بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە ناونیشانی:
نا بۆ تیرۆریزمی دەوڵەتیی ئەمریکاو ئێران
ئەمشەو رژێمی ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەیەکی سەربازیدا بەرامبەر بە کوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریکاوە، کۆمەڵێك مووشەکی ئاراستەی بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە هەولێرو رۆژاوای عێراق کرد. بەمشێوەیە فەزای ترس و دڵەراوکێ ومەترسی جەنگ باڵی کێشاوە بەسەر خەڵکی کریکارو زەحمەتکیشی عێراق و کوردستاندا.
ئەمریکاو ئێران وەکو دوو جەمسەری تیرۆریستی دەوڵەتی بە توندکردنەوەی ململانێی و کێشەکانیان لە ناو خاکی عێراق ژیانی هاوڵاتیانی عێراق و کوردستانیان خستۆتە مەترسیەوەو ڕوبەرووی کارەساتیان دەکەنەوە. ئەمریکاو ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەکەو عێراقدا دەستیان داوەتە پێشبڕکێیەکی دڕندانەی تیرۆریستی لەسەر حسابی ژیان و ئەمنیەتی هاوڵاتیانی عێراق و کوردستان. هاوکات رژێمی ئیسلامی ئێران و هێزە میلیشیا تیرۆریستەکانی سەر بەو رژێمە لە عێراق و لەناو حکومەتی عێراقدا ئەم کێشمەکێش و فەزا جەنگیەیان کردۆتە فرسەتێك بۆ کۆتایی هێنان بە خرۆشان و راپەرینە جەماوەریەکانی ئێران و لوبنان و عێراق و هەوڵێك بۆچارەسەرکردنی قەیرانی حکومەتی لەعێراقدا.
ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران، ڕاستەوخۆ دژایەتیکردنی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە و فەزای جەنگی نێوان دوو جەمسەری تیرۆریستی بێجگە لە نائارامکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵك، ئایندەی خەڵکی ناوچەکە بۆ دەیان ساڵ دەداتەوە دەستی جڕوجانەوەرە ئیسلامی و مەزهەبی و ناسیۆنالیستەکان، نارەزایەتی و هیوا و ئومیدی جەماوەری راپەری و بۆ باشبژێوی و ژیانێکی شکۆمەندو خزمەتگوزاری و دژی دەسەڵاتی میلیشیاو دەستێوەردانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ئیمپریالیستی و ناوچەیی دەباتە دواوە کە بە سەدان قوربانی و هەزاران برینداریان لەو پێناوەدا بەخشیوەو بۆ چەند مانگە شەقامەکانی عێراقیان کردۆتە مەیدانی ڕووبەرووبونەوە لە بەرامبەر میلیشیا دەسەڵاتدارەکاندا.
ئێمە لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە توندی دژی پیلانگێریەکانی ئەمریکاو ئێران بۆ نائارامکردنی فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق و کوردستان و ڕاکێشانی بۆناو کوانوی جەنگی تیرۆریستی خۆیان دەوەستینەوەو هۆشیاری دەدەینە هاوڵاتیانی کوردستان کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم باوردۆخە مەترسیدارە ئامادەبن.
نا بۆ شەڕی تیرۆریستان، سەرکەوتووبێت ڕاپەڕینی جەماوەری!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٨ی کانونی دوەمی ٢٠٢٠