لەدرێژەی نارەزایەتی جەماوەری و دەنگ و رەنگە ئازادیخوازەکان و لەناوخۆ و وڵاتانی دەرەوەو ریکخراوە ئینسان دۆست و جیهانیەکاندا، بەدژی دەستگیرکردن و دادگایی کردنی ژمارەیەک لە رۆژنامەنووس و هەڵسوڕاوی جەماوەری و مەدەنی بادینان، ریکخراوی هیومان رایتس ۆوچ ی سەر بە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە راپۆرتیکدا کە بەم دوایانە بڵاوبۆتەوە، رەخنەی راشکاو لەدەستگیرکردنی گیراوەکانی بادینان و هاوکات دادگای تاوانەکانی هەولێر دەگرێت و داوا دەکات چاو بخشینەوە بەو دادگاییکردنەدا.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا و لەزمانی بەلقیس ویلی توێژەری باڵای جەنگ و قەیراندا هاتووە” “پرۆسەی دادگایكردنی پركەموکوڕی لە هەرێمی كوردستاندا شتێكی نوێ نییە. بەڵام، پشتگوێخستنی سەرەتایترین پرنسیپەكانی دادگایكردنێكی دادگەرانە بۆ سزادانی خەڵك بەهۆی ئەوەی گوایە پلانیان داڕشتووە بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندان ئاست نزمییەكی نوێ و لەڕادەبەدەر دەخاتە ڕوو”
شایانی بیر هێنانەوەیە گیراوەکانی بادینان بەر لە دادگایی کردنیان، لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، وەکو تێکدەر و کارکردن بەدژی ئاسایشی هەرێم و کارکردن بۆ لایەنی دەرەکی تۆمەتبارکران و دادگا و دادوەرە محتەرەمەکانی!! بەرگری لە یاسا!!، تۆمەتەکانی سەرۆکی حکومەتیان کردە بەندی دادگاییکردن و بریاردان، بۆ داسەپاندنی سزای زیندانی گیراوەکان بۆ شەش ساڵ زیندانی کردن.
لەبەرامبەر بەو حوکمە بەعسیانەو نارەوایەدا، شەقام جوڵا و دەنگی نارەزایەتی بەشێوەیەکی فراوان بەرز بۆوە، کە بووە هۆی ئەوەی سەرۆکی هەرێم و زۆر بەرپرسی تر، باس لە دوبارە دادگایی کردنەوە و چاوخشاندنەوە بە دۆسیەکەیاندا بکەن، ئیمە لەبڵاوکراوەی بۆپێشەوە زوو رامانگەیاند، کە هاتنە دەنگی سەرۆکی هەرێم و بەرپرسانی تری هەرێم بۆ چاوخشاندنەوە بە دۆسیەی گیراوەکاندا لە ژێر گوشاری جەماوەریدایەو هاوکات هوشیاریماندا کە ئەوە ڕیگایەکە بۆ خاوکردنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بەدژی ئەو دادگا پوچە حزبیەو حوکمە قەرەقوشیەکەی دادگای هەولێردا. درێژەدان بە نارەزایەتی هەمەلایەنەو فراوان و ریکخراو لەناوخۆ و دەرەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بریاری دادگا و ئازادکردنی گیراوەکان، تاکە وەڵامە کە دەتوانێت دەسەڵات ناچار بکات گیراوەکان ئازاد بکات و سیناریۆ پوچەکانیشی دەست لێ هەڵبگرێت…
ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩٧ دا بڵاوکراوەتەوە