گیراوەکانی بادینان قوربانی چ سیاسەتێکن!؟

عوسمانی حاجی مارف

  پاش چەندین هەوڵ و ناڕەزایەتی لە دەرەوەو لە ناوەوەی کوردستان، لەبەرامبەر دادگاییکردنی دەستگیرکراوەکانی بادیناندا، دادگای پێداچونەوەی هەولێر پێداگری لەسەر بڕیاڕی دادگاییکردن و سەپاندنی شەش ساڵ زیندانی کرد بۆ دەستگیرکراوەکان. ئەوەی پێویستە دەربارەی ئەم دادگای کردنە ڕوونبکرێتەوە، ڕێڕەوو پێداگری دادگایە لە زۆنی زەرددا کە لە سایەی دەسەڵاتی پارتیدا بەڕێوە دەچێت لەسەر سەپاندنی ئەم حوکمە سەرکوتگەرانەیە. ئاشکرایە دەسەڵاتی بارزانی بەداوی ئامانج و مەبەستێکەوەیە لەم کەیسەدا. بەتایبەتی کە لەلایەن زۆرینەی ڕای گشتیەوە ئەوە سەلمێنراوە کە بەڵگەکان و بیانوەکان بۆ تاوانبارکردن و دادگاییکردنی ئەو هەڵسوڕاوانە نەیتوانیوە تاوانبارکردنیان بۆ ڕای گشتی بسەلمێنێ، لەناو ژوری دادگایەکی داخراودا ئەو بڕیارە دراوەو بە ئاشکراو بێ سڵەمینەوە جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی تاوانبار کراون، دژ بە هیچ یاساو ڕێساو تێکدانی ئاسایشی هەرێم کاریان نەکردووە، تا نەک دادگایی بکرێن بەڵکو پێویست نیە بانگێشت بکرێن بۆ دادگاو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، هەتا گەر دژی ئەم دەسەڵاتەو حزبەکانیش بن، دادگاییکردنیان و زیندانیکردنیان تاوانێکی گەورەیە کە دادگا لە ناو دەسەڵاتی بارزانی و پارتیدا جێبەجێی دەکات.

لەهەمانکاتدا جارێکی تر دەبینین بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و سیخوڕی بۆ ئەمریکاو بەریتانیا، سیخوری بۆ مستەفا کازمی و بەرهەم ساڵح کەسانێکی تریش دەستگیرکراون و دراون بەدادگا، بە دوای ئەو هەموو ناڕەزایەتیە  فراوانەی دیمان لەبەرامبەر ئەو شەش ساڵ زیندانیکردنەی بەسەر پینج کەسدا سەپێنرا، داگاکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی نەک هیچ  کاردانەوەیەکی ئینسانی و ئوسوڵی و دروستیان بەرامبەر پاراستنی ماف و شکۆی ئەو کەسانەدا نیشان نەداین، بەڵکو بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئازادی و سزادانی هەموو ئەوانەی موخالفی دەسەڵاتەکەیانن. هەرکەس دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی قەبول نەبێت و موخالفی سیاسەتەکانیان بێت، دەکەوێتە بەر مەترسی دادگاو سزادەدرێت و زیندانی دەکرێت، بەناوی ئەوەی ئاسایشی کوردستان تێک ئەدات. وەک ئەوەی دام و دەزگای ئاسایش لە کوردستاندا لەسایەی سی ساڵی دەسەڵاتی بارزانیدا، ئارامی بۆ خەڵکی کوردستان فەراهەم کردبێت.

بەشێک لە ناڕەزایەتیەکان لە ڕێگەی ئەم دۆسێیەوە دەیانەوێت ئەوە بسەلمێنن کە دادگا لە کوردستانی عێراقدا سەربەخۆ نییە، بەڵام پێویستە ئەوە باش بزانین کە نەبونی سەربەخۆیی دادگا هیچ پەیوەندی بەم کەیسەوە نیە، بەڵکو واقعیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیە لە کوردستاندا، واتە ئەو پێکهاتە سیاسیەی کە لە ساڵی ١٩٩١ وە داسەپا بەسەر کوردستاندا، نمونەی دەسەڵاتی بنەماڵەو هێزی میلیشیایە، بۆیە نەک دادگا سەربەخۆ نییە، بەڵکو  تەواوی دەسەڵاتەکان لە دەسەڵاتی پەرلەمان و جێبەجێکردن و دادگا لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بنەماڵەو هێزە چەکدارەکانیان و حیزبە دەسەڵاتدارەکاندایە.

هەرسێ دەسەڵاتی پەرلەمان و جێبەجێکردن و دادگا لە چوارچێوەی پێکهاتەو کاروباریاندا شێوازێکە  کە بەهیچ جۆرێک نەک ناچێتە پرۆسەی پارێزەری بەرژەوەندی سادەترین مافی هاووڵاتیان، بەڵکو یاری بەچارەنوس و شکۆی ئینسانەکان دەکات، بەرژەوەندی سیاسی دەسەڵاتی بنەماڵە لە پێش هەمو ئیعتبارێکەوەیە و دەبێت هاووڵاتی ببێتە قوربانی ئەو سیاسەتەی دەسەلاتی بنەماڵە دەیخوازێت.

ئەو دەستگیرکراوانەی بادینان کە لە هەولێر دادگایی کراون، ئاکامی هەلومەرجێکی سیاسیە کە لەم دوایانەدا بارزانی و پارتی ناچاربوون بکەونە بەرامبەر پەکەکەوە، تا دەگاتە ئاستی بارگرژی و ڕاگەیاندنی شەڕی نێوانیان، ئەو ناچاریەش ئاکامی درێژبونەوەی سیاسەتێکە کە حکومەتی تورکیا بە لەشکرکێشی و دەخالەتی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا پەیڕەوی دەکات. بارزانی و پارتیش بەشێکی سەرەکین لە ملکەچی و پابەند بون بە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی تورکیاوە، بۆیە هەر ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر پاشکۆ بوونی بارزانی بۆ سیاسەکانی تورکیا، لە ئەجندای پارتیدا دەبێتە تاوان و خیانەت، دەنا پەکەکە چەندین ساڵە وەک هێزێک لە کوردستانی عێراقدا لەژێرسایەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا هەڵسورانی سیاسی خۆی ئەنجامداوە، هیچ یاسایەک لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە نەبوە بۆ قەدەغە کردنی هەڵسورانی سیاسی پەکەکە لە جوغرافیای کوردستانی عێراقدا، هەروەها هیچ یاسایەک نەبوە ڕێگربێت لەوەی کەسانێک لە دانیشتوانی خەڵکی کوردستانی عێراق ببنە ئەندامی پەکەکە، تاکو ئەندام بوون لە پەکەکەدا قەدەغە بکرێت و هەرکەس کار بۆ پەکەکە بکات  ببێتە تاوان و سزا بدرێت.  لەمەش سەیرتر ئەو گیراوانەن کە ئێستا بە بیانوی سیخوڕی بۆ ئەمریکاو بەریتایناو کازمی و بەرهەم، دەستگیرکراون و دراون بەدادگا، جێگای سەرنجێکی زۆر جددیە کە پارتی و یەکێتی بۆ خۆیان جگە لەوەی لە هەردوو جەنگی کەنداودا پاشکۆو جیێەجێکەری سیاسەتەکانی ئەمریکا بون، لە هەمانکاتدا کاری سیخوڕیشیان بۆ دەکردن، بەڵام نەک تاوان نەبو بەڵکو ئەوپەڕی شانازی نیشتمان پەروەری و کوردایەتی بوو بۆیان بە ناوی “پرۆسەی ئازادی” بۆ عێراق. ئێستاش دادگای بارزانی کەسانێ زیندانی دەکات بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئەمریکا،  لە ڕاستیدا گاڵتەجاری ئەم کەیسە لەوەدایە کە لەشکرکێشی هێزەکانی تورکیا بەشێکی زۆری لە سنورەکانی کوردستان داگیرکردووە،هەروەها سیخوڕی و میتی تورکی بە کوردستاندا بڵاوبۆتەوە بەڵام  ناچێتە ناو خانەی خیانەت و دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوەو دادگاوە، هیچ کەس بە سیخوری بۆ تورکیا دەسگیر ناکرێ و سزا نادرێت، چونکە کارەکانی بنەماڵەی بەرزانی لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی دانیشتوانی کوردستانی عێراقدا چۆتە ئەو ئاستەی کە تاچەند بەرژەوەندیەکانی لە ئێستادا لەگەڵ تورکیا دەگونجێ و پارێزراو دەبێت و چەند دەچێتە پێشەوە.

کەیسی گیراوەکانی بادینان و ئەو کەسانەی ئێستا لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانیدا دەستگیر دەکرێن کەیسێکی تەواو سیاسیە، بارزانی تا بتوانێ، نایەوێت پاشەكشەی لێ بکات، ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیانەی کە لەناوچەکەو عێراق و کوردستاندا پێشبینی دەکرێت، ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی عێراقدا خستۆتە بەردەم چارەنوسێکی نادیارو گێژاوێکی سیاسی زیاترەوە، بۆیە  بارزانی پێی وایە کە ئەم هەوڵانەی لە خۆبەستنەوەو ڕادەستکردنی هێزو دەسەڵاتەکەی بە تورکیا ڕێگایەکە بۆ دەرباز بونی لە ناو ئەو جەنجاڵە سیاسیەی کە کوردستانی لە گرێ کوێرەیەکدا ڕاگرتووە، بۆ ئەم هەنگاوانەش دەسەڵاتی بارزانی پێویستی بە سەرکوت و زیندان و پێشێلکردنی ئازادی سیاسیە، کە لەهەنگاوی یەکەمدا گیراوەکانی بادینان دەبنە قوربانی.

 

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *