عەبدوڵا مەحمود
وازهێنان لە حزب و رێکخراو و کۆمەڵەیەک لەسەر بنەمای بوونی بیروباوەر و هێڵی سیاسی جیاواز، بەتاک یان بە کۆمەڵ و پەیوەست بوون بە حزب و ڕێکخراوەیەکی تر… کارێکی سروشتییە. دەشێت کەسێک یان کەسانێک هەبن لەگەڵ قوڵبونەوەی ناکۆکییە سیاسی و فکری و بەرنامەییەکانیان لەگەڵ رەوت و حزبێکی سیاسییدا کە کاری لەگەڵ دەکەن بەوە بگات، واز لەو حزب و ڕێکخراوە سیاسییە بهێنن، جا یان دەست ببەن بۆ دروستکردنی حزب و ڕێکخراوەی تر یان بەیەکجاری دابنیشین و دەست بە کڵاوی خۆیانەوە بگرن. یاخود دەشێ پەیوەست ببن بەو ڕەوت و حزبە سیاسیەی کە لایانوایە چوارچێوەیەکی شیاوە بۆ خەت و هێڵی سیاسی و فکریان. ئەمە روداوێکی ئاسایییە لە ژیانی سیاسی و حزبی و رێکخراوەییدا. تەنانەت زۆرجار لێکجیابوونەوەو وازهێنان دەبێتە پێداویستیەکی ناچاری. کاتێک رەوتێک و فراکسیۆنێک، کۆمەڵە کەسێک بەو تێگەیشتنە دەگەن، کە جیاوازی سیاسی و فکری و بەرنامەییان لەگەڵ حزب و رێکخراوەکەیاندا بەشوێنێک دەگات کە بەتەواوەتی دەکەونە ناکۆکییەوە لەگەڵ یەکتری تا ڕادەی پراکتیکی جیاواز. یان ئەو چوارچێوە و تەلارە رێکخراوەییە تەنگ دەبێت بۆ دوو هێڵ و خەتی سیاسی جیاواز، سەرئەنجام رێگای دروست وازهێنان و لێکجیابوونەوە یان دەستبردنە بۆ پێکهێنانی حزب و رێکخراوەی تر تا ببێتە وەسیلە و ماشێنی بزاوتنی خەتی سیاسی و فکری و پراکتیکیان. میژووی سیاسی ئەحزاب و ریکخراوەی سیاسی و یەکێتی و نەقابەکان، پریەتی لەو حاڵەتانە.
دیارە هەر کام لە بزوتنەوە چینایەتی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان خاوەنی نەریتی خۆیانن، لە پەیوەند بە مامەڵە چ لەگەڵ ناکۆکیە سیاسییە ناوخۆیەکانیان و چ لەگەڵ ئەوانەی لێیان جیادەبنەوە یان وازدەهێنن.
لەونێوەدا بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد، و حزبەکانی خاوەنی نەریتی خۆیانن، کە رەنگدانەوەی ماهیەتی چینایەتی و دەرهاویشتەی پەیامی سیاسی و ئاسۆی زاڵ بەسەر دنیابینیاندایە. ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ ناکۆکیە ناوخۆییەکانیدا قیزەونترین میژووی هەیە. تڕۆکردن!! دەرکردن، پاشقول لەیەکتری گرتن، دەزگا سازکردن بۆ کۆنترۆڵی تەلاری ناوخۆیی حزبی، جاسوسی بەسەر یەکتریەوە، شەخسیەت شکاندن و تۆمەت سازکردن، دەستبردن بۆ چەک و تەسفیە کردنی جەسەدی، تا دەگات بەرادەی تەخوینکردن و تیرۆکردن لە تاریکیدا،… ئەمانە گۆشە بەگۆشەی ئەو نەریتەن کە ئەم بزوتنەوەیەی پێ دەناسرێتەوە و وردەکاری ئەم نەریتە لە زمانی بەشیکی زۆر لە کاراکتەرە سەرەکیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا تۆمارکراوە. جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی ناسراو بەجەلالی، لە پارتی لەناوەراستی شەستەکانی سەدەی رابردوو، تا ئیستاشی لەگەڵ بێت، کاریگەری ماوەو سەرڕێژە لە رق و کینە و دریژەی هەیە. جیابوونەوەی ئاڵای شۆرش لەیەکێتی لە ناوەراستی هەشتاکان، بەهەمانشیوە لێوان لێوە لەپیسترین رەفتار و مامەڵە و نەریتی داوکەوتوانەو خیڵەکی. جیابوونەوەی نەوشیروان و بەشێک لە سەرانی یەکیتی لە یەکێتی و دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان، کە بەدوای خۆیدا هەمان نەریتی پڕ سوکایەتی و تەخوینکردنی ئابدەیت کردەوەو هاوڕیی چل ساڵەی یەکتری کەوتنە فایل هەڵدانەوەو تۆمەتبارکردنی یەکتری بە خیانەتی کوبرا. ئەمانە چەند نموونەیەکی زۆر بەرجەستە و مامەڵەی ڕابەرانی ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ ئەم جیابوونەوانەو لەگەڵ یەکتری، ئەمانە قێزەونترین دیمەنی ئەم بزوتنەوە سیاسییە دەخاتە ڕوو… ڕاوەدوونان، نانبڕین، تۆمەت خستنە پاڵ، تەخوینکردن، زیندانیکردن، دەستبردن بۆلایەنی ئەخلاقی، پەنابردن بۆچەک بۆ تەسفیە، هانابردن بۆ نۆکەرایەتی وڵاتان، بۆ لێدان لە یەکتری… نموونەی زیندون بۆ خستنەڕووی ماهیەتی ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ نەیاران و ناکۆکیە ناوخۆییەکانیان… بەتایبەتی لەو کاتانەدا کە وەکو نەیاری سیاسی دەسەڵاتی بەعس خۆیان نمایش دەکرد. جیابوونەوەکانی سەردەمی شاخ و کاتی ئۆپۆزیسیۆن بوون، فراوانکردنی قەڵەمرەوی ناوچەی هەڵسوڕان و دەسەڵات و هاوکات هەوڵ بۆ نزیک بوونەوە لە بەعس، لایەنێکی سەرەکی ململانێی و مەبنای سەنگەر گواستنەوە بووە.
بەجیا لەو جیابوونەوانەو مامەڵەیان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ ئەوانەی کە سەنگەریان گواستۆتەوە یان جیابوونەتەوە، دیاردەی سەنگەر گواستنەوە!! لە دوای ڕاپەریندا، بەشێوەیەکی بەرجەستەتر لەناو ئەو حزب و بۆ ناو ئەو حزبی تر بۆتە حاڵەتێکی رۆتین.
حزبە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەتی حزبە دەسەڵات بەدەستەکان، لەپاڵ سیاسەتدا و هاوتەریب لەگەڵیدا بەوێنەی دوو حزبی سەرەکی بوونە دوو کۆمپانیای زەبەلاحیش، سەرەتا بە تاڵانی ممتەلەکاتەکانی سەردەمی بەعس و دەستبەسەراگرتنی و پاشانیش لەڕیگای قۆرغکردنی بازار و بازرگانی و بەڵیندەرایەتی و کۆمپانیاکانیان، هەموو داهات و سامانی کوردستانیان دەستبەسەراگرت و ڕیگاکانی تاڵانیان، بەهەردوو جۆری” بەیاساییکراو شەقاوەچێتی” پاوان کرد. ئەم حاڵەتە سەنگەر گواستنەوەی!! کردە هەڵپەی بەش پێبران لە پشکی کۆمپانیاکاندا. بەتایبەتیش ئەو کاتانەی کە پرسی هەڵبژاردنەکان دێنە پێشەوە، کێبەرکێی پچرینی پشکەکان گەرمتر دەبێت و عەشیرەتەکان سەنگەر دەگوازنەوە، لەراستیدا وابەستەیان بە کۆمپانیاکان جێگۆرکێی پێدەکەن، کاراکتەرە سیاسیەکان، پێشکەشکارە تەلەفزیۆنیەکان، ئەندام پەرلەمانەکان، نووسەر و رۆژنامەنووسە کاسبەکان، تۆراوەکان، …. ڕیگای پەیوەست بوون” گواستنەوەی سەنگەر” لەم حزبەوە بۆ ئەم حزبی دەسەڵات دەگرنە بەر… حزبەکانی دەسەڵاتیش کە باکیان بەداهاتی خەڵکی کوردستان نییە، لە داهات و قوتی جەماوەری کوردستان، ئیمتیازی هەمە رەنگ دەبەخشنە ئەوانەی پێیانەوە پەیوەست دەبن.
بۆیە ئەوەی روودەدات لەراستیدا سەنگەر گواستنەوە بەمانا تەقلیدیەکەی نییە، بەڵکو هەڵبژاردنی کۆمپانیای حزبییە وەکو سەرچاوەی دەستگیر بوون لە داهات و ئیمتیازات… خەت و هێڵی سیاسی و جیاوازییەکی بیروڕا لە ئارادا نییە… ململانێی پرۆژەکانە و کێبەرکێی خەتی سیاسی،… نییە.
حزبە سیاسییە بۆرژوازییەکانی کورد، هێندە لەیەک دەچن و وەکو کۆپی ئەسڵی یەکتری دەردەکەون، کە مەودا و جیاوازییەک لەگەڵ یەکتری نیشان نادەن، تا لەباری سیاسیەوە بوارێک بدات بە هەڵبژاردن و سەنگەر گۆڕین!!. هیچ حزبێکی سیاسی لە خانەوادەی بۆرژوازی کورد نییە، کە جیاوازییەکی بەرجەستە لەگەڵ ئەوی دی هەبێت.
ئەوانەی کە سەنگەر دەگوازنەوە!! بانگەشەکەیان هەرچییەک بێت و هەر پاساوێک بۆ سەنگەرگواستنەوەکەیان، بکەنە پسوڵەی رەوایەتی دان بەجیگۆرکێیان، هیچ لەو راستیە ناگۆرێت، کە وێڵ بوون بەدوای دەسەڵات و پێگەی زیاتر و بەهرەمەند بوون لە دەستکەوت و ئیمتیاز زیاتر شتیکی تر نییە.
جیگۆرکێی ئەم هەموو کاراکتەرە سیاسییە، لە ئەندام مەکتەب سیاسیەکانەوە بۆ ئەندامی جفاتی نیشتیمانی بۆ ئەندام پەرلەمان، پێشکەشکار، رۆژنامەنووس، نووسەر، لە زۆنی سەوزەوە بۆ زۆنی زەرد و روو لەپارتی کردن، بەجیا لەوەی حزبە سیاسیەکان، خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی سیاسی جیاواز لە پارتی نین و زۆرتر پاشکۆی پارتین و یان پاشکۆی ئەو روداوانەن کە پارتی ئەندازیاری وەجوڵە خستنیانە، هاوکاتیش پارتی کۆمپانیا گەورەکەیە، سەرچاوەی زۆری داهاتەکەیە، قەڵەمرەوییە سیاسیەکەی فراوانترە، بانگەشەکانی زلتر و وەکو کارتیلیکی ئابوریش کۆمپانیاکانی سەقامگیرترن و سەرچاوەی قازانجی زۆرترن و رادەی خۆشخزمەتیەکەشی بە ولاتانی ناوچەکە، دیارترە.
بەپێچەوانەی لێدوان و پاساو هێنانەوەی هەموو ئەوانەی سەنگەر دەگوازنەوە یان گواستویانەتەوە، کە دەیانەوێت خزمەتی زیاتر بکەن، هەموو ئەو سەنگەر گواستنەوە یان جێگۆرکێیە، لەم حزب و ریکخراوەی سیاسیانەوە، بەتایبەتیش رووکردنیان لە زۆنی زەرد و پارتی، بۆ یەکجاریش نەیتوانیوە بە زەرەیەک و بایی سەرە دەرزیەک ئاڵوگۆر لە ژیانی سیاسی و گوزەرانی خەڵکیدا بکات و هیچ ئاسەوارێک لەسەر پرسی ئازادی و مافەکانی هاولاتیان دابنێت، بە پێچەوانەوە هەموو ئەوانەی چوونەتە ریزەکانی پارتییەوە ژیانی خۆیان و دەوربەریان شاهانەتر بووە هاوکاتیش بوونەتە پارچە و برغوی ئەو ماشینە سیاسیەی، خاوەنی سەرکوتێکی زۆرتر و دەسەڵاتێکی قوتبی تر و لەبەرانبەر بە ویست و داخوازی هاوڵاتیان بێباکتر و لەدژی ئازادی وئازادییەکان، رەقتر و لە بەرامبەر بەیاسادا، کۆنەپەرستر و لەبەرامبەر بە کۆمەڵگەدا بەگشتی ترسناکتر.