لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بۆچی؟

نووسینی: مەهدی رەسوڵ” وەستا مەهدی”

بێگومان لەپەیوەند بەو لەشکرکێشی و داگیرکاری و تاڵانیەی کەدەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان دەستی داوەتێ، لێکدانەوەو قسەوباسی زۆری لەسەر دەکرێ و بۆچونی جیاجیاش لەسەر ئەم جموجوڵ و سیاسەتەی دەوڵەتی تورکیا دەخرێتەڕوو. بەڵام لێکدانەوەکان هەرچیەک بن ئەم لەشکرکێشی وتالانیەی دەولەتی تورکیا دەستی داوەتێ، سیاسەتێکە دژ بەخەڵکی کوردستانە و بەشوین خۆیدا ئاوارەیی، کاولکاری و تاڵانچێتی وکوشتارو نائەمنکردنی فەزای کۆمەڵایەتی کوردستانی بەدواوە بووە و دەبێ، و بەڵایەکی تری بۆسەر هەموو ئەوموسیبەتانە زیاد کردووە کەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش پێوەی گیرۆدەن. هەربۆیە دەبێ ئەم سیاسەت و هەوڵانەی دەولەتی تورکیا لەلایەن خەڵکی ئازادیخوازەوە و بەتایبەتی کرێکارانی تورکیاو کوردستان و ناوچەکەوە ڕیسواو مەحکومە بکرێ و ناچار بکرێت بەوەی کەدەستی لێ هەڵگرێت.

بەڵام بۆچی تورکیا ئەم لەشکرکێشی بۆسەر هەرێم فراوان و توندکردۆتەوە؟ بێگومان دۆخی هەڵواسراوی کوردستان لەدوای ساڵی ١٩٩١ و دروستبوونی “ناوچەی دژەفڕێن” بەردەوام ناوچەیەک بووە لەژێر هەرەشەکانی تورکیا و ئێرانداو بەردەوام ئەم دوو دەولەتە بەپاساوی جیاجیا دەخاڵەتی سەربازیان بردۆتە پێشەوە. ئەمجارەش دەولەتی تورکیا بۆ سیاسەتی لەشکرکێشیەکەی خۆی بوونی پەکەکای لەقەندیل کردۆتە بەهانەو پاساوێکی پوچ لەکاتێکدا ئەم سیاسەتە داگیرکاریەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەدوخی جیهانی و ناوچەکەو ململانێی هێزەکانەوە هەیە، پەیوەندی بە مونافەسەو هەوڵدانی حکومەتەکەی ئۆردوگانەوە هەیە بۆ فراوانکردنەوەی نفوزی خۆی لەئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا. بەتایبەتی لەبەرامبەر نفوزی ئێراندا، ئەمەش لەدۆخێکدا کە شەرو کێشەی نیوان هێزە جیهانیەکان لەوانە ئەمریکاو ڕوسیا و دەولەتانی ئەوروپا بۆ سازدانەوەی دونیاو دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوز درێژەی هەیە و هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆ هینانە کایەوەی باڵانسێکی سیاسی وئابوری لەئارادا نییە ولەم نێوەشدا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆتە مەیدانێك بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەو سراعاتێك کە لەنێوان هێزە ئیمپریالیستیەکاندا هەیە. جەنگ و کاولکاری و ئاڵوزکردن و شێواندن و ناجێگیری سیاسی گۆشەیەکی دۆخی ئیستاو بەشێکە لەسیاسەتەکانی ئەم وڵاتانەو هێزگەلێکی ناوچەیی وەک تورکیا و ئێرانیش، تا لەئاڵوگۆرەکانی داهاتوودا پێگەی خۆیان بەدەستبهێننەوە. لەم چوارچیوەیەدا تورکیا لەهەوڵی درێژکردنەوەی پشتینەی سەوزە لەناوچەی عەفرینی سوریاوە بەقوڵایی ٣٥ کیلۆمەتر و لێگرێدانەوەی ئەم پشتێنەیە بە هەرێمی کوردستانەوە و لێرەشەوە زاڵکردنی قەڵەمڕەوی سیاسی و سەربازی خۆی و مسۆگەرکردنی دەخاڵەتی خۆی لەئاست عێراق و ناوچەکەدا.

ئەگەرچی ئەم سیاستە داگیرکاریەی سوپای تورکیای بەردەوام بوونی پەکەکەی کردۆتە پاساو، بەلام ئەگەر سەرنج لەو هەڵسوکەوتانەی حکومەتەکەی ئۆردوغان و مامەلەیەک کە لەگەڵ، ئەمریکا، و روسیا و دەولەتانی ئەوروپاو تەنانەت مامەڵەیەک کە لەگەڵ حکومەتەکانی ناوچەکەدا دەیکات، بەڕۆشنی دەردەکەوێت کەتورکیا لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسیەوە لەسەر هەمو پەتێک یاریدەکا و لەولاشەوە دەستی فراوانخوازی و دەخالەتی سەربازی لە ئاسیای میانە و ئازرباینجان و لە لیبیاو فەلەستین، لەعێراق و هەرێم درێژکردووە و وەک جەمسەرێک لەبەرامبەر نفوزی ئیراندا خۆی هەڵخستوە.

لەلایەکی ترەوە خودی ئەوەی کە پارتی و حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقیش پەکەکا تۆمەتباردەکەن و ئامادەن هاوکاری دەوڵەتی تورکیا بن، بەمانای ئەوەدێت کە هەرێم و عێراق ڕازین بە نفوزی سەربازی تورکیا لەعیراق و ناوچەکەدا، ئەوەش بۆوەرگرتنی گەلێک ئیمتیازات لەتورکیا.

لەراستیدا پارتی ئامادەیە بۆشەر لەدژی پەکەکا، چونکە پەکەکا بەحەریفی خۆی لەئاست بزوتنەوەی کوردایەتی و دۆخی کوردستانی سوریاو تورکیا دەزانێ و دەیەوێت هێندە لاوازو بچوک بێتەوە، تاپارتی بتوانێ نفوزی خۆی بباتە پێشەوە. بەڵام ئەوە ترسە لە خەڵکی کوردستان و رای گشتی خەڵك، کە نایەوێت ڕاستەوخۆ بچێتەپای شەڕ لەگەڵ پەکەکادا. بەم جۆرە دەبینین کە بارگرژی نێوان پەکاکا و پارتی ئەڵقەیەکی درێژکراوەی ئەم داگیرکاری و لەشکرکێشیەی دەوڵەتی تورکیایە بۆسەر هەرێم، کەبەهەر لایەکدا بشکێتەوە بەزەرەری ژیان وگوزەران و نا ئارامی فەزای کۆمەلگەدا دەشکێتەوە، بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان لەدژی ئەم لەشکرکێشیەی تورکیا بوەستێتتەوە، باچیتر خەڵک بێخانەو لانە نەبێت و ژیانی لێ تێک نەچێت. تائێستا کە دۆخەکە لەسەرەتای خۆیدایە، هەزارەها کەس ماڵوحاڵی لێ تێکچووەو بێکاروکاسبی بۆتەوە و ئەگەریش ئەم دۆخە درێژە بکێشێت بۆشەڕێکی ناوخۆ  ئەوا موسیبەت و زیانەکانی بێسنور دەبێت.

خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان ئەگەر ئەیانەوێت مەترسی شەڕی ناوخۆ لەسەر خۆیان لابەرن و بیانەوێت لەدژی لەشکرکێشی دەولەتانی ناوچەکە بۆسەر هەرێم بوەستنەوە، ئەوا دەبێ خەباتی خۆیان بۆ وەلانانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبەکانی توند بکەنەوەو دەسەڵاتدارێتی جەماوەری خۆیان دامەزرێنن و کوردستان لەم پاشاگەردانیەی کەتێی کەوتووە دەرباز بکەن و لێرەشەوە، سیاسەتێکی حەکیمانەو ڕۆشن و شەفاف و شۆڕشگێرانە بەرامبەر بەدەوڵەتانی ناوچەکە بگرنەبەر.

١٠/٦/٢٠٢١

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *