موحسن کەریم:
هەڵبژاردن کۆتایی هات و کەمترین جموجول بە بنکەکانی دەنگدانەوە دیاربوو، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکێکی بەرچاو بەشداری دەنگدانی نەکردووە. ئەوە خۆی لە خۆیدا پەیامێکی گرنگ بوو بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و عێراق و بۆ حزب و لایەنە بۆرژواییە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانیش کە هەوڵی زۆریان دا بە پڕوپاگەندەی چەواشەکارانە خەڵك راپێچی گاڵتەجاری هەڵبژاردن بکەن! هەڵبژاردنێك کە دەهۆڵی زۆری بۆ لێدرا گوایە خواستی خەڵکی خرۆشاو ڕاپەڕیوی عێراق بووە کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ شانۆی سیاسی عێراقی داگیرکردو حکومەتی عادل عبدالمهدی روخاند، وەڵامی شایستەی لەلایەن خەڵکەوە پێدرایەوە.
ئەمە هەنگاوی سەرەتایە بۆ جەماوەری ناڕازی و توڕە لە دەسەڵاتێکی میلیشیایی بۆرژوازی کە لە عێراق و کوردستاندا دەسەڵاتی سیاسیان بەدەستەوەیە و خەڵکیان لە هەژاری و برسێتی و بێمافی و بێخزمەتگوزاریدا ڕاگرتوە و خۆشیان لەسەر قووتی خەڵك سامانی خەیاڵییان بۆخۆیان و نەوەکانیان مسۆگەر کردووە! دەبوایە خەڵکی ناڕازی و بێبەش و بێمافکراو، خەڵکێك کە دەیانجار هاتونەتە سەر شەقامەکان بۆ خواست و مافە سەرەتاییەکانی خۆیان، بەتایبەتیش لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دا سەدان قوربانییان دا و هەزارانیش برینداربوون بەدەستی میلیشیا چەکدارە ئیسلامیەکانی عێراق و هەروەها دەیان کەس لەسەر دەستی میلیشیا دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی، دەکرا وەکو خەڵکی ناسریە رێگا نەدەن پڕوپاگەندەی گاڵتەجاری هەڵبژاردن دیمەنی شارەکانیان ناشیرین بکات، یان وەکو گەنجانی شارۆچکەی بەردەڕەش ریکلامی هەڵبژاردنەکەیان لێ تێك بدەن، ئەوەی بەرامبەر بە فازڵ میرانی کردیان!
بەڵام سەرباری ئەوەش، ئەم رەتکردنەوە بەکۆمەڵەی خەڵك لە کوردستان و عێراق بۆ هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی، هەنگاوێکی ڕوو لەپێشە، بەڵام بەس نیە. ئەم حزبانەی کە دەسەڵاتی عێراق و کوردستانیان بەدەستەوەیەو یاخود پێشبڕکێ دەکەن لەسەر ئەوەی بەشێکیان پێببڕێت لە کێکی سامان و دەسەڵاتدا، سەرەنجام دوای دورەیەك لە ململانێ و هێنان و بردن، لەسەر بەشکردنی دەسەڵات و داهات رێك دەکەون! لە خراپترین حاڵەتدا ئەوەیە کە لەسەر بەشی خۆیان رێك نەکەون و بارودۆخی ئەمنی عێراق بەرەو نائارامی و کێشە و بگرە شەڕی ناوخۆ بەرن، بەڵام لە هەردو بارەکەدا بارودۆخی سیاسی بەقازانجی خەڵك نابێت. بەتایبەتی لە حاڵەتی ڕودانی شەڕی ناوخۆدا سەرتاپای هەلومەرجەکە لە زیانی خەڵك هەڵدەگێڕنەوە، بەجۆرێك کە خەڵك لەبەر نەبوونی ئەمنیەت ژیانی رۆژانەشی وێران بێت و کۆمەڵگاو فەزای ناڕەزایەتی خەڵك چەندین ساڵ بگەڕێتە دواوە!
لەبەرئەوە، شەڕەکەی نێوان دەسەڵات و حزبە میلیشاییە ناسیۆنالیست و ئیسلامیە دەسەڵات بەدەستەکان و شەریکەکانیان لەناو ئۆپۆزیسیۆنی برۆژوازیدا لە عێراق و کوردستان، بەردەوامەو کۆتایی نەهاتووە. دەبێ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشی عێراق و کوردستان بە هوشیاری و بە ئامادەییەوە بچنە ناو ئەم شەڕەوە، هیچ رێگایەکی تریان نیە کە بەرەو ئاسۆی رزگاری و ئازادی و بەدەستهێنانی ماف و ژیانێکی یەکسان و شەرافەتمەندیان بەرێت بێجگە لە چوونە ناو ئەم جەنگەوە! ئەم جەنگەش بە بێ چەکێکی تایبەت بە جەماوەر، ناکرێت! چەکێك کە چەك و میلیشیای دەسەڵات و حزبەکانی ناتوانن ڕوبەڕوی ببنەوە. ئەویش چەکی رێکخراوبوونە. جەماوەری ناڕیكخراو هەمیشە پارویەکی ئاسانە بۆ بۆرژوازی و هێزو حزب و دەسەڵاتەکانیان. بەڵام جەماوەری رێکخراو و هوشیار بە ئاسۆیەکی سیاسی رزگاریبەخش و یەکسانیخواز، دەتوانێ گەورەترین و بەهێزترین و سەرکوتگەرترین دەسەڵات بکێشێتەخوارەوە.
کەواتە هەنگاوی داهاتووی جەماوەر ئەوەیە کە خۆیان هەرچی زیاتر رێك بخەن. سەرەتای هەرجۆرە رێکخراوبوونێك لە کۆبونەوەی گشتی خەڵك لە شوێنی کارو ژیانیاندا دەست پێدەکات، کە سەربارەت بە کێشەو گرفتەکان و خواستەکانیان گفتوگۆ دەکەن و لەسەر شێوازیك لە کارکردن بۆ بەدەستهێنانیان رێك دەکەون. لەناو کۆبونەوە گشتیەکانیاندا نوێنەرانێکی جێگای متمانەی خۆیان هەڵدەبژێرن تا شوێن کارەکانیان بکەون و بەناوی ئەوانەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا بکەونە گفتوگۆو دانوسانەوە و تاد…
ئەم کۆبونەوە گشتیانەو نەریتی هەڵبژاردنی نوێنەرانی دلسۆز و خەباتکارو شۆڕشگێڕ، وەکو نەریتێکی بەردەوام دوبارەبێتەوەو بەرەو کۆبونەوەی گشتی بەردەوام و رێکخراو بچن و سەرەنجام بەرەو دروستکرنی شوراو ئەنجومەنە شۆڕشگێڕەکان هەنگاو بنێن. بەوجۆرە، وەسیلەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەردابمەزرێنن و جێگای ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی حزبە بۆرژواییە میلیشاییەکان بگرنەوە. لەخوارەوە دەسەڵاتی دیموکراتیکی خەڵك بەرجەستە لە شوراو ئەنجومەنە شۆڕشگێڕەکان جێگای حکومەتی حزبە میلیشاییەکان بگرێتەوە. سەرەنجام بزوتنەوەی جەماوەری خەڵك بەبێ دانانی ئاسۆیەکی سیاسی لەمجۆرە لەبەرپێی خۆیدا ئیمکانی سەرکەوتنی نیە تەنانەت لە پێکدادانە ناوچەیی و دەورەییەکانیدا. بەڵام لێرەدا دەوری کۆمۆنیزم و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بەتایبەت و سۆشیالیستەکان دێتەئاراوە. دابینبوونی ئەم ئیمکان و تواناییەی خەڵك بەبێ نەخشی ڕابەرانەی کۆمۆنیزم و حزبی کۆمۆنیستی مومکین نیە. ڕابەریەکی سیاسی ناشۆڕشگێر و بۆرژوازی تەنها جەماوەر بەرەو ئاسۆیەکی لێڵ دەبات و بزوتنەوەی شۆرشگێڕانەی جەماوەر بۆ کۆتایی هێنان بە نایەکسانی و بێعەدالەتی و بێمافی و دەسەڵاتی میلیشایی چەواشەدەکات. نمونەی ئەمجۆرە ڕابەریەمان لە کوردستان هەبوو، کە چۆن بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی بەرەو جێگایەکی هەڵە بردو پوکانیەوە! یان تەنانەت خاڵێکی لاوازی خرۆشانی جەماوەری ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ی عێراق خۆشخەیاڵ بوونی بەشێکی خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران بوو بە ڕەوتە ناسیۆنالیستە عەرەبیەکان کە بەناوی (نرید وطن)، واتە نیشتمانمان دەوێ و دروشمی لەوجۆرە دەرگایان بۆ کازمی کردەوە بەناوی خۆپیشاندەرانەوە کورسی سەرۆك وەزیران وەربگرێت!
کەواتە شەڕەکە هێشتا لەسەرەتادایەو دەبێ خەڵك و ڕابەرانی شۆرشگێڕ و کۆمۆنیست و یەکسانیخوازی خەڵك خۆیانی بۆ کۆبکەنەوەو ئامادەبکەن، بۆئەوەی پرۆسەی شکست هێنان بە هەڵبژاردن و بوژانەوەی گیانی شۆرشگێڕانەی خرۆشانی جەماوەری ئۆکتۆبەری عێراق و چەنین ساڵی ڕابرووی شارەکانی کوردستان بەسەرەنجام بگەیەنن و بوار بە بۆرژوازی نەدەن لەگۆڕی بنێت!