قەیرانی سیاسی کوردستان‌و ئاسۆی نارەزایەتیەکانی خەڵك!

کێشەی نێوان حکومەتی ناوەندی‌و دەسەڵاتدارانی هەرێم، له‌ ئاستێکدایه‌ کە ژیان‌و گوزەرانی خەڵکی کوردستانی رووبەرووی تەنگژەو مەترسی زیاتر کردۆتەوەو ئایندەیەکی تاریک دەخاتە بەردەمیان. ئەم بارودۆخە ئاکامی راستەوخۆی ململانێیەکی فراوانترە لە ئاستی ناوچەکەدا کە لەنێوان بلۆکە سیاسی‌و سەربازیەکاندا هەیەو لە سەرێکیەوە دەوڵەتی ئێران‌و لەسەرەکەی تریەوە دەولەتی تورکیا راوەستاون. هەریەکە لە مالکی‌و بارزانی وه‌ک دوو هێزی باڵاده‌ست کە بڕیاردەری سەرەکی سیاسەتی عێراق‌و کوردستانن، بەسەر ئەو دوو جەمسەرەی ئێران و تورکیادا دابەشبوون، و گرفتی نێوانیان لەسەر دابەشکردنی نفوزو داهات‌و دەسەڵات له‌ ئێستادا هەرچی زیاتر به‌ چوارچێوەی ئەو ململانێ ناوچەییەوە بەسراوەتەوە. هەوڵەکانی پارتی و بارزانی بۆ بەستنەوەی زیاتری ئابوری کوردستان‌و بەرهەمهێنانی نەوت‌ بە بازارو بەرژەوەندیه‌کانی تورکیاوە، نارەزایەتی توندی مالکی‌و حکومەتەکەی‌ لێکەوتۆتەوە که‌ لەرێگای بەکارهێنانی فشاری نه‌دانی بودجەو وابه‌سته‌کردنی هه‌رێم به‌ یاساو بریاره‌کانی ناوه‌ند هەوڵی تەسلیمکردنی بارزانی دەدات. لە لایەکی دیکەوە، هێزە سیاسیە سەرەکیەکانی بۆرژوازی کورد کە بڕیار بوو پێکەوە حکومەتی فرەلایەن‌و “بنکە فراوان” پێكبهێنن‌و جێگیری‌و ئارامیی سیاسی بۆ بۆرژوازی دەستەبەر بکەن، لەناو سەرگەردانی‌و قەیرانێکی سیاسیدا پەلوپۆ دەکوتن‌و ئاسۆی دەورەیەکی دیکە لە ململانێ‌و بەریەك کەوتنی سیاسی نێوانیان بەرچاودەکەوێ! پارتی وەکو هێزی سەرەکی بۆرژوازی، دەیەوێ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دوێنێ‌و بە پلەی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان، بە پەڕوباڵکراوی بەرێتە ناوحکومەتەکەیەوە‌و لەریزی یەکێتی نیشتمانیدا وەکو تەواوکەری دەسەڵات‌و ستراتیژی خۆی نەخشیان پێبدات، له‌ هه‌مان کاتدا مەرجەکانی گۆڕان بۆ بەشداری‌و وەرگرتنی پۆستی”سیادی” لە حکومەتی هەرێمدا، پەلەقاژەیەکی بێهودەیە بۆ مل نەدان بەو سیاسەتەی پارتی، کە خۆی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کۆمەکی کرد بە جێبەجێبوونی!
فشارەکانی حکومەتی ناوەند لەلایەک‌و ناکۆکی‌و قەیرانی سیاسی نێوان هێزەکانی بۆرژوازی کورد لەلایەکی دیکەوە، گرفتێکی جدی‌و سەرەکیی سەر رێگای جێبەجێبوونی سیاسەتەکانی پارتی‌و بارزانیە وەکو هێزی سەرەکی‌ دەسەڵاتدارو نوێنەری پلە یەکی بۆرژوازی کورد. پارتی لە ململانێیدا لەگەڵ ناوەندو حکومەتی مالکیدا تەریك کەوتوەو نەیتوانیوە پشتیوانی هێزە سەرەکیەکانی بۆرژوازی کورد بۆخۆی مسۆگەربکات. ئەم بارودۆخەی پارتی توانای وەستانەوەی بەرامبەر مالکی دیاریکراو و لاواز دەکات. فشاری بودجە دەتوانێ هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی نائارام بۆ پارتی‌و دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو حکومەتەکەی دروست بکات. سەرەنجام روداوی کوشتنی “بەریوەبەری رادیوی عێراقی ئازاد” لەلایەن ئەفسەرێکی هێزی پاسەوانی تاڵەبانیەوەو هەوڵەکانی مالکی بۆ بەکارهێنانی ئەو روادوە بە ئاراستەی توندکردنەوەی فشارەکان لەدەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوەندەی دیکە هاوکێشەکە بەزیانی بارزانی دەچەرخێنێ.
لە هەلومەرجێکی بەوجۆرەدا هەڕەشەکانی بارزانی بۆ کشانەوە لە”پرۆسەی سیاسی”و دەسەڵاتی ناوەند و کۆنترۆڵی سەربازی ناوچە”کێشە لەسەرەکان” و رەوانەکردنی نەوت بەبێ رەزامەندی حکومەتی ناوەند کارتێکی فشاره‌ بۆ چۆكدادان بە مالکی. هێزە نەیارەکانی پارتیش لەناو خێزانی بۆرژوازی کورددا دەیانەوێ سوود لەو خاڵی لاوازیەی پارتی وەربگرن بۆ داسەپاندنی مەرجەکانی خۆیان بەسەریدا. هەوڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بردنی نارەزایەتیەکانی کرێکاران‌و کارمەندان دژی نەدان‌و دواخستنی مووچەو سستبوونی بازار‌و جوڵەی ئابوری، بەئاراستەی بەرژەوەندیەکانی خۆی‌و هەڕەشەکانی بۆ پێکهێنانی هێزی سەربازی هەوڵێکە بەو ئاراستەیەدا!
لەناو ئەم جەنجاڵە سیاسیەی کوردستان‌و پێکدادانی بەرژەوەندیە جیاوازەکانی باڵەکانی بۆرژوازیدا، جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش دەکرێنە قوربانی‌و لەسەر خوێن‌و پارووی دەمی خۆیان‌و مناڵەکانیان، بەرژەوەندیەکانی بەشەکانی بۆرژوازی بەئاکام دەگات. خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش‌، کارمەندان‌و جەماوەری دەستەنگی کوردستان بۆئەوەی پێش بەم چارەنوسە بگرن دەبێ خۆیان لە هەرجۆرە خۆشخەیاڵیەكی سیاسی بە باڵ‌و هێزەکانی بۆرژوازی قورتاربکەن‌و شوێن سیاسەتی قازانجەپەرستانەی ئەوان نەکەون. پێویستە بۆ لەدەستگرتنی چارەنوسی سیاسی خۆیان‌و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە ژیان‌و گوزەرانیاندا لە ریزی سیاسی‌و جەماوەریی شۆڕشگێڕو خەباتکارانەدا خۆیان رێکخراوو یەکگرتوون بکەن‌. دەبێ جەماوەری کوردستان‌ بەرژەوەندیەکانی خۆیان‌و ئەو هێزانەش بناسن کە بەرگری لە بەرژەوەندیەکانیان دەکەن. نە ململانێی نێوان مالکی ‌و بارزانی لەسەر نان‌و ئازادی خەڵك‌و دابینکردنی چارەنوسێکی خۆشگوزەران‌و دوور لە نایەکسانییە، نە کێشەو ململانێکانی نێوان باڵ‌و هێزەکانی بۆرژوازی کورد خۆیان لەسەر ئازادی‌و زیادکردنی پاروویەکە بۆسەرسفرەی خەڵک‌. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ئەو هێزەیە کە بەرژەوەندی سیاسی خۆی‌و سیاسەتەکانی لە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش‌ لە ئامانجی رزگاری ئەوانەوە دەرکێشاوە. کۆبوونەوە لە دەوری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری زامنی بەهێزبوون‌و سەرکەوتنی خەبات‌و نارەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشە بەرامبەر دەسەڵاتی‌ ناوەند‌و مالکی و هاوشێوەکانی لە بەغداو بەرامبەر دەسەڵاتدارانی میلیشیایی‌و نایەکسانی خۆماڵی. بۆ رزگاربوون لە گێژاوی سیاسی ئێستاو بێنەوبەردەکانی نێوان هەرێم ‌و بەغدا، بۆ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی میلیشیایی‌و نەگبەتیەکانی ئەو بارودۆخە لە نەبوونی مووچەو بەبارمتەگرتنی سەرچاوەی ژیانی خەڵك!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٥/٣/٢٠١٤

Check Also

هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق و دووڕوویی ناسیۆنالیزمی کورد!

هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق بە پاساوی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، یەکێکه‌ …