه‌تییانه، ئه‌و ڕه‌خنه سیاسییه له هه‌ناوی کۆمه‌ڵدا بیت، تا خه‌ڵکی بڵێن، با ئه‌مانه تاقی بکه‌ینه‌وه، با له پشت ئه‌مانه‌وه خۆمان ته‌یار بکه‌ین. پێویسته له‌سه‌ر تۆ، ئه‌وه ده‌سته‌به‌رکه‌یت، که تۆ ئه‌و بزووتنهوهیهیت. ئه‌گه‌رنا، که‌سانێکی زۆر، وێنه‌ی مارکسیان به‌رز کرده‌وه و به سه‌رئه‌نجامێکی دیکه گه‌ییشتن.
– دووه‌م، ئه‌وه‌ی که، ئه‌بێ به‌شی چالاک، به‌رچاو و مه‌لموسی ئۆپۆزیسیۆنی کۆمه‌ڵگا بین. ئه‌وه‌م له‌سه‌ره‌تای قسه‌کانمدا گوت که، ده‌بێت له په‌راوێزی سیاسه‌ته‌وه به‌ره‌و دڵی کۆمه‌ڵگا بڕۆین. ده‌بێت یه‌کێک له چه‌ند یاریکه‌ری ئه‌سڵی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و یه‌کێک له چه‌ند یاریکه‌ری ئه‌سڵی هه‌لومه‌رجی سیاسی کۆمه‌ڵگا بین. باسی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ته‌نها ئه‌وه نییه که، ئایا ئێمه ده‌توانین ده‌وڵه‌ت به‌ده‌ست بهێنین، یان نا؟ به‌ڵکه ئه‌وه‌یه، ئایا ده‌توانین هێزێک له ده‌روونی کۆمه‌ڵگادا به‌ده‌ست بهێنین که، جێگای سه‌رنج بێت و بتوانین دواتر له ململانێی نێوان هێزه‌کان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات به کاری به‌رین و فکرێکی لێ بکه‌ینه‌وه؟ ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ره‌که‌مان سوپای هه‌یه، تاوه‌کوو که‌سێک به یه‌خسیری بهێڵێته‌وه، ئه‌وا ئێمه‌ش به هه‌مان شێوه، گه‌ره نوێنه‌ری ئه‌و هێزه بین له کۆمه‌ڵگادا. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانی گشت ده‌سه‌ڵاتیش گیربخهین، پێویسته له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای بۆرژوازیدا، هێزێک بین، حیسابمان بۆ بکرێ و بڵێن، “ئه‌وانه جێگای مه‌ترسین”. ده‌بێت هێز بین، ده‌بێت قسه‌ی خۆمان بکه‌ین، بڵندگۆ به دهستمانهوهبێت و ده‌بێت به‌شی واقیعی ئۆپۆزیسیۆن بین. دوایی ئه‌چینه سه‌ر ئه‌وه‌ی که، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تا چ ڕاده‌یه‌ک له‌م تێڕوانینه نزیک بووه‌ته‌وه. من خۆشحاڵم که خه‌ریکین له‌مه نزیک ببینه‌وه، چ له‌یه‌که‌م و چ له دووه‌م نزیک بووینه‌ته‌وه.
– سێیه‌م، ده‌بێت حیزبی ئه‌و چینه بین. من ئه‌زانم که، ڕه‌وتگه‌لێکی به ته‌واوی بێ ڕیشه، ده‌توانن له هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تیدا ڕیشه دابنێن و بێن و به ناونیشانی یه‌ک داروده‌سته‌ی بێ نه‌ریت ده‌سه‌ڵات بهگیرخهن، لێ ناچارن له میانه‌ی پرۆسه‌یه‌که‌وه، پایه‌کانی خۆیان له‌سه‌ر یه‌کێک له چینه کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که، له نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا هه‌ن گیر بکه‌ن، چونکه، چینگه‌لی کۆمه‌ڵایه‌تی نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ن. ناکرێت ته‌نها به ناونیشانی دوازده که‌سی نه‌گریس و گروهێکی دڕ، بڕۆى چنگ له ده‌سه‌ڵات گیر بکه. ئه‌بێ ته‌قه‌لای ئه‌وه بکه‌یت، له لایه‌ن توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و به کۆمه‌کی ئه‌و، ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست بهێنی. ئه‌و چینه بۆ ئێمه، چینی کرێکاره و ئه‌و توێژه بۆ ئێمه، توێژی سۆسیالیست و ڕادیکاڵی چینی کرێکاره، که له مێژه‌وه سه‌باره‌ت به وان قسه‌مان کردووه. ئێمه ئه‌بێ به‌شێک بین له‌م توێژه و به کرده‌وه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵیدا هه‌بیت. ئه‌مه گۆشه‌یه‌ک له په‌یوه‌ندی نێوان ئێمه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه که، هێشتا به عه‌مه‌لی فه‌راهه‌م نه‌بووه. ئێمه له په‌یوه‌ندییه‌کی زیندوو، خوڵقێنه‌ر و بهیهکترئاوێزان، له‌گه‌ڵ به‌شی ڕادیکاڵ و سۆسیالیست و ناڕازی چینی کرێکاری ئێران‌دا نیین. خودی ئه‌م به‌شه‌ی چینه‌که، زۆر دهستئاوهڵه نییه، تاوه‌کوو خۆی نیشان بدات و تێبگه‌ین که، چۆن بیر ده‌کاته‌وه و چ ئاراسته‌یه‌کی هه‌یه. بار و دۆخی سه‌رکوت، نه‌یهێشتووه ئه‌و به‌شه، ئه‌م هه‌له‌ی بۆ بڕه‌خسێ، به‌ڵان به هه‌ر حاڵ ده‌توانین، به شێوه‌یه‌کی ئۆبژه‌کتیف ئه‌وه ببینین که، ئه‌مه یه‌کێکه له که‌موکورتییه‌کانمان.
– چواره‌م، ده‌بێت تواناى ڕابه‌ری له خۆت نیشان بده‌یت، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه، ئه‌و حیزبانه‌ی، که ده‌یانه‌وێت ڕه‌دووی جه‌ماوه‌ر بکه‌وون، ئه‌و حیزبانه‌ی، که به قه‌ولی خۆیان بڕیاره له جه‌ماوه‌ره‌وه فێربن، ئه‌و حیزبانه‌ی، که ده‌یانه‌وێت له ئاراسته‌کانی خودی چینه‌که بڕوانن و پاشان خۆیانی پێ ڕه‌نگ که‌ن، به بڕوای من، شانسێکی زۆريان نییه، که به جێیه‌ک بگه‌ن. چونکه له بار و دۆخی سه‌ختدا، ئاراسته گشتییه‌کانی چینه‌که ڕوو له پاشه‌کشه‌یه و له بار و دۆخی خۆشی‌دا، ئه‌شێت به جۆرێکی دیکه بێت. له بار و دۆخێک‌دا که، حیزبێکی گه‌وره‌ی ڕیفۆرمیست له ئارادا بێت، ده‌شێت ئاراسته‌ی چینه‌که به‌و جۆره بێت که، پشتیوانی له‌و حیزبه بکات.
پێویسته قسه‌یه‌ک بکه‌ین، که بتوانێت چینه‌که له‌و شوێنه‌ی ئێستایه‌وه بۆ شوێنێکی دیکه ببات و توانایی ئه‌وه‌ت هه‌بێ، که ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر بکه‌یت و له‌نێوچاوانی تۆدا ئه‌وه ببینن، که قسه‌کانت ماقوڵ و عه‌مه‌لین، ئه‌مه یانی، توانایی گواستنه‌وه‌ی باسی خۆتان بۆ چینه‌که. یانی، توانایی ڕابه‌ریکردنی ده‌وێ. ئه‌مه باسێک نییه، ته‌نها له چوارچێوه‌ی قاییلپێکردندا بێت، به‌ڵکه په‌یوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه.
ڕێگه بده‌ن با بڕێک زۆرتر، هه‌ر یه‌کێک له‌و چوار خاڵه‌ی که لێی دوام، شی بکه‌مه‌وه:
– ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چین. مه‌سه‌له‌ی بوون به به‌شێک له چین، ته‌نها په‌یوه‌ندییه‌کی حزوری، تاک به تاک و په‌یوه‌ندییه‌کی سوزنی و تاقیگایی نییه. ئه‌گه‌ر چین تۆ (حیزب)، به ناونیشانی بزووتنه‌وه‌یه‌ک که له مه‌یداندایه، ببینێ، سه‌رنجی بۆلای تۆ (حیزب) ده‌چێت. به‌م پێیه، به‌شێک له مه‌سه‌له‌ی، په‌یوه‌ندی نێوان حیزب و چین، په‌یوه‌سته به‌وه‌ی، که حیزب له سه‌ر ئاستی سیاسی، چ کارێک ده‌کات؟ به‌شێکی په‌یوه‌ندیگرتنه له‌گه‌ڵ کۆڕ و کۆمه‌ڵی کرێکاری و ئامادهگیته له نێویاندا. به‌شێکی به فه‌رمی ناسینته، به ناونیشانی ڕه‌وتێکی واقیعی له نێو چینی کرێکاردا، که له بیری ئه‌م مهسهلانهدایه. هه‌موو ئه‌مانه، پله‌یه‌ک له ئاکتیڤیزم (activism/ و. ک.)ی سیاسی ئه‌خاته ده‌ستوری کارمانه‌وه. ئاکتیڤیزمێک، که، ئه‌مڕۆ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری له ده‌ره‌وه‌ی وڵات له خۆی نیشانی ئه‌دات، ته‌نها زه‌ینی ڕای گشتی بۆ خۆی ڕاناکێشێ، به‌ڵکه سه‌رنجی کرێکاریش ڕاده‌کێشێ. سه‌رنجی کرێکار بۆ به‌ڵگه‌نامه‌کانت، بۆ که‌سه‌کانت، بۆ باسه‌کانت، به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌کان(استدلال)ت، بۆ ڕێکخراوهکانت، ڕاده‌کێشی. سه‌رئه‌نجام، له قسه‌کانی ڕۆژی یه‌که‌میشدا گوتم، که ئه‌م مه‌یدانی ناوه و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته به‌یه‌که‌وه گرێ دراوون و کار له یه‌کدی ده‌که‌ن. سه‌رئه‌نجام ده‌توانین له باسه‌کانماندا بچینه سه‌ر ئه‌وه‌ی، که بۆچی ده‌ڕۆین و ئه‌م ئاکسیۆنه ڕێک ئه‌خه‌ین؟ مه‌رج نییه فاکتۆره ناوخۆییه‌کان، پێویستبوونی ئه‌و ئاکسیۆنه ڕۆشن بکاته‌وه، یان هۆکاره‌کانی شی بکاته‌وه. به‌ڵام من به ئاکسیۆنێک هه‌ڵئه‌ستم، تا به که‌سێک- بۆ نموونه، له تاران یان ئه‌سفه‌هانه، ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه بکات- بڵێم، ئه‌گه‌ر چوویته ده‌ره‌وه و ویستت بزانێت که ئه‌وانه کێن، بچۆ بۆ فڵانه شوێن، تاوه‌کوو بزانێت له‌گه‌ڵ بیرۆی کامه ڕێکخراو په‌یوه‌ندی ببه‌ستێت، یان ته‌له‌فۆن بۆ چ ژماره‌یه‌ک بکات.
– تا ئه‌و جێگایه‌ی به خاوه‌ندارێتی ئاڵای چه‌پ و کۆمۆنیزمه‌وه په‌یوه‌سته، به بڕوای من ئه‌مه قه‌ڵه‌مڕه‌وێک نییه که، ته‌نها به ئێران و زمانی فارسی، کوردی، یان عه‌ربییه‌وه سنورداربێت.
حیزبێک، که ئاڵا هه‌ڵگری مارکسیزمه، ناتوانێت ئاڵاهه‌ڵگری مارکسیزم له ئاستێکی جیهانیتردا نه‌بێت، یان لانیکه‌م، یه‌کێک له بانگه‌شه‌که‌ران و لایه‌نه ئه‌سڵییه‌کانی باس و توێژینه‌وه‌کانی مارکسیستی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا نه‌بێت. یه‌کێک له گرفته‌کانی ئێمه ئه‌وه‌یه که، به‌ده‌ر له‌وه‌ی که باسه مارکسیستییه‌کان له ئاستی جیهانیدا داکشاوه، یان باو نییه، له‌و ئاسته‌دا دهرنهکهوتووین. به بڕوای من، ئه‌مه یه‌کێکه له باسه بنه‌ڕه‌تییه‌کانمان، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه، که ئێمه ده‌ست به‌م کاره بکه‌ین و به‌و ئاراسته‌یه‌دا بڕۆین و تا جارێکی تر ئه‌وه بۆ کرێکار بچهسپێتهوه، که ئێمه ئاڵاهه‌ڵگری مارکسیزمین. ئێستا ئیتر، گروپه مارکسییه‌کان ئه‌مه به فه‌رمی ده‌ناسن و هه‌ندێک جار پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن، که مارکسیسته‌کان ئه‌وانن و هه‌ندێک جار ده‌که‌ونه نوکته گێڕانه‌وه و ده‌ڵێن: بڕوانن مارکسیزمی ئه‌وانه چۆنه! ده‌ڵێن: ئه‌مه مارکسیزم نییه و…
گۆواری تیۆری و سیاسی که توانایی ئه‌م ڕه‌وته له بواری تیۆری مارکسیستی و سۆسیالیستی ده‌رئه‌خات، ئه‌بێ هه‌بێت. به‌رنامه‌ی حیزب، یه‌کێکه له خاڵه به‌هێزه‌کانمان که، که‌سانی تر ده‌بێت بێن لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن و پێی قانع ببن. هه‌روه‌ها سه‌باره به باسه مارکسیستییه‌کانی تر و ڕه‌خنه‌ی مارکسیستی ئێمه له مه‌ڕ پرسه جۆراوجۆرهکانيش. هه‌نووکه ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ک ڕه‌وتێکی دژه‌ئایینی ده‌ناسرێین، ئه‌وه‌نده وه‌ک ڕه‌وتێکی ئه‌هریمه‌ن(طاغوت)ی ناناسرێین. ده‌ڵێن ئه‌وانه، هه‌مان ئه‌و که‌سانه‌ن که، بچوکترین بایه‌خێک به ئایین ناده‌ن. هه‌موو ده‌ڵێن، ڕه‌خنه‌ی ئه‌وانه ڕیشه‌یییه. ده‌ڵێن که، ئایین هه‌ر له بناغه‌وه نابێت هه‌بێت، بۆ ئه‌م قسه‌یه‌شیان به‌ڵگه‌یان هه‌یه. ئه‌وانه مارکسیستن، ئه‌وانه چه‌پن. ئێمه وامان کرد که، یه‌کجار و بۆ یه‌که‌مین جار له کۆمه‌ڵگادا، کۆمۆنیزمێک له ئارادابێت که، قه‌رزارباری سازش له‌گه‌ڵ سۆزی خه‌ڵک و مه‌یلی کۆمه‌ڵ و خورافاتی نێو کۆمه‌ڵدا نه‌بێت و بڵین: ئه‌وانه ده‌بینی؟ ئه‌وانه دژی دینن. زۆر که‌س به‌و هۆیه‌وه، به‌ره‌و لای ئێمه دێن و به‌و بۆنه‌یه و به هۆی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێمه‌وه بۆ نموونه، سه‌باره‌ت به ئایین، ئه‌چن بڕوانن، تا بزانن مارکسیزم چی ده‌ڵێت، یان مارکس له‌م باره‌یه‌وه چی ده‌ڵێت؟ یان باسه‌کانی ئێمه سه‌باره‌ت به چارشێو، ناسیۆنالیزم و دژایه‌تیکردنی سه‌رسه‌ختانه‌ی ئه‌م حیزبه له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیزم، که که‌سانی دیکه وه‌کوو لایه‌نی نێگه‌تیڤی ئێمه لێی ده‌ڕوانن، له کاتێکدا خاڵی به‌هێزی لایه‌نی تیۆری ئه‌م حیزبه‌یه.
سه‌باره‌ت به ئایین، با خاڵێکی دیکه بڵێم: ڕاهی کارگه‌ر پێنج پرسیاریان بۆم ناردبوو، پرسیبوویان: ئایا وه‌ڵامیان ئه‌ده‌مه‌وه، منیش نووسیم: به‌ڵێ وه‌ڵام ئه‌ده‌مه‌وه. یه‌کێک له پرسیاره‌کان ئه‌وه بوو: په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا، به‌ڵێ، یان نه‌ء؟ من بۆیانم نووسی: ئه‌م پرسیاره زۆر سه‌یره. چونکه ئه‌م پرسیاره پێشفه‌رزێکی بۆ خۆی داناوه که، یه‌ک وه‌ڵامی ئا، یان نا، هه‌ڵناگرێ. چونکه وه‌ڵامی ئا، یان نا، پێشفهرزێک له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌هێنێ وه‌ک ئه‌وه‌ی که تۆ، له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێکدا، تێڕوانینی خۆت ده‌رئه‌بڕی و په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی هه‌یه و شتی دیکه. ئه‌مه له چه‌شنی ئه‌وه‌یه که لێت بپرسن، ئایا “وه‌لی فه‌قیه” به‌شێوه‌یه‌کی یاسایی بێت، یان له ده‌ره‌وه‌ی یاسا بێت؟ ئا، یان نا، بۆ وه‌لی فه‌قیه یاسایی؟ تۆ ئه‌گه‌ر وتت، نا ،.. ده‌ی چاکه، که‌واته تۆ، وه‌لی فه‌قیهی یاساییت ده‌وێ. ئه‌گه‌ریش بڵێی، به‌ڵێ، ده‌ی چاکه، که‌واته، تۆ هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌بیته لایه‌نگری ویلایه‌تی فه‌قیه! له دوا وه‌ڵامم بۆ پرسیاره‌کانی ڕاهی کارگه‌ر، ئه‌مه‌م نووسی: په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا، له‌گه‌ڵ دژایه‌تی ئێمه‌دا ڕووبه‌ڕوو نابێته‌وه. ئێمه به ناونیشانی ڕه‌وتێکی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی دژی ئیسلام، ئه‌وه مه‌سه‌له و گرفتی ئێمه نییه که ئاخۆ ڕه‌وته ئیسلامییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا په‌یوه‌ندییان هه‌یه، یان نا.
من وه‌ک هه‌ڵوێستی خۆم به ناونیشانی که‌سێکی دژه‌ئیسلام، ئاماژه‌م به ڕه‌وته ئیسلامییه‌کان کرد. ڕه‌نگه ئه‌مه له به‌رنامه‌ی ئێمه‌دا باس نه‌کرابێ، به‌ڵام من خۆم به هه‌ڵسوڕاوی بزاوتی دژی ئیسلام ده‌زانم و ده‌مه‌وێ گسکی لێ بدرێ. ئیسلامی سیاسی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، یه‌ک ڕه‌وتی واقیعییه و ده‌زانم، که ده‌یه‌وێت، چی به‌سه‌ر هاوڕه‌گه‌زه‌کانی مندا بهێنێ. من ڕه‌وتێکی دژهئیسلامیم و ئه‌مه باسێکی تیۆرییه، نه‌ک هه‌ستێکی شه‌خسی بێت و له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، که من له خێزانێکی نوێژکه‌ر نیم. دژی ئیسلامم و ده‌توانم له ڕووی تیۆرییه‌وه باسی ئه‌وه بکه‌م، که ئیدی، ئه‌مه ئه‌فیونی جه‌ماوه‌ر نییه. کۆرشی موده‌ڕیسی بابه‌تێکی له ئه‌نته‌رناسیۆنالدا نووسیوه ده‌ڵێت، ئه‌مه ئیدی ئه‌فیونی جه‌ماوه‌ر نییه، کاشکێ وابوایه. ئه‌گه‌ر ئه‌فیون بوایه، ئه‌وا کارمان پێی نه‌بوو، ئێمه له به‌رنامه‌دا، پێدانی بڕێک مه‌وادی بێهۆشکهرمان بۆ خوگرتوو(مدمن)انی واقیعی، ئازاد کردووه، ده‌ی چاکه، ئه‌مه‌ش-ئایین -مان دیسان ئازاد ئه‌کرد! ئه‌مه بزووتنه‌وه‌یه‌کی بۆگه‌نی دژی مرۆڤایه‌تییه که خه‌ریکی مرۆڤکوشتن و ههرهشهلێکردنیتی. هه‌ڕه‌شه له ئازادی و مه‌ده‌نییه‌تی مرۆ ده‌کات، که به بڕوای من ئه‌مڕۆ، ڕۆژئاوا ناوه‌ندی مه‌ده‌نییه‌ته. ڕه‌وته ئیسلامییه‌کان ئه‌گه‌ر بیانه‌ویت، له ڕۆژئاوا بۆمب بنێنه‌وه و ماڵی خه‌ڵکی وێران بکه‌ن، زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م کرێکاران ده‌بن که، به‌و ڕاده‌یه پێشکه‌وتوون. بۆرژواکان، که خۆیان حکومه‌تی فاشیستییان هه‌بووه، گرفتێکیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا نییه. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی جه‌زائیر بلێت، که ئه‌و تاوانانه‌ی که به‌رده‌وام ڕوو ئه‌ده‌ن، له ژێر سه‌ری ئیسلامییهکاندایه، خه‌ڵکی باوه‌ڕ ده‌که‌ن، چونکه بینیویانه تاوانکاری له ئیسلامی سیاسی‌دا، له چ ئاستێکدایه.
ده‌مه‌وێ بڵێم، که ئه‌مانه له هه‌مان کاتدا باس و بابه‌تی تیۆریشن، به مه‌رجێک که، قاڵبێکی تیۆریشی پێ بده‌ین و یه‌کێک بڕوات و بڵێت، ئیسلام ئیتر هه‌ر ته‌نها ئه‌فیونی جه‌ماوه‌ر نییه، به‌ڵکوو بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئیسلامیيه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، که ده‌یه‌وێت ڕۆڵێکی دیاریکراو بگێڕێت.
– سه‌باره‌ت به باسی بوون به ئۆپۆزیسیۆنی چالاک و به‌رچاو. گه‌لێک فاکتۆرمان هه‌یه، که ده‌کرێ بیانژمێرین: ئاکسیۆنه‌کان، ڕۆژنامه‌کان، که‌سایه‌تییه‌کان، چالاکییه‌کان، کۆبوونه‌وه‌کان، میتینگه‌کان، مانگرتنه‌کان، خۆپیشاندانه‌کان و… ئه‌مانه کۆمه‌ڵه کارێکن، که ده‌بنه مایه‌ی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی بڵێن، ئه‌مه حیزبێکی چالاکی ئۆپۆزیسیۆنه و یه‌کێکه له‌و هێزانه‌ی که له مه‌یدان دایه. فراوانبوونه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕانی ته‌بلیغی، ته‌رویجی، سازمانده‌یی و ئاکسیۆنی، ئه‌مانه مه‌رجی بوونی حیزبه به ڕه‌وتێکی سه‌ره‌کی ئۆپۆزیسیۆن. ئێستا گشت که‌سێک ده‌زانێت، کۆمه‌ڵگای ئێران چه‌ندین پارتی سیاسی جۆراوجۆری تێدایه، به‌شێکی له ناوخۆ و به‌شێکی تری، به هۆی جێگا و ڕێگای خۆیانه‌وه له هه‌مبه‌ر ڕژێم، مه‌سه‌له‌ی ئاساییش و سه‌رکوت، له ده‌ره‌وه گرد بوونه‌ته‌وه. به‌ڵام مه‌رجێکی بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه‌یه، که ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه به پله‌ی یه‌که‌م له ناوخۆ بخه‌مڵێ، ئێستا ئه‌مه خاڵێکی لاوازه، به‌ڵام نابێت زیاده‌ڕۆیی له‌مه‌دا بکرێت. ئه‌گه‌ر ئێوه له ده‌ره‌وه ببنه هێزی ئه‌سڵی ئۆپۆزیسیۆن، ئه‌گه‌ر ڕێکخستنه‌کانمان ٦٠ تا ٧٠ که‌سیان سه‌رقاڵی ئیش و کاری ناوخۆ بن و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه خه‌ریکی کاری ده‌ره‌وه بێت، هه‌موو که‌سێک ده‌نگی ئه‌م حیزبه ببیستێت، به یه‌ک وشه، ئێمه ده‌بینه به‌شێکی چالاکی ئۆپۆزیسیۆن. چونکه سبه‌ی، ڕۆژنامه‌یه‌کی ناوخۆ ده‌نووسێت: فڵان که‌س له حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک چووه و وه‌ڵامی “فه‌رخ نیگه‌هدار”ی داوه‌ته‌وه و ئابڕووی بردووه. یان فڵان که‌س بۆ ئه‌وێ ڕۆییشت و ئه‌وان ئاکسیۆنیان به‌رپاکرد، ٣٠٠٠ که‌سیان له مه‌یدانی فڵان کۆکرده‌وه و له دژی چاوپێکه‌وتنی خاته‌می له‌گه‌ڵ فڵان پایه‌داری ئه‌وروپایی قسه‌یان کرد و خه‌ڵکی بۆ ئه‌وێ چوون، ده‌ستیان وه‌شاند و خواردنی پیسیان له کاربه‌ده‌ستانی ڕژێم گرت و…
– چۆن نیشانی بده‌ین، که ده‌توانین ڕابه‌رایه‌تی بکه‌ین؟ پێش هه‌ر شتێک، ده‌بێ نیشانی بده‌ین، که ڕابه‌ریمان هه‌یه. ده‌بێت ڕابه‌ری تۆ به ناونیشانی ڕابه‌ر بناسن. حیزبێک که له پشتی به‌ردێکه‌وه یان له پشتی دیواره‌وه ڕاگه‌یاندنی نهێنی بڵاو ده‌کاته‌وه، ناتوانێت ڕابه‌ری که‌سێک بێت. سه‌رئه‌نجام، مرۆڤ به‌ر کاریگه‌ری مرۆڤ ده‌که‌وێ (نه‌ک تارمایی/ و. ک)، چ له‌سه‌ر ئاستی کارخانه، چ له‌سه‌ر ئاستی شار و چ له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئێوه ده‌بێ پۆسته‌ری گه‌وره‌تان هه‌بێت، تاوه‌کوو کاندیده‌کانی ئێمه بۆ شورای شۆڕشگێڕانه بناسرێن، یان بۆ ئه‌نجومه‌نی شار، یان بۆ ڕابه‌رایه‌تی یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان و … ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه که، هاوڕێیان، جوانترین وێنه‌ی خۆیان ئاماده بکه‌ن، تا ئێمه بتوانین چاپیان بکه‌ین و له ڕۆژنامه‌کانی ناوه‌وه بڵاوببنه‌وه. مه‌سه‌له‌ی ئه‌منی له ئارادایه؟ به‌ڵام ئه‌مه هه‌لومه‌رجێکی تازه‌یه. ئێمه هه‌ر هه‌موو له شۆڕشی ٧٩دا ئاماده بووین، بڕیاری ترسناک جێبه‌جێ بکه‌ین، هه‌موومان سه‌فه‌ری ترسناکمان کردووه و ژماره‌یه‌کی زۆر له هاوڕێیان، شه‌ڕی ترسناک و کاری سه‌ربازی و سه‌رسوڕهێنه‌ریان کردووه. به‌ڵام ئێستا بار و دۆخه‌که به جۆرێکه که، ئه‌م وێنانه پێویست بن. ئه‌وه ئاشکرایه که نامانه‌وێت زه‌برمان لێ بدرێت، په‌ته‌ڕی نه‌بووینه، به‌ڵام ده‌بێت ڕابهريی له‌به‌ر ده‌ستی خه‌ڵکی دابنێیت. له به‌رامبه‌ر گورزێک وێنه که، ئه‌وان به ده‌رک و دیواره‌کان، له‌گه‌ڵ بژی و بڕوخێکانی خۆیاندا، هه‌ڵی ده‌واسن، ده‌بێت ئێمه‌ش سه‌د به‌رابه‌ری ئه‌وان، وێنه‌کانی خۆمان، له‌گه‌ڵ بژی و بڕوخێکانی خۆماندا، به ده‌رک و دیواره‌کاندا، هه‌ڵبواسین. من ئه‌گه‌ر بژنه‌وم که له فڵانه شار گوتویانه، بژی هاوڕێ فڵان، هه‌روه‌کوو ئه‌وه‌ی که گوتویانه بژی محه‌مه‌دی ئاسنگه‌ران، ئه‌مه له‌و حاڵه‌تانه‌یه که من سه‌کۆکه له‌ژێر پای محه‌مه‌د ده‌رناهێنم! … به‌ڵکوو به دیارده‌یه‌کی له‌م جۆره خۆشحاڵ ده‌بم و پێموایه که ده‌بێت، ناوی زۆرێک له ئێمه بنووسن. له‌و بڕوایه‌دام، له هه‌ر جێیه‌ک که نفوزمان هه‌یه، ده‌بێ بڵێن، فڵانهکهست دێته‌وه یاد؟ له ژیاندا ماوه، سه‌رۆکی فڵانه سازمانه، ئه‌ندامی فڵانه کۆمیته‌یه، به‌رپرسی فڵانه که‌مپینه، ئاکتیڤیستی فڵانه ڕه‌وته و … ئه‌گه‌ر ڕۆییشتیت بۆ له‌نده‌ن، ده‌بێ یه‌که‌مجار ئه‌و ببینی و…
که‌سایه‌تییه‌کان، ڕابه‌ره‌کان، که‌سانێک که به ناونیشانی ڕوخساری به‌رجه‌سته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی که، لێهاتوویی گرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌یان هه‌یه، ئه‌گه‌ر منی کرێکار له ئێران بێمه مه‌یدان، ئه‌وانه به‌و قسانهیانهوه، به‌و شکڵ و شێوانهیانهوه، به‌و سه‌ر و سیمایهیانهوه و به‌و سه‌رمه‌شقه سیاسی و کۆمهڵایهتییهیانهوه، دێنه سه‌ر کار. ئه‌وانه خه‌ڵکانی واقیعین، نه‌ک ڕێکخراوگه‌لێکی سیاسی که له پشتى ناوێکی نهێنییه‌وه، ڕاگه‌یاندن ده‌ربکه‌ن. ئه‌وانه ته‌نانه‌ت ناوهکانیشان ئاشکرایه و ده‌زانیت، که له پشتی ئه‌م ناوه‌وه، چ مرۆڤێک، به چ ڕه‌فتار و خو و شکڵ و شێوه‌یه‌که‌وه هه‌یه. به کورتییه‌که‌ی، ده‌بێت، له ڕێگه‌ی خه‌ڵکانێکی واقیعییه‌وه، له به‌رمه‌یدان ده‌ربکه‌وین.
– ههڵوێستگیرییهکانی حیزب ده‌بێت هاوئاهه‌نگ و ورد بێت، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پرسه سیاسییه‌کان بێت. ئه‌گه‌ر ڕووداوێک هاته پێشه‌وه، ئه‌بێ هه‌ڵوێستێک وه‌ربگری، که به ده‌ردی ئه‌و خه‌باته بخوات. له‌م باره‌یه‌وه قسه‌یه‌کی زیاتر ناکه‌م، چونکه هه‌مان باسه کۆنه‌کانی ڕابه‌ری سیاسی و هه‌مان ئه‌و چه‌مکانه‌یه که قسه‌مان ده‌رباره‌یان کردووه.
– له کۆتاییدا، ده‌بێت ده‌ستوبرد له کاردا هه‌بێت. ناکرێت ڕابه‌ری له پشتی کاروانه‌که‌وه بڵێت: ئه‌م کاره بکه‌ن، یان بڵێت: به بڕوای من، ده‌بێ ئه‌و کاره بکه‌ن! ده‌بێت ڕابه‌ری بۆ خۆی بچێته به‌رمه‌یدان. یه‌کێک له هاوڕێکان دوێنێ وتی، منی به‌رپرسی کۆمیته، ده‌بێت له کوێوه بزانم که، “موهاجیرانى” بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هاتووه؟ باشه! هه‌مان ئه‌و که‌سانه‌ی که، بڕیاره ئه‌و هه‌واڵه‌ت پێ بگه‌یه‌نن، ده‌بێت تۆ بۆخۆت، ئه‌وانی لی ئاگادار بکه‌یته‌وه! ئێمه ئه‌م خێراییکارهمان نییه.
من ده‌مه‌وێ قسه‌کانم به یه‌ک خاڵ کۆتایی پێ بهێنم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ده‌بێت چ وێنایه‌ک له‌سه‌ر خۆمان، ببه‌ینه نێو خه‌ڵکه‌وه؟ ئێمه ده‌بێت، وێنایه‌ک له مه‌ڕ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، وێنایه‌ک له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی حیزب، سیاسه‌ت و تێڕوانینه‌کانی، که جێگای باوه‌ڕ بێت، له به‌رده‌می خه‌ڵکی دابنێین و به ماڵ، کارخانه و شه‌قامه‌کانی بگه‌یه‌نین.
که‌واته، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌م وێنایه به چه‌ند خاڵێک له هزری خه‌ڵکیدا جێگیر بکه‌ین، ئه‌وا، ئه‌و نیشانانه چین، که ده‌بێت له مه‌ڕ حیزبی ئێمه‌وه، له هزری خه‌ڵکیدا بن؟
به بڕوای من، ده‌بێت بڵێن:
حیزبی ڕادیکالیسته زێدهڕهوهکانه، به‌ڵام پێیان له زه‌وییه. وێنایه‌ک که ده‌بێت له هزری خه‌ڵکیدا بێت ئه‌وه‌یه، که بڵێن، ئه‌مانه ڕادیکاڵێکی زێده‌ڕۆن، به‌ڵام پێیان له زه‌وییه. ده‌زانن له باره‌ی چییه‌وه ده‌دوێن، هه‌وایی نین. ئامانجه‌کانیان گه‌لێک زێده‌ڕه‌وانه‌یه و ئێستا ده‌یانه‌وێت پراکتیزه‌ی بکه‌ن، به‌ڵام هه‌وایی نین. ده‌زانن پرۆسه‌ی واقیعی تێکۆشان چ که‌ند و کۆسپێک ده‌هێنێته پێشه‌وه، له باره‌ی ئاڵۆزترین مه‌سه‌له‌وه، دیالۆگ ئه‌که‌ن و شاره‌زان، شاره‌زای ئه‌وه‌ن، که بارێک له خاڵی ئه‌لیفه‌وه بۆ بێ ببه‌ن، وه‌لی هه‌میشه ده‌ڵێن، ئامانجی ئێمه ئه‌مه نییه به ته‌نها، ده‌مانه‌وێت، فڵانه مه‌سه‌له ڕیشه‌کێش که‌ین. له ئه‌ندازه به‌ده‌ر ڕادیکاڵن، ڕادیکاڵێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ک ڕادیکاڵێکی سیکتى و فیرقه‌یی. ده‌بێت وێنای خه‌ڵکی له‌سه‌ر ئێمه، ڕادیکالیزمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت. به بڕوای من، ده‌کرێت بیر له‌وه بکرێته‌وه که، چ کارێک بۆ نموونه، ڕادیکالیزمی ئێمه به‌هێز ده‌کات، یان وێنایه‌کی ناکۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر ئێمه ده‌به‌خشێت، یان به پێچه‌وانه‌وه، به خه‌یاڵی خۆمان خه‌ریکین کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینه‌وه، به‌ڵام له ڕادیکالیزمی خۆمان کورتدههێنین. ده‌بێت ئاگامان له‌وه بێت، که ئه‌و ڕه‌وته‌ی ئێمه به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات ئه‌بات، ڕادیکاڵبوونمانه. ده‌بێت خه‌ڵکی بڵێن، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه بێنه سه‌رکار، کۆمه‌ڵێک شت قه‌ده‌غه ئه‌که‌ن، خوا ده‌س به عومریانهوه بگرێت!
ده‌بێت ده‌وڵه‌تێک بێته سه‌رکار که بڵێت، ده‌بێت کچان بۆ قوتابخانه بنێردرێن. ئه‌گه‌ر نا، له که‌شوهه‌وایه‌کدا که ناردنی کچان ئاره‌زوومه‌ندانه بێت و گشت ڕۆژێکیش ئاخوند(مه‌لا) له‌بان سه‌ری خه‌ڵکیدا بێت، خه‌ڵکی کچه‌کانیان بۆ قوتابخانه نانێرن. ده‌بێت ده‌وڵه‌تێک بێت که، ئه‌گه‌ر ئاخوند خه‌ڵکی گه‌ڕه‌کی بێزار کرد، سکاڵا بنووسن تاوه‌کوو پێشی پێ بگرێ.
ئه‌م مۆدێرنبوونه زێده‌ڕۆیه له هه‌ردووک لا، له شێواز و له بیردایه. شێوازه‌كانی ڕه‌وتێکی مۆدێرن بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی، ناکرێت شێوازگه‌لێکی دواکه‌وتوو، به‌سه‌رچوو و لاواز بن، ده‌بێ ئه‌وه ببینن، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری به شێوه‌یه‌کی واقیعی، له خه‌ڵکانێک پێکهاتووه، كه له به‌کارهێنانی ئامێر و له کارکردن له نێو ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و کارکردن به که‌ره‌سته و پێداویستییه ئاڵۆزه‌کانی کۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخدا شاره‌زان. ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له کۆمه‌ڵگایه‌کدا، به شێوه‌یه‌کی یاسایی خه‌بات بکه‌ن، ده‌زانن چ کارێک بکه‌ن، ئه‌گه‌ر بڕیاره خه‌باتی سه‌ر شه‌قامه‌کان بکه‌ن، ده‌زانن ده‌بێت چ کارێک بکه‌ن، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌کێتییه‌کان په‌یوه‌ندی ببه‌ستن، ڕێیه‌که‌ی ده‌زانن، میکانیزمه‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا ده‌ناسن، میکانیزمه‌کانی به‌ڕێخستنی ڕێکخراوه جه‌ماوه‌رییه‌کان ده‌ناسن، میکانیزمه‌کانی به‌ڕێخستنی ڕێکخراوه خێرخوازه‌کان ده‌ناسن. ئه‌گه‌ر ئێوه ڕه‌وتێکی تێکۆشه‌رن، که لوله‌کێشی ئاو ده‌وڵه‌ت بیکات و ئێوه ته‌نها ده‌وڵه‌ت ئاگادار بکه‌نه‌وه، به بڕوای من شانسێکی که‌متان هه‌یه، که ببنه دیارده‌یه‌کی له‌و جۆره.
– له کۆتاییدا، به بڕوای من، تێکڕای ئه‌وانه‌ی که گوتم، چه‌ند به‌شێک له بزاڤی سۆسیالیزمی کرێکاری پێکده‌هێنن. ده‌مه‌وێ بڵێم، ئه‌مانه وێنایه‌کن له‌سه‌ر کۆمۆنیزمی کرێکاری و له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پیاده‌کردنی مارکسیزم. ئه‌وه‌ی که ته‌نها به خه‌ڵکی بڵێین ئێمه مارکسیستین، به‌ڵام نه‌توانین کاریگه‌رییه‌کمان به‌سه‌ر زینده‌گی خه‌ڵکه‌وه هه‌بێت، هیچ شتێک ناگۆڕێت. یان تیۆری مارکسیستی و مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی که ئێمه کۆمۆنیستین، خۆی له خۆیدا، ئه‌وه ده‌رناخات که، ئێمه ڕه‌وتێکی مۆدێرنین.
– خه‌ڵکی بزانن که ئه‌م ڕه‌وته له ڕاده به‌ده‌ر مرۆڤن، یانی، ئه‌مه ڕه‌وتێک نییه، که به تۆپزی، باری (نوێڵ) کۆمه‌ڵگا به ئاقارێکی دیاریکراودا ببات، هیچ که‌سێک له ژێر ده‌ست و پێی ئه‌م ڕێکخراوه‌دا، ناشێلرێت. هێز و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕێکخراوه، له گه‌ییشتنی مرۆڤایه‌تییه به هێز و ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه به چ جۆرێک نیشان ئه‌درێت؟
به بڕوای من، ئێمه له‌م ڕووه‌وه که‌موکوڕیمان هه‌یه. ئه‌وه ڕاسته که، ئێمه له نووسین و ئه‌ده‌بیاتماندا، داکۆکی له مرۆڤایه‌تی ئه‌که‌ین، به‌ڵام په‌یوه‌ندی واقیعی ئێمه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه نییه. من به‌م جۆره‌ی ده‌بینم. ئه‌وه‌ی که مرۆڤه‌کان خه‌مبار ئه‌که‌ین، فشاریان بۆ ئه‌به‌ین، ئه‌وه‌ی که، نه‌رمی و میهره‌بانیمان له‌گه‌ڵ خۆمان و یه‌کتریدا نییه، له زۆر جێگادا، به‌زه‌ییمان به مافه مه‌ده‌نییه‌کانی یه‌کتری و حورمه‌تی یه‌کتری نایه‌ته‌وه. به بڕوای من، ئه‌مه که‌موکوڕییه‌که، له ده‌ره‌وه ده‌بینرێت. له پلینۆمێکدا کێشه نییه، ده‌ڵێن، یه‌کترییان ئازار دا. به‌ڵام کاتێک له‌ده‌ره‌وه ته‌ماشا ده‌کرێت، خۆش نییه. به بڕوای من، بنه‌مای ئێمه، مرۆڤایه‌تی ئێمه‌یه، مه‌ده‌نییه‌تی ئێمه‌یه، ڕێزلێنانی مافه ڕه‌واکانی خه‌ڵکییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دژایه‌تی قوڵ و خوێنینیشمان له نێواندا بێت.
سه‌رباری ئه‌وانه، په‌یوه‌ندی ئێمه له هه‌مان کاتدا، له ته‌ک خه‌ڵکیدا، په‌یوه‌ندییه‌که له‌سه‌ر بنه‌مای دۆستایه‌تی بنیات نراوه. من هه‌ر له ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه گوتم، ئه‌گه‌ر دنیا به ده‌ستی ئێمه‌وه بوایه، ئه‌مڕۆکه ئێمه زۆر به‌خته‌وه‌ر ئه‌بووین. مه‌به‌ستم له به‌خته‌وه‌ری، ته‌نها به‌خته‌وه‌ری خۆت و خێزانه‌که‌ت نییه. به‌خته‌وه‌ری که‌سانێک که، نایانناسی، به‌خته‌وه‌ری که‌سانێک که، خۆشییان به تۆدا نایات، یان ساڵی پار له‌گه‌ڵ تۆدا شه‌ڕیان بووه، یان ڕه‌نگیان شێوه‌یه‌کی تره و نه‌ژاد و نه‌ته‌وه‌یان جیاوازه و دوو و سێ جاریش له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌که‌ی ئێوه به‌شه‌ڕ هاتوون. به‌خته‌وه‌ری مرۆڤه‌کان، ئه‌و به‌خته‌وه‌رییه و هه‌وڵدان بۆ خۆشبه‌ختی، خۆشگوزه‌رانی، ئاساییش، زه‌رده‌خه‌نه و پێکه‌نین و ئه‌منییه‌تی ژیانی مرۆڤه‌کان، ده‌بێت ڕۆژانه، له هه‌ڵسوکه‌وتی گشت ڕۆژێکمان خۆی بنوێنێ. ئه‌گه‌ر له دانیشتنێکدا به‌شداریمان کرد، کۆبوونه‌وه‌یه‌کمان ساز کرد، یان که‌سێکمان بۆ خانه‌ی حیزب بانگهێشت کرد، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنێکی خۆماندا په‌یوه‌ندییه‌کمان به‌ست، ئه‌گه‌ر ویستمان له‌گه‌ڵ یه‌کێکدا، به‌شداری پلمیکێکی سیاسی بکه‌ین، به کورتییه‌که‌ی له گشت ههڵسوڕانێکماندا، پێویسته خۆی ده‌ربخات. ئه‌م حیزبه کۆمۆنیسته، به‌م مه‌زنییه‌وه، نابێت ته‌نها جه‌نگ بکات، به‌ڵکوو ده‌بێت له جێگایه‌کیشدا کۆمه‌ک بکات. بایه‌خی فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران له‌وه‌دایه، که ڕوخسارێکی مرۆڤانه‌ی ئاوها پیشان بدات. ئه‌گه‌ر بڕیار بووایه، شورای په‌نابه‌ران ته‌نها لایه‌نگرانی خۆی له تورکیا ده‌ربکات، ئه‌م ڕوخساره نهئههاتهدی، بایه‌خی کارکردن بۆ مافه‌کانی منداڵان، ئه‌گه‌ر ده‌ستی پێ بده‌ین، له‌وه‌دایه که، سه‌ربه‌خۆ له ڕه‌نگ و ڕه‌گه‌ز و خانه‌واده، داکۆکی له منداڵ و مافه‌کانی منداڵان ده‌کات، ئه‌مه داکۆکی واقیعی ئێمه، له مافه‌کانی منداڵانه. نه‌ک ئه‌وه‌ی بچین سوته‌مه‌نی بۆ خه‌بات له پێناوی شتێکی تردا په‌یدا بکه‌ین، گوایه ئه‌مه فێڵی خۆمانه. پێویسته ئێمه بڵێین، کارم هه‌یه و فهرمانيشم هه‌یه، به‌ڵام ئاماده‌م له پێناوی مافی منداڵدا، کوتهکيش بخۆم، چونکه مه‌سه‌له‌یه‌کی واقیعیی منه.
– بڵاوکراوه‌کانمان به چ زمانێک ده‌نووسرێن؟ به بڕوای من ئه‌مه گرنگه.
به‌ده‌سته‌وه‌دانی وێنایه‌کی مرۆڤدۆستانه‌ی به‌رجه‌سته و خۆشه‌ویست له حیزب، ئه‌رکی هه‌ر هه‌موومانه، به ته‌نها ئه‌رکی ڕابه‌رایه‌تی گشتيی نییه. له میانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ڕۆژانه‌مانه‌وه، ئه‌م ئه‌رکه له‌سه‌ر هه‌موومانه. به بڕوای من، ده‌بێت کارێک بکه‌ین که، به‌هۆی خۆشه‌ویستی و ئاشنایی ئه‌ندامێکی حیزبه‌وه، هه‌ستی خۆشه‌ویستی بۆ ته‌واوی حیزب بهێنینه کایه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌مه به وێنه‌ی وه‌عزێکی ئه‌خلاقی تێی بڕوانرێت، به‌ڵام به بڕوای من حیزبی عه‌بوس، تا ڕاده‌یه‌ک ده‌توانێت بچێته پێشه‌وه.
له باسی سیناریۆی ڕه‌شدا، ئێمه چیمان گوت؟ گوتمان، له بار و دۆخی سیناریۆی ڕه‌شدا، ئه‌گه‌ر شوێنێک بکه‌وێته ژێر ده‌ستی ئێمه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو نه‌فره‌ته‌ی که له “ئیمپریالیزم” و ئه‌و بێزارییه زۆره‌ی که له به‌رامبه‌ر “به‌کرێگیراو”ه‌کانیدا هه‌مانه، هه‌ر یه‌کێک له پزیشکانی بێ سنوور، تا ئه‌گات به یونیسیف، ده‌کرێت حیسابمان بۆ بکه‌ن که، ئه‌گه‌ر ئه‌ته‌وێ شتێک به خه‌ڵکی بگه‌یه‌نی، ئێمه ڕێگا ئه‌که‌ینه‌وه. ئێمه بژێوی خه‌ڵکی به بارمته ناگرین. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بزانین، به هاویشتنی چه‌ند گوله تۆپێک بۆ ناوچه‌یه‌کی خهڵکنشین، دوژمن ناچار به پاشه‌کشه ئه‌که‌ین، ئه‌و کاره ناکه‌ین. ده‌بێت ئه‌م وێنایه جێبکه‌وێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که، له شۆڕشه مه‌زنه‌کاندا، ئه‌م وێنایه له زه‌ینی خه‌ڵکیدا ئه‌بینی که ده‌ڵێن، ئه‌وانه مرۆڤگه‌لێکی پاک و شه‌ریفی کۆمه‌ڵن، ئه‌وانه قاره‌مانه‌کانی کۆمه‌ڵن. ئه‌گه‌ر که‌سانی سیاسی و ڕادیکاڵی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه بن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی واقیعی، له نێو دڵی خه‌ڵکی جێی خۆتان نه‌که‌نه‌وه، ئه‌شێت قازانجێکی هه‌بێت، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام به جێیه‌ک ناگات و ده‌پوکێته‌وه.
هاوڕێیان!
له ته‌واوی ئه‌و مه‌یدانانه‌ی که باسمكرد، ئێمه کۆمه‌ڵێک پێشڕه‌ویمان کردووه، به جۆرێک که ئێستا بتوانین چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان له خۆمان هه‌بێ که، حیزب له مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا، ده‌خاڵه‌تی چالاکی ئه‌بێت. چه‌مکی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خه‌ریکه دووباره بێته‌وه به‌ر باس، کاتێک ده‌ڵێم، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، مه‌به‌ستم، ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیی نییه، مه‌به‌ستم، ڕاکێشانی چمکێکی لێفه‌ی ده‌سه‌ڵات و زۆرانبازییه له‌سه‌ری. ئه‌مه ئێستا له تواناماندایه. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری له لایه‌نی جێگا و ڕێگای ڕێکخراوه‌ییه‌وه، به‌و ئاسته گه‌ییشتووه که، خۆی له‌به‌رده‌م دیدی گشتیدا نماییش بکات و خه‌ڵکی بیبینن که هه‌یه. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئه‌وه‌نده که‌سی له‌گه‌ڵدایه که، بتوانێت له گه‌لێک له مه‌یدانه‌کاندا، جێگۆڕکێ به هێزه مادییه‌کان بکات. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئه‌وه‌نده ڕاست و ڕه‌وایی له سیاسه‌ته‌کانیدا هه‌یه که، خه‌ڵکی بڵێن، ده‌بێ جێگا بۆ ئه‌م ڕاستییانه بکرێته‌وه.
چه‌ند که‌موکورتییه‌کی بنه‌ڕه‌تیمان هه‌یه که من، هه‌ر له ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه باسم کردووه و ئێستا دووپاتی ناکه‌مه‌وه. ده‌بێت ئه‌و که‌موکورتییانه چاره‌سه‌رێکیان بۆ بدۆزینه‌وه. به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ هاوڕییان، ئێمه له مانه‌وه‌ی ئه‌م نه‌ریته‌دا، ده‌توانین ڕۆڵمان هه‌بیت. ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانی ده‌سه‌ڵاتیش به‌ده‌ست بهێنین و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری توشی قۆرتێک هات، خه‌ڵکانێکی دیکه هه‌بن که، بیانه‌وێت درێژه به‌و نه‌ریته بده‌ن، تا به‌ڵکوو له بار و دۆخێکی تر و له درفه‌تێکی تردا، به‌رهه‌مێکی هه‌بێت. به‌ڵام ئامانجی ئێمه له‌م ده‌وره‌یه‌دا، ئامانجی ڕۆتینی هه‌میشه‌یی بزووتنه‌وه‌که‌مان، ئه‌وه‌یه که، ئه‌و ئامانج و ئاره‌زوو و هێڵه فکرییانه زیندوو ڕابگرین. ئامانجی ئێمه ئه‌بێت، هه‌ستانه سه‌ر پێ و ههنگاوههڵگرتنهوه ڕووه و ده‌خاڵه‌تکردن له چاره‌نووسی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بێت. لانی که‌م ده‌بێت له کێشمه‌کێش له‌سه‌ر چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگادا، ده‌خاڵه‌ت بکه‌ین. ئه‌گه‌ر له من بپرسن، من ئه‌ڵێم، ده‌مه‌وێت به شێوه‌یه‌کی جیدی له زۆرانبازی ده‌سه‌ڵات له کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا، ده‌خاڵه‌ت بکه‌ین ده‌خاڵه‌تێکی دیار و به‌رجه‌سته.
ئێمه له‌و جێوشوێنه قه‌رارمان گرتووه. ئه‌گه‌ر باسه‌که‌ی من گه‌ره‌کی بێت کۆبه‌ندییه‌کی بۆ بکرێت، ئه‌وا ئه‌ڵێم، ئه‌م ده‌وره‌ی یه‌ک دوو ساڵه، له مه‌ڕ په‌یوه‌ندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری به ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه، یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه.
ده‌شێت هه‌نووکه، ژماره و ئامار و بارۆمێتره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ئه‌وه نیشان بده‌ن که، لێهاتوویی ئه‌وه‌مان نه‌بیت، بڕۆین ته‌واوی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست بهێنین. من دڵنیانیم، ئه‌مه په‌یوه‌سته به‌وه‌ی که، له مانگه‌کانی ئایینده‌دا، چیمان به‌سه‌ر دێت … من نازانم بۆڵشهویکهکان له شۆڕشی شوباتدا، به چ ئێنێرژی و توانستێک چوونه نێو شۆڕشی ڕوسیاوه؟ به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانم که ئه‌وان، له ڕابهرییاندا، له تانوپۆیاندا، له په‌یوه‌ندییان به چینی کرێکاری ڕوسیاوه، ئه‌و پێداویستییانه- که ده‌رباره‌یان ئاخاوتم- یان هه‌بووه که بتوانن له وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی‌دا ڕۆڵیان هه‌بیت. ئێمه له‌مه بێبه‌ش نین. ناڵێم که ئه‌توانین. نامه‌وێ له خۆڕا هه‌ست ببزوێنم، نامه‌وێ خۆمان بکه‌مه شێر. به‌ڵام ئه‌ڵێم، به شێوه‌یه‌کی ئۆبژه‌کتیڤ، کڵاوی خۆتان بکه‌نه قازی! هه‌ر که‌سێک کڵاوی خۆی بکاته قازی، ئه‌گه‌ر ئێمه له‌م جێگا و ڕێگایه‌دا ببینێ، ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی له ئێمه ده‌بێت که، له ئایینده‌ی سیاسی ئه‌و مه‌مله‌که‌ته‌دا، ئه‌و ڕۆڵه بگێڕین که، وه‌ک ده‌رئه‌که‌وێ تا ئێستا، هیچ حیزبێک ڕۆڵی وای نه‌بینیوه.
چه‌پترین پارته‌کانی ئه‌م وڵاته، یان کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بوونه و ئه‌وانه‌ی که کۆمه‌ڵایه‌تی بوونه، وه‌کوو حیزبی توده، چه‌پ نه‌بوونه، یان کۆمۆنیزمی کرێکاری نه‌بوونه، ئه‌گه‌ر بووبێتیشن، ئه‌وا ده‌بێت کۆمیته‌یه‌ک پێکبهێنین، تاوه‌کوو بڕوات له‌وه بکۆڵێته‌وه بزانێت، ئایا ئه‌وانه کۆمۆنیزمی کرێکاری بوونه، یان نا؟
ئه‌مه ئه‌رکێکه له‌سه‌ر ئێمه‌یه، هوشیارانه و یه‌کگرتووانه، به نه‌خشه‌یه‌کی سیاسی واوه که، له‌سه‌ری پێکهاتبین و هاوئاهه‌نگ و زۆر چوست و چالاکانه، به ئاکامی بگه‌یه‌نین.
هیوادارم که بتوانین، به‌م ته‌رزه له کۆنگره بچینه ده‌ره‌وه.
تێبینی: ئه‌م وتاره له زمانی فارسییه‌وه کراوه به کوردی و له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانه عهرهبییهکهشدا بهراووردمان کردووه.
له‌گه‌ڵ سوپاسی زۆرم بۆ ئه‌و هاوڕێیانه‌ی، کۆمه‌کیان کردم، به تایبه‌تی هاوڕێی ئازیز “سه‌عید ئه‌حمه‌د”، که به باسه‌که‌دا چووه و به سه‌رنج و تێبێنییه به‌نرخه‌کانی، وه‌رگێڕانه‌که‌ی به‌پێزتر کرد. سه‌رچاوه:
وه‌رگێڕانی سالار ڕه‌شید