١٦ی ئۆکتۆبەر پەڵەیەکی رەشی دیکەیە و دەچێتە سەر مێژووی پڕ لە شەرمەزاری ناسیۆنالیزمی کورد. ئەگەر بە ناحەق لای خەڵکی کوردستان ئەو کارەساتەی بزووتنەوەی کوردایەتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا بەسەر خەڵکی ستەمدیدەی هێنا، لە دەرەوەی چاوەڕوانیش بووبێت، بەڵام لە یەکەمین ساتەکانیەوە ئەو ڕاستیەی بیری خەڵکی کوردستان هێنایەوە کە ئەمە نە خیانەتە و نە جێگای سەرسوڕمانە، بەڵکو ئەلقەیەکی ترە لە کارنامە و عادەتی عەمالەت و پاشەقولگرتنی بزووتنەوەی کوردایەتی لەم خەڵکە. دەڵێم ئەگەر بە ناحەق ئەمە لە دەرەوەی چاوەڕوانی بووبێت، چونکە بەندوبەست و دەستێکەڵکردنی حزبەکانی کوردایەتی لەگەڵ دوژمنانی خەڵکی کوردستان و یاری کردن بە چارەنوس و مافی خەڵک هەمیشە ئەگەرێکی زۆر چاوەڕوانکراوبوو. بەڵام بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو حوکمەدانیم کە بڵێین ئەوەی روویدا بە تایبەت بەم جۆرەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەگەرێکی چارهەڵنەگر بوو، کە بەشێک لە ناسیۆنالیزمی نەیاری دەسەڵات و بیزنسمانە شەیداکان بۆ خۆشخزمەتی کۆشکی سپی ئەمریکا دەهۆڵی بۆ دەکوتن. بەم پێیەش من لە هەڵسەنگاندی ئەم پرۆسەیەدا یەکلایەنە هەموو گرفتەکە ناخەمە پای عەمالەت و عادەتی کوردایەتی، بەڵکو پێداگری توند لەوە دەکەم؛ ئەگەر ئەلتەرناتیوێکی سیاسی سۆسیالیستی رادیکال لە ئاستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا وەکو نوێنەری ئیرادەی خەڵک هەم پێداگری لەسەر ئەنجامی ریفراندۆم بکردایە و هەم لانی کەم لە مەیدانی سیاسی و چەکداریدا نوێنەر و رابەری مەیلی بەرگری چەکدارانەی جەماوەری بوایە، ئەو ئەگەرە هەبوو ڕەوتی ڕوداوەکان بە بارێکی پێچەوانەدا بڕواتە پێش. نابێ عادەت و عەمالەت و چۆکدادانی ناسیۆنالیزمی کورد، ببێتە پاساو بۆ نادیدەگرتنی ئەم ڕەخنەیە.
ئەوپەڕی ناڕەواییە کە ١٦ی ئۆکتۆبەر وەکو “خیانەت” لە خەڵکی کوردستان لە قەڵەم بدرێت، چونکە ئەمانە هیچ رۆژێک لە بەرەی خەڵکی ستەمدیدە و ئازادی و مافەکانی خەڵکدا نەبوون تا ئەمڕۆ خیانەتی لێ بکەن. مێژووی ئەم دوو بنەماڵەیە و گشت بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، مێژووی سپاردنی گوێچکەی خۆیانە بە دەوڵەتان و بلۆکە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و دنیا، مێژووی خۆگرێدانە لەگەڵ چەپەڵترین رەوەندە سیاسیە کۆنەپەرستانەکانی ناوچەکە و جیهان. مێژووی ئەمانە هەمیشە ئاشبەتاڵ و راپێچکردنی خەڵکی کوردستانە بۆ ژێر ئاکامی شکستەکانی خۆیان. ١٩٧٥ و ١٩٨٨ و ١٩٩١ تەنها چەند نمونەن. مێژووی ئەمانە مێژووی شەڕی کۆنەپەرستانەی ناوخۆ و کوشتار و وێرانکاریە لە پێناو دەسەڵات و بەدەستەوەگرتنی ڕابەرایەتی بزووتنەوەی کوردایەتی بۆ سات و سەودا و هەڕاجکردنی ماف و چارەنوسی خەڵک، شەستەکان و هەشتاکان و نەوەدەکان تەنها چەند نمونەی ئەم ڕاستیەن. مێژووی ئەمانە مێژووی تامەزرۆییە بۆ نوقمکردنی خەڵکی کوردستان لە کارەسات و چەندبارەبونەوەی هەڵەبجە و ئەنفال و کمیاباران، مێژووی سپاردنی خەڵکی هەولێرە بە ڕژێمی بەعس و خەڵکی شەنگاڵە بە داعشی سونی و سپاردنی خەڵکی کەرکوک و دوز و چەندین ناوچەی ترە بە داعشی شیعی..و…بۆیە وەکو ٢١ ساڵ لەمەبەر وتم و ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە ئەمە “خیانەت” نیە بەڵکو عادەتی بزووتنەوەی کوردایەتیە.
چەند هەفتە بەر لە ڕیفراندۆم وتم، ڕیفراندۆم مافی خەڵکە، بەڵام بارزانی و ناسیۆنالیزمی کورد خاڵی لاوازە. بنەمای سەرەکی ئەم حوکمەی من هەر ئەوە نەبوو کە تا سەرلەبەیانی ٢٥ی سەپتەمبەر ئەگەرێکی گەورە هەبوو لە ڕیفراندۆم پەشیمان ببنەوە، هەروەها ئەوەش نەبوو کە بارزانی و ناسیۆنالیزم دەوڵەتی سەربەخۆیان دەوێ یان نا، تەنانەت ئەوەش نەبوو کە بارزانی وەکو کارتی فشار بەکاریدەهێنێ و شێلگیر نیە لە پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و پیادەکردنی ئەنجامەکەی .. و…بەڵکو بەر لە هەر شت پێداگری بوو لەسەر ئەوەی کە ئەم سەرکردە و حزبانە ئەوەندە هەست و نیستی خۆیان خستوەتە دەستی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و جیهانەوە، ئەوەندە چاولە خواری ئەوانن، ئەوەندە لە ئیرادەی سەربەخۆ بێبەرین، ئەوەندە لە بەرگری و راوەستاویدا بودەڵەن، ئەوەندە هەراسانن لەبەگەڕکەوتنی ئیرادەی خەڵک، کە زۆر دژوارە بتوانن بەرامبەر تەحەدیاتی جیابونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ ڕاوەستن و لە قسەی ئاغاکانیان دەرچن. لەم بارەیەوە دەبێ دان بەو بەڕاستیەدا بنیم کە ئەو ڕادەیە لە ڕاوەستانی بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم زیاتربوو لەوەی چاوەڕوانم دەکرد، بەڵام ئەویش بە هەزار ڕاکێش ڕاکێش تەنها گەیاندنی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هیچی تر. ئێستاش بە چونە ژێرباری سڕکردنی ئەنجامی ریفراندۆم بە کردەوە هەموو پرۆسەی ڕفراندۆم و دەنگی خەڵکیان کرد بە بابەتێک بۆ سات و سەودا.
ئەوەی کە هەبوونی تۆزقاڵێک شەهامەتی سیاسی و هەتا ئەخلاقی حوکمی دەکات، ئەوەبوو کە هەر ئێوارەی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە پێش هەموانەوە بارزانی و بە دوای ئەودا هەموو سەرانی کوردایەتی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان ڕابگەینن. ئەو پەیامەی کە بارزانی ئێوارەی ١٧ ئۆکتۆبەر بڵاوی کردەوە، زۆر لەوە پوچ و بەسەرچوو و بێ مایەتربوو کە شایستە پاساودانی ئەو ئاستە لە چۆکدادان و نقومکردنی خەڵک بێت لەو کارەساتەی خوڵقاندیان. بەر لە هەموو شت بارزانی چەندین جار بەڵێنی بەخەڵکدا کە ئەم پرۆسەیە لە ماوەیەکی زەمەنیدا بە دەوڵەتی سەربەخۆ دەگەیەنێ، کەچی ئێستا باسی ئەوە دەکات ” ڕۆژێک هەر دێت کە خەڵکی کوردستان بە ئامانجەکانی بگات”!! ئەو گفتی دابوو کە لە ئاکامی ئەم بڕیارەدا هەر بەڵایەک بەسەر خەڵکی کوردستاندا بێت ئەو باجەکەی دەدات، بەڵام ئێستا باجی ئەمە بەکوشتچونی پۆلێک پێشمەرگەی گەنجی رۆڵەی خەڵکی ستەمدیدە و کوژران و برینداربوونی سەدان خەڵکی سیڤیل، هەروەها ئاوارە و مەرگەسات و ماڵوێرانی سەدان هەزار کەسی خەڵکی کەرکوک و دوز و ناوچەکانی تر بوو. ئەو بەڵێنی دابوو کە هێزی پێشمەرگە بەرگریەکی قارەمانانە لە خەڵکی کوردستان و بڕیار و مافەکانیان دەکات، گفتی ئەوەیدا کە بە جیهانی نیشانبدات ” نەک کورد لە شێر دەچێت بەڵکو شێر لە پێشمەرگە دەچیت”!!….ئایا هەموو ئەمانە بەوە پاساو دەدرێت کە ئەمجارە بە هەمان مەنتقی ٣١ی ئاب، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی جێگای خۆیان گۆڕیوەتەوە و ئەمجارە بنەماڵەی تاڵەبانی دەستیان لەگەڵ جەلادێکی وەکو قاسم سلێمانی و عەبادی و داعشی شیعە تێکەڵکرد؟! پرسیار ئەوەیە کە بارزانی وەکو فەرماندەی گشتی لەو ساتە وەختە ناسکەدا لە کوێ بوو کە هەموان چاوەڕوانی هێرشی حەشدی شەعبی بوون؟ تا بڕیار بکەوێتە دەستی ئەو کۆڵکە فەرماندانەی ئەمرۆ بە “خیانەت” تاوانباریان دەکات؟ مەگەر نەیووت “ئامادەم وەکو پێشمەرگە چەک هەڵبگرم و بچمە کەرکوک”؟! ئەگەر لە کەرکوک تاوانەکە لە ئەستۆی ئەو شێرە بەفرینانە بێت کە تا سەعاتێک بەر لە هێرشی حەشدی شەعبی لافی ئەوەیان لێدەدا “مەگەر بەسەر لاشەکانی ئەواندا بستێک لە خاکی کوردستان داگیر بکرێتەوە”، ئەی لە مەخمور و شنگاڵ و دەشتی نەینەوادا خەتای کێ بوو کە بەبی ئەوەی یەک فیشەک بۆ بەگری تەقێنرابێت جارێکی تر دانیشتوانی ئەو ناوچانە سپێردران بە داعشی شیعی؟ تاکەی ئەم قەوانە سواوە لێدەدەنەوە کە توانای تەسلیحاتی نابەرابەری پێشمەرگە و حەشد هۆکاری ئەم ماراسۆنی هەڵهاتنانە بێت؟ ئەگەر دوای ئەو هەموو هاوکاری و بارهێنان و چەک و تەقەمەنیانەی لەم ٢-٣ ساڵەدا دراون بە پێشمەرگەوە، هێشتا ئەم “هێزە ئەفسانە شکێنە” بەرگەی چەند خولەک بەرگری نەگرێت، کەوایە بۆچی خەڵکی کوردستانیان خستە ناو ئەم گرەوەوە کە لە پێشەوە دەیانزانی لەگەڵ جوڵانی هێزە عێراقیەکان، پێشمەرگە وەکو هەمیشە دوو پێی تریش قەرز دەکات بۆ هەڵاتن؟! هەموو ئەوانە پێشکەش بەڵام بۆچی هەمیشە بەدزی خەڵکەوە هەڵدێن و لانی کەم ڕاشکاوانە بەخەڵک ناڵێن کە بەهەر هۆیەکەوە بێت بەرنامەی بەرگریان نیە، تا خەڵک ئەم راستیە بزانن و بەپێی ئەوە مشوری خۆیان بخۆن؟! مانای چیە پارێزگاری کەرکوکی شاگردی بە وەفای بارزانی تا چەند خولەک بەر لە هەڵهاتنی خۆی، بانگەوازی گەنجان و خەڵکی دەکرد بۆ جەنگی بەرگری و خۆ بەکوشتدان؟ سەرباری هەموو شتێک تەنها ئەمە خۆی لە خۆیدا تاوانیکی گەورە و ئەپەڕی نابەرپرسانەیە و بە هیچ جۆرێک لێخۆشبون هەڵناگرێت. لە ١٩٩١ ئەمەیان کرد، لە ٢٠١٤ لە شنگاڵ دیسان دووپاتیان کردەوە، ئەمجارەش لە کەرکوک و هەموو ناوچەکان چەند بارەیان کردەوە و هەموو جارێکیش ئەم فریوکاری و پاشەقولگرتنە لە خەڵک گیانی پۆلێک لە خەڵکی کوردستانی کردوە بە قوربانی. بارزانی کە وەکو هەمیشە بە ئومێدی پشتیوانی ئەمریکا لە ریفراندۆم و لانی کەم ئومێد بەوەی کە ئەمریکا رێگری بکات لە پەلاماری سەربازی حکومەتی عێراق بۆسەر کوردستان، خەڵکی کوردستانی چەک کرد و بە دەستی بەستراو ئەم خەڵکەی کرد بە پارویەک بۆ حەشدی شەعبی.
دوای ئەنجامدانی ڕیفرامدۆم کە خۆی لە خۆیدا دەسکەوتێکی گەورەی خەڵکی کوردستان بوو، سەرکوتی ئیرادەی ئەم خەڵکە بە دەستی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و بە عەمالەتی ڕاشکاوی بنەماڵەی تاڵەبانی و باڵێکی یەکێتی، هەروەها سپاردنی گەردنی خەڵک بە شمشێری ئەو میلیشیا دڕندانە، تەنها پەردەی لەسەر ڕووی شەرمەزاری دوو حزبی بنەماڵەیی لا نەبردووە، بەڵکو لە هەمووکات زیاتر ڕووی ڕاستەقینەی ئەو بەشە لە ناسیۆنالیزمی ناڕازیشی نیشاندا کە دەمامکی خەمخۆری بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستانی پۆشیوە. گومان لەوە نیە کە بەبێ ئەوەی بنەماڵەی تاڵەبانی وەکو باڵێكی یەکێتی راستەوخۆ دەست لەگەڵ حەشدی شەعبی و کاربەدەستانی بەغدا تێکەڵ بکەن و تەنانەت چاوساغی و پێشلەشکریان بۆ بکەن، ئەو ناوچانە بەو ئاسانیە بەبێ هیچ بەرگریەک نەدەکەوتنە ژێردەستی ئەو میلیشیا دڕندانەوە و ئاستی ئەو تراژیدیەی بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا هات بەو رادەیەی ئیستا فراوان نەدەبوو. هەر بۆیە تاوان و بەرپرسیارێتی بنەماڵەی تاڵيبانی لە ئاست ئەو شکست و تراژیدیەدا لە هەموو باڵەکانی دیکەی ناسیۆنالیزم و بۆرژوازی کورد گەورەترە. هەلبەت ئەوان بێ شەرمانە دەیانەوێ تاوانی دەست تێکەلکردن و پێشلەشکریان بۆ ئەو میلیشیا دڕندانە بە فڕوفیشالی ئەوەی کە “کاتی ریفراندۆم نەبوو، یان ئەم تراژیدیە بە هۆی ریفراندۆمەوە روویداوە..و….” پاساو بدەن و پەردەپۆشی بکەن.
شاگەشکە و خۆشحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرەی نەخێر و بەشێک لە ئیسلامیەکان لە ئاست ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی کەرکوک و ئەو ناوچانەی کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە یەک لەدوای یەک کەوتنە ژێر دەستی حەشدی شەعبی دڕندەوە، ئەو راستیەی بە زەقی نیشاندا کە ئەم هێزانە هاوخەم و هاوئامانج نیین لەگەڵ خەڵکی کوردستان، بەڵکو ئەو تراژیدیەی بەسەر خەڵکدا هات بۆ ئەوان دەسکەوتێکە کە دەتوانن لە ناکۆکی کۆنەپەرستانەی خۆیان لەگەڵ نەیارەکانیان بە تایبەت پارتی و بارزانی کەڵکی لێوەرگرن. ئەمانە نوێنەری ئاسۆی شکستن، خۆیان بە بەرپرس نازانن کە چۆن زەحمەتی ئەوە بکێشن و رۆڵی بەرەنگاری لەگەڵ شکست و ئاکامە وێرانکەرەکانی لەسەر خەڵک بگیڕن، بەڵکو لە سەنگەری تامەزرۆیی بۆ شکست خۆیان مەڵاسداوە و دوعا بۆ قەومانی تراژیدیاکە دەخوێنن بۆ ئەوەی بلێن “نەمانووت کاتی ریفراندۆم نیە”؟! نەمانووت بەبی ئەمریکا ناکرێت؟! ئێستاش کە کارەساتەکە قەوماوە، شاگەشکەی ئەوەن کە دەتوانن لە کێشەی کۆنەپەرستانەیان لەگەڵ لایەنی نەیار کەڵکی لێوەرگرن و بیکەن بە بەڵگەی دروستی و ڕەوایی سیاسەت و هەڵوێستە کۆنەپەرستانە و ناکۆکەکەیان لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵک. ئەوان کێشە و ناکۆکیەکی کۆنەپەرستانەیان هەیە لەگەڵ پارتی و بارزانی لەسەر بەشی خۆیان لە داهات و دەسەڵات، شکست و تراژیدی خەڵکی کوردستان وەکو هەلێک چاولێدەکەن بۆ مەیسەر بوونی ئامانجی کۆنەپەرستانەیان. هاوکات دەیانەوێ کەڵک لەم هەلە وەرگرن بۆ دەمەزەردکردنەوەی خۆشباوەڕی ناڕەوا بە ئەمریکا و شەتەکدانی چارەنوسی خەڵکی کوردستان بە سیاسەتە ملهوڕانە و دژی ئینسانیەکانی ئەم ڕابەرەی بەربەریەت و تیرۆریزمی دەوڵەتی. لە کاتێکدا کە تۆزقاڵێک هوشیاری سیاسی بەسە بۆ تێگەشتن لەو ڕاستیەی کە ئەمریکا و دەوڵەتانی غەربی نەک هەر دۆستی خەڵکی کوردستان نیین لە خەباتیاندا بۆ ئازادی و دەستەبەربوونی مافەکانیان، بەڵکو تا ئێستا نە مەسەلەی کورد وەکو کێشەیەکی سیاسی دەسەلمێنن کە چارەسەری دەوێ، نە هیچ کات ڕێگاچارەی ئەم کێشەیە لە سیاسەتی ئەواندا جێگایەکی هەبووە. سەرجەم سیاسەتی ئەوان بۆ یاری کردن بە مەسەلەی کورد، چ لە ١٩٩١ و چ لە ٢٠٠٣ لەسەردەمی جەنگی دووەمی کەندا و دژی عێراق، چ لەو پرۆسە سیاسیەی دوای ڕوخانی بەعس لە عێراقدا هاتەکایەوە و تا ئێستاش، سەروبەری سیاسەتی ئەوان بۆ مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی کورد، تەنها کەڵکوەرگرتن بووە لەم مەسەلەیە بۆ بەکارهێنانی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد وەکو کارتی فشار و دەسکەلای خۆیان لە بردنەپێشی سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانیان لە عێراق و ناوچەکەدا.