عەبدوڵا مەحمود
بەرواری ١٢/١/٢٠٢٠ ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و کەم ئەندامەکان، لە دژی موچەی خانەنشینی پلەبالاکان و کەمی موچەی کەم ئەندامان لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.
خۆپیشاندەران لەبەرامبەر بێ بەڵێنی ئەندام پەرلەمانەکان و پرۆژەی یاسای چاکسازی حکومەتی بەناو چاکسازیخواز!! کە ئاراستەی پەرلەمانی بەناو نوێنەرانی گەل!! یان کردووە، بۆ پەسەندکردن، لەبەرامبەر نابەرابەری خەیاڵی نێوان موچەکان… دروشمی کەم ئەندامانی مێشک و کەم ئەندامی ویژدانی ئەندام پەرلەمان و پلە باڵاکانیان ڕاگەیاند…
موچەی ئەندام پەرلەمان ٨ ملیۆنی ٢٠٠ هەزار دینار و موچەی خانەنشینیشیان ٥ ملیۆن و حەوسەد و چل هەزار دینارە، لەگەڵ ئیمتیازاتی خەیاڵی، لەبەرامبەردا موچەی کریکاران و کارمەندان چەند سەد هەزار و خانەنشینیان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ هەزار و موچەی کەم ئەندامان ١٥٠ و ١٠٠ هەزار دینارە…
ئەم نابەرابەرییە لە موچەدا، لەهیچ جێگایەکی دنیا بوونی نییە… تەنانەت لە حکومەتە هەر فاشیست و دیکتاتۆر و دزەکانی میژوودا بێ وێنەیە. بۆیە بەحەق ئەو دەسەڵاتە و خاوەن پلە باڵایانە و پەرلەمانی بۆگەنی هەریمی کوردستان کە چاوی بیبنی ئەو نابەرابەرییەیان نییە، نەک هەر کەم ئەندامی عەقڵ و ویژدانن وەکو کەم ئەندامانی خۆپیشاندەر کردبوویانە دروشم، بەڵکو ویژدان تۆپیو و مێشک مەیوون… دڕندەی لوشدانی ئابوری و داهاتی خەڵکی کوردستانن. سوکترن تویژن کەتەنانەت بەراورد بە ئەندام پەرلەمانەکانی سەردەمی بەعس و رژیمە درندە و سەرکوتکەو و دزانی سەر گۆی زەوی ناکرێن… سەیر ئەوەیە چونکە بەحەق ویژدانیان خاڵی لەهەر لێدان و… جوڵەیەکە، زوربەیان بەدەمی گەرمەوە باسی چاکسازی و گۆرانکاری دەکەن، دەمی پیسیان بەدزی و تاڵانی و درۆ لە دادپەروەری دەکوتن. دێنە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و فرمێسکی تیمساحی بۆ هەژاران دەرێژن… بەڵام زات ناکەن و بۆیەک سات ئامادەنین ئەوە بهێنە بەرچاویان کە چۆن دەکرێت خێزانێک بە ١٥٠ هەزار دینار موچە ژیانی مانگیكیان بەرێ بکەن… ئامادە نین لەوە تێبگەن کە کرێکار و کارمەندانی خیزاندار چۆن دەتوانن بەموچەی چەند سەد هەزار دیناری کرێ خانوو بدەن و ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان بەو موچە ناچیزە بۆ مانگێک بگوزەرێنن… لەبەرامبەردا موچەی خۆیان ٨ هەشت ملیۆن و کەخانەنشینیش بوون ٦ ملیۆن بێت…
برسێتی و گرانی، بێکاری و نەداری و هەموو موسیبەتەکانی تری زوربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە، دەسەڵاتی سیاسی و ئەو نوخبە سیاسییە دزە لیی بەرپرسن، حکومەت دەزگای سەرکوت و پاریزەری تاڵانی و سەرمایەیە، پەرلەمان شوێنی بەیاسایی کردنی نابەرابەری چینایەتی و دزیەکی ئاشکرایە… بۆیە راماڵینی ئەو دەسەڵاتە و بەدادگا کێشانی هەموو کاراکتەرەکانی لەدەسەڵات، لە حکومەت و پەرلەمان… ئەرکێكی نەک پێویست، بەڵکو نەبەردێکی چینایەتی رەوایە، ئەو رۆژە دێت… سزای ئەم تاوانکاریانەیان بدەن.
ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٧ی بەرواری ١٥ جەنیوەری ٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە