شەڕی پارتی و پەکەکە! 

موحسن کەریم

لە چەند رۆژی ڕابردوودا پێکدادانی چەکداری لەنێوان هێزەکانی پارتی و پەکەکەدا ڕوویدا. ئەگەرچی تائێستا چەندجاری دیکە لێرەو لەوێ بەریەککەوتنی سەربازی لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا ڕویداوە و بەردەوام کەشوهەوایەکی جەنگی باڵی بەسەر ڕاگەیاندنەکانی هەردوو لایەندا کێشاوە، بەڵام ئەمجارە ئەم پێکدادانە سەربازیەی پارتی و پەکەکە وەکو بەشێك لە ئۆپەراسیۆنێکی  ناڕاستەوخۆی هاوبەشی تورکیا و پارتی دەردەکەوێ دژی پەکەکە، لەبەرئەوەی هاوکات هێزە سەربازیەکانی تورکیاش هێرشی سەربازی خۆی بۆ سەر پەکەکە لەناو هەرێمی کوردستان دەست پێکردوە.

بێگومان پارتی و پەکەکە وەکو دوو هێزی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد، کێشە و ململانێی توندیان هەیە لەسەر ئەوەی کامیان دەبێتە ڕابەر و نوێنەری بزوتنەوەکە لە ئاستی ناوچەکەدا. بەشێکی کێشە و پڕوپاگەندەی جەنگی نێوانیان لەسەر ئەم بنەمایەوە سەرچاوەی گرتوە، بەڵام ئەم راستیە ئەو فاکتەرەشی بۆ زیاد دەبێت کە پەیوەندی سیاسی و ئابوری و سەربازی نێوان پارتی و تورکیایە. پارتی وەکو هاوپەیمانی تورکیا و پەکەکەش وەکو هێزێکی چەکداری ئۆپۆزیسۆنی تورکیا کە لەناو هەرێمی کوردستاندا پایەگای هەیە، مایەی کێشە و گرفت و ئیحراجیە بۆ پارتی بەرامبەر تورکیا. وەکو چۆن تورکیا پەکەکە وەکو هۆکارێکی نائارامی سیاسی  و دروستکردنی پشێوی لەناوخۆی تورکیا هەژمار دەکات، پارتیش بوونی پەکەکە لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتیدا وەکو هۆکارێکی بێزارکەر لەسەر رێگای پەیوەندی نێوان خۆی و تورکیا تەماشا دەکات.

دەوڵەتی تورکیا دەیان بنکەی سەربازی لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتیدا دروست کردوە، بەبێ ئەوەی حسابێك بۆ پارتی و حکومەتی عێراق بکات، یاخود ڕاسستر بڵێین بە رێکەوتن لەگەڵ پارتیدا ئەو بنکانەی دامەزراندوە. بەڵام پارتی لە بوونی پەکەکە لەو ناوچانە ناڕەحەتەو وەکو هۆکاری دەستێوەردان و وجودی سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ناوزەدی دەکات. بێگومان ئەم بیانوە هەمان قسەی سەرانی دەوڵەتی تورکیایە بۆ دەستێوەردانیان لە هەرێمی کوردستان و لەهەر ووڵاتێکی دیکەی ناوچەکەدا. ئەوە ڕاستە کە بەشێك لەهۆکاری بوونی سەربازی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە هێزەکانی پەکەکەیە، بەڵام هۆکاری ڕاستەقینەی بوونی سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە جێگەو پێگەی سیاسی – سەربازی ئەو دەوڵەتەوە هەیە لە ئاستی ناوچەکەدا، هەروەکو چۆن پەیوەندی نێوان هێزەکانی پەیەدەو پەکەکەی کرد بە بیانویەك بۆ لەشکرکێشی و دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی ناوخۆی سوریادا و لەوەش واوەتر هاوکاری هێزە ئیسلامیە تیرۆریستیەکانی سوریای کرد بۆ هەمان مەبەست، لەکاتێکدا ئەمەیان هیچ پەیوەندی بە پەیەدەوە نەبووە. یاخود ئەوەی کە لەکاروباری لیبیادا دەستیوەردانی سەربازی دەکات بەبیانووی هاریکارکردنی حکومەتی( وفاقی نیشتمانی)یەوە، لەکاتێکدا لەو وڵاتە هیچ هێزێکی نەیاری تورکیا، نەك پەکەکەی لێ نیە!

بێگومان بوونی هێزەکانی پەکەکە لە کوردستانی عێراق ڕەنگە ئەو بیانوە بداتە دەستی دەوڵەتی شۆڤێنیستی تورکیا بۆ لەشکرکێشی و هێرش و نائەمنکردنی کوردستانی عێراق، بەڵام لەکاتێکدا کە هێزەکانی پەکەکە هیچ جۆرە کردەوەیەکی سەربازی لەدژی تورکیا ئەنجام نادەن، ئەو بیانوە هیچ پاکانەیەکی سیاسی نامێنێت.  پەکەکە وەکو هێزكی سیاسی- چەکداری دەتوانێ لە کوردستانی عێراق بمێنێتەوە هەروەکو چۆن حزبەکانی کوردستانی ئێرانی نەیاری رژێمی ئیسلامی ئێران لە کوردستانی عێراق هەن. پارتی لەکاتێکدا پەکەکە وەکو هۆکاری لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆسەر هەرێم ناوزەد دەکات، خۆی بنکەو بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەپارێزێ و داڵدەیان دەدات.

ئەگەرچی شەڕی نێوان پەکەکەو پارتی پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە نیە لەهیچ کام لە عێراق و تورکیا، بەڵام چاسەرەی بوونی پەکەکە لە کوردستانی عێراق بەشێوەی سەربازی ناکرێ، بەڵکو دەبێ بەشێوەی سیاسی ئەم پرسە چارەسەر بکرێ، لە کاتێکدا دەوڵەتێکی وەکو ئێران کە ڕکابەری ناوچەیی تورکیایە، پشتیوانی پەکەکە دەکات. چارەسەری ئەم کێشەیە بەوجۆرە دەکرێت کە دەوڵەتی تورکیا دەست هەڵگرێت لە سەرکوتی نەتەوەیی دژی خەڵکی کوردزمانی تورکیا، مافی هاوڵاتی یەکسان بۆ هەموو دانیشتوانی دابین بکات و پێناسەی تورکی بۆ دەوڵەتی تورکیا هەڵوەشێنێتەوە و ئازادی سیاسی بەڕەسمی بناسێت…

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *