پاشەکشەی ئەمریکاو گەڕانەوەی تاڵیبان بۆسەر دەسەڵات

گفتوگۆ لەگەڵ خەسرەوسایە

ئۆکتۆبەر: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابروودا ئاڵوگۆڕێکی سەرسورهێنەر لە ئەفغانستاندا ڕوویدا و بەخێرایی تاڵیبان توانی هەموو ناوچەکانی ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکاتەوەو بچێتە ناو کابولی پایتەختەوە. بەوجۆرە لەناکاو وبەبێ هیچ جۆرە بەرەنگاریەك حکومەتی ئەو وڵاتە ڕوخا و سەرۆکەکەی هەڵهات! ئەو ڕوداوە چۆن لێك دەدەنەوە؟ بۆچی بەو شێوە دراماتیکیە حکومەتی ئەفغانستان ڕوخا!؟

خەسرەو سایە: ڕوداوەکانی ئەفغانستان، ئەگەرچی خێراو سەرسوڕ‌ینەر بێتە بەرچاو، بەڵام هەرگیز لەناکاو و بێ پێشینە نەبووە، بەڵکو بەرئەنجامی پڕۆسەیەکی نەخشە بۆکێشراوی ئەمریکاو ناتۆ و دەوڵەتانی ئەوروپا و ناو چەکەیە کە بۆ گێڕانەوەی دوبارەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات گیراوەتەبەر. نەخشەیەک کەسەرەتا بەدانوسان وڕێکەتنی نێوان ئەمریکاو تاڵیبان، لەدۆحە دەستپێدەکاو پاشان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئینجا گرتنەوەی ناوچەکان لەلایەن تاڵیبانەوە و دواتریش لەسەرکار لاچونی حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی و”هەڵهاتنی”، وە لەدوا هەنگاویشدا تەسلیمکردنی کابوڵ بەهێزەکانی تاڵیبان، بووە ئەڵقە یەک لەدوایەکەکانی ئەم نەخشەیە.

ئەگەر وردتر لەمبارەوە بڵێم ئەوا پێشینەی ئەم ڕووداوانە بەدیاریکراوی لەساڵی ٢٠١٨ و لەسەردەمی ترامپدا و بەدوای کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکاو تاڵیبان و ڕیکەوتنیان لەسەر مەرجەکانی ئەمریکا بۆ گیڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەلات دەستپێدەکات. دواتریش بۆ ڕازیکردنی ڕوسیا، وەک لایەنێکی دەرگیر لەئەفغانستاندا نوێنەرانی هەریەک لە تاڵیبان و ئەمریکا ونوینەری حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی لەمۆسکۆ کۆبوونەوەو هەنگاوی دواتری پڕۆسەی گێرانەوەی تاڵیبان پەسەند دەکەن، پاشان بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئەم نەخشەیە وکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ودەستبردنی تاڵیبان بۆ گرتنەوەی ناوچەکان، دوا کۆبونەوە لەتاران بەئامادەبوونی نوێنەرانی تاڵیبان وجمهوری ئیسلامی ئیران ونوێنەرانێکی باڵا لەسوپای پاکستان و بەوجودی نوێنەری حکومەتەکەی کابول دەبەسترێ و ڕێرەوی جوڵە سەربازیەکانی ئەمریکاو تاڵیبان پەسەند دەکرێ. بێگومان هەموو ئەم هەنگاوانەو ئەنجامەکانی ئەم دانوسان و ڕێکەوتنانەش، بەئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتانی ناوتۆ و ئەوروپایی جێبەجێکراوە. تەنانەت بەجۆرێک ئەم نەخشەیە برایە پێشەوە کەنەک هەر ڕێگەیان نەدا حکومەتەکەی کابول وسوپاکەی بەرگریەک لەخۆی نێشان بدات، بەڵکو ڕێگریان لەوەش کرد کە خەڵکی ئازادیخوازی ئەفغانستان فرسەت وەربگرن تا بەرگریەک لەخۆیان و لەگێڕانەوەی هێزیکی ڕەشی وەک تاڵیبان نیشان بدەن. هەربۆیە هەڵەیە بڵێین تاڵیبان کابولی گرت وحکومەتێکیش ڕوخاو سەرۆکەکەی هەڵهاتووە، بەڵکو حکومەت وسوپای ئەفغانسان لەبەرئەنجامی ڕێکەوتنێکی سیاسی پێشوەختەدا وبەپێی نەخشەیەک تەسلیم کراوە، ئەمەش یەکێک لەئەڵقەکان وپێداویستیەکانی گێڕانەوەی تاڵیبانە بەبێ ئەوەی بەرگریەک ڕوبەڕووی ببێتەوە. تەنانەت نەخشەکە بەجۆرێک بووە کەڕیکەوتن لەسەر جێهێشتنی چەک و تەقەمەنیەکانی ئەمریکا بۆ تاڵیبان کراوە، تابتوانێ کۆنترۆڵی دۆخەکە بکاو هەژمونی سەربازای بەسەر ناوچەکانی ئەفغانستاندا بەدەست بهێنێت. ئەگینا ٣٠٠ هەزار چەکداری حکومەتەکەی کابول کەمەشقی سەربازیان پێکراوە بەچەکی ئەمریکاییەوە، بۆ ناتوانێت کاردانەوەی ببێت بەرامبەر بە هاتنە ناوەوەی تاڵیبان کە ٧٥ هەزار چەکداری هەیەو لەڕوی جۆری چەک و لۆجستیەوە لەدواوەیە.

ئۆکتۆبەر: بەڵام دەوترێت گەندەڵی توانای لەسوپای ئەفغانسان بڕی بۆ بەرگریکردن ولەولاشەوە تاڵیبان هێزێکی شەرکەرو عەقیدەتیە و هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای ئەفغانستانە، بۆیە توانیان ناوچەکان بگرنەوە.

خەسرەوسایە: ڕووداوەکان نەبەرئەنجامی گەندەڵبوونی سوپای ئەفغانستانە و نە بەرئەنجامی عەقیدەبوونی هێزەکانی تاڵیبانە.. هەروەک باسمانکرد دەستبەسەرداگرتنەوەی ناوچەکان لەلایەن تاڵیبانەوە لەچوارچێوەی نەخشەیەکدا سەریهەڵدا کەئەمریکا بۆ گێڕانەوەی تاڵیبان بۆسەر دەسەلآت لەسەری ڕێکەوتوە، وەلەم نەخشەیەشدا، جەنگی ڕزگارکردنی ناوچەکان ڕووی نەداوە تا فاکتۆری “هێزێکی عەقیدەتی وشەڕکەر” ببێتە جێگای سەرنج. لەم پەیوەندەدا ئەگەر ئەزمونی داعش بخەینەوە بەرچاو، ئەوا دەبینین کە تاڵیبان زیاتر لەداعش هێزێکی شەرکەر وعەقیدەتی نییەو تەنانەت سوپای عێراق و هێزی چەکداری یەکیەتی و پارتیش کەمتر گەندەڵ نەبوون لەحکومەتێک کەلەئەفغانستاندا لەسەرکاربووە. بەلام چونکە ئەمریکا لەبەرامبەر داعشدا نەخشەی ئەوەی نەبووە، داعش بمێنێتەوە، نەیتوانی خۆی ڕابگرێ و تەفروتوناکرا. لەلایەکی ترەوە مێژوی سەرهەڵدانی تاڵیبان وەک ڕەوتێکی ئینسانکوژ وتیرۆریست، ڕاستیەکی تەواو پێچەوانە بەم بۆچونەمان پێدەڵێت، کەهەڵقوڵاوی کۆمەلگای ئەفغانسان بێت، بەڵکو تاڵیبان دروستکراوی سوپای پاکستان وموخابەراتی ئەمریکایە کەلەجەرگەی شەڕی ناوخۆی نێوان دەستەو تاقمی ئیسلامی سیاسی وموجاهیدی ئەفغانیدا، بەردرایە گیانی کۆمەلگا ودواتریش وەک لەزگەیەک چەسپێندرا بەچارەنوسی خەڵکەکەیەوە. تاڵیبان مۆڵگەی تیرۆریزمی ئەلقاععیدە وبکوژی خەڵکی مەدەنی و سکولارو ژنان وهەموو ئەو ئینسانانەیە کەدەسەڵاتی ڕەشی ئیسلامی شەریعەتەکەیان قەبوڵ نییە. خودی ئەوەی کە خەڵک نەک هەر پێشوازیان لەگەڕانەوەی تاڵیبان و گرتنەوەی شارەکان نەکرد ودڵخۆش نەبوون پێی، بگرە هەڵهاتن و جێهێشتنی نزیک بەیەک ملیۆن کەس، لەماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا پێمان دەڵیت کەچۆن ترس لەتاڵیبان وهێزەکەی، کابوسێکی مەرگهێنەرە وکۆمەڵگا لەدەستی هەڵدێت. کاتێک هاوڵاتیەک ئامادەبێت خۆی بەفڕۆکەیەکدا هەڵواسێ وبچیتە ئاسمان وبەربیتەوە، بەلگەیەکی ڕۆشنە بۆئەوەی کەکۆمەلگا تاڵیبانی قەبوڵ نییە ونایەوێت لەسایەیدا ژیان بکات.

