دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد چاکسازی هەڵناگرێت!…

عەبدوڵا مەحمود

پرسی چاکسازی کە کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان! تۆختر لە کابینەکانی پێشتری خۆی بەدەستیەوە گرتووە، جێگای مشتومرێکی زۆرە.

کابینەی نۆهەم و حکومەتەکەی پرۆژەیە یاسایەکی چاکسازی ئاراستەی پەرلەمان کردوە، ئەم پرۆژە یاسایە کە دوورو نزیک بەلای چاكسازیی لە داهاتەكانی نەوت و خاڵە سنورییەكان و داهاتەكانی ناوخۆدا ناڕوات و ئاماژەیەکیش بەو سەدان تانكەرە نەوتە ناکات کە رۆژانە بە قاچاخ دەفرۆشرێن و داهاتەكانیان دیار نییە. هاوکات لە پرسی چاکسازی لەموچەو دەرماڵەکانی پلە باڵاکاندا، پێداگری لەسەر هەمان تاڵانی دزی دەکاتەوەو دەیەوێت بە یاسایی بکاتەوە.

ئەم پرۆژە چاکسازییەی حکومەت کە نێردراوە بۆ پەرلەمان، لەگەڵ شاردنەوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان، داهاتەکانی نەوت، داهاتی ناوخۆ… تاد. یەک ڕاستی بە زەقی دەخاتە روو. ئەو ڕاستیەش ڕاگەیاندنی درێژەدانە بەهەمان جەنگی چینایەتی لەدژی چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە، بۆ خاڵی ڕاگرتنی گرفانیان و بەتاڵان بردنی دەست ڕەنج و چاو نوقاندن لە ماف و داخوازییەکانیان.

ژمارەیەک ئەنگەل و توێژێکی مشەخۆری سیاسی لەگەڵ ئەوەدا کە بەیاسا موچەی خەیاڵی و ئیمتیازاتی چەوریان بۆخۆیان و ئایندەیان بەناوی خانەنشینیەوە، جێگیرکردووە، هاوکات بەسەدان هەزار کەسیان لە رێگای موچە بۆ بن دیوارەکان” گوێ لەمستەکانی خۆیان” و بەسەدان خانەنشینی ئەرک  نەدیوو، بڕیوەتەوە. لەبەرامبەردا کریكاران و کارمەندان کە ڕۆژانە هەشت سەعات و زیاتریش خەریکی کارو بەرهەم هێنان و راپەراندنی کاری هەمەجۆری کۆمەڵگەن و بەمانای وشە کۆمەڵگە لەسەر شانی ئەوان دەچەرخێ، موچەیەکی ناچیزیان پێدەدرێت. بەناوی پاشەکەوتی موچەشەوە موچەی چەندین مانگیان لێ بڕدراوەو لەم ساڵیشدا سێ موچەی فەرمانبەران نەدراوە. ئوردوی بێکاران و کریکارانی کەرتی گشتی وەزعیان لەوەش خراپترە…

لەدۆخێکی ئاوادا توێژی حکومەتداری و پەرلەمانتارەکان و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و بەرپرسانی سلکی سەربازی و ئەمنی و دەزگا هەواڵگرییەکان، بە بیستینی کەمکردنەوەی نەک موچەکانیان، بەڵکو بە بیستینی کەم کردنەوەی موچە خانەنشینی و ئیمتیازاتەکانیان، گڕیان گرتووە… چ بێ شەرمییەکە؟ موچەی کرێکارێک کەمتر لە ملیۆنێک یان چەند سەد هەزار دینارێک بێت، لە بەرامبەردا موچەی ئەندام پەرلەمانێک ٨ ملیۆن دینار بێت و خانەنشینیەکەشی بەهەمان شێوە زیاد لە پینج ملیۆنێک بێت.. ئەم نابەرابەرییە لە موچەدا، تەنها نابەرابەرییەکی ئابوری رووت نییە، بەڵکو ریشەی لە نابەرابەریەکی چینایەتی قوڵدایە… نابەرابەریەک کە حکومەت و یاسای لەپشتە، باندی دزی و میلیشیایی چەکدار پشتیوانیەتی.

لەسەیر سەیرتریش، ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانی دەم گەرم و تەسەلی بێکارە و دەست وپێ سپی و بودەڵەی سیاسی بەنرخی ڕۆژ نان خۆر، لەگەڵ حکومەتێکی خاوەن پرۆژەی چاکسازی بۆ بەیاساییکردنی موچەی چەند ملیۆنی و ئیمتیازاتی مادام العمر بۆ پلە باڵاکان، باسی چاکسازی و وەفا نواندن بۆ کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستان دەکەن.

ئەم توێژە کە پارێزەری سیستەمی بەتاڵانبردنی سەرمایە و سەرمایەدارەکانن، بەجیا لەخوار ڕاگرتنی موچەی کرێکاران و کارمەندان، کاریان سەندنەوەی مافە زۆر سەرەتایییەکان و کەم کردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەرزان فرۆش کردنیانە بە کەرتی تایبەتی.

پرۆژەی چاکسازی حکومەت و هەر چەشنە پرۆژەیەکی تری چاکسازی لەژێر سایەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی بۆرژوازی کوردا، ناتوانێت لەو پرۆژە ئابڕوبەرانە چاکسازییە باشتر بێت کە کابینەی نۆهەمی حکومەت ئاراستەی پەرلەمانی کردووەو راسپاردووە، تا پەلە لە بەیاساکردنیدا بکەن. ئەم دەسەڵاتە ئەگەر چاکسازی واقعی بکات، بەسەریەکدا دەڕمێت. چاكسازیی لە داهاتەكانی نەوت و خاڵە سنورییەكان و داهاتەكانی ناوخۆدا   نوخبەی سیاسی دەسەڵات بەدەست، دەستخاڵی دەکات، بۆیە ناتوانن بەجدی دەستی بۆببەن. ئەو سەدان تانكەرە نەوتە کە ڕۆژانە بە قاچاخ  نەوت دەفرۆشن، خاوەنەکانی دزانی خاوەن پێگەی دەسەڵاتن بۆیە ناتوانن لێپێچینەوە لەگەڵیان بکەن…

بەدەستەوە گرتنی پرسی چاکسازی لەلایەن کابینەی نۆهەمەوە، بۆ خامۆشکردنەوەی تورەیی جەماوەیی بوو،  فریوکاری بوو بۆ سپی کردنەوەی رووی دەسەڵاتیكی رەشی دزی حزبۆکراتی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکی بزوتنەوەی کوردایەتی.

چاکسازی واقعی لەلایەن دەسەڵات و ئەو ئۆپۆزیسیۆنە بودەڵەیەوە بەخۆشی خۆیان لەوەهم وەهمترە. ئەوەی دەتوانێت چاکسازی واقعی دابسەپێنێ، گوشاری بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لەخوارەوەی کریکاران و کارمەندان و بێبەشانی کۆمەڵگەیە. چینی کریکارو بێبەشانی کۆمەڵگە بە هاتنە مەیدان و ڕێکخراوی خۆیان، بە راگرتنی چەرخەکانی بەرهەمهینان و ناوەندەکانی بەرهەمهینان و خزمەتگوزارییەکان، دەتوانن گەروی پڕ نەبووی ئەو دەسەڵایە بگوشن و گیرفان و خەزێنەی پڕیان کە بەرهەمی نابەرابەری و دزی و تاڵانی ئاشکرایە دابتەکیننن و ناچاریان بکەن، دەست لەو هەموو جەردەیی و دزییە ئاشکراو نایاسایی و بەیاساییکراوەیان بگرن.

ئێستا دوای دەرکەوتنی ماهیەتی ئەم کابینەیەو هاش و هوشی پوچی چاکسازییەکەی، کاتی ئەوەیە خەڵکی بێبەش و نەداری کوردستان، کرێکاران و کارمەندان، بێکاران و ئۆردوی ئامادە بەکار، لاوان و خانەنشینان و کەم ئەندامان…تاد،  سێڵاوی رقی خۆیان لە شەقامەکاندا نیشان بدەن، لەکارگەکاندا کار رابگرن و لە ناوەندە خزمەتگوزارییەکاندا، مانبگرن و نیشانی بدەن کە ئەوان خاوەنی کۆمەڵگەو جوڵە و بەرێوەبردنی واقعی ژیانن… کاتی هاتنە مەیدان و وەستانەوەی جەماوەرییە بەرووی دەسەڵاتی ڕەشی بزوتنەوەی کوردایەتی و پاکیجە یەک لەدوای یەکەکانیان بۆ درێژەدان بە دزی و تاڵانی و بێمافی و گرانی و بێکاری و هەموو موسیبەتەکانی تری ئەو دەسەڵاتە.

ناوەراستی جەنیوەری ٢٠٢٠

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٧ی بەرواری ١٥ جەنیوەری ٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …