موحسن کەریم:
بڕیاربوو وەفدی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی بەشە بودجەی هەرێم، بەڵام حکومەتی ناوەندی بەهۆی ئەوەی کە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم و زانیاری لەسەر داهاتی نانەوتی هەرێمی پێ نەگەیشتوە سەردانەکەی هەڵوەشاندۆتەوە.
وەکو هەموو لایەك دەزانن دوای دەیان سەردانیکردنی بەغدا لەلایەن وەفدی حکومەتی هەرێمەوە بۆ چارەسەری کێشەی بودجەی هەرێم، سەرەنجام وەفدی هەرێم ئەوەی ڕاگەیاند کە هەردوولا لەسەر بەشەبودجەی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢١ ریك کەوتوون و چاوەرێ دەکەن بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت. هەڵایەکیشیان نایەوەو بەدەسکەوتێکی گەورە بۆ هەرێم و وەفدی ناوبراو ناوزەدیان کرد. ئێمە هەر ئەوکات ووتمان کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا کێشەی بودجە نیەو کێشەکە لەوە زۆر گەورەترەو ریشەکەی لە خودی جێگاورێگای تازەی هەرێمە لەناو عێراقدا و گۆڕانکاری لە هاوکێشەی سیاسی نێوان هێزە دەسەڵات بەدەستەکانی عێراق و کوردستانە، کە بەزیانی ناسیۆنالیزمی کوردو دەسەڵاتەکەی گۆڕانی بەسەردا هاتوە و دەبێ دوبارە بەپێی ئەم هاوکێشە تازەیە پێناسە بکرێتەوە.
ئەوەتا دوای ئەو شایی و لۆغانەی دەربارەی رێکەوتنی بودجە کردیان، جارێکی دیکە هەموو ریسەکەیان بوەوە بەخوری و چوونەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم. بێگومان لیستی مووچەخۆرانی هەرێم کە حکومەتی ناوەندی داوای دەکات یەکێکە لەو بیانوانەی حکومەتی هەرێم بەدەستیەوە گیری خواردوە. حکومەتی هەرێم دەیان هەزار فەرمانبەری بندیواری هەیە لەسەر میلاکی دوو حزبی دەسەڵاتدار و هەروەها حزبە هاوپەیمانەکانیان، کە لەسەر حسابی مووچەی فەرمانبەرانی ڕاستەقینەی حکومەت مووچەیان پێدەدرێ! ئەو ژمارەیە مەزەندە دەکرێ بە هەمان ژمارەی مووچەخۆرانی ڕاستەقینە. واتە ئەگەر حکومەتی هەرێم لیستی مووچەخۆرانی ڕاستەقینە بنێرێ بۆ بەغدا و بەپێی ئەوە بەشی مووچە لە بودجەی هەرێم دەست نیشان بکرێ، ئەوا دەبێ حکومەتی هەرێم و یان ڕاستتر پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان مووچەی بندیوارەکانیان ببڕن کە هەموویان کادرو ئەندام و دۆستەکانیانن و بەشێكە لە سیستەمی بەرتیلخۆری سیاسی ئەو حزبانەو ئاشی سیاسەت و مانەوەی خۆیانی لەسەر دەگێڕن! بەبێ ئەو بندیوارانە کە ملیۆنەها دۆلاری موفتیان لەسەر حسابی فەرمانبەرانی ڕاستەقینە پێدەدرێ، ئەم حزبانە ناتوانن لەسەر کورسی دەسەڵات بمێننەوە، چونکە بەشێکی بەرچاوی ئەو حەشاماتەی لەدەوریان کۆبوەتەوە بەهۆی ئەو ئیمتیازە زۆروزەوەندە مادیانەیە کە لەو حزبانەوە دەستیان دەکەوێ.
بەڵام هەروەکو وتمان سەرچاوەی کێشەکە نە مەسەلەی لیستی موچەخۆرانەو نە ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و بگرە داهاتی نەوتی هەرێمە بە بەغدا، ئەمانە ڕواڵەتی کێشەکە و بیانوەکانن. جەوهەری کێشەی نێوان بەغداو هەرێم هەرئەوەیە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردوە، واتە دوبارە پێناسەکردنەوەی پێگەی هەرێم و حزبە بۆرژواییەکانی کوردستان لەناو چوارچێوەی عێراق و بەرامبەر بە هێزەکانی بۆرژوازی عەرەبیدا لە دوای ریفراندۆم و روداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر …بۆیە لە پرۆسەی دوبارە پێناسەکردنەوەی ئەم هاوسەنگیەدا ململانێ لەسەر هەموو پرسێکی بچووک و گەورە کارێکی چاوەڕوانکراوە. دەنا کاتێك کە ئەو هاوسەنگیە بە قازانجی حزبەکانی بۆرژوازی کوردبووە، هەمان کێشەی مووچەخۆری بندیوار لە کوردستان هەبوەو بگرە چەندین ئیمتیازی دارایی و سیاسی دیکە دراوە بە حزبەکانی بۆرژوازی کورد( بەتایبەتی یەکێتی وپارتی) لەلایەن حزب و هێزە دەسەڵاتدارەکانی بۆرژوازی عەرەبیەوە. بەڵام تێكچوونی ئەو هاوسەنگیەو بەرزبونەوەی بانگەشەو چاوەڕوانیەکانی هێزەکانی بۆرژوازی عەرەبی و بەتایبەتی ڕەوتی ئیسلامی- ناسیۆنالیستی بەرامبەر بە ناسیۆنالیزم و بۆرژوازی کورد، هەرجارەی پرسێك گەرم دەکاتەوە بۆ بردنەپێشەوەی ململانێ و کێشەکانی لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستاندا. پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەکێکە لەو پرسانەی کە لەم هەلومەرجەدا و لەم هاوسەنگی هێزەدا لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە یەخەی حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەلاتدارەکانی پێدەگیرێت و ساغکردنەوەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم دەکاتە گرێکوێرەیەك کە کردنەوەی لە جێگایەکی دیکەدایە.