زیادکردنی کرێ و کۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچە و ئازادی ڕێکخراوبوون سەرەکیترین خواستی ئایارن!…

عەبدوڵا مەحمود …

ئایاری ئەمساڵ بۆ کرێکاران و کارمەندانی کوردستان لە هەلومەرجێکی ئیکجار سەختدا بەرێوەدەچێت. کەمی کرێی کرێکاران و بەردەوامیدان بە لێبرینی موچەی موچەخۆران، لەپاڵ گرانی بازار و دەیان دەردو موسیبەتی تریدا لە پێشیانەوە کۆڕۆنا ڤایرۆس، بۆتە هۆکارێک تا چینی کریکار و کارمەندان و تەواوی ئۆردی بێبەشی کوردستان بەرەو ژیانێکی سەخت و مەمرەو مەژی راپێچ بکرێن.

لەپاڵ کەمی کرێی و لێبرینی موچەدا، هاوکات خزمەتگوزارییەکان بەرەو لەبەین بردن براون یان هەرزان فرۆشی کەرتی تایبەتی کراون و دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسیاریەتیەکی لەسەر شانی خۆی نەهێشتۆتەوە. قورسایی خوێندن و پەروەردە، گرانی داو دەرمان و خەستەخانەو سلکی تەندروستی، باج خستنە سەر وردو درشتی خزمەتگوازرییە گشتیەکانی وەکو دوکانەکان، خۆڵ ڕشتن، گرانی کارەبا و کرینی ئەمپێری موەلیدە، گرانی ئاو ئەگەر هەبێت، تادەگاتە گرانی گۆشت و مریشک و پێداویستییە رۆژانەیەکان…تاد هەموو ئەمانە وای کردووە کە کرێی کریکاران و کارمەندان موچەی موچەخۆران بەشی دابینکردنی کەمترین لە پێداویستیەکانی بەڕیوەچوونی ژیان و گوزەران نەکات. هەر ئەمەش وایکردووە کە ئۆردوی هەژاری بە رێژەی بەرچاو زیاد دەکات و بلۆکی برسێتی بە رادەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرین دەبێتەوە. ئەگەر ئەمە دۆخی کرێکاران و کارمەندان و موچەخۆران بێت، ئەوا ژیان و گوزەرانی بێکاران، چەند بەرابەر سەخترەو رۆژ بەرۆژیش بەهۆی دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و نەبوونی هەلی کار بۆ کەسانی ئامادەبەکار، ریژەی بیکاری هەڵدەکشێت، بێ ئەوەی باسێک لە بیمەی بێکاری هەبێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم واقعیە تاڵە لە ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و بێبەشاندا، ئازادی ڕیکخراوبوون، مانگرتن و خۆپیشاندان بەفەرمی نەناسراوە، واتە لەبەرامبەر بەو هەلومەرجە سەختەدا رێگای بەردەم کاری ریکخراو لەبەردەم چینی کریکار و جەماوەری بێبەشدا، بۆ بەرگری ریکخراوانە لە خۆیان و مافەکانیان، یان بۆ داسەپاندنی ویستەکانیان ڕێگەی لێگیراوە. لەوەش زیاتر کاتێک کرێکاران و جەماوەری بێبەش لەژێر گوشاری زۆرو کەمەر شکێندا ناچار بە کۆبونەوە، مانگرتن، خۆپێشاندان دەبن، بەوپەڕی دڵ رەقیەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. لەسەر کار دەردەکرێن، وەکو سزا دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی تر، یان رووبەڕووی هێزی سەرکوت و داپڵۆسین دەبنەوە بۆ شکاندنی مانگرتن و کۆتاییهێنان بە نارەزایەتیەکانیان.

بەم شێوەیە چینی کریکار و کارمەند و موچەخۆران، لەگەڵ ئەوەدا کە ژینگەی کاریان خراپ و نائەمنە،  کرێکانیان زۆر کەمە بە پێوانە لەگەڵ بەڕیوەچوونی ژیان و گرانی بازاڕدا، هاوکاتیش مافی ڕیکخراوبوونیان لێ سەندراوەتەوە. لەوانەش زۆرتر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم وەکو پارێزەری نیزامی دیلهینەری سەرمایەداری و کۆمپانیا حزبیەکانیان وەکو بەشێک لەم سیستەمە تاڵانچییە، لەژیر ناو و پاساوی جۆرجۆردا وەکو دابەزینی نرخی نەوت، بوونی ژمارەی زۆری ئاوارە لەهەرێم، نەناردنی موچە لە بەغدا، و دەیان پاساوی تر بۆ چەندین ساڵ لە ژێر ناوی پاشەکەوتی موچەدا، موچە و کریی کریکاران و کارمەندانیان کردە نیووە و چارەکە موچە… هاوکات لێبرینی موچەیان بۆ ریژەی لە ٢١% بەدەستەوە گرتووەو مانگەکان درێژ دەکەنەوە.

لەم دوایانەدا لەگەڵ ئەوەدا نرخی نەوت لەسەر و ٦٠ دۆلارەوەیە، کەچی لێبرینی موچە بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەدا کەدەسەڵات شایی و لۆغانی سەرکەوتنی دیبلۆماسی لەگەڵ بەغدا لەسەر پشکی موچە گێرا، کەچی هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بە لێبرینی موچەو زیادکردنی کرێی کرێکاران و کارمەندان نییە.

زیادکردنی کرێ بەپێی هەڵاوسان و بەپێی چونە سەری گرانی بازاڕ، بۆ سەرجەم کرێکاران و کارمەند و موچەخۆران، دابینکردنی هەلی کار یان بیمەی بێکاری بۆ کەسانی ئامادەبەکار سەرو تەمەن ١٦ ساڵ، کۆتاییهینان بە لێبرینی موچە تادەگات بە ئازادی بی قەیدو شەرتی ریکخراوبوون، مانگرتن، و خۆپیشاندان… سەرەکی ترین ئەو خواستانە کە کرێکاران پێویستە لەم ئایارەدا وەکو داخوازی سەرەکی بەدەستیانەوە بگرن و نەخشەی خەباتی ریکخراو یەکگرتووانە بۆ وەدی هێنانیان دابڕێژن. هەر لەو چوارچێوەیەشدا پرسی خەبات بۆ یاسا کارێکی پێشرەو بکەنە قیبلەنومای خەباتی نەپساوە، کە زامنی خۆشگوزەرانی کۆمەلایەتی و هەموو مافەکانی کریکاران دابین بکات، بەبێ هیچ جۆرە هەلاواردنێک لەسەر بنەمای کرێکارانی خۆ وڵاتی و خاریجی… چینی کریکار لەهەرێمدا خاریجی بن یان خەڵکی هەرێمی کوردستان بن، دەبێ مافی چونیەک و یەکسانیان بۆ بەرەسمی بناسرێت.

 یەکی ئایاری ٢٠٢١ 

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *