مستەفا باهر
پارتی دیموکراتی کوردستان بەهاوکاری حزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکان،٣٠ ساڵە دەسەڵاتدارن لەکوردستان. هەر لەسەرتای دەسەڵاتیانەوە تاوەکو ئێستا کەوتونەتە دزینو ئاودیوکردنی سەروەتو سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی کوردستان. ژیانێکی شاهانەیان بۆ خۆیانو کەسوکارو دەست و پێوەندەکانیان دروستکردوە. لەبەرامبەریشدا ئەو ژیانە کولەمەرگیەی کە کریکاران و خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستان ژیانی تیابەسەر دەبەن بەڕەوا نابینن. کار بەوە گەشتوە ئەو کارەی دەیکەن نەک هەرلەکاتی خۆیدا موچەکانیان پێنادەن، بەڵکو کەوتونەتە بڕینی ئەو مووچە کەمەی کە بەشی خەرجی ڕۆژیکی منداڵێکی دەسەڵاتدارانی ئەو حزبانە ناکات.. لەلایەکی تریشەوە هەموو خزمەتگوزاریەکان تەسلیم بە کۆمپانیاکانی خۆیان کردوە بەناوی کەرتی تایبەتەوە، هەر لەکارەباو ، خەستەخانەو، قوتابخانە..هتد. دەتوانین بڵێین حکومەتی کوردی لەماوەی دەسەڵاتداریەتیدا بووەتە هۆی نەهامەتی و دەردیسەری بۆ کرێکارانو زەحمەتکێشانی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی.
دژ بەم سیاسەتە نائینسانیانەی دەسەڵاتی کوردی خەڵکی لە زۆربەی ناوچەکان خۆپیشاندانیان سازکردو دژی دەسەڵاتداران وەستانەوە. لەناوچەکانی زۆنی سەوز، لەهەندێ شوێن بارەگای سەرجەم حزبەکانیان سوتاند. بەڵام خۆپیشاندان لەناوچەی ژێردەسەڵاتی پارتی بەهۆی ئەو سەرکوتو فەزا عەسکەرتاریەتیەی کە سەپاندویەتی بەسەر ناوچەکەدا، نەتوانرا سازبکرێت. بەڵام لە سەرەتای سالی ٢٠٢٠ کۆمەڵیک چالاکوان و ڕۆژنامەنوسی بادینان دەستیان برد بۆ دەربرینی ناڕەزایەتی، بەڵام هەر زوو پارتی بە تۆمەتی بێبنەماو بە شێوەی جیاواز کەوتە گرتنی ئەم چالاکوانانە. لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەدا ئەم هەڵسوراوانەیان ناچارکرد دان بنێن بەتاوانێکدا کە ئەنجامیان نەداوە، پاشان بەهاوکاری دادوەرەکانی دادگای پارتی لە هەولێر حوکمێکی قەرەقوشیان بۆ دەرکردن.
بەرامبەم بەم تاوانەی پارتی و دادوەرەکانی دادگای هەولێر، ناڕەزایەتیەکی بەرفراوان لەئاستی ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی کوردستان لە لایەن پارت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چەندین کونسوڵخانەی وڵاتانی بێگانە لەهەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ بەرزبوەوە.. هەموو پێکەوە داوای هەڵوەشانەوەی ئەم سزایەو ئازادکردنی هەڵسوڕاوەکانیان دەکرد. بەجۆرێک کە ئەم داوایە بوو بە خواستێکی جەماوەری بەشێوەیەکی گشتی. هەرچەندە سەرەتا پارتی و حکومەتەکەی بە پاساوی ئەوەی کە دادگا سەربەخۆیەو دەبێ دەست تێوەردانی سیاسی تێدا نەکرێ، دەیویست مل بەم فشارانە نەدا، هەربۆیە هەمیشە کەیسی گیراوەکانی لە بنبەستێکی یاسایدا ڕادەگرت. سەرنجام لە دوای بایکۆتی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا و کەمکردنی دەنگدەرانی پارتی و بەردەوامیدانی خەڵکی ئازادیخواز بەرامبەر بە کەیسی گیراوەکانی بادینان، پارتی ناچار کرا پاشگەزبێتەوە لە بڕیارەکانی و بەشێک لەو هەڵسوڕاوانە کە ناوزەندی دەکردن بە سیخوریکردن و کاری تیرۆر، ئازاد کرد. ئازادکردنی ئەم هەڵسوڕاوانە ناگەڕێتەوە بۆسەربەخۆیی دادگاو لێبوردەیی پارتی، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ کاروخەباتی هەموو ئازادیخوازان و لایەنگرانی ئازادی و هەڵسوڕانی سیاسی کە رێگایان نەدا ئەم سیاسەتە سەرکوتگەریەی پارتی بەناوی دادگاوە بچێتەسەر. فشاری ئازادیخوازان پارتی ناچاری کرد لەم بڕیارەی پەشیمان بێتەوە. بۆیە پێویستە فشارەکان لەسەر پارتی بەردەوام بێت تا هەموو ئەو هەڵسوڕاو ڕۆژنامەنوسانەی دیکەی کە لە زیندانەکانیدا ڕایگرتوون، ئازاد بکات. هەروەها دەبێت فشارەکان بەردەوام بێت تاوەکو پارتی ئازادی ڕادەربڕین و کۆڕو کۆبوونەوە بە ڕەسمی دەناسێت و دەست هەڵدەگرێت لەسەرکوت و ئەو فەزا عەسکەرتاریەتیەی کە سەپاندویەتی بەسەر دانیشتوانی ناوچەی زۆنی زەرددا. هەروەها پێویستە هەمو جەماوەری ئازایخواز و ناڕازی بەدەسەڵاتی حکومەتی ناسیۆنالیستی کوردی و ناڕازی بەسەرکوتی پارتی، چۆن توانیمان بە خەباتی یەکدەستەمان، پاشەکشە بە پارتی بکەین و ناچاری بکەین کە بەشێک لە گیراوەکان ئازاد بکات، هەروەها چۆن توانیمان هەڵبژاردنەکانی ئەوان ڕیسواو ڕەتبکەینەوە، ئەوا دەبێت هەنگاوی ئایندەمان هەوڵدانبێت بۆ وەلانانی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە، ئەویش بە بەرینکردنەوەو درێژەدان بە ناڕەزایەتیە بەرهەقەکانی خۆمان. ئەویش تەنهاو تەنها کاتێک بەدیدێت کە توانیبێتمان لە دەوری خواستەکانمان کۆبینەوەو توانیبێتمان لە ناوەندەکانی کارو ژیان، کارگەو گەرەک و زانکۆکان و ناوەندی شارەکان بکەینە سەنگەری خەبات بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە و سیستەمە تاڵانچیە بۆرژوازیە.
بژی دەسەڵاتداریەتی جەماوەری، بەڵی بۆ ئازادکردنی سەرجەم هەڵسوڕاوانی بادینان.
٢٣ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١