دەبێ چ دەرسێك لەکارەساتی ٣١ی ئاب وەر بگرین!

دەشتی جەمال:

٢٥ساڵ لەمەوبەر لە  درێژەی کێشمەکێش و شەڕی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، سوپا و لەشکری خوێنرێژی ڕژێمی بەعسی لەناوچوویان هێنایە هەولێر و شارەکانی کوردستانیان داگیرکرد و گەورەترین کارەسات و تاوانی جەرگبڕیان کردە دیاری بۆ خەڵکی کوردستان، بەسەدان لە خەڵکی بێتاوان و ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی بەعس دەستگیر و گوله‌باران و ئیعدام کرد، هەزاران ئینسان ئاوارە و دەربەدەر بوون و لەماڵ و حاڵی خۆیان هەڵکەنران. بەم جۆرە لەو رۆژەوە هاوسەنگی هێز بە قازانجی پارتی دیموکراتی کوردستان  گۆڕا و دەسەڵاتی خۆیان لە هەولێرو چەند ناوچەی کوردستان داسەپاند و قەلەمڕەوی  زۆنی زەردیان  دامەزراند و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دوای ماوەیەك لە خۆکۆکردنەوە بەپشتیوانی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران، گەڕایەوە سلێمانی و چەند ناوچەیان خستەوە ژێر ڕکێفی خۆیان و قەڵەمڕەوی زۆنی سەوزیان پێكهێنا.

ئەم سات و سەوداو مامەڵە قێزەونەی سەرانی بزووتنەوی ناسیونالیستی کورد لەگەڵ ڕژێمی بەعس لەلایەن پارتی لەلایەك  و یەکێتی لە لایەکیتر لەگەڵ جمهوری ئیسلامی ئێران لە شەڕی ناوخۆیاندا  لەسەر ژیان و لە خوێن هەڵکیشان و قوربانیدان و بێسەروشوێن بوونی دەیان ئینسان بەڕێوە چوو، ئەوان بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵات و باڵادەستییان بەسەر ناوچەکانی نفوزی یەکتردا و بۆ قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەسەدان ڕۆڵەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیشی کوردستانیان بەکوشتداو ژیان و داهاتووی کوردستانیان گرێدایەوە بەدەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە کە تا ئێستاش هەمان سیاسەت درێژەی هەیە و ئەو دوو هێزە ئامادەن لەهەرکاتێکدا بەرژەوەندیەکانی ڕۆژیان بخوازێ دەستی هێزەکانی تورکیا و ئێران و حەشدی شەعبی ڕابکێشنەوە سەر ژیان و ماڵی خەڵکی کوردستان و ئەم کارەساتە بکەنە ئەگەرێکی مەترسیدار. بەڵام کارەساتی ٣١ی ئاب لەسەر زەمینەی چ دۆخێك روویدا؟

٣٠ی ساڵ بەرلەئێستە بەدوای شەڕی کەنداو، خەڵکی کوردستان لە ڕاپەڕینی ئازاردا ڕژێمی بەعس و دامودەزگا سەرکوتگەرەکەیان لە کوردستان دەڕپەراند، بزووتنەوەی ناسیونالستی کورد و دوو حزبی یەکێتی و پارتی وەك دوو هێزی سەرەکی لە پێناو ئامانجی کۆنەپەرستیان خۆیان بە سیاسەتەکانی ئەمریکا و غەربەوە گرێدایەوە و کۆمەڵگای کوردستانیان ئەوکات لەژیر سیاسەتی ناوچەی (ئارام) دا  بە کەمپێکی ئاوارەیی گۆڕی و خەڵکەکەیان لەچاوەڕوانی و لەژێر سێبەری سیاسەتەکانی ئەمریکاو دەوڵەتانی ناوچەکەدا ڕاگرت، بەم جۆرەش دۆخێك کە ئەمریکاو هاوپەیمانانی لەجەنگی یەکەمی کەنداو بەدواوە خوڵقاندیان ئەو دەرفەتەی دایە دەست ئەحزابی ناسیونالستی کورد کە سود لە نا رێکخرابوونی خەڵکی کوردستان و خۆشخەیاڵیان بەڕزگاربوون لەدەستی حکومەتی بەعس لەڕێگای سیاسەتەکانی ناسیونالیزمی کوردەوە، وەربگرن و لەسایەی میلیتاریزمی ئەمریکاو پشتیوانیەکانیدا خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا داسەپێنن. لەکاتێکدا کە کارنامەی ئەم حزبانە هیج پەیوەندیەکی دوورو نزیکی بە ئومێدەکانی جەماوەر و خەڵکی ستەمەدیدەی کوردستانەوە نەبوو.  

ئێستا ئیتر دوای ٢٥ ساڵ لە کارەساتی  ٣١ی ئاب سەرەڕای ئەو هەموو بەد بەختی و نەهامەتیانەی بەدەستی ئەم حزبانەی بزووتنەوەی کوردایەتی چەشتوویەتی نەك سەرانی بڕیاردەری ئەم تاوانانە لێپرسینەوەیان لێنەکراوە و نەبوونەتە عیبرەت و دووبارە نەبوونەوە، بەڵکو وەك عادەتی هەمیشەیی ئەحزابی ناسیونالستی کورد بەردەوامن لە پێش لەشکری و خۆشخزمەتی بؤ رژێمی فاشتی تورکیا هەروەها بۆ سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی ، جینۆسایدی یەزیدیەکان لە شەنگال و خولقاندنی تراژیدیای ١٦ی ئۆکتۆبەر و بەئامانج گرتنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و تورکیا و تیرۆری چەندین ئۆپۆزسیۆنی ئەو رژێمانە و بێدەنگبوون  لەئاست بۆمبارانکردن و سوتاندنی خەرمان و دێیەکانی کوردستان و کوشتنی هاوڵاتیانی سڤیلی کوردستان و ئاوارەیی و دەربەدەریشی لێکەوتۆتەوە.

لەوەش زیاتر هەمان ئەو سیاسەتانەی پارتی بەدوایەوە بوو بۆ بەزاندنی ڕکابەرەکەی  لە راکێشانەوەی   رژیمی بەعس بۆسەر ژیانی خەڵك ئەو کات، درێژەی هەیە. کوردستان کراوەتە مەیدانێك بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و پاوانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و تاڵانوبڕۆیەکی ئاشکرایی میلیشیایی و لوشدانی داهاتی خەڵکی کوردستان و راگرتنی ژیانیان لە هەژاری و گرانی مەینەتی و نەبوونی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، تەندروستی و پەروەردە و سەرکوتی ئازادی و برەودان بە کۆنەپەرستی و کوشتنی هەڵسوڕاوانی سیاسی و رۆژنامەنوسان و سزادانیان تا سەرکوتی هەر دەنگێکی ئازدیخواز و ناڕەزایەتیەکان بۆ ماف و ژیان و ئارامی خۆشگوزەرانی.

هەر بۆ ئەوەی ئەم تاوانانە  لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان دووبارە نەبنەوە، پێویستە کارەساتی ٣١ی ئاب بکرێتە بەڵگەیەك بۆ لێسەندنەوەی شەرعیەت لەهەردوو دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی.

ئێستاش کە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و هاوئاوازەکانیان خەریکن ژیان و داهاتووی خەڵکی کوردستان  لەڕێگای سیناریۆی پوچی هەڵبژرادنەوە خەڵكی ڕاکێشنەوە بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و چارەنوسیان لەگێژاوی فیدراڵیزمی شکستخواردووی بەغدا ڕابگرنەوە، تاوانێکی تر دەرهەق بەخەڵکی کوردستان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کەهەڵبژاردن بۆ ئەم حزبانە تەنها بۆ بەدەستهێنانی پلەوپایەو پۆست و وەگەڕخستنی کۆمپانیاکانیان و شەریکبونەوەیە لەدەسەڵات و داهاتی عێراقدا. کەوایە پێویستە جەماوەری ئازادیخوازو ناڕازی کوردستان چیتر ڕێگە نەدەن بکرێنە یاری دەستی ئەم حزبانە و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە. کاتی ئەوەیە خۆمان رزگار بکەین لەدەست ئەو هەموو بەڵاو موسیبەتانەی ئەو حزبانە دایانسەپاندووە، هێزو ئیرادەی یەکگرتووانەی خۆمان بهینینە مەیدانەوە و چارەنوسی کۆمەڵگا لەدەست بگرین. پێوستە خەڵکی کوردستان چیتر بە بانگەشەو سیاسەتی ئەم حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی فریو نەخۆن و ڕیزی خەبات و تێکۆشانی خۆیانی لێجیا بکەنەوە. لەبیرەوەرییەکانی ٣١ی ئابدا دەرسێك کە دەبێ خەڵکی کوردستان لەم کارەساتەی وەربگرێ هەرئەوەیە کە دەبێ بەخەباتێکی جەماوەری کۆمەڵگا لەم حزبانە پاك بکرێتەوە و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری پشتبەستوو بەئیرادەی خەڵکی کوردستان لەشوراکاندا، لە جێگایدا دابمەزرێت.

بەدیهێنانی ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران وکۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان بە دەر لەهەژاری و نەداری و بێکاری و ستەم و سەرکوتگەری تەنها و تەنها لەڕێگای خەباتی شۆڕشگێرانەی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ڕاوەستانیان لەژێر ئاڵاو ئاسۆی کۆمۆنیزمدا مومکین و مەیسەرە. تەنانەت ئەگەر ئەمانەوێت چیتر کوردستان نەبێتەوە مەیدانی کارەساتەکانی وەك ٣١ی ئابێکی ترو ١٦ی ئۆکتۆبەرێکی تر ئەوا دەبێ ئەم خەباتەو ئەم ئاسۆیە بە دەستەوەبگرین، ئەمە ئەو دەرسەیە کە دەبێ لەکارەساتی ٣١ی ئاب وەریبگرین.

٣٠ئابی ٢٠٢١

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *