نووسینی: سالار حمەسەعید
٧ ی مەی ٢٠٢١ کۆمۆنیزم بەردەوام بەشێوازی جیاواز دێتە بەرباس ولێکۆڵینەوە لەلایەن بۆرژوازیەوە و هەردەمە بەشیوەیەک دەخرێتەڕوو. ماوەیەکە ناوبەناو رۆژنامەو گۆڤارە بەنێوبانگەکانی چینی دەسەلاتداری بۆرژوازی باس لە کۆمۆنیزم و مارکسیزم دەکات. ئێستاش چەند نووسەرو تیۆریسینێکی نوێی بۆرژوازی زاراوەی تازەیان داتاشیوە و سوودیان لە نووسینەکانی مارکس وەرگرتووە و بەزاراوەی تازە هاتوونەتەدەر. لەوانە ”کۆمۆنیزمی لۆکس” یا کۆمۆنیزمی (لەکشری) خۆشگوزەرانی. ئەڵبەتە ئەوەش بوترێ کە تەنها سوودیان لە ناوەکەی وەرگرتووە بەشێوەیەکی ڕووکەشی ئەگینا ناوەرۆکی کۆمۆنیزمیان خستۆتە لاوە. کاریان بە کاکڵەکەی نییە، بەڵکو توێکڵەکەیان دەوێ بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی کریکار وزەحمەتکێش و بەلاڕێدابردنیان. دەیانەوێ بڵێن کەئەمە ئەو کۆمۆنیزمەیە کە ئێوە خوازیارین، ئەوا ئێمە بەرەو ئەو کۆمۆنیزمە دەچین وخۆمان یارمەتیتان دەدەین لە گەیشتن بەو قۆناغە. ئەوان دەڵێن سەردەم سەردەمی ‘ئۆتۆمەیشن”ە واتە بەکارهێنانی دەزگاو ئامێرو کۆمپیوتەر بەبێ پیویست بوون بە کارو دەورو کۆنترۆلی مرۆڤ. ئامانجی ئەم کۆمۆنیزمە گەیشتن بە ”ئۆتۆماتیک بوون” ی تەواوە واتە ئامێر و کۆمپیوتەر بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیک کارەکانی مرۆڤ ئەنجام بدات. تەنانەت خۆشیان دەڵێن پێدەچێت ئەم زاراوەیە کەمێک دژبەیەکبوون و ناهەماهەنگ بوونی تیابێت، بەلام مەبەست لەهەموو ئەمە سازدانی خەڵکە بۆ ئەم قۆناغە نوێیە و هەڵخەڵەتاندن و گومراکردنیانە بەسوود وەرگرتن لەناوێک کە جێگەوسەرنجی کرێکارانە کە ئەویش کۆمۆنیزمە. لایەنگرانی کۆمۆنیزمی ئۆتۆمەیشن و لۆکس لەوباوەرەدان کە ئەمە دەرفەتێکە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی پاش کارکردن واتە کۆمەلگەی پاش نەمانی کار، کۆمەلگەیەک کە چیدی جێگەی کار نییە و مەکینەو رۆبۆتەکان جێگرەوەی مرۆڤن و ئیشە قورس و سەختەکان مەکینە ئەنجامیان دەدات وە کارکردن دەبێتە بابەتێکی ڕابردوو، وردە وردە کارکردن دەپووکێتەوە یا زۆر کەمدەبیتەوە . دەڵێن ئێمە لەو رۆژگارە زۆر نزیک بووینەتەوە و تەنانەت لەهەندێ بواردا بەتەواوی چووینەتە ناویەوە، ڕۆژگارێک کە رۆبۆتەکان هیڵەکانی ناو کارخانەکانی بەتەواوی داگرتووە و دادەگرێ ”ئەلگۆریزم” (لۆگاریتم: کە پرۆسەیەکە یا کۆمەڵە یاساو ڕێسایەکە کە دەبێت پەیرەوی لێ بکرێ لە ژماردن و ژمێریاریدا وە یا شیکاریە ژمێریاریەکان لەڕێگەی کۆمپیوتەرەوە ) ئۆتۆمبیلەکان ڕێنمایی دەکات و ئاراستەیان پێدەدات و سمارت سکرین (شاشەی زیرەک) ڕاڕەوی سوپرمارکێتەکان تەواو دادەپۆشێت . دەڵێن تارمایی ”ئۆتۆمەیشن” بە ئامێرکردن وئۆتۆماتیککردن سایەی کردوە. بەردەوام بەگوێماندادەدرێت کە ”رۆبۆتەکان” دێن و کارەکانمان لەگەل خۆیاندا دەبەن و دەبنەجێگرەوەمان. سەردەمی نوێ سەردەمی ئۆتۆمەیشن و پێشکەوتنێکە کە نکووڵی لێناکرێت و ڕەنج وزەحمەت و کاری سەخت و قورسی کردۆتە زێدەکار. هەروەها ئەم سەردەمە سەردەمی ”سایبیرنێتک”ە (سایبێرنێتک زانستی پەیوەندیەکان -کۆمیونیکەیشن/اتصالات- و سیستەمی کۆنترۆلی ئۆتۆماتیکی لەنێوان مەکینە و ئالات و مرۆڤە) هەروەها بەمانای ئاراستەپێدان یا تیۆری کۆنترۆل دێت و پەیوەندی هەیە بە مۆدێلێکەوە کە مۆنیتەرێک بەراوردکاری دەکات لەوەی کە بەسەر سیستەمێکدا دێت لە کات و ساتی جیاوازدا و دەزگای کۆنترۆلەکە رەفتاری سیستەمەکە بەوپێ یە رێکدەخات. ”ئارون باستانی” کە خۆی دامەزرێنەری ”نۆڤارا میدیا” یە و نووسەری کتێبی مانیفێستی ”کۆمۆنیزمی لۆکسی تەواو ئۆتۆماتیککراو”ە کە لەسالی ٢٠١٩دا بلاوبۆتەوە و باس لە جۆرێکی نوێ لەسیاسەت دەکات بۆ جۆرێکی نوێ لە کۆمەلگەی پاش قاتو قڕی وسەرمایەداری. باستانی دەڵێ: تەنها خواستێکی یۆتۆپی واتە خەیاڵی کە هەیە لەم تەواو ئۆتۆمەیشنەدا بریتیە لە مەسەلەی خاوەندارێتی هاوبەشی یا کۆمەلایەتی هەموو ئەو شتانەی کە ئۆتۆمەیشنی بەسەراهاتووە. باستانی و هاوڕێکانی کە خۆیان بە کۆمۆنیست لەقەلەمدەدەن لەوباوەرەدان کە ئەم سەردەمی گۆرانکارییە کتوپرانە دەرفەتێکە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەلگەی پاش کارکردن کە ئامیر ومەکینە ئەرکی کارە قورس وسەختەکان دەگرێتەئەستۆ لەپێناو خەڵکدا، نەک لەپێناو قازانج . گەر تێبینی بکەین لە وتەکەی ”ئارۆن باستانی” کەدەڵێت تەنها شتێک کە یۆتۆپیە واتە خەیالیە لەم پرۆسەی ئۆتۆمەیشنەدا بەخاوەنداریکردنی کۆمەلایەتی ئامێر وئامرازەکانی بە ئۆتۆماتیککراوە واتە ئەمە کارێکی خەیاڵییە و ناکرێ ئەنجامبدرێ کەئەمەش گرنگترین خاڵی جیاکەرەوەیە. مارکس لە مانیفێستی حزبی کۆمۆنیستدا دەڵێ: تیۆری کۆمۆنیستەکان دەشێ لە یەک ڕستەدا کۆبکرێتەوە کە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتیە”. جا لایەنگرانی کۆمۆنیزمی لۆکس لە گرنگترین خاڵدا لەگەل مارکس ناکۆکن کە داماڵینی خاوەندارێتی تایبەتیە. ئەوان ئەم کارە جەوهەریە بە یۆتۆپی لەقەلەمدەدەن لەکاتێکدا ئەم پرۆسەیەی ناوناوە کۆمۆنیزمی لۆکس یا خۆشگوزەران. ئەو دەڵێ خواستەکان بریتی دەبن لە ١٠ تا ١٢ سەعات کارکردن لەهەفتەدا لەگەل هەقدەستی شایستەی مسۆگەرکراو لەگەل شوێنی نیشتەجێبوونی مسۆگەرو خوێندن و چاودێری تەندروستی و شتی تر. دەشێ هەندێ ئیشوکار هەبێت کە پێویستی بە مرۆڤ بێت کە ئەنجامی بدات وەک ”کۆنترۆلی جۆری/کوالتی کنترۆل” بەلام ئەمە کەمترین کاردەبێت کە پێویستی بەکاری مرۆڤە. “ئووبەر” نموونەیەکی ئەم ئۆتۆمەیشنەیە کە تا ساڵی ٢٠٣٠ تۆڕێکی بەرین وفراوانی ئۆتۆمبیلی بێ شۆفێر لەئاستی جیهاندا بڕیارە دروست بێت. بە وتەی ئەم ڕەوتەی کۆمۆنیزمی بۆرژوازی مەرج نییە کۆمپانیایەکی تایبەت ئەنجامدەر و جێبەجێکاری ئەو پرۆژەیە بێت وەک چۆن پرۆژەئ ”پاسکیلی بۆریس” کە لە لەندەن دا جێبەجێکرا و شارەوانی لەندەن جێبەجێیکرد. ئەوان دەڵێن بۆچی ناتوانین شتێکی وەک ”ئووبەر”مان هەبێت کە خزمەتگوزاری پێشکەشبکات و پاڵنەر قازانج نەبێت، بەلکو خزمەت بە هاوولاتیان ئامانج بێت. دیارە بەم قسەوباسانەیان یا دەیانەوێ خەڵک بەلاڕێداببەن و بەوەهم وخەیاڵ ئومێدەواریان بکەن یا لەجەوهەری سەرمایەداری نەگەیشتوون و بێئاگایانە خزمەت بە بۆرژوازی دەکەن. لێکۆڵینەوەکان ئاماژەدەکەن بە مەترسی ئەم ئۆتۆمەیشنە کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی لەسەدا ٣٥ی کارەکان واتە بەو رێژەیە دەرفەتی کارەکان لەدەست دەچن بەهۆی جێگرتنەوەیان لەلایەن ئامێر وکۆمپیوتەرەوە .” باستانی” بیرۆکەی کۆمۆنیزمی لۆکسی بەوتەی خۆی لە خوێندنەوەیەکی نوێ و تازەی سەرمایە” و ”گروندریسە”ی مارکسەوە وەرگرتوە. ”باستانی” دەیەوێت بڵێ ئەی کریکاران و کەمدەرامەتەکان ئەوەی هەر ئێستا ڕوودەدات بەبەرچاوتانەوە هەرئەوەیە کە ئێوە خوازیارین، بە ئۆتۆماتیکەکردن یانی کەمکردنەوەی سەعاتەکانی کار بۆ کەمترین ڕادە تەنانەت زۆرلەوەکەمتر کەخۆتان هەوڵی بۆدەدەن. ئەم کۆمەلگەیە و ئەم سیستەمە سیستەمی خۆشگوزەرانییە. هەرئەوەیە کە خۆتان دەتانەوێ، کاری کەم و جێگەوڕێگەی مسۆگەر و خوێندن وچاودێری تەندروستی و هەتادوایی. ئەمە ئیتر کۆمۆنیزمە، کۆمۆنیزمێکی خۆشگوزەران. هەروەها گوایە ئامانج لەم بەتۆتۆماتیککردنە قازانج نییە، بەلکو خزمەت بە خەڵکە. بۆرژوازی لەم داهێنانانەیدا بێهاوتایە بەردەوام لەهەوڵدایە بۆ رازیکردنی کرێکاران کە ئێمە لەخزمەتی ئێوەداین و ئەمە لەبەرقازانج نییە، بەڵکو بۆ خزمەتی ئێوەیە کە ئەمانە هەمووی دوورن لەراستیەوە و تەنها پاڵنەر لە سیستەمی سەرمایەداریدا قازانجەو بەس.