دوای خستنە خوارەوەی فرۆکەیەکی نەفەر هەڵگری ئۆکرانی لەلایەن سیستەمی بەرگری رژێمی ئیران، لە ژێر دروشمی “مەرگ بۆ درۆزن، یانی مەرگ بۆ جمهوری ئیسلامی ئیران” ناوەندی شاری تاران و چەندین شاری تر بوونەوە بە شانۆی نمایشی ناڕەزایەتی جەماوەری بەدژی ڕژیمی پەت و سیدارەو تیرۆریستی ئیراندا.
دوای کوژرانی گەورە تیرۆریستی ئیران و ناوچەکە “قاسمی سولەیمانی” لەلایەن ئەمریکاو فرۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە لەچوارچێوەی جەنگی دەسەڵاتیاندا لەناوچەکە، جمهوری ئیسلامی کەوتە دوبارە نیشاندان و نمایش سازی جوڵاندنی هەستی دژە ئەمریکایی و فرمیسک رشتن بۆ مستەزەعەفینی زوڵملیکراو لەلایەن شەیتانی گەورە “ئەمریکا” و کۆکردنەوەی جەماوەری و بەڵێندان بە تۆڵەکردنەوە لە بەرامبەر کوشتنی سەرداری ئیسلام، قاسمی سولەیمانی.
وە دۆخی دوای کوژرانی قاسمی سولەیمانی، بووە مایەی ترس و دڵە ڕاوکی جەماوەری فراوان لە عیراق و تەواوی ناوچەکەو دنیادا… وە وا پیشبینی دەکرا کە فەزای ترس و گرژبوونی زیاتری نیوان ئەمریکا و ئیران، بزوتنەوەی نارەزایەتی کریکاریی و جەماوەری لە عیراق و ئیران و لوبنان و ناوچەکە، بەرەو خامۆش بوونەوە دەچن و سەرئەنجام خەڵک دەنێردرێنەوە ماڵەوە، بەڵام قوڵی قەیرانی حکومەتی و ئاستی نارەزایەتی جەماوەری و چوونەسەری خۆ هۆشیاری سیاسی، لەوە زیاتر و بەرینتر بوو، کە بتوانێت دەنگی نارەزایەتی شەقام خاموش بکاتەوە ببیتە قوربانی ململانێی نیوان ئەمریکاو ئیران.
بۆیە چ لە عێراقدا خۆپیشاندانەکان بەهێزی خۆیانەوە مانەوەو لە ئیرانیش تورەیی و نەفرەتی قوڵی جەماوەری لە تەقینەوەی ئان و ساتدا و لەدریژەی خۆپێشاندان و نارەزایەتیەکانی دەورەی پیشوودا، دوبارە هاتەوە مەیدان…
هاتنە مەیدانی ئەمجارەی خەڵکی ئێران، لە ژیر ناوی دەربرینی هاوپشتی و هاوخەمی بۆ قوربانیانی فرۆکە ئۆکرانیەکەو نەفرەت لە دەسەڵاتی ئیسلامی ئیران بە خستنە خوارەوەی فرۆکەکە، دەستی پێکردەوە، بەڵام ریشەی ئەم خۆپیشاندانانە زۆر لە خستنەخوارەوەی فرۆکە ئۆکرانیەکە قوڵترەو ریشەی لە “نا وتن” بەسەرجەم نیزامی سیاسی سەرمایە لە ئیراندایە، و لەدرێژەی بزوتنەوەی روو لەپێشی کریکاری و جەماوەریدایە بەدژی نیزامێک کە ژیانی لە دەیان ملیۆن ئینسان کردۆتە دۆزەخ. لە ئێستادا دروشمی ”بڕوخێ دیکتاتۆر“ ” مەرگ بۆ خامەنەیی“ ” نان، کار، ئازادی“ لە دروشمە سەرەکیەکانی خۆپێشاندرانن…. ئەم هاتنەوە مەیدانەی جەماوەری بێبەشی ئێران، دوای هەفتەیەک لە کوژرانی قاسم سولەیمانی، پوچی نمایشی رژێمی لە بە زۆر کۆکردنەوەی جەماوەر، دەرخست و هاوکاتیش نیشانی دا، کە بانگەشەی وەستانەوە بەرووی دوژمنی دەرەکی و ئەمریکا، ناتوانێت، جەماوەری وشیاری ئیران لە خەبات بۆ روخاندنی رژێم خاوبکاتەوە…