خەسرەو سایە
ئەمڕۆژانە بەهۆی گرانبونی نرخی بەنزین و کەمی ئاو وکارەباوە، توڕەیی و ناڕەزایەتی لەنێو خەڵکدا، ڕووی لەپەرەسەندن کردوە ولەهەندێک شوێنیش، خۆپیشاندان و گردبونەوە، یەخەی دەزگا بەرپرسەکانی گرتوە، لەچەند جێگای تریش ڕێگای سەرەکی هاتوچۆی نێوان شارەکان بەستراوە.. بەمجۆرەش جوڵەیەکی جەماوەری لەپاڵ کێشەی دواکەوتن و لێبڕینی موچەدا لەسەر کەمی خزمەتگوزاریەکان و لەدژی گرانبوونی بەنزین، لێرەو لەوێ و بەشیوەی پەرشوبڵاو سەری دەرهێناوە وخواستی کارەبای٢٤ سەعاتەو ئاوی پێویستی لەڕیزی پێشەوەی داخوازیەکانی هاوڵاتیاندا، بۆ باشکردنی ژیان وگوزەران، بردۆتە سەرەوە. توانا و قابیلیەتەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە لەچیدایە ودەبێ چی بکرێ تا بەرەو بەدیهێنانی خۆاستەکانی بەرەوپێشەوە ببرێ؟
بۆ وەڵام بەم پرسیارە، دەبێ سەرەتا سەرچاوە و هۆکاری گرفتەکان بناسین و بزانین ئەو سیاسەت و کارنامەیە چیە کە لەپشت ئەو دۆخەوە ڕاوەستاوە. بەتایبەتی کە ئەوە حکومەت و بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکانە، گرانیی بەنزین و کەمیی ئاو وکارەبا بەقسەی پڕوپووچ پاساو دەدەن و زۆرجاریش گرفتەکە دەدەنەوە بەسەر شانی هاوڵاتیاندا. بۆ نمونە دەڵێن، گرانیی بەنزین دەگەڕیتەوە بۆ “زۆربوونی سەیارە لەشارەکاندا و زیادبوونی داوای هاولاتیان”، وەیا دەڵێن “ووشکە ساڵییەو هاوڵاتیانیش دەست بەکارەباو ئاوەوە ناگرن و بەفیڕۆدان زۆرە”.. ئەم پاساوانە لەگەڵ ئەوەدا کە ناڕاستن، زیاتر بۆ پەردەپۆشکردنی ڕۆڵی کۆمپانیاکان و ئەو قۆرغکاری و سیاسەتەیە کە حکومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ بەتاڵانبردنی ڕەنجی هاوڵاتیان و کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری سەرمایەو داهات بۆ خۆیان و سەرمایەدارانی دەستوپێوەندیان گرتویانەتەبەر. کەوایە با لەپێشەوە لەسەر هۆکاری گرانبوونی نرخی بەنزین ڕاوەستین:
بەپێچەوانەوەی ئەو بۆچوونەوە کە گرانبوونی نرخی بەنزین بۆ زۆربوونی داوای(تەڵەب) هاوڵاتیان لەسەر بەنزین دەگەڕێنێتەوە، زانستی ئابوری پێمان دەڵیت کە زیادبوونی ڕێژەی داوا لەسەرهەر کاڵایەک، سەرەکیترین فاکتۆرە بۆ بردنەسەری ئاستی بەرهەمهێنان و جوڵەی بە بازاڕخستنی ئەو کاڵایە. گرانبوونی بەنزین ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەڕۆڵی ئیحتکارکردن و قۆرغکاری کۆمپانیاکانی سەر بەدەسەڵات و حزبەکانەوە هەیە، لەوانە کۆمپانیای کار، سەن ئۆیەڵ، کورد نەفت. ئەم کۆمپانیایانە لەچوارچیوەی سیاسەتێک کە حکومەت لەژێرناوی چاکسازیدا بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر ڕێگەی پێداون لەنێوان خۆیاندا بەنزین دەستاودەست پێبکەن وهەرجارەش زێدەیەک بخەنە سەر نرخەکەی، بەبێ ئەوەی ئەم کۆمپانیایانە ئەرک و زەحمەتێک ئەنجام بدەن، هەروەها ڕێژەی دابەشکردن و بەبازاڕکردنی بەنزین دیاری بکەن و بەم پێیەش بەپێی قازانجی هەر یەک لەو کۆمپانیایانە نرخەکەی ببەنە سەرەوە. بەڵام تا ئەو جێگەیەی بەڕۆڵی ڕاستەوخۆی حکومەت خۆی دەگەڕێتەوە، گرانبوونی نرخی بەنزین لەهەرێمی کوردستاندا، ئەڵقەیەکی تەواوکەری سیاسەتی هێنانەخوارەوەی نرخی دراوی عێراقیە لەچاو بەهای دۆلاردا، ئەمەش یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە بۆ هێنانەخوارەوەی ئاستی بژێوی هاوڵاتیان و بەهای ئەو داهاتەی کە بەشێوەی کرێ وموچەی مانگانە، دەکەوێتە دەستیان. چونکە بەگرانکردنی نرخی بەنزین، نرخی بەشێکی زۆر لە کاڵا خۆراکی و پۆشاک و ئەو کاڵایانەی کە بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە بەکاردەبرێن بەرزدەکاتەوە، بەمجۆرەش هاوڵاتی دەبێ خەرجیەکی زیاتر بدات تا بژێوی ڕۆژانەی دابین بکات. بەمجۆرەش گرانبوونی نرخی بەنزین ڕیشەی لەسیاسەت و کارنامەیەکی قوڵترو فراوانتری حکومەت و کۆمپانیای حزبەکاندایە و دەبێ لەم ئاستەدا بەرپەچ بدرێتەوە.
تا ئەو جێگەیەی بە کەمی ئاو و کارەباو خزمەتگوزاریەکانی تر دەگەڕیتەوە، دیسانەوە کێشەکە بۆ سیاسەتێک دەگەڕێتەوە کەحکومەتی هەرێم بەدوای دەرهێنانی نەوت و سپاردنی خزمەتگوزاریەکان بەکەرتی تایبەت و لەم چوارچێوەیەشدا بەڕێخستنی سیستمێک لە”سەرمایەداری بازاڕ”، کەدەسەڵاتی تەواوی بەخشیوە بە کۆمپانیاکان و ئیتر حکومەت هیچ بەرپرسیارێتیەک لەئاست دابینکردنی بیمە کۆمەڵایەتیەکان، خزمەتگوزاری و دامەزراندنی هاوڵاتیانی ئامادەبەکار، لە ئەستۆ ناگرێ و ئەوە بازاڕو ویستی کۆمپانیاکان و ڕێژەی قازانج و جوڵەی سەرمایەکانیانە، کە ئاستی دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانی وەک ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندن و پاکژکردنەوەی شارەکان دیاری دەکەن.
لەلایەکیترەوە، ئەو سیستەمە لەبەرهەمهێنانی کارەباو گەیاندنی ئاو بەشارەکان، کە حکومەتی هەرێم بەڕێوەی دەبات، سیستەمێکی کۆنەو پاشماوەی هەمان ئەو ژێرخانە ئابوری و خزمەتگوزاریانەیە کە حکومەتی بەعس زیاتر لەنیو سەدەیە لەوەڵامدانەوە بەپێداویستیەکانی دامەزراندنی سەرمایەداری و بازاڕی ناوخۆ لەکوردستاندا دایمەزراند. کەناڵکێشی ئاو، ئاودێری و بەنداوەکان بۆ کۆکردنەوەی ئاو و دامەزراندنی سەرچاوەی ئاوی، تۆڕی گەیاندنی کارەبا و بنکەکانی بەرهەمهینانی کارەباو تۆربینەکان .. ئەمانە لەپاڵ وەگەرخستنی پاڵاوگە نەوتیەکاندا، ڕویان لە کۆکردنەوەی هێزی کارو دانیشتوانی شارەکان و بەیەکەوە بەستنەوەیان کرد. بەڵام دیارە بەپشت بەستن بەداهێنان و تەکنۆلۆژیای ئەوکاتە.. ئێستا دەبینین کە هەم شارەکان فراوان بونەتەوەو هەم ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم چۆتە سەرەوەو هەروەها داهێنان و تەکنۆلۆژیای تازەش لەم بوارەدا پەرەی سەندوە، هەر بۆیە ئەم سیستەمە بەو حاڵەوە کەهەیەتی لەچاو چاوەڕوانی هاوڵاتیان و پەرەسەندنی کۆمەڵگادا لەدواوەیە و هەرگیز ناتوانی وەڵامدەرەوەی ژیانی سەردەمیانەی هاوڵاتیان بێت. بەڵام ئیستراتیژی ئابوری حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا چی بوەو چ کارنامەیەکی بردۆتە پێشەوە؟
بێگومان ستراتیژی ئابوری حکومەتی هەرێم وەک هەر دەسەڵات و ڕژێمێکی بۆرژوازی و سەرمایەدارانە، لەبنەڕەتەوە بۆ وەڵامدانەوە بە نیاز و ویستی هاوڵاتیان نەبووە و نیە، یانی بۆئەوە نەبووە کە خزمەتگوزاری کامڵ و پڕ بەنرخی گونجاو بخاتە بەردەست هاوڵاتیان و بۆ ئەمەش پێ بەپێی پەرەسەندنی دانیشتوان و گەورەبونەوەی شارەکان ئاڵوگۆڕ لەو سیستەمە خزمەتگوزاریەی کەلە بەعسەوە بۆی ماوەتەوە پێک بهێنێ و پەرەی پێ بداو لەگەڵ تەکنۆلۆژیای تازەدا تێکەهەڵکێشی بکات، بەڵکو سیاسەتی حکومەت لەپێناو بەدەستهێنانی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەدا، هاوشان لەگەڵ سیاسەت و بڕیارەکانی سەرمایەداری جیهانی و نیولیبڕالیزمدا و بە پشتبەستن بە ڕێنمایەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، سیاسەتی بەتایبەتیکردنی کەرتی خزمەتگوزاریەکان و سپاردنی بەکۆمپانیا ئەهلیەکان کە بەرپرسانی حکومەت و حزبەکان هەر بۆخۆیان خاوەنانی سەرەکی ئەم کۆمپانیایانە بن، بەڕێخست. بەڵام بەتایبەتیکردنی خزمەتگوزاریەکان هەر فرۆشتن و هەڕاجکردنی پڕۆژەکانی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریەکان نیە، بەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، بەڵکو ئەلقەی تەواوکەری ئەم ئیستراتیژی و سیاسەتە ئابوریە، دەستکێشانەوەی حکومەتە لەهەرجۆرە بەرپرسیارێتیەک لەبەرامبەر دابینکردنی بێمە کۆمەڵایەتیەکان، کۆنترۆڵی بازاڕ و کاردۆزی بۆ گەنجان، دیاریکردنی لانی کەمی ژیان لەڕیگای زیادکردنی نرخی هێزی کاری کرێکاران وموچەی فەرمانبەرانەوە، دابینکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان وەک ئەرکێکی حکومەت و دەزگاکانی.. نەک هەرئەمانە، بەڵکو دەبێت حکومەت هەموو ئەو کارگەو پڕۆژە ئابوری و خزمەتگوزاریانە کە خاوەندارێتیەکەی بۆ حکومەت دەگەڕیتەوە، پشتگوێ بخات و هەنگاو بەهەنگاو لەبەردەم جوڵەو قازانجی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا، بەشکستیان بکێشێ و لەفەرامۆشکاریدا ڕایان بگرێ، تا لەکاردەکەون و لەبازاڕی مونافەسەدا وەدەردەنرێن.
حکومەتی هەرێم بەڕۆشنی لەدوای ساڵی ٢٠١٠ وە دەستی بۆ ئەم سیاسەت و ستراتیژە ئابوریە برد وهەنگاو بەهەنگاو کاری لەسەر کرد تاسەرەنجام دۆخی خزمەتگوزاریەکانی بەم ڕۆژە گەیاندووە.. ئێستا ئیتر دەبێ ئەوەمان لێ مەعلوم بێت کە تا ئەم حکومەتە لەسەرکار بێت ئەم سیستەمە لەخزمەتگوزاری کە ناتوانێ وەڵامی ویستی هاوڵاتیان بداتەوە درێژەی دەبێ. بەواتایەکی تر ئەگەر بمانەوێت لەکۆمەڵگایەکدا بژین بیمەکۆمەلایەتیەکان لەئارادابێ وخزمەتگوزاری تێروتەسەل، نەک هەر بەنرخی گونجاو، بگرە بەخۆڕایی بخاتە بەردەست هەموو هاوڵاتیان، ئەوا دەبێ ئەم دەسەڵات و سیستەمە وەلابنرێ و ئابوری و سیستەمێک لەدەسەڵاتدارێتی جێگای بگرێتەوە کە موڵکیەتی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، تێیدا گشتیەوە خەڵکی کارگەرو زەحمەتکێش خۆیان کۆمەڵگا لەڕێگای شورا و ئەنجومەنەکانی خۆیانەوە بەڕێوەدەبەن. لەیەک ووتەدا ئابوری سۆشیالیستی و حکومەتی شوراکان، وەلامی بنەڕەتیە بە ئابوری سەرمایەداری و حاکمیەتی حزبە بۆرژوازیەکانی کورد و هەموو ئەو کێشەو گرفتانەی کە لەم سیستەمەوە سەری دەرهێناوە، بەخودی بێئاوی و بێکارەبایی و هەژاری و بیکاریشەوە. بەڵام تا کاتێک ئەم سیستەمە بەکردەوە کۆتایی پێنەهێنراوە، دەبێ چیبکەین تا لانی کەمی خزمەتگوزاریەکان بەدەست بێت؟ لەوەلام بەم پرسیارەوەیە کەدەبێ سەرنجەکانمان ببەینەوە سەر ناڕەزایەتیەکانی ئەم دەورەیەی جەماوەر کە بۆ خواستی ئاو و کارەبا کەوتۆتەڕێ:
بەدڵناییەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بۆ خواستی ئاو وکارەبا، یەک کردەی بەرهەق ڕەوایەو هاوڵاتیانی کوردستان، تا ئەو کاتەی هێزوتوانایان نەگەیشتووە بەوەی کە دەسەڵاتدارێتی خۆیان دامەزرێنن و جومگەکانی بەرێوەبردنی ئابوری و ژیانی کۆمەڵایەتی بەدەستەوە بگرن، دەبێ یەخەی دەسەڵات و حزبەکان بگرن و ئەم ناڕەزایەتیانەی خۆیان بەرین و فراوان بکەنەوەو لەئاستی شارو گەرەک و ناوەندەکانی کارو بەڕیوەبەرایەتیەکاندا، دەسەلاتداران بخەنە ژێر گوشارەو ناچاری بکەن بەملدان بەخواستی خەڵک. بەڵام لە دۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا و لەگەڵ هەبوونی قەیرانێکی حکومەتی و بێتواناییەک کە ئەم دەسەڵاتە لەگەڵی بەرەو ڕووە، هاوکات وەک ئەوەی کە کێشەی ئاو و کارەباو گرانبوونی بەنزین، کێشەی سیستەم و نیزامێکی سەرمایەدارانەیە، دەبێ ئەم ناڕەزایەتیانە بەشێک بێت لەخەبات لەدژی ئەم سیستەمەو ئەم دەسەڵات و بەڕێوەبردنەی حزبەکان و کۆمپانیاکانیان. دەبێ دژی سەرمایەداری و حاکمیەتەکەی بێت، دژی سیاسەتی بەتایبەتیکردن بێت، ئەمەش بەمانای ئەوە دەێت کەدەبێ لەدڵی ئەم خەبات و ناڕەزایەتیاناوە، کۆبوونەوە گشتیەکان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی جەماوەر سەر دەربهێنێ و کۆنتڕۆڵ و خۆبەڕیوەبەرێتی جەماوەری، بوارەکانی خزمەتگوزاری، لەبەرهەمهێنانیەوە تا دابەشکردن و بەردەستخستنی، لەدەست بگرێ. بەواتایەکی تر دەبێ خەبات و ناڕەزایەتی بۆ خواستی ئاو و کارەبا، بەشێک بێت لەخەبات بۆ دەخاڵەتکردنی خەڵکی نارازی و وەدرنانی بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ئیستای دەسەڵاتداران، لەئاست پڕۆژە و یەکەکانی خزمەتگوزاریەکاندا. بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانەی جەماوەر هەر لەدوتوێی خواستێکدا قەتیس بمێنیتەوە، وە یا بەم پەرشوبڵاویەی ئێستایەوە درێژە بکێشێ، ئەوا لەباشترین حاڵەتدا، هەر ئەو توانایەی دەبێت کە دەسەڵات ناچار بکات بەزیادکردنی ٢سەعاتێکی ڕۆژانەی کارەباو دابەشکردنی ئاو لەڕێگای چەند تەنکەرێکەوە.. کەدیارە ئەم کارە نەک هەر دۆخەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو ناڕەزایەتیەکان خاودەکاتەوەو لە چاوەروانیدا بەدیار کارنامەی دزێوی حکومەتەوە ڕایاندەگرێ.
سەرنجێکی تر لەسەر ناڕەزایەتیەکانی ئێستا ئەوەی کە خەبات بۆ دابینکردنی ئاو و کارەبا، نابێت بە دابڕاو لەخەبات بۆ بەدەستهێنانی باشبژێوی و دابینکردنی بیمە کۆمەلایەتیەکان و ڕاوەستانەوە لەدژی بەتایبەتیکردنی کەرتی خزمەتگوزاریەکان جیابکرێتەوە. بەتایبەتی لەدۆخێکدا کە قەیرانی ئابوری هەیەو حکومەت لەژێر ناوی چاکسازیدا، دەستی بردووە بۆ داسەپاندنی بێکاری و لێبڕینی موچەو سیاسەتی باجگیری و گرانکردنی نرخی بەنزین و کاڵا بژێویەکانی تر.. لەدۆخێکدا کە حکومەت بەهەموو ڕێگایەک دەیەوێت دابینکردنی بودجەو کۆکردنەوەی داهاتەکەی، لەسەر حسابی داسەپاندنی هەژاری وهەژارکردنی زیاتری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و فەرمانبەران جێبەجێ بکات. بەم پێیەش خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئاو و کارەبا دەبێ بەشێک بێت لەجوڵانەوەی دژی هەژاری و بێکاری و دابینکردنی لانیکەمی ژیان و بژێوی بۆ هاوڵاتیانی کوردستان. بۆ ئەمەش دەبی لائیحەی داخوازیە کۆمەلایەتی و ئابوریەکان وەک مافێکی سەرەتایی بەدەستەوە بگیرێت و بکرێتە ئاڵای ناڕەزایەتیەکانی ئێستا و ناوکۆکەیەک بۆ سەراسەری کردنەوە و یەکگرتووکردنی ڕیزەکانی جەماوەری ناڕازی. لەیەک ووتەدا ناڕەزایەتیەکانی ئێستا بۆ خواستی ئاو و کارەبا دەبێ پەرەبگرێ و مەیدانی هەموو شارەکان بگرێتەوە و دەست پێبکات، بەڵام ڕاوەستاوی و بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم خەباتەو ئەم ناڕەزایەتیانە، دەبێ بەئاسۆیەکی دژە سیستەم و دژە سەرمایەداری وحاکمیەتەکەیەوە لەمەیداندا بێت و لەڕەوتی خۆیدا کۆنترۆڵ و خۆبەڕێوەبەرێتی جەماوەری لەخوارەوە پەروەردە بکاو بهێنێتەکایەوە. دەبێ هەر لەئیستاوە لائیحەی داخوازیەکانی باشکردنی ژیان بەدەستەوە بگیرێ و وەک بەشیک لەبزوتنەوەی دژی هەژاری و بیکاری وبۆ هێنانە کایەوەی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران ڕێچکە بگرێ..
٧/٧/٢٠٢١