ئایندەی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان!

موحسن کەریم:

ئەگەرچی هێزە سیاسیە نەیارەکانی رژێمی ئیسلامی ئێران، لە ساڵەکانی (٨٠)ی سەدەی ڕابردووەوە لە کوردستانی عێراق بوونیان هەیە و دواتریش، بە دوای نەمانی رژێمی بەعس لە کوردستان و دروستبوونی حکومەتی هەرێم بنکەو بارەگانیان لە هەرێمی کوردستان ماوەتەوە، بەڵام بوونیان تەنها لە چوارچێوەی ژیانی ئۆردوگاییدا ماوەتەوەو رێگایان پێ نەدراوە چالاکی سیاسی- سەربازی دژی رژێمی ئیسلامی ئێران ئەنجام بدەن. سەرباری ئەوە لەماوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتداردا، دەیان هەڵسوڕاوی سیاسی و ئەندامی حزب و رێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی رژێمی ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون و چەندین جار هێرش کراوەتە سەر بنکەو بارەگانیان، چ لەلایەن گروپ و دەستەو تاقمی بەکرێگیراوی رژێمی ئیسلامیەوە یاخود ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، وەکو روداوی هێرشکردنە سەر بارەکانی حزبی دیموکرات لە نزیك شاری کۆیە. بەڵام ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی زۆرترین قوربانی تیرۆری رژێمی ئیسلامی بەخۆوە بینیوە بەهۆی دەستئاوەڵابوونی گروپە تیرۆریستی و دەزگا جاسوسی و ئیتڵاعاتیەکانی ئێران لە ناوچەی سەوزدا!

بەڵام روداوی هاتنەسەرکاری ئیبراهیم رەئیسی یەکێك لە رەمزە بەرجەستەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی ئێران، کە بەڵێنی بنبڕکردنی نەیارانی ئەو رژێمەی داوە، لەلایەك و بەردەوامبوونی ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران لە عێراقدا، کە سەرجەم مەشهەدی سیاسی و روداوە سیاسیەکانی عێراق و کوردستانیشی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوەو لانی کەم تا مەوادی بینراویش بەردەوام و درێژەی دەبێ، دەرگا بەڕووی توندکردنەوەی فشارەکانی ئێران بۆسەر هێزە عێراقیەکان و لەناویشیاندا حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆ ملدان بە سیاسەتەکانی ئەو رژێمەو ڕەچاوکردن و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە عێراق و کوردستان دەکاتەوە. بانگێشتی نێچیربارزانی بۆ مەراسیمی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك کۆماری ئیراهیم رەئیسی و بایەخ پێدانی و تیرۆرکردنی موسا باباخانی ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەناو شاری هەولێر، هەنگاوێکە بە ئاقاری جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی رژێمی ئیسلامی. لەپاڵ ئەم هەنگاوەیدا، بۆ راکێشانی پارتی بۆ ناو ئەڵقەی بەرژەوەندیەکانی ئێران و تەنگەبەرکردنەوەو نائارامکردنی باوردۆخی بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی رژێمی ئێران لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیش، وەکو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی، ئێران لە دەرگایەکی دیکەشی داوە بۆ پیادەکردنی ئەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەیەی دژ بە هەڵسوڕاوانی سیاسی و حزبە سیاسیە نەیارەکانی رژێمەکەی لە دەرەوەی ئێران و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. ئەویش داواکردنە لە حکومەتی عێراق بۆ ناچارکردنی حکومەتی هەرێم بە دەرکردنی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانی ئێران لە هەرێم، کە رۆژی ١١/٨/٢٠٢١ لە میانەی کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە تاران، بەڕەسمی ئەو داوایەی ئاراستە کراوە.

بێگومان رژێمی ئیسلامی ئێران ئەگەر بۆی بکرێ، دەیەوێ وەکو چۆن هێزە بەکرێگیراوەکانی لە عێراق هەڵیانکوتایەسەر ئۆردوگاکانی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران، بەهەمانشێوە، لە هەرێمی کوردستانیش ئۆردوگاکانی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانی ئێران کە هەموویان هێزی سیاسی کوردستانی ئێرانن، پەلاماربدرێن و ئەندامەکانیان قەتڵوعام بکرێن و لە هەرێـم وەدەربنرێن. بەڵام رودانی روداوێکی لەوجۆرە کارێکی ئاسان نیە بۆ حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، هەروەکو بۆ عێراقیش ئاسان نیە بتوانێ فشارێکی لەوجۆرە لەسەر ئەو دوو حزبە دابنێ بۆ ئەنجامدانی کارێکی لەوجۆرە. جیاوازی نێوان رێکخراوی موجاهیدینی خەڵك و هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، ئەوەیە کە موجاهیدینی خەڵك هیچ پیگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیان لەناو عێراقدا نەبوو، لەناو خەڵکی عێراقدا خۆشەویست نەبوون و وەکو بەشێك هاوکاری رژێمی سەدام تەماشا دەکران. هاوکات خەڵکی ئەو ناوچانەش بەهۆی وەهمێکەوە کە بە هێزە سیاسیە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و رژێمی ئێران هەیان بوو لە سەرەتاوە، ئەو کارە بۆ ئێران چوەسەر. بەڵام بەپێچەوانەی موجاهیدینەوە، هێزەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێم، کۆمەڵەکان و دیموکراتەکان درێژکراوەی کۆمەڵایەتیان لەگەڵ خەڵکی کوردستانی عێراق و هەروەها لەڕووی بزوتنەوەی سیاسیەوە سەر بە هەمان بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردن و مێژووی سیاسی هاوبەشیان هەیە، کە ئەمانە دەستی هەردوو یەکێتی و پارتی دەگرێت بۆ ئەنجامدانی کارێکی لەو چەشنە. لە ساڵانی ڕابردووشدا، هەمیشە هاوکاریەکانی ئەو دوو حزبە بۆ رژێمی ئێران دژی هێزە سیاسیە کوردیەکانی ئێران مایەی نەفرەت و توڕەیی خەڵک و بگرە رۆشنبیرانی ناسیۆنالیستی کورد بووە.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە هەریەکە لە یەکێتی و پارتی ئامادە نین و یاخود دەتوانن سەر لەو داوایەی رژێمی ئیسلامی با بدەن. پارتی و یەکێتی بەرژەوەندی خۆیان لەسەروو هەموو شتێکەوەیە، بۆیە ناچارن کە لەئاستێکی دیاریکراودا فشارەکان لەسەر ئۆپۆزیسۆنی کوردی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکەن و بگرە ئەگەری ئەوە هەیە شەپۆلێك لە تیرۆری هەڵسوراوان و ئەندامانی سەر بەو حزبانە و تەنانەت مووشەکبارانی بارەگاکانیان دەست پێبکاتەوە. بەم پێیە قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی و هەڵسورانی ئەو هێزانەی ئۆپۆزیسۆنی کوردستانی ئێران لە هەرێم دەست پێدەکات و دەورەیەکی نائارام و پڕ مەترسی بەرەو ڕوویان دەبێتەوە.

ئەم هەلومەرجە لەلایەکەوە هوشیاری و ئاگاداری ئەو هێزانەی پێویستە و لەلایەکی دیکەوە ئەرکی سەرشانی هەر حزب و رێکخراوو هێزێکی سیاسی و جەماوەری و رێکخراوی ئیساندۆست و ئازادیخوازو خەڵکی کوردستانە کە دژی ئەم پیلانەی رژێمی ئیسلامی ئێران بێدەنگ نەبن، دژی بوەستنەوەو بەرگری لە ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی بۆ ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی لە هەرێم بکەن. هاوکات فشار بۆ حکومەتی هەرێم بهێنن کە ئەرکی پاراستنی سەلامەتی ژیانیان لە ئەستۆ بگرێت و نەچێتەژیر باری ئەم سیاسەتە سەرکوتگەرو دڕندانەیەی رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە. دەبێ کوردستانی عێراق مەڵبەندی ئازادی سیاسی بێت نەك ببێتە بێشەی تەراتێنی تیرۆریستانی رژێمی ئیسلامی ئێران و دەزگا جاسوسیەکان دەوڵەتانی ناوچەکە.

 

 

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *