سەرانی کوردایەتی  لە مەراسیمی سەرۆکایەتی ئێراندا

 موحسن کەریم

رژێمی ئیسلامی ئێران مەراسیمی ڕادەستکردنی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بە تیرۆریستێکی ناسراوی خۆی بەناوی (ئیبراهیم ڕەئیسی) کردە مانۆڕێکی سیاسی بۆ پیشاندانی دەسەڵاتەکەی وەکو دەسەڵاتێکی جێکەوتەو خاوەن متمانە لە ئاستی ناوچەکەدا. رژێمی ئیسلامی ئێران، کە گیرۆدەی دەیان قەیران و گرفتی سیاسی و ئابوریەو هەرئێستا کەوتۆتە بەرامبەر توڕەیی و ناڕەزایەتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران، بەو مەراسیمە دەیەوێ وا نیشان بدات کە هەموو شتێك لەسەر جێگای خۆیەتی و رژێمەکەی رژێمی قایم و پتەوو پایەدارە! رژێمێك کە زیندان و ئەشکەنجەو کوشتن و لەسێدارەدان و کپکردنی هەموو دەنگێکی نەیارو هەموو سیمایەکی مەدەنی کۆمەڵگاو مافەکانی مرۆڤ و ژنان کارنامەی ڕەشی زیاتر لە ٤٠ ساڵی پێکدەهێنێ، دەیەوێ وانیشان بدات کە دەسەڵاتێكە کە لەرێگای هەڵبژاردن و دیموکراسی و دەنگدانی خەڵکەوە خەریکە کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات و سەرۆک کۆمارو حکومەتەکەی لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە متمانەیان پێدراوە و نوێنەرایەتی ئەوان دەکەن!

بۆ ئەم مەبەستە، رژێمی ئیسلامی ئێران ریزێکی فراوانی لە سەرۆکی ووڵاتان و کەسایەتی سیاسی  ناوچەکە بانگێشت کردوە، لەناویشیاندا نێچیر بارزانی سەرۆکی هەرێم بانگێشتی مەراسیمەکە کراوە. بەرپرسانی رژێمی ئیسلامی ئێران، بایەخێکی تایبەتیان دابوو بە نێچیر بارزانی و وەکو سەرۆکی ووڵاتێك لە فڕۆکەخانە پێشوازییان لێکردو لە مەراسیمەکەشدا لەریزی سەرۆکەکاندا جێگای بۆ دانرابوو. ئەم ڕوداوە جێگای سەرنجی زۆر کەس بوو، بگرە ناڕەزایەتی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە. ئەوەبوو بۆ ڕازیکردنی حکومەتی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو روداوەی وەکو هەڵەیەکی پرۆتۆکۆڵی نیشان دا.

پارتی و بەشێك لە رۆشنبیرانی ناسیۆنالیستی کورد هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ڕاخستنی فەرشی سووریان بۆ نێچیرڤان بارزانی وەکو گۆڕانکاریەکەی گەورە لە سیاسەتی ئێراندا بەرامبەر بە کورد لێك دایەوە. وەکو سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیش بۆ پارتی و نێچیرڤان بارزانی ناوزەد کرا. بەڵام ڕاستی مەسەلەکە چیە؟ بۆچی ئێران ئەو مامەڵە تایبەتەی نێچیرڤان بارزانی کرد!؟

ماوەیەکی کەم نیە کە چەندین جار ئێران بانگێشتی نێچیربارزانی دەکات بۆ ئێران و چەندین پرس و مەسەلەی جۆراوجۆر لەنێوانیاندا گوزەراوە و تاووتوێ کراوە. ئێران لەڕێگای هێرشە موشەکیەکانی گروپە شێعەکانەوە بۆسەر هەولێر ئەو پەیامەی بە پارتی گەیاند کە دەبێ جۆرێك رووی بەرەو ئێران وەرچەرخێنێ و تا بکرێ لە ئەمریکاو تورکیا دوور بکەوێتەوە! بەتایبەتی کە لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکاو بەرەی سعودیە- ئیماراتدا جۆرێك لە سیاسەتی بێزارکردنی ئێرانی گرتبووە پێش و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیەوە پڕوپاگەندەی دژی ئێران بڵاودەکردەوەو داڵدەی هێزە کوردیە نەیارەکانی رژێمی ئێرانی دابوو لە ناوچەی دەسەڵاتی خۆیدا. ئێران لەڕێگای فشارەکانیەوە بۆسەر پارتی ویستی کە پارتی ئەوەندەی بکرێ دەستەمۆ بکات. ئەم موجامەلەیەشی بۆ نێچیربارزانی و مامەڵەکردنی وەکو سەرۆکێك و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان پاداشتی ئەو نزیكبوونەوەیەی پارتیە لە ئێران. ئێران دەیەوێ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی وەکو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بێت کە هیچ هێزێکی نەیاری رژێمی ئێران هەست بە ئاسایش و ئارامی نەکات و لانی کەم وەکو ئەوانەی کە لەناوچەی سەوزدان، دەست و پێ بەستراو لە ئۆردوگاکاندا رۆژەکانی تەمەنی سیاسیان بژمێرن! هەروەها وەکو هێزێكی ناوچەییش کە عێراق بە ناوچەی نفوزی خۆی دەزانێ، بەتایبەتی دوای داکشانی نفوزی لەناو جەماوەری ناوەڕاست و باشووری عێراق کە لەڕووی کۆمەڵایەتی- سیاسی- دینیەوە لەسەر نفوزی ئێران هەژمار دەکران، ئێران دەیەوێ پێگەی لە کوردستاندا بەهیزتر بکات و تا قەرەبووی ئەو داکشانەی لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا بکات و نفوزو کاریگەری سیاسی خۆی لە عێراقدا بپارێزێ.

پارتیش لە یاریەکە تێگەیشت و پەیامی خۆی وەرگرت. بەتایبەتی کە دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی (هەریر) وەکو زەنگێکی مەترسیدار لەلایەن پارتیەوە خوێندنەوەی بۆدەکرێت و پرسی کشانەوەی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە عێراق پارتی تووشی جۆرێك لە بێمتمانەیی کردوە بەرامبەر بە سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریکا. بەمجۆرە ئێران و پارتی وەکو پێك گەیشتنی بەرژەوەندی هاوبەش، پاداشتی یەکتری دەدەنەوە. ئێران ئاڵای هەرێم هەڵدەکات و پێشوازی لە نێچیر دەکات وەکو سەرۆك، بە ڕاگەیاندنێکی وەزارەتی دەرەوەش حکومەتی عێراق قایل دەکات. پارتیش یەکەم پاداشتی ئەو چاکەیەی ئێرانی بە تیرۆری ئەندامێکی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دایەوە!

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *