ئیبراهیم حسێن:
نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەری توشبوان بە شێرپەنجە لە ژێر هەڕەشە دایە ودەیانەوێ وەک هەربەش و لایەنێکی تری ژیان، لەسەر بەشی تایبەتی تاپۆی بکەن و بیسپێرن بە قازانجپەرەستی سەرمایە.ئیتر لیبڕاڵیزمی بازاڕ و سەرمایه، قیبلە ی ڕۆشنفکرانی دیموکرات و ناسیوناڵیست کە ڕۆژانێک شانامەیان لەسەر خێر و بەرەکەتی ئەومۆدێلە دەهۆنیەوە، گوڵی گرت.دەبێ بڵێین پیرۆزە ئەوەی کە خەوی ئێوە بوو وا لەژێرسایەی حوکمی چەک و میلیشیا و بێ پەردە لە کوردستانێک کە ئەو خەوەتان پێوە دەبینی هاتۆتە دی. هەموو شتێک بۆ سەرمایە ئازادە، سەرمایە و دەسەڵاتەکەی ئازادانە هەربەڵایەکیان بوێ بەسەر هاوڵاتی بە قەولی ئێوە( تاکی ئازاد)ی دێنن. بێکارەبای دەکەن، بێ ئاوی دەکەن، بێ نەخۆشانە و بیمەی تەندروستی و دەرمانی دەکەن و هەموو ئەوانەی لێ درێغ دەکەن. دواتر هەموو ئەوانە ئازادانە بە بێ ئەوەی لە کەس بپرسن لەسەر خۆیان تاپۆ دەکەن. ئیترئێرە بەهەشتی ئازادی سەرمایەیە و لە هیچ شوێنیکی دنیا دەستی سەرمایەو کۆمپانیا و دەسەڵات، لە کردن و نەکردنی هەرشتێک دەرهەق بەهاوڵاتی ئەوەندە ئازاد و ئاوەڵا نیە.
داخستنی نەحۆشانەی هیوا واتە بێبەش کردنی هەزاران ئینسانی توشبو بە نە خۆشی نەگریسی شێرپەنجە لە دەسڕاگەیشتن بە ولانیکەمانەی چارەسەر.واتە دەستدرێژی کردنە سەرمافی دەستڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی خۆڕایی و لانیکەم هەرزانی چارەسەر کە لە حاڵەتی بەردەست نەبوونی دەکاتە مەحکوکردنی هەزاران ئینسانی موبتەلا بە مەرگێکی شێنەیی و بە ژیانکردن لە ئازار و ڕەنجێکی هەر دەقە و سەعاتەدا.
ئەمە تەنیا مانای وێڵکردنی ئەو ئینسانە موبتەلایانە نیە لە بەرامبەر ئەو نەخۆشیە مەرگهێنەر و ئازاردەرە، بەڵکو خستنە تەنگانەی سەدان خێزانی کرێکار و دەستەنگە تا بە تەنهایی دەرد وڕەنج و خەمی ژاکان و هەڵوەرینی ئازیزانیان، هەر دەقە وسەعاتە ببینن و بەردەوام لە دڵەخورپەی ئەوە دا بژین لە کوێ و چۆن چارەسەر و دەرمانی پێویستیان بۆ پەیدا بکەن تا چەند بەیانیەکی تر مەرگی ئازیزانیان دوا بخەن و بۆ ماوەیەکی تریش وا بکەن کە بە ئازارێکی کەمترەوە بژین و وەک ئێمە بتوانن پێ بکەنن و گوێ لە گۆرانی بگرن و خەیاڵ بکەن و دڵ بدەنە ژیان.
سەرمایە و قازانجپەرەستی سەرمایە لەوە بەهێزتر و غەریزیتر و بێدڵترە کە بە بێ بوونی جوڵەیەکی جیددی و بەرگری و نەخوازەڵا پەلامارێکی جیددی لە کۆمەڵگە، بکرێ چاوڕوانی ئەوە بکرێ کە پاشەکشە بکەن ودەست هەڵبگرن.
دەسەڵاتە بۆرژواییەکانی ئەو مەملەکەتە لە سلێمانی و هەولێر لەوە بەرامبەر بە ژیان و گیان و سەلامەتی هاوڵاتیان بێ موبالاترن و لەوە دژە ژیانترن کە بکرێ شتێکیان لێ چاوەڕوان بکرێ، مەگەر ناچار بکرێن مل بدەن و ناچار بە تەسلیمبوون بە ئیرادەی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە بکرێن.
هەر بۆیە هەموو کۆمەڵگە، هەموو هاوڵاتیانی کۆمەڵگە، کرێکاران و بێبەشان و لاوان و هەموو ئەو ئینسانیەتەی کە دڵی لەو بەربەرییەتە تێک هەڵدێ، بۆ بەرگریکردن لەو ئینسانە توشبوانە بەشێرپەنجە و خێزانەکانیان و بۆ بەرگریکردن لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان وچارەسەری دروست وخۆڕایی و بۆ هەوسارکردنی چاوچنۆکی و قازاجپەرەستی سەرمایە و کۆمپانیاکان و دەسەڵاتی حیزبە بۆرژواییەکانی پارێزەریان لە هەڕاجکردنی خەستەخانەی هیوا و دکتۆر و دەرمان و چارەسەر بەسەرمایە، دەبێ بجوڵێ و وبە خواستی مافی ژیانی سەلامەت و مافی تەندروستی وچارەسەری خۆڕایی گشتی، بۆ بەرگری لە نەحۆشانی شێرپەنجە و نە خۆشانەی هیوا بێتە دەنگ.
ئەمە دەتوانێ سەرەتای یەکێتیەکی چینایەتی و ئینسانی بێت،
هیوایەکی تربێت.
١٩/٦/٢٠٢١