ئۆکتۆبەر: دەوترێت باڵادەستی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستاندا، بەرئەنجامی شکستی ستراتیژی ئەمریکایە لەجیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.. ڕای ئیوە لەسەرئەم بۆچونە چیە؟

خەسرەوسایە: ئەوە ڕاستە کەئەمریکا لەڕوی ستراتیژییەوە شکستی خواردووە، ئەمەش بەمانای ئەوەی کەبەدوای ڕوخانی بلۆکی شەرق و شەڕی یەکەمی کەنداودا، نەیتوانی دونیا بەپێی ستراتیژی دونیای یەک قوتبی بەرابەری ئەمریکا سازبداتەوە وبەمجۆرەش لەم دوودەیەی ڕابردوودا، تاهاتووە ڕووی لەپاشەکشە کردوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە ئەوروپای یەکگرتوو، ڕوسیاو چین وەک جەمسەرەکانی هێزی ئیمپریالیستی کەوتنە بەرامبەریەوە. بەڵام ناکرێت هەموو ڕوداوەکان بەم فاکتۆرە لێکبدرێتەوە، بەڵکو دەبێ هەر ڕوداوێکی تایبەت لێکدانەوەی کۆنکرێتی خۆی بۆ بکرێت و مانای ئەم شکستەی ئەمریکا بەدەستەوە بدرێت. لەڕوداوەکانی ئەفغانستان وبالادەستی تاڵیباندا، مانای شکستی ئەمریکا بەوجۆرە نییە کەلەڕووی سەربازی وجەنگەکەوە، لەبەرامبەر تاڵیباندا شکستی خواردبێت، وەک ئەو نمونەیەی کەلە ڤێتنام و وەدەرنانی لەسایگۆن بینیمان، کەچۆن لەبەرئەنجامی مقاوەمەتێکی جەماوەریدا وەدەرنرا. بەپێچەوانەوە هەروەک باسمان کرد باڵادەستی تاڵیبان بەرئەنجامی نەخشەیەک بووە کەتێیدا ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان ڕێکەوتووە تا بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات وباڵادەستی پەیدابکاتەوە. لەکردەیەکی ئاواشدا تاڵبان شکستی سەربازی بەسەر ئەمریکادا دانەسەپاندووە تا لەئەفغانستان دەرچیت. ئەوەشی کەمانا بەشکستی ستراتیژی جیهانی ئەمریکا دەدات لەڕووداوەکانی ئەفغانساتاندا، ئەوەیە کەنەیتوانی حکومەتێکی پایەدار وجێگای قەبوڵی خەڵکەکەی دوای دەرپەڕاندنی تاڵیبان لەساڵی ٢٠٠٠دا دامەزرێنێ. پێکهێنانی حکومەتێکی مۆزایکی لەقەم و قەبیلەو هێزە میلیشیایەکان و لەدەستەو تاقمی ئیسلامی، بەناوی دیموکراسیەوە، کەلەسەرو ئیرادەو ویستی خەڵکی ئەفغانستانەوە بێ و هێزی سەربازی وڵاتێکی داگیرکەر سێبەر بێت بەسەریەوە، بەدڵنیایەوە نەک هەرناتوانێ جێگای تەوەقوعات و پشتیوانی خەڵک بێت، بەڵکو ناتوانێت ئەمنیەت وئارامی بۆ مانەوەی خۆشی زامن بکات. شکستی ئەمریکا لەئەفغانستان لەپێکهێنانی حکومەتێکی ئاوا فاشلدا، سەرەنجام مانەوەی لەم وڵاتەدا کردە چەقین لەزەلکاوێکدا کەبەخەرجێکی زۆرو کوژرانی ڕۆژانەی سەربازەکانی تەواو ببێت و بەم هۆیەشەوە خۆ دەربازکردن لێی ببێتە ئامانجێکی فەوری.

ئۆکتۆبەر: جۆبایدن لەقسەکانی ئەم دوایانەیدا، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا بەڕیگایەکی ئاشتیانە لەئەفغانستان کشاوەتەوەو لۆمەش دەخاتە سەر سوپای ئەفغانسان بەوەی کە سەرەڕای ئەو هەمو خەرجیەی کەکردویەتی، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەیان نەکردوە کەهیچ مقاوەمەتێک نەکەن.. لەسەر ئەم قسانە دەڵین چی؟

خەسرەو سایە: ئەم قسانەی جۆ بایدن پەردەی دوهەمی تاوانکاری و نەخشەیەکە کە لەدژی ئیرادەو ژیانی خەڵکی ئەفغانسان براوەتە پێشەوە. ئەمریکا ئەفغانستانی کاولکرد و دواتریش تەسـلیم بەهێزێکی ڕەشی وەک تاڵبانی کرد، ئینجا نۆرەی پاساوهێنانەوەیە بۆ ئەم کارنامە دژی ئینسانیەی. کارنامەیەک کە مافی بڕیاردانی لەخەڵکی ئەفغانستان بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان و سیستەمێکی حوکمڕانی لەم ولاتەدا خستە ژێر پێوە. سەرەتا بەجەنگ و داگیرکاری هاتە ئەم وڵاتەوە ودوای ٢٠ سالیش هێزێکی ئینسانکوژی وەک تاڵیبانی گێرایەوە سەر دەسەڵات، کە هەرخۆی لەلیستی ڕەشی تیرۆریستاندا داینابوو، بەمەش چەقۆی ناوەتەسەر ملی خەڵکەکەی. لەبەرئەنجامی سیاسەتێکی ئاوادا ئەبێ “ڕێگای ئاشتیانە” چی بێت کاتێک ژنانی ئەفغانستان بەمەقنەعەوە دارکاری بکرین و لەژێر سایەی شەریعەتی ئیسلامی تاڵیباندا بەردەباران بکرێن ومافی تێکەلاو بوون ودەرکەوتنیان لەنێو شەقامدا بەحەرام لەقەلەم بدرێت!. کاتێک کە تیرۆر ودەست پەڕاندن ببێتە یاسا ونۆرمی ژیان و بەکارهێنانی مۆبایل وگوێگرتن لەمۆسیقاو سەیرکردنی فلیم لەهەر هاوڵاتیەکی سادە حەرام بکرێت!. “ڕیگای ئاشتی” ئەبێ چی بێت کە ٢٠ ساڵ نائارامی وکاولکاری و جەنگ، لەپاڵ هەژاری و نەداری و بێدەرەتانیدا، بکرێتە حاڵەتێکی ئاسایی.. لەڕاستیدا “ڕێگای ئاشتی” هەرئەوەیە کەهەقانیەت بەسیاسەت و نەخشەیەکی دژی ئینسانی بدرێت، کە هێزیکی ئینسانکوژی وەک تالێبان بەسەر خەڵکی ئەفغانستاندا داسەپێندرێتەوە.

لەبارەی ئەوەشەوە کەسوپای ئەفغانستان لۆمەدەکرێت بەوەی بەرگری نەکردوە، کێشەکە هەر یەخەی ئەمریکا خۆی دەگرێتەوە، ئەو خۆی سوپای ئەفغانستانی بەوحاڵەوە دامەزراند وهەرخۆشی هەڵی وەشاندەوە تا تالێبان بتوانێ بەپێی نەخشەیەک بگێڕدریتەوە سەر دەسەڵات.

ئۆکتۆبەر: دەوترێت تالێبان گۆڕاوە. ئیستا تالیبان ئەو هیزە داخراوە نیە کەلە٢٠٠٠ هەبووە، ئێستا باس لە مافی ژنان و چالاکی میدیا دەکاو کراوەیە بۆ بەشداریکردنی لایەنەکان بەپاشماوەکانی حکومەتی پێشوی ئەفغانستانەوە بۆ بەشداری لەپیكهێنانی حکومەتی تازەدا… لەسەر ئەمە دەڵێن چێ؟

خەسرەو سایە: لەڕوی ناوەڕۆکی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە خەڵکی ئەفغانسان لەگەڵ یەک تالێبان بەرەوڕون ئەویش هێزێکە کەئەمارەتی ئیسلامی وشەریعەتی ئیسلامی پێڕەویەتی، یانی لەگەڵ هێزیک بەرەو ڕون کەتیرۆر و دژی ئازادی و دژی سکولاریزم وسەرەتاییترین مافەکانی ژنان وخەڵکی مەدەنی خەسلەتی سەرەکیەتی. هێزێکە کۆیلەیەتی و سەرکوتگەری وکۆنەپەرستی ئیسلامی لەدەمارەکانیدا دەجۆشێت. ئەگەر گۆڕانێکیش لەئارادابێت لەبەر ئەوەیە کەڕای گشتی بشێوێنێ تا خۆی جێگیر بکات. یانی بۆ ئەوەی پایەکانی دەسەڵاتی جێگیر بکات دەیەوێت بەبەرگی دیماگۆجیانەوە خۆی بنوێنێ تا ڕای جیهانی وناوخۆیی بەدەست بهێنێ ودانی پێدابنرێ. بەواتایەکی تر تاڵیبان زمانی گۆڕیوە تا لەژێر ئەو فشارەدا خۆی دەرباز بکات کە هەم لەناوخۆ وهەم لەڕای گشتی جیهانیدا ڕووبەڕووی بۆتە. بەتایبەتی لەکاتێکدا کە تاڵیبان لەلیستی ڕێکخراوە تیرۆریستەکاندابووە.

ئۆکتۆبەر: هێشتا تاڵیبان وەک دەسەڵاتێک جێگیر نەبووە، دەبێ چی بکرێت بۆئەوەی لانی کەم خەڵکی ئەفغانسان لەم دۆخەدا پشتیوانی بکرێ؟

خەسرەو سایە: تا ئەو جێگەیەی کەبەخەڵکی ئەفغانستان وهێزە سۆشیالیست وسکولاریستەکان دەگەڕیتەوە، ڕێگایەکی تر نیە جگەلەوەی مقاوەمەتێکی جەماوەری لەبەرامبەر وجودی تاڵیباندا لەم وڵاتەدا بەڕێبخرێ و بەدەستبردن بۆچەک وەدەر بنرێ و کۆمەڵگای لێ پاک بکرێتەوە، بەڵام ئەرکێک کە لەئێستا دەکەوێتە سەرشانی ڕەوتگەڵێکی کۆمۆنیست و ئازادیخواز و تەنانەت ئینساندۆستەوە کە لەدەرەوەی ئەفغانستانن، ئەوەیە کە بەهانای خەڵکی ئەفغانستانەوە بچن ولەکۆمەک بە ئاوەراکان وخەڵکی هەڵهاتوودا هاوکاری پێشکەش بکەن وفشار لەسەر دەوڵەتان دابنێن کە دەرگا بەڕوویاندا بکەنەوە تا لەژیانیکی ئاسودە بەهرەمەند ببن. لەلایەکیترەوە خەبات بۆ ڕێگەگرتن لەوەی کە تالێبان لەپەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا دانی پێدابنرێ وشوێنی خۆی بکاتەوە، کارێکی ترە کەدەکەوێتە سەرشانی ئەم هێزانە. واتە دەبێ ڕای گشتی جیهانی لەدژی جێگیربوونی تاڵیبان وەک حکومەتێک ساز بدرێ وفشارەکان لەسەر هەر دەوڵەتێک توندبکرێتەوە تا شەرعیەت بەتاڵیبان نەدەن و وەک حکومەتێک لەپەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا تەریک بکرێتەوە. دەبی تاڵیبان لەقاوبدرێ و ڕێگانەدرێت لەسایەی گەرانەوەیدا بۆ سەر دەسەڵات، هەر ڕەوتێکی ئیسلامی سەر دەربهێنێ.

ئۆکتۆبەر: ئیسلامیەکانی کوردستان بە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، دوای ساڵانێکی زۆر لە بێئومێدی و خۆخواردنەوە، ئومێدێکیان بۆ گەڕاوەتەوەو پێیانوایە کە ئەوانیش بتوانن لەسەر بنەمای توڕەییەک کە خەڵك لە دەسەڵاتی کوردایەتی هەیانە، وەکو تاڵیبان دەرگای دەسەڵاتیان بۆ بخرێتە سەر پشت؟ بە بڕوای ئێوە تا چ ڕادەیەك ئەگەرێکی لەوجۆرە بۆ کوردستان واقعیە؟

خەسرەو سایە: لەگەڵ ئەوەدا کە لەزۆرلایەنەوە، دۆخی کوردستان و ئەفغانستان هاوبەشیان هەیە، لەوانە بونی ئەمریکاو پاشەکشەکردنی، ڕۆڵی دەولەتانی ناوچەکە، قەیرانی حکومەتی و گێژاوێکی سیاسی کەهەردوکیان تێدا چەقیون، بەلام بەدڵناییەوە گەرانەوەی تاڵیبان بۆسەر دەسەڵات، بەپێچەوانەی سەردەمی هاتنی داعشەوە کەڕەوتە ئیسلامیەکانی خستە ژێر گوشارەوە، لەسایەی دۆخی ئەفغانستاندا ئاهێکیان بەبەردا هاتۆتەوە، بەلام کوردستان لەچاوەڕوانی هەمان سینارێۆی وەک ئەفغانستاندا نییە. ئەمەش لەسایەی چەند هۆکارێکدا، لەوانە ڕەوتە ئیسلامیەکان بەگشتی دەسەڵاتی یەکیەتی و پارتیان قەبوڵ کردوەو ئیدغامبون بەسیستەم ودەسەڵاتێک کە ناسیونالیزمی کورد بەناوی “دیموکراسیەوە” بەڕیوەی دەبەن. هەروەها خەڵکی کوردستان ئەگەر چی باوەڕداربن بەڵام ئیسلامی سیاسیان قەبوڵ نیەو شیوەی ژیانیان شاری و مەدەنیە. لەکەنار ئەم ڕاستیانەوە لەمەیداندابوونی ناڕەزایەتیەکی جەماوەری کەڕۆژانە یەخەی دەسەڵاتدەگرێ وخواستی وەلانانی دەسەڵاتی هەیە، دۆخەکەی لەبەردەم ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێرانەدا داناوەو زەمینەی ئەوەی کەهێزێکی چەکداری ئیسلامی هاوشیوەی تاڵیبان، بتوانێ ڕوداوەکانی ئەمڕۆی ئەفغانسان دوبارەبکاتەوە، نەهێشتوە.

 

 

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *