باشکردنی ژیان‌و گوزەرانمان بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا نایەتەدی!

باگەشەی هەڵبژاردنی لیستە جیاجیاکان بە دانی کۆمەڵێك بەڵین‌ دەربارەی باشکردنی ژیان‌و گوزەران‌، خزمەتگوزاری ‌و ئازادیەکان، نەهێشتنی گەندەڵی ئیداری‌و سیاسی، باڵکێشانی خێروخۆشی بەسەر کۆمەڵگادا دەستی پێکرد. یەکێتی‌و پارتی وەکو دوو حیزبی دەسەڵاتدار کە ماوەی ٢٢ ساڵە دەسەڵاتی سیاسی کوردستانیان بەدەستەوەیەو دەستیان بەسەر ئابوری‌و سەرچاوەکانی داهاتدا گرتوە، بە ئومێدی بەدەستهێنانی دەنگی هاوڵاتیانی کوردستان بۆ شەرعیەتدانەوە بە دەسەڵاتەکەیان، خۆیان وەکو خزمەتکاری بەرقاپی خەڵك نیشان دەدەن، بەڵام زۆر بەسادەیی خەڵك بەڵێنەکانیان بە درۆی سەردەمی هەڵبژاردن ناوزەد دەکەن. هەرچی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنە، بە بڵاوکردنەوەی ئەوەی کە لەم هەڵبژاردنەدا دەسەڵاتی سیاسی دەگرنە دەستی خۆیان و لەورێگایەوە بەڵێنەکانیان بۆ خەڵك جێبەجێ دەکەن، دەیانەوێ وەکو پیشەی تائێستایان نارەزایەتی خەڵك لە دەسەڵاتی یەکێتی‌و پارتی بە ئاراستەی بەرژەوەندی سیاسی‌و گەیشتنیان بە مەرامی سیاسی خۆیان بەلارێدا بەرن‌و کڵاوێکی دیکە بکەنە سەر خەڵكی نارازی‌و بە قازانجی خۆیان بیان بەرنە بەر سندوقەکانی دەنگدان. ئێمە وەک پێشتریش ڕامانگەیاندبوو، ئەو مەرج‌و یاسایانەی پەرلەمان‌و کۆمیسیۆنی بە ناو سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ خۆکادنیدکردنی لایەنەکان و کەسایەتیەکان دایان نابوو، بەو مەبەستە دارێژرابوون کە دەرگای پەرلەمان بە تەنها بۆ نوێنەرانی سەرمایەداران و سەرۆک عەشیرەتەکان‌و حیزبەکانیان بکەنەوەو بە عەمەلی ڕێگەیان گرت لەوەی هەڵسوڕاوانی کرێکاری، هەڵسوڕاوان‌و کەسایەتیەکانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، لایەنی سیاسی یەکسانیخوازو لەناویاندا حزبی ئێمەش لەو پرۆسەیدا بەشدار بن و خۆیان بپاڵێون، واتە بە ئاشکرا خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش‌و ئازادیخوازو یەکسانیخوازیان بێبەش کرد لە دەنگدان بە نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان. هەڵبژاردن‌و پرۆسەیەکی دەنگدان کە سەرەتا بەم بێبەشکردنەی بەشێکی فراوانی کۆمەڵگا بڕوات بەڕێوە، هەر لە سەرەتاوە ئاست‌و ڕادەی ساختەکاری تێیدا ڕۆشن دەبێت‌و وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە کە پرۆسەیەکی نا ئازادانەیە و سەرئەنجام ناتوانێ نیشاندەری دەنگدانی ئازادانەی خەڵک بێ و لە ڕوانگەی ژیانی زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگاوە شەرعیەتی نابێت!

کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز!
دوو حزبی دەسەڵاتدار کە ٢٢ ساڵە لە پاروی دەمی مناڵەکانی ئێوە ئەبڕن و ئەیکەن بە قوڕگی دەزگا سەرکوتگەرەکانیاندا و میلیشیاکانیانی پێ بەهێز ئەکەن و چەندین ملیاردلێریان پێگەیاند، دوو حزب کە درێغیان نەکردووە لە هێنانی سوپای ووڵاتانی ناوچەکە و بەعس بۆ سەر خەڵک و خۆشیان بە بەرنامە و ئەجێندای ئەو ووڵاتانەوە گرێداوە، دوو حزب کە پێش هاتنە سەر دەسەڵاتیش بە شەڕە ناوخۆکانیان ڕۆڵەکانی ئێوەیان کردۆتە قوربانی و بە ئیعترافی خۆیان دەستیان هەبووە لە کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفالەکاندا… هتد ئێستا ئەیانەوێ بە وەرگرتنی پەنجە مۆری ئێوە دایناسوری دەسەڵاتەکەیان بەسەرتانەوە ڕابگرنەوە و لانی کەم تا ٤ ساڵی تر درێژە بە خواردنی پاروی دەمی ئێوە بدەن ، بردنی سامانی سروشتی و داهاتی ووڵات، بێکارتر کردنی کرێکارانی ئامادە بەکار، لە خوارەوە ڕاگرتنی بژێوی و ژیانی کرێکاران و خەڵکی دەستەنگ، بەهێزکردنی زیاتری میلیشیاکانیان و دەزگا سیخوڕی و سەرکوتگەریەکانیان، سەرکوتی ئازادی، کوشتنی ژنان و داڵدەدانی بکوژان، نوقمی کردنی لاوان لە کۆنەپەرستیدا و لە قەفەسکردنی حەز و ئارەزووە بەرحەقەکانیان، بە کورتی مڵهوڕی و پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایەداران و چینی دارای کۆمەڵگا بەرنامەو سیاسەتیان بووە. هەرچی ئۆپۆزسیۆنیشە لە کەمیندان تا ناڕەزایەتیە بەرحەقەکانی ئێوە بخەنە خزمەتی بەرژوەندیەکانی خۆیانەوە کە بۆ بچڕینی بەشی زیاترە لە دەسەڵات و بردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگایە. هەموو هەوڵیان بۆئەوەیە کە بە ناوی ناڕازیانی یەکێتی و پارتیەوە بیرکردنەوەی ئێوە، ئومێدو هیواکانتان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ لەدەسەڵاتدا بە قازانجی خۆتان، بە قازانجی سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان، بە خۆشخەیاڵبوون بۆ ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتدا لە ڕێی پەرلەمانەوە تەنگەبەر بکەنەوە، پەرلەمانێک کە جگە لە داردەستی بۆ هەردوو حزبی میلیشیای دەسەڵاتدار هیچ ڕۆڵێکی تری نەبووە و نابێ.
بۆیە بە هەمان ئەو ئەندازەیەی دەنگدان بە یەکێتی و پارتی خۆکوژیە، بە هەمان ئەندازەش خۆشخەیاڵی و دەنگدان بە ئۆپۆزسیۆن خواردنەوەی هەمان ژەهرە کە چرکە ساتەکانی تەمەنی داهاتوومان ڕەش و تاریک ئەکات. هەر قسە و بانگەشەیەکی بریقەدار، هەر بەرنامە و بەڵێنی لیستێک جگە لە توانەوە لە بۆتەی پەرلەمانێکی مردوودا هیچی تری لێ سەوز نابێ، ئەوەی ئاشکرایە تەواوی لیستەکان وەک پاسەوانی سەرمایەداران و چینەداراکانی کۆمەڵگە هەلسورانی سیاسیان دەبەنەپێشەوەو بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن، نوێنەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادی خوازان نین.

کرێکاران، لاوان، ژنان، خەڵکی دەستەنگ‌و چەوساوە!
ئێمە کە ڕۆژانە لە شوێنی ژیان و کارماندا ناڕەزایەتی بە دژی دەسەڵات و بێمافیەکانی دەرئەبڕین، ئێمەیەک کە جامی توڕەیی و نەفرەتمان لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی پڕ بووە و ڕۆژانە ئەیڕژێنین بە سەر دەزگاکانی دەسەڵاتدا، ئێمەیەک کە ڕۆژانە بە ئومێدی باشبوونی ژیان و ئایندەی خۆمان و خێزانمانین، ئێمە و تەنها ئێمە ئەتوانین بە دەستی خۆمان ئاڵوگۆڕ لە ژیان و چارەنووسماندا پێک بهێنین. ڕێگە چارە درێژەدانە بەو ناڕەزایەتیانەی کە شوێنی کارو گەرەکەکان و جادەکان لە دەسەڵات ئەگرێ. ڕێگەچارە خۆجیاکردنەوەیە لە یەکێتی و پارتی، ڕێگەچارە فڕێدانی خۆشخەیاڵیە بە ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی بە هەموو باڵەکانیەوە، ڕێگەچارە مۆر نەدانەوەیە لە دەسەڵاتی بۆرژوازی، هەر بۆیە مەچن بۆ دەنگدان و بەفراوانی بایکۆتی هەڵبژاردن‌ بکەن. بە هەڵوێستی جەماوەری یەکدەستان شکست بە کارنامەی ئەحزابەکانی بۆرژوازی لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بهێنن. ئەوان دەیانەوێ خواستەکانتان بۆ ژیانێکی باشتر لە تەپوتۆزی خۆشخەیاڵی بە پەرلەمان و بە ناو هەڵبژاردندا وون بکەن. ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵات بە قازانجی ژیان و بژێوی و ئایندەی تەواوی کۆمەڵگا لە ڕێگای خۆجیاکردنەوە لە ڕیزەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیەوە ئەبێ، لە ڕێگەی هاتنە مەیدانی فراوانی جەماوەری و کۆمەڵایەتیەوە ئەبێ بۆ دامەزراندنی دەسەڵات و سیستمێک کە گەرەنتی بەگەڕخستنی ئیرادە و وویستی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و زاڵبوون بەسەر چارەنوس و ئایندەی خۆیاندا بکات. ئەوەی بەڕێوەیە دژ بە دەنگی ئێوە و ئیرادەی ئێوەیە، مەهێڵن جارێکی تر و بۆ ٤ ساڵی تر بتانخەنەوە ژێر حوکمێک کە جگە لە گەندەڵی و جەردەیی و تاڵانی کۆمەڵگا هیچی تریان لە هەگبەدا نییە و بە پارە و پولی کۆمەڵگا میلیشیایان بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەیان پێکهێناوە.

بژی ئیرادەی سەربەخۆ و ڕاستەوخۆی جەماوەر
نا بۆ گاڵتەجاڕیەک کە لە ژێر ناوی هەڵبژاردندا بەڕێوەیە!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٤ ی ئەیلولی ٢٠١٣

Check Also

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دەربارەی شەڕو بارگرژیەکانی سوریا!

لەچەند رۆژی ڕابردوودا میلیشیا ئیسلامیەکانی “بەرەی رزگاری شام” و “سوپای نیشتمانی سوری”، لە پارێزگای ئیدلیب، …