عەبدوڵا مەحمود
بەرەبەیانی بەرواری ٣ ی ئەم مانگە، قاسمی سلێمانی یەکێک لەسەرە تاوانبارانی گەورەی ئێران و ناوچەکە، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و چەکداری حەشدی شەعبی، لە کردەوەیەکی سەربازی ئەمریکیداو لە ڕیگای فڕۆکەی بێفڕۆکانەوە کوژرا.
قاسم سلێمانی یەکێک لەسەرکردە چنگ بەخوێنەکانی خەڵکی ئیران و عێراق و تەواوی ناوچەکەیە. یەکێکە لەو جەلادانەی ڕۆڵی راستەوخۆی لە دەیان و سەدان کردەوەو هێرشی چەکداری و تیرۆریستی هەبووە. بێگومان دنیا بەبێ ئەو جەلادانە ئارامتر و ئاشتی پارێزراوترە، بەڵام نابێ بیرمان بچێت، بوونی فیزیکی ئەو جەلادانە، بەرهەمی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی سەردەمەو لەژێر جبەی عەمامەکانی ئێراندا دەیان کاراکتەری جەلادی وەکو قاسمیانی هەن. لە ناو سیستەمی سیاسی ئێراندا قوتابخانەی دروستکردنی قاسمیەکان بەبەردەوامی دەچەرخێ. قوتبی ئیسلامی سیاسی، و تیرۆریزمی دەوڵەتی پیویستی بە دەسەڵاتی جۆری ئیسلامی سیاسی لەجۆری ئێران و سوپای لەچەشنی حەشدی شەعبی…هەیە، تەنانەت ئەمە لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا پێویستی دیموکراسی بۆژوایی و سیستەمی نیولیبرالیزمە.
هاوکات ئەمریکا، سەرکردەی گەورەترین ماشینی جەنگی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی ڕۆژئاواو جیهانی ئەم سەردەمەