وەستا مەهدی ڕەسوڵ
لە کوردستان چەندین جار پرۆسەی هەڵبژاردن کراو خەڵك چونە هەڵبژاردن و هەموو جارێکیش لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا چەندین قسەی بریقوباق کراو وەعدیان بەخەڵك دا، بەڵام من دەپرسم لەکام هەڵبژاردندا وچ کاندیدو لیستێك ئەگەر بۆ بانگەشەش بێت و یەکجاریش بێت، باسی کرێکاریان کردبێت؟ لەسەرەتای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی وهەموو ئەوانەش کە بەهەرجۆرێك بەشدار بوبن لە هەڵبژاردن و دروستکردنی حوکمەتدا، ساڵ دوای ساڵ وەزعی کرێکار بەرەو خراپی چووە. رێژەی بێکاری و کەمی حەقدەست و زۆری سەعاتی کارو نەبونی سەلامەتی شوێنی کار و نەبونی یاسای کارێك کە زەمانی کاروژیانی کرێکاران تیدا بەرەسمی ناسرابێت، دابینکردنی خزمەتگوزاری و بیمەی مەسکەن و بیمەی بێکاری و بێمەکۆمەڵاتیەکان ،هەموو ئەمانە کە خواستی سەرەکی کرێکارانەو لە درێژەی سی ساڵی دەسەڵات وهەڵبژاردن و حوکمرانیەك کە دەسەڵاتدارانی بزوتنەوەی کوردایەتی وهاوکارەکانیان بەشەراکەت درێژەیان پێداوە، هوکارێك بوون لە سەپاندنی ئەم بارودۆخەی ئێستای کرێکارانی کوردستان تێدا دەژین.
هەڵبژارن و پرۆسەی هەڵبژاردن لەکوردستان هیچ کات و بەقەدەر سەرە دەرزیەك وەڵام بەخواستی کرێکاران ناداتەوە، بەتایبەتی هەڵبژارندنێك کە ئەمجارە دەکرێت بەتەواوی لەبەرامبەر بەخواستی کرێکاران و خەڵکی نارازیدایە، لەبەرامبەر بزوتنەوەی نارەزایەتی کرێکاران و گەنجان و دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان و فەرمانبەران و موچەخۆران و هەموو چینی کرێکاردایە. سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و قایمکردنی دەسەڵاتی ئەم حزبانە، واتە درێژدانە بە توندکردنەوەی قەیدوبەندێك کە بەسەرسەری کرێکارانەوە چەندین ساڵە داسەپێنراوە. ئەم هەڵبژاردنە بەهیچ جۆرێك نابێتە بژاردەی کرێکاران. لەئێستا کە لەگەرمەی بانگەشەدان بۆئەوەی جارێکی تر بەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بڵێن هەلێکی ترمان بدەنێ و چاوەڕێمان بکەن هەموو شتێکتان بۆچاك دەکەین.
لە کارگەو پرۆژە پیشەسازیەکان بەتۆمەتی بێبنەما کرێکارانێك کە زیاد لە دەساڵە لەسەرکارن، بێکاریان دەکەن وهیچ حزب و کاندیدێك لەسەریان بەجواب نایەت. کرێکارانی ژینگە پارێز کە لەناچاریدا بەکەمترین مووچەکاردەکەن وئەوەش وەك بەشە بایعیەکە وایە مانگی واهەیە دوای ١٠ رۆژو مانگی وا هەیە دوای ١٥ رۆژ دەیدەن، کە خۆی دەبێ ٤٠٠هەزاروەرگرن، بەڵام تەنها ٣٠٠هەزاریان پێدەدەن.
بەشێکی دیکە لەخەڵکی کرێکارو زەحمەتیکێش کۆچ دەکەن و کوردستان جێدەهێڵن.هەزارەها گەنجی کچ وکور خوێندنیان تەواوکردوەو چەندین ساڵە لەچاوەروانی هەلی کاردان، مامۆستایانی وانە بێژهەرئێستاو ماوەی دوو مانگ زیاترە تەنها دەیانەوێت ببنە گرێبەست، بەڵام وەلامیان نادەنەوە. ئەم هەلومەرجە سەختەی دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی وهاوکارەکانیان سەپاندویانە و دەیانەوێت خەڵك دوبارە هەڵیان بژێرێتەوە، بۆکرێکاران هیچ لەوەزعیان ناگۆرێت، تەنها درێژەدان نەبێت بەم نەهامەتیە. تەنهارێگە و تەنها بەدیل بۆکرێکاران رێکخراوبونە لەدەوری خوستەکانیان وهێنانەمەیدانی هێزی چینایەتیانە و کۆتایی هێنانە بەدەسەڵاتی ئەم کۆکتێلە لە ئەحزابی بۆرژوایی و دامەزراندنی دەسەڵاتداریەتی جەماوەریە، دەسەڵاتی شورای کرێکاران و خەڵك بەگشتی لەکارگەو لە گەڕەک و هەموو ناوەندەکانی کار و ژیاندا. ئەبێ چینی کرێکار ئەوە باش بزانێ تا پەیوەندی خاوەنکارو هۆیەکانی بەهەرمهێنان کۆتایی پێنەهێنێت و خۆی و کۆمەڵگا بەتەوای رزگارنەکات لەم نیزامە هاروهەوسارپچراوەی سەرمایەداری هیچ کەس ئاسودە نابێت .
بۆیە دوبارە تەئکید دەکەمەوە کە پرۆسەی هەڵبژادن بۆپەرلەمان پرۆسەی دەسەڵاتداران و خاوەنکارو کومپانیاکانە بۆ شەرعیەتدانەوە بە دەسەڵات و یاساو رێسایەك کە خۆیان بەسەرچینی کرێکاروخەڵکی بەشمەینەتدا دایان سەپاندوە و هیچ خزمەتێك بەچینی کرێکاری کوردستان وعێراق ناکات .
کرێکاران دەبێ پشت بەخۆیان ببەستن وهیچ کەس نەکەن بەوەکیلی خۆیان. چارەنوسی چینی کرێکار لەدەستی خۆیدا نەبێت، تەنها نەهامەتی نەبێت هیچ شتێك بەدەست ناهێنێت . بۆیە دەبێ کرێکاران پێشرەوی خەڵك بن لە رەتکردنەوەی هەڵبژاردنی گاڵتەجاڕانەی بۆرژوازی و هەڵگێڕانەوەی یاریەکە لێیان.
٨/١٠/٢٠٢١