مەسرور بارزانی لەنێوان ووتار و کرداردا!

دەشتی جەمال:

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠٢١ مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێكدا لەشاری هەولێر لەژێر ناونیشانی “یەکڕیزی و دەستور” وتارێکی پێشکەشکرد. لەم وتارەدا زۆر بابەتی وروژاند کە دەکرێ لەبارەیانەوە قسەبکرێ، بەڵام ئەوەی من لەم وتارە کورتەدا دەمەوێت لەسەری ڕابوەستم مەسەلەی ئازادییە، بەتایبەتی کە مەسرور بارزانی خەریکە خۆیمان لێدەکات بە پاڵەوانی “داکۆکیکار لە ئازادی” و دەڵێت “پێویستە ڕێز لە مافی هەموو تاکێکی کوردستان و خەڵکی کوردستان بگرین، ڕێز لە ئازادیەکانیان بگرین. ئازادی ڕادەربرینە، ئازادی خواپەرستییە، ئازادی بیر و بۆچوونی سیاسییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئازادی و بەرەڵایی جیا نەکەینەوە..”

سەرەتا ئاماژەدان بەو خاڵە یەکجار گرنگە کە بۆچی مەسرور بارزانی و حزبەکەی بەو ئەنجامە گەیشتوون کە باس لە ئازادی و ڕێزگرتن لە مافی تاك بکەن و خۆیان وانیشان بدەن کە داکۆکی لە ئازادی دەکەن؟

خاڵەکە ئەوەیە کە قەیرانێکی سیاسی و حکومەتی بەرۆکی بەدەسەڵات گرتووە و ئاسۆیەك بۆ دەربازبوون لێی هێشتا دیار نیە، هێشتا ترس لە توڕەیی و بێزاری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش هەورێکە بەئاسمانی کوردستانەوە دەسووڕێتەوە و کەس نازانێ کەی هەستانی جەماوەری و ئەو ناڕەزایەتییە بەرفراوانەی کە هەموو ڕۆژێك خۆی نیشان دەدات، دەبێتە سێلاوێك و ئەم دەسەڵاتە ڕادەماڵێت، بەتایبەتیش کاتێك باسی ئازادی دەکرێت کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان دێتە ئاراوە و هەموو ئەو فشارانە زەق دەبنەوە کە لەدەرەوە و ناوەوەی کوردستان ڕووبەڕووی دەسەڵات بۆتەوە و دەسەڵاتیش بەتایبەتی پارتی و مەسرور بارزانی ناتوانێ ئەو بڕیارە سەقەتە سیاسی و نایاساییە پینە بکات کە لەپەیوەند بەم کەیسەوە داویەتی. بۆیە مەسرور بارزانی لەم ڕۆژانەدا لە هەمووکات زیاتر پێویستیەتی کە خۆی بە چەمکی ئازادیدا هەڵواسێ و وانیشان بدات لایەنگر بەئازادییە. بەڵام کاتێك ئەم داکۆکیکارەی ئازادی چەمکی “بەرەڵایی” دەکاتە پێوانە بۆ مانای ئازادی، ئیتر هەرخۆی هەموو مانایەك بۆ ئازادی تەنانەت تێگەیشتنی ئازادییەك کە لە ڕۆژئاوادا دابینکراوە، سفر دەکاتەوە، واتە لە ڕوانگەی مەسرور بارزانیەوە ئەو ئازادیە چیە و سنوورەکەی تا کوێیە کە بەرەڵایی نایگرێتەوە؟! هەروەها بەرەڵایی خۆی چیە کە نابێ ئازادی پێی تێبخات؟

ڕۆشنە کە مەسرور بارزانی وەڵامی ئەم پرسیارانە ناداتەوە، چونکە ئازادی بۆئەو ئەتوانێ باری ئەخلاقی بێت، واتە مەبەستیەتی بڵێت ئازادی ئەوەیە کە سنوورەکانی عورف و عاداتی بنەماڵەی بارزانی و چینی دەسەڵاتدار و پیرۆزییەکانی نەخاتە بەردەم ڕەخنەوە، ئەگەرنا ڕووبەڕووی چارەنووسی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمە و کاوە گەرمیانی و ویداد حوسێن دەبێتەوە.

لایەنێکی تری باسی ئازادی ئەوەیە کە لەدەمی کەسێکەوە دێتەدەر کە هێزێکی گەورە و زەبەلاحی سەرکوتگەر لە میلیشا و دەزگای ئاسایش و پۆلیس و دادگا و لۆمپەنبازەکانی حزب لەپشتیەوە ڕاوەستاوە و ئامادەن لە هەرلەحزەیەکدا هەر دەنگێکی ناڕازی خەفە و سەرکوت بکەن، وەیا لەنێو شەقامدا بیدەنە بەرشەق. شەقکاری مامۆستا و فەرمانبەرانێك کە لەسەر داواکردنی مافەکانی خۆیان خۆپیشاندان دەکەن، چ “بەرەڵاییەك”یان کردووە و کام سنوورەی ئازادییەکەی کاك مەسروریان بەزاندووە؟! ڕۆژنامەنووسان و هەڵسووڕاوانێکی سیاسی لە بادینان و هەولێر کاتێك ناڕەزایەتی لەبەرامبەر دۆخێکدا کە کۆمەڵگا تێی کەوتووە دەردەبڕن و دوای گرتن و هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان تۆمەتی “سیخوڕ”یان بۆ دادەتاشن، ئیتر ئازادی و بەرەڵایی، لەچ لایەن و کەسانێکەوە گیراوەتەبەر، لەکاتێکدا ئەم ماشێنە سەرکوتگەرییە بەدەست دەسەڵاتەوە بێت و هەر خۆشی باس لە ئازادی بکات!

ئەم ڕاستییانە ئەوە دەسەلمێنێت کە تێڕوانین و پێناسەی مەسرور بارزانی و چینی دەسەڵاتدار بۆ ئازادی، لەگەڵ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا  تا ئاسمان جیاوازی هەیە، ڕوانگەی چینی دەسەڵاتدار بۆ ئازادی تائەو سنوورەیە کە بنەماکانی دەسەڵات نەلەرزێنێ و نەیخاتە بەردەم مەترسییەوە، هەروەها تائەو سنوورەیە کە بەها و سونەت و ئەخلاقیاتی دواکەوتووانە و باوەڕی کۆنەپەرستانە و فەرهەنگی پیاوسالاری و عەشیرەتی بنەماڵەکانی دەسەڵاتدار نەخاتە بەردەم ڕەخنەوە، هەربۆیە داواکاری ئێوە بۆ ڕێزگرتن لە ئازادی و مافەکانی خەڵك لە وتارێکدا کارێکی ساویلکانەیە و کەسی پێهەڵناخەڵەتێت. باسی ئازادی لە زمانی مەسرور بارزانییەوە ناتوانێ لە دەرەوەی بەرژەوەندیەکانی چینی بۆرژوازی و سەرمایەداری کوردستان بەدەر بێت کە مانا عەمەلییەکەی ئەوەیە: بەشی خەڵکی کوردستان لە پێدانی ئازادیەکان سەرکوت و زیندان و مەحکوم بوونیانە بە سیخوڕی و بەرەڵایی و بەزاندنی پیرۆزیە ئاینی و نەتەوەیی و حزبییەکانی چینی باڵادەستە، ئەگەر بکەونە بەرامبەر دەسەڵاتەوە. بەم پێیەش ئەوە سیستەم و دەسەڵاتی ئێوەیە بایەخێك بۆ ماف و ئازادیەکانی خەڵکی جێگای تیا نابێتەوە. تازە وەك ڕەوتێکی ناسیونالستی ئەم سەردەمەش ئەوەندە دوورن لەڕووی ماهیەتەوە لە ناسیونالیزمێکی مۆدێرین کە پایەی ئایدۆلۆجی حزبەکەتانە ئەوەندە دواکەتوو وعەشیرەتگەرە دوورە لە هەموو پرەنسیپێکی ئینسانی. بەم فەرهەنگە داوا لە خەڵك دەکەن “ئازادی و بەرەڵایی جیابکرێتەوە”؟! بەداخەوە سەرمایەداری ئەم سەردەمە ئەحزابی عەشایەر و چەتەگەری وەك ئێوەی تیا جێگە دەبێتەوە تا هێزی کاری هەرزان و قازانجی تیا بەدەستبهێنێت.

جەنابی مەسرور بارزانی، دەبێ ئەوە بزانی کە ئەم وتارەتان جگە لە لۆبیەکی سیاسی بۆ کابینەی حکومەت و دەسەڵاتەکەتان کە بەپیر پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاو دەنێن لەگەڵ بەشداری نەکردن و ناڕەزایەتی بەرینی خەڵکدا بەرەوڕوون،  ناتوانرێت چاوەڕوانییەکی ئەوتۆتان لێ بکرێت. یەکێك لە پایە سەرەکییەکانی ئازادی لە هەر وڵاتێکدا ئازادی بیروڕا دەربڕین و ڕۆژنامەگەرییە، کە لەسایەی دەسەڵاتەکەی ئێوەدا پایماڵ و سەرکوت دەکرێت. ئەوەی لە سێ دەهەی ڕابردوودا لە کوردستاندا بەڕێوە چووە جگە لە فەزایەکی ئاواڵای سیاسی کە بەرهەمی بەرەنگاری خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانە و ملکەچی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی و بڕیار و یاساکانی ئێوە نابن و مقاوەمەتیان کردوە، ناتوانرێت بە ئازادی ناوزەد بکرێت. مەسەلەی ئازادی لە بنەڕەتدا لە مێژوودا لەم جیهانە چینایەتییەدا ململانێ و شەڕی دووبەرە بووە، بەرەیەك کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و بردنی ڕەنج و ماندوو بوونی کەمایەتییەك سەروەت و سامانی کەڵەکە کردووە، وە بەرەیەکی تر کە شەڕی ئازادی واقعی و کار بۆ بنیادنانی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی  کۆمەڵگە دەکەن.

بەڵام گومانی تێدا نیە هەر باشبوونێکی جدی لە ژیانی خەڵکی کوردستان و بەدەستهێنانی ئەو مافانە تەنها و تەنها چۆتە گرەوی ئەوەی کۆمەڵگای کوردستان لەژێر ڕکێفی دەسەڵات و حزبەکەی مەسرور بارزانی و ئەحزابی قەومی کوردی ئیسلامی دەربهێنرێت تا ئەو مافەنە وەك سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان زامن بکرێت.

 

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *