دەستوری هەرێم کەرەسەیی شەڕێکی راگەیاندنی کۆنەپەرستانەیە لە نێوان دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسۆنە!

هەرەشەی راپرسی لەسەر دەستوری پێشنیاری هەرێم، کەدەسەڵات و بە دیاریکراویش پارتی، ناوە ناوە بەدەستیەوە دەگرێت لەگەڵ پێداگری ئۆپۆزیسێۆن بۆ گێرانەوەی دەستور بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، لایەنیکی بەرجەستەی ململانێی نێوان ئەو دوو لایەنە بۆرژواییەیە لەهەلومەرجی ئێستای کوردستاندا. هەڕەشەی خستنە دەنگدانی دەستور لەلایەن پارتیەوە بۆ ئەوەیە کە گوشار بخاتە سەر ئۆپۆزیسیۆن بۆ سازان و قبوڵکرنەوەی بارزانی بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی هەرێم. ته‌نانه‌ت خودی هێنانە ئارای پرسی دوبارە هەموارکردنەوەی دەستوریش لەلایەن پارتیەوە، هه‌ر بۆئه‌م ئامانجه‌یه‌. بەلام له‌به‌رامبه‌ردا سوربوون و پێداگری ئۆپۆزیسێۆن”بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان” لەسەر گێڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان، گوشارێکە بۆ ئەوەی دەرگا دابخات بەرووی بارزانیدا بۆ خۆکاندنیکردن‌و هەڵبژرادنەوەی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی هەرێم. دەستور بۆ پارتی تەنها ئامرازێکی بەناو یاساییە بۆ ئەبەدیکردنی دەسەڵاتی پارتی و بە دیاریکراویش زاڵکردنی پێگەی بنەماڵەی بارزانییە بەسەر خەڵکی کوردستاندا. ئەو گەمەیەی ئێستا دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن، لەچوارچێوەی ململانێی خۆیاندا هێناویانەتەوە سەر گۆرەپانەکە، هێندەی ململانێی و کێبەرکێیەکی نەخشەمەندانەی ئه‌م دوو لایه‌نه‌یه‌ له‌پێناو پچرینی بەشی داهاتی زۆرترو لوشدانیەتی، نیو ئەوەندە باس نییه‌ لەسه‌ر ناوەرۆکی دەستورو ململانێ لەسەر جێگیرکردنی مافو ئازادیه‌کانی هاوڵاتیانی کوردستان. بەپێچەوانەی بانگەشەی فریوده‌رانه‌ی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنه‌‌وه‌، ناوەرۆکی دەستوری ئێستای هه‌رێم، ناوه‌ڕۆکێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی قه‌ومی وئیسلامی هه‌یه‌ و سه‌رتاپاش گونجاوه‌ بەباڵای هه‌موو حزبه‌کانی بزوتنەوەی کوردایه‌تی وڕه‌وته‌ ئیسلامیه‌کان، چ ئه‌وانه‌ی له‌ده‌سه‌لاتدانو چ ئه‌وانه‌شی به‌رگی ئۆپۆزسیۆنیان پۆشیوه‌. ده‌ستورێک که‌له‌سه‌ر بنه‌مای جیاکاری چینایه‌تی و به‌قازانجی سه‌رمایه‌دارانو بازرگانان و خاوه‌ن کۆمپانیاکان داڕێژراوه، به‌ڕۆشنی مافو ئازادیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، به‌تایبه‌تی ژنان و لاوان و کرێکاران، سه‌رکوت ده‌کاو ده‌یکاته‌ پاشکۆی شه‌ریعه‌تی ئیسلامیو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی بازاڕی سه‌رمایه‌داران.
ڕه‌خنه‌یه‌کی سه‌ره‌کی کەئۆپۆزیسێۆن لەدەستوری هەیە، هه‌ر ئەوەیە کەسیستەمی سیاسی لە سەرۆکایەتیەوە بگۆرێت بۆ پەرلەمانی و شیوازی هەڵبژاردنی سەرۆکیش ئاڵوگۆری بەسەردا بێت. به‌م جۆره‌ش ئۆپۆزسیۆن بنه‌ما ‌سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌ستوری ئێستایان قه‌بوڵ کردووه‌ و هیچ رەخنەیه‌کیان لەوە نییە کە سەرچاوەیەکی سەرەکی یاساکان شەریعەتی ئیسلامییە. رەخنەیان لەوە نییە که‌لەژێر ناوی پیرۆزیە نیشتمانی‌و نەتەوەیی و دینیەکاندا، ده‌می ئازادیخوازان دەبه‌ستێ و ئازادی بیرورا و ڕه‌خنه سه‌رکوتده‌کا. ته‌نانه‌ت رەخنەیان لەوە نییە کەبنەمای ئەم دەستورە ماف و چەمکی هاوڵاتی بەرەسمی نەناسیوە و رێگەی بەشداری راستەوخۆی جەماوەری لەسیستەمی سیاسی و بەرێوەبردندا، بەستووه‌. ئەمەش به‌ڵگه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی کەململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن لەسەر دەستور، ململانێیەکی ئاشکرایە لەسەر چۆنیه‌تی وەستانەوەیان بەرووی داواو ویستی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان،   دابه‌شکردنی جومگه‌کانی ده‌سه‌لات و به‌تاڵانبردنی کۆمەڵگا له‌نیوانیاندا.  سیستەمی سیاسی لەکوردستان تا ئەوکاتەی له‌لایه‌ن چه‌ند حزبێکی بۆرژوا قه‌ومی ومیلیشیایی و سه‌رکوتگه‌ره‌وه‌ به‌ڕیوه‌ببرێت، ئه‌گه‌ر سەرۆکایەتی بێت یان پەرلەمانی، به‌پیویست له‌سه‌ر ده‌ستورێک ڕاده‌وه‌ستێت که‌له‌سه‌ر بنه‌مای نایەکسانی ئابوری له‌نێوان هاوڵاتیاندا داڕێژرابێت و شه‌ریعه‌تی ئیسلامیش وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک بکاته‌ پێوانه‌ی مافو ئازادیه‌ فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌کان و هه‌ر که‌سێکێش لێی لابدات بە پێی ئه‌م ده‌ستوره‌و یاساکانی ڕووبه‌ڕووی سه‌رکوت و سزا و زیندان ببێته‌وه‌.
پرسی دەستور لەئێستادا دۆسێیەکە بۆ له‌چوارچێوه‌گرتنی ململانێی نێوان چه‌ند حزبێکی قه‌ومیو ئیسلامی، به‌ئاڕاسته‌ی سازدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ره‌وه‌ی مافو ئازادیه‌کانو به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی هاولاتیاندا، ئه‌مه‌ش لەهاوکێشه‌یه‌کی سیاسی وادایه‌ کەپارتی تیا باڵادەستره‌ و یەکێتی نیشتمانیشی کردۆتە هێزێکی کەنارکەوتوو. بێگومان له‌ململانێیه‌کی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ‌ئاواشدا، ئه‌وه‌ ته‌نها خەڵکی کرێکارو دەستەنگی کوردستان و ئازادیه‌کانیانه‌، که‌چ لە گێرانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان و هەموار کردنەوەیدا و چ له‌ خستنە راپرسیی ده‌ستوره‌وه‌ ده‌کاته‌ قوربانی. بۆیە ئەرکی چینی کرێکارو خەڵکی ستەم دیدەی کوردستان و بەرەی ئازادیخواز و مۆدێرنی کوردستانە لەریزێکی سەربەخۆ و فراونی خۆیاندا، بەرامبەر به‌دەسەڵات، یه‌کگرتوانه‌ ڕاوه‌ستن و ڕیگا نه‌ده‌ن گه‌مه‌ی ده‌ستور به‌زیان بۆسه‌ر مافو ئازادیه‌کانیاندا بشکێسته‌وه. ئه‌حزابی قەومی و ئیسلامی به‌وانه‌ی ‌دەسەڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و ئه‌وانه‌شی ناوی ئۆپۆزیسێۆنیان له‌خۆیان ناوه‌، ئه‌حزابی بۆرژوازی و چینەداراکانی کوردستانن و ململانێیان لەدەستور تا درۆی هەڵبژاردن و سیستەمی سیاسی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیان، هیچ شتێک نییە جگەلە ململانێیه‌کی کۆنه‌په‌رستانه‌ له‌پێناو سازان و رێکەوتندا، له‌سه‌ر چۆنیه‌تی و درێژەدان بەدەسەڵاتی ئێستاو دابه‌شکردنی داهات و بازاڕی سه‌رمایه‌دا.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌ده‌بێ له‌‌خه‌باتێکی سیاسی و جه‌ماوه‌ریدا، ده‌ستوری ئێستای کوردستان له‌لا‌یه‌ن هاولاتیانه‌وه‌‌ ڕه‌ت بکرێته‌وه‌ و له‌جێگه‌یدا، ده‌ستورێکی عه‌لمانی و داڕیژراو له‌سه‌ر بنه‌مای مافی هاولاتی بونی یه‌کسانو سه‌لماندنی ئه‌وپه‌ڕی ئازادیه‌کان و به‌شداری ڕاسته‌وخۆی نوێنه‌رانی خه‌ڵک له‌به‌ریوه‌بردنی کاروباری وڵاتدا، شوێنی بگریته‌وه‌. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان پێی وایه‌ که‌لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئه‌حزابی بۆرژوازی کورد و هێزه‌ میلیشیاییه‌کانیدا، ناکرێت چاوەروانی دەستورێکی ئازادیخوازانە بکرێت. به‌ڵکو ئاڵوگۆری بنەرەتی و ریشەیی لە ژیانی مادی و مەعنەوی خەڵکی کوردستان و زامن بوونی ماف و ئازادییە فەردی و مەدەنیەکان به‌باشترین شێوه‌ و باڵکێشانی خۆشگوزەرانی گشتی و ئاسودەیی به‌سه‌ر دانیشتواندا، له‌گره‌وی هێنانه‌ سه‌رکاری حکومه‌تی سۆسیالیستی و سیسته‌می شوراییدا مسۆگه‌ر ده‌بێت‌. بێگومان خه‌بات بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی حزبه‌ بۆرژوا ناسیونالیستیه‌کانی ئێستا، پێشمه‌رجی به‌دیهاتنی ئه‌م ئامانجه‌یه‌. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگه‌وازی کرێکارانو زه‌حمه‌تکێشان و ئازادیخوازان ده‌کات که‌به‌ڕیزی ئه‌م خه‌باته‌وه‌ په‌یوه‌ست بن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
ناوەراستی ئایاری ٢٠١٣

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …