دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز موزەفەر عەبدوڵا هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست سەبارەت بە دۆسیەی سەردەشت عوسمان…

بۆپێشەوە: ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد، هەر کاتێك کێشەیان لەگەڵ دەسەڵات هەبێت، دۆسیەی تیرۆر بە گشتی، و ڕۆژنامەنوسان بە تایبەتی بە دەستەوە دەگرن، کاتێكش بەشیان لەکێکی شیرینی دەسەڵات پێدەدرێت، قوڕوقەپی لێدەکەن! چۆن دەڕواننە مامەڵەی ئەو ‌هێزە ئۆپۆزیسیۆنە؟

موزەفەر عەبدوڵا: بەر لە چوونە ناو وردەکاری وەڵامی پرسیارەکەوە؛ وا پێویست دەکات بپرسین کام دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان؟ تا بشزانین ئۆپۆزیسیونەکەی چۆنەو ڕاو بۆچوون و هەڵوێستی لەبارەوە بدەین…!! لە دوای وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی لە کرۆکی پرسیارەکەتانەوە هەڵمانهێنجا باشتر دەتوانین هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزیسیونە قەومی و ئیسلامییەکەی هەڵسەنگێنین لەبارەی باوەڕو پابەندیان بە هەموو ماف و ئازادییەکانی جەماوەری کوردستانەوە، بە تایبەتی ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەگەری و ڕۆڵی دەسەڵات و موعارەزە لەسەر ئەم پرسانە.

تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بە پۆزیسێونەوە، یانی دەسەڵاتەوە، ئەوەی دەسەڵاتدارە لە سی ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان لە ناوەڕۆکدا نە وەك حزبی سۆشیال دیموکراتەکان، نەوەك لیبرالەکانی ئەوروپاو هاوچەشنەکانیانە کە لە پرۆسەیەکی پڕ گۆڕنکاری و وەرچەخانی ئابوری و سیاسی و کەلتوری، پشت بەستو بە دامەزراوە سەرەکییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەت و دادگای سەربەخۆ و هەڵبژێردراو دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست.

ڕونتر بڵێم نە بەناو پارتەکەی بارزانی لیبرالەکانی ئەو وڵاتانەیە، و نە یەکێتیەکەی تاڵەبانی سوشیال دیموکراتەکانە! وەک پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن. ئەمانە هەموویان لە داوێنی یەکتر کەوتونەتە خوارەوە بە موعارەزەکەشیانەوە. هەر بۆیە نە پەرلەمان و حکومەت و دادگاو دامەزراوەکانیشیان وەك ئەوانەو بەو پرۆسە پڕ گۆڕانکاری و وەرچەرخانانە تێپەڕ بوونە، بەڵکو ئەوانە هەتا ئێستاش دوای سی ساڵ لە داسەپاندنی دەسەڵاتیان بە زەبری هێزی چەکداری سەرکوتگەری بنەماڵەیی و خێڵەکی  قەومی و پشت بەستو بە ئایین لەچوارچێوەی هەلومەرجێکی تایبەتی ناوخۆیی وناوچەیی و جیهانیدا دەسەڵاتیان پێدراوە. جا تا ئەو جێگایەی بەرژەوەندی ئەو ‌زلهێزە جیهانیانە دەخوازێت ئەوە پشتیوانیان دەکەن. بە دڵنیاییەوە هەر کات ئەوانە ئەو بەرژەوەندیانەیان لەگەڵیانا نەماو، یاخود هێز هاوسەنگی نێوان ئەو ‌زلهێزە جیهانی و ناوچەییانە گۆڕانی بەسەردا هات، ئەوە ئەوان دەبێت وەک ساڵی ١٩٧٥ و زۆر تاقی کردنەوەی تر، بنەوبارگەیان بپێچنەوە. جا نازانرێت ئەمجارەیان ڕودەکەنە کوێ، و چ ڕژێم و دەوڵەتێکی ملهوری دوژمن بە ماف و ئازادی و چارەنوسی خەڵكی ستەمدیدەی کوردستان دەرگایەکیان لێ دەکاتەوە.

ئەمانە کە لە سی ساڵی دەسەڵاتیاندا هیچ بنەمایەکی دەوڵەت و حکومەت و پەرلەمان و دادگاو  دەزگایەکی سەربەخۆیان پێکنەهێنا، تەنانەت هەر بابایەکیان هێزی چەکداری خێڵکیانەی خۆیان  هەیە، چۆن دەتوانن پابەند بن بە ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنی و فەردییەکانی جەماوەری تینوی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری یەوە.

هەر لەم ڕوانگەیەشەوە لەم سی ساڵەدا مێژووی ئەمانە پڕە لە کارەساتی کوشت و بڕو، تیرۆرو سەرکوتی هەڵسوڕاوانی سیاسی و ڕۆژنامەنوسان ونوسەران و ڕەخنەگران و ناڕازیانی دەسەڵاتەکەیان و هەزاران ژن. ئەمە جگە لە پێشێلکردنی مافە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی جەماوەر. هەر لە نەدانی موچەو کرێ تا دەگاتە نەبوونی داودەرمان و تەندروستی و خوێندن و فێرکردنی خۆڕایی هاوچەرخ ودەیان خزمەتگوزاری تر.

لەم ساڵەی بڵاوبونەوەی پەتای ڤایرۆسی کرۆناشدا چەند قاتی تر قەیرانەکانی قوڵتر کردۆتەوەو کۆمەڵگەی بردۆتە بەردەم هەرەسی تەواو. هیچ مرۆڤێك لەو کۆمەڵگەیە یەك ساڵی داهاتووی خۆی لێ دیار نییە چی بەسەر دێت. بەڵام لە جیاتی ئاوڕدانەوەیەکی سادە لە خەڵکی کوردستان بە پێچەوانەوە بێمافی و سەرکوتیان توندتر کردۆتەوە.

جا کە ئەمە ناوەرۆکی ئەم دەسەڵاتە بێت لە سایەی ئەم دەستەو تاقمانە دەبێت ئۆپۆزیسیونەکەی چۆن بێت؟

هەرگیز نابێت چاوەڕێ بکرێت کە ئۆپۆزیسیونەکەشی وەک لیبرال و سۆشیال دیموکرات و چەپ و ڕاستەکانی ئەو وڵاتانە بێت. بێگومان سەرەڕای رەخنەو ناکۆکی و دژایەتی چینایەتیمان بۆ ئەو جۆرە سیستەمەی ئەو وڵاتانە.

بۆ نمونە ئەوە چەند ساڵە لە ئەمریکا کۆمارییەکان دەسەڵاتدارن بە ڕابەری عەنتەرێکی وەك ترامپ، بەڵام لە هەڵبژاردن کە دەرنەچوو سەرەڕای هەڕەشەو گوڕەشەو عەنتەریاتو پەلاماری کۆشکی سپی بەڵام گوێیان گرت و لە کۆشكی سپی دەریان پەڕاند.

لە کوردستانیش ئۆپۆزیسیون ئۆپۆزیسیون، دەیگۆڕین دەیگۆڕین، بە ڕابەری بزوتنەوەی گۆڕانی نەوشیروان کە جار جار تاقمێك تیرۆریستی ئیسلامیش وەک کۆمەڵ هاتنە پشتی، هەمو ئاوات و ئامانجەکانیان ئەوەبوو دەستیان گیر بێت لەو ڕاو و ڕوت و جەردەیی وچەتەگەرییە کە پارتی و یەکێتی سی ساڵ دەیکەن.

جا ئەگەر جارجار قسەیەکی پوچیان کردبێت لەسەر بە دامودەزگا کردنی دەسەڵات و دەساودەست کردنی دەسەڵات و رێکخستن و یەکگرتنی هێزی میلیشایی و جاسوسییەکان و بەناو دامەزراوەکان، ئەوە هەمووی بۆ خەڵەتاندنی خەڵك و پشتیوانیکردن لێیان بووە تا چەند کورسیەکیان بەدەست هێنا. ئیتر وەک خۆتان دەڵێن قوڕوقەپیان لە پرسی ماف و ئازادییە ڕەواکانی خەڵك کردوە. تەنانەت پرس و دیاردەی تیرۆریش بۆیان گرفتێك نییە .ئێستا هەموو کەس دەزانێت ئەو ئۆپۆزیسیونە هەلپەرستە کۆنەپەرستە پشت بەستوە بە ئیسلامییەکان بۆتە پاسەوانی بکوژی سەردەشت عوسمان لە کاتێکدا لەکاتی کوشتنەکەی دەیان وت سەردەشت گۆڕانخواز بووە، کەچی ئێستا دەڵێن کابینەی حکومەتی برا گەورەی بکوژی سەردەشت باشترین کابینەی حکومەتە سی ساڵی یەکەیانە.

ئەوە جگە لەوەی هەموو ئەوانەی کە لە پشتی ئۆپۆزیسیونیەکەی گۆڕان و نەوشیروان بوون هەر یەك بەلایەکدا چوون و گەییشتنە بن بەست. ئەگەر چی تاقمێکی تر بەناوی نەوەی نوێ وەک مێش و مەگەز لە بن گوێی پارتی و یەکێتی و گۆڕان گیزە گیزێك دەکەن، بەڵام ئەوەندەی جەماوەری ستەملێکراو هەژارو بێکارکراو بیزار دەکەن ئەوەندە دەسەڵات بێزار ناکەن.

بۆیە نابێت هیج خۆش خەیاڵی و چاوەڕوانییەکیان نە لەم ئۆپۆزیسیونە هەبێت، نە ئێستاو نە داهاتوو. ئیتر جەماوەر کاری خۆی لەگەڵ دەسەڵات یەکلا کردۆتەوەو و خواستی ڕوخان و بڕۆن بڕۆن لە ٢٠١١ بۆتە دڕوشمی زۆرایەتی خەڵك لە کوردستان. ئەگەرچی لەناوچەی دەسەڵاتی پارتی بەهۆی سەرکوتی ڕەهاوە، خەڵك ناوێرن ناڕەزایەتی بە کۆمەڵ دەربرن. بەڵام خواستی کۆتایی پێهێنانی ئەم دەسەڵاتە و ئۆپۆزیسیونەکەشی وەک خواستی سەربەخۆیی لێهاتووە بۆ جەماوەری کوردستان. سوتانی بارەگای هەموو بەناو حزبەکان لە ناڕەزایەتییەکانی پێشوو لە شاری سلێمانی بەڵگەی ئەو ڕاستییەن کە جەماوەر ئیتر بێزار بوونە لەم دەسەڵاتە و بەناو موعارەزەکەشی. وە هیچ هیوا ئومێدو چاوەڕوانی یەکیان لەمانە نەماوە.

ئەوەی کێشە و گرفتی سەرەکییە لەبەردەم جەماوەر، رێکخراونەبوونی خودی جەماوەرو نەبوونی یەك حزبی سیاسی کۆمەڵایەتییە بە پلاتفۆرم وپلان و دروشمی ڕۆشن و عەمەلی کە ڕابەری تاسەری ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر بکات تا ڕاپەرین و وەلانانی ئەم دەسەڵاتە. بێگومان بە ڕەچاوکردنی هەلومەرجی ناوچەیی و جیهانییەوە کە حیساب بۆ هێز و هاوسەنگی سیاسی و سەربازی ڕژێمەکانی ناوچەکە و جیهان کە پاڵپشتی ئەم دەسەڵاتەن، لەگەڵ ئەو هێزە سیاسی و جەماوەرییەی لە ناوچەکە و جیهان پشتیوانی لە جەماوەرو ئاڵوگۆرەکە بکات.

بێ چارەسەر کردنی ئەم کێشەو گرفتە، هەر هەڵمەت بردن بۆ سەر بنکە و بارەگای ئەم تاقمە چەتە پر چەکانە سەرکەوتن ئەستەمە.

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩٧ دا بڵاوکراوەتەوە

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *