دەشتی جەمال
سەرەنجام دادگای پیاچوونەوەی گشتی هەرێم بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزادانی هەڵسووڕاوانی سیاسی بادینانی پەسەندکرد و تاوانی سیخوڕ و تێکدەر و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بەرپرسانی حکومەت و وێنەگرتنی شوێنە هەستیارەکانی… خستە پاڵ پۆلێك لە هەڵسووڕاوی سیاسی بادینان. ئەم بڕیارە ناڕەزایەتیەکی بەرفراوان و توندی لێکەوتەوە تا ئاستێك کە کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەداشی هێنایە سەرخەت و مۆری ڕەشی ڕیسوایی نا بە دادگا و حوکمی دەسەڵاتێکەوە کە تەواوی هەوڵی بۆ ئەوەیە دەمی ئازادی ببەستێ و کۆمەڵگاش لە قەفەز بنێت.
بڕیاری ئەمجارەی پارتی و پێداگری لەسەر سزادانی هەڵسوڕاوانی سیاسی، ڕووی لەوەیە کە یاسا و دادگا لەپاڵ تیرۆر و ئینسان دزین و شەقهەڵدان لە خەڵکی ناڕازی، بکاتە ئەڵقەیەکی تەواوکردنی سیاسەتی سەرکوتگەری و دانی پەیامی ترس و تۆقاندن بە خەڵکی ئازادیخواز و ناڕازی و هەڵسوڕوانی سیاسی تا ئارام و بێدەنگ بن، ئەگەرنا نەخشە و پیلان بۆ سزادانتان ئامادەکراوە و ئەگەر بە تیرۆر و تێهەڵدان نەتوانین لەماڵەوە ڕاتان بگرین ئەوا بە دادگا و داوەرەکانمان دەمتان دەبەستین. بێگومان هەموو ئەم سیاسەت و هەوڵەی پارتی و حکومەتەکەی بۆئەوەیە کە ئەم دەورەیە تێپەڕێنێ و ڕێگە لەبەردەم هەستانی جەماوەری بگرێ.
بەڵام با کەمێك لەسەر پاساوەکانی دادگای تاوانەکانی هەولێر ڕاوەستین کە دواتر دادگای پیاچوونەوە قبوڵیکردوە: گوایە ئەمانە سیخوڕییان بۆ ئەمریکا و بەریتانیا کردوە. یان کار بۆ پەکەکە دەکەن و تێکدەرن و … بە ڕاستی کێن ئەوانەی سیخوڕ و تێکدەرن؟
کارنامەی دەسەڵات و سیستەم و حوکمڕانی ئێوە کە لە سێ دەهەی ڕابردوودا پڕە لە تاوان و کارەسات و جۆرەها نەهامەتی و دەردەسەری بۆ خەڵکی کوردستان، یان ئەوانەی ناڕازین بە حوکم و دەسەڵاتەکەتان؟ ئێوە کە داهاتی نەوت و سامانی کوردستانتان بەتاڵان بردوە، موچەی خەڵك نادەن، نەخۆشخانەکانتان بێ دەرمان کردوە، تەواوی خزمەتگوزاریەکانی خەڵکتان بڕیوە، دەستتان لە دەیان تاواندا سوور بووە. هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و کوشتار و ئاوارەییەك کە بەدوای خۆیدا هێنای کێ لێی بەرپرسە؟! کێ لە ڕەشەکوژی ژنان و کۆیلەیەتیان بەرپرسە؟!
ئێوە کە خاوەنی دەیان تاوانی وەك ٣١ی ئاب و بەدەستەوەدانی شەنگال و پێشلەشکری و ڕێنیشاندەرن بۆ میتی تورکیا و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە.. ئێوە کە بەخۆگرێدانەوە بە سیاسەتەکانی ئەمریکا و تورکیا و ئێرانەوە، دەستی تاوانی دەیان باندی ئینسانکوژیتان بۆسەر ژیان و داهاتووی خەڵکی کوردستان درێژ کردوە، ئێوە کە بەرپرسن لە دەیان کارەساتی خۆکوژی لاوی کوردستان و ناچاربوونیان بەوەی کە سەری خۆیان هەڵگرن و موجازەفە بە ژیانی خۆیانەوە بکەن تا لە دەسەڵاتی ستەمکاری ئێوە ڕزگاریان بێت… ئایا ئەوە ئەو شێوازە لە حوکمڕانی ئێوە نیە کە ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵکی کوردستانی تێکداوە؟ ئەگەر بەڕاستی دادگا و یاسایەکی عادلانە لە کوردستاندا هەبوایە و دادوەر و یاساکان لە خزمەتی ئێوەدا نەبوایە، ئەوە ئێوە و سەرانی دەسەڵاتەکەتانن کە دەبێت لەسەر کارنامەی ڕەشتان نەك یەکجار بگرە دەیان جار ببرێنە بەردەم دادگا و لە زینداندا توند بکرێن.
ئەوەی جێگای تێڕامانە بەدوای ئەم بڕیارەی دادگای پیاچوونەوە کە سێ دادوەری پارتی لەگەڵی بوون و دوانی یەکێتی دژی، نیشانی ئەدا کە بەڕێوەبردنی یاسا حوکم ناکات لە کوردستان، بەڵکو لایەنگری سیاسی حکومی کردوە و دادوەری پارتیەکان بەپێی بەرژەوەندی حزبەکەیان بڕیاریانداوە. بۆیە دادوەر لە دادگای کوردستاندا سەربەخۆ نیە و موچەخۆری دەسەڵاتی حزبە و دەزگایەکە بۆ بەرگری لە دەسەڵات و سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی ڕۆژنامەنووسان، بەم تەجروبە زیندووانە لەسەر کەیسی ئازادی هەڵسوڕاوانی سیاسی ڕۆژنامەگەری دادوەر شوێن پەنجەی لایەنگریی دیارە.
لەوەش زیاتر هەڵوێست و مامەڵەی ئۆپۆرتۆنیستانەی یەکێتی و گۆڕانە کە خۆیان بەشێکن لەم دەسەڵات و حکومەتە و دەیانەوێت وانیشان بدەن کە لە بریار و سیاسەتەکانی پارتیدا بەشدار و هاوڕا نین! ئەم هەڵوێستەشیان دووڕووییەکی ئاشکرایە و بۆ فریودانی خەڵکی کوردستانە. ئەگەر بەڕاستی ئەم دووحزبە لە بەرەی داکۆکیکردن لە گیراوەکاندا بوونایە و لەدژی بڕیاری سزادانی هەڵسووڕاوانی بادینان بوونایە، ئەوا کێ دەستی گرتوون، بۆ لەم حکومەتە ناکشێنەوە؟! کێ دەستی گرتوون لەسەر ئازادی لە ڕێکەوتنەکانتان لەگەڵ پارتیدا بکشێنەوە؟
لەبارەی هەڵوێستی باڵوێزخانە و کونسڵیەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکاشەوە دیسانەوە مەسەلەکە داکۆکیکردن نیە لە ئازادی و ئازادکردنی گیراوەکانی بادینان، بەڵکو هەوڵی ئەم وڵاتانە بۆئەوەیە دۆخی هەرێم بەدژیان تێك نەچێت، ئەوان بەدوای بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوەن و لەم چوارچێوەیەشدا پارتی و حکومەتەکەی شەریك و دۆستیانە. بێگومان قوڵبوونەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵك و لەدەست دەرچوونی دۆخەکە بە زیانی کۆمپانیاکانیان و تەواجودیانە لە ناوچەکەدا، بۆیە تەواوی هەوڵی ئەم وڵاتانە بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و ئەو فاکتۆرانەیە کە ئەمنییەت و ئارامی لەبەردەم مانەوەیاندا دەخاتە مەترسییەوە.
ئێستا باسی ئەوە دەکرێ کە نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی خۆی جێبەجێ بکات وەکو سەرۆکی هەرێم و بڕیاری لێبوردنیان بۆ دەربکات.. چونکە خۆشی وتبووی بۆ ناوبانگی هەرێم باش نیە.. ئەو گوشار و ناڕەزایەتییەی لە مەیداندایە نابێت دەرفەتی پلانی خەواندنی کەیسی گیراوەکانی بادینانی پێ بدرێت. پێویستە ناڕەزایەتیەکانمان بەرفراوان بکەینەوە نابێت ڕێگە بدەین ئەم سیاسەتە سەرکوتگەرییەی دەسەڵات بەرامبەر ناڕەزایەتیە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بچێتە سەر. ئەم سیناریۆ گاڵتەجاڕەی دادگای هەرێم سەربگرێت دەستی ستەم و سەرکوت بۆ سەر ژیان و ئازادیەکانمان مەترسیدارتر دەبێت. پێویستە لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان ڕیسوا بکرێت. سنوورێك بۆ ملهوڕی پارتی و سیاسەتی سەرکوتگەری دابنرێت لە پەلاماردانی هەڵسووڕاوانی ئازادیخواز و ڕۆژنامەنووسان و ڕابەرانی ناڕەزایەتیەکان، ناچاریان بکەین دەستبەجێ بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێر هەڵبوەشێتەوە و دەستگیرکراوەکانی بادینان ئازاد بکرێن و دەسەڵاتی پارتی ناچاربکرێت واز لە خەڵك و سەرکوتی ئازادی بهێنن، نابێت ڕێگە بدەین ڕەخنەگرانی دەسەڵات خاوبنەوە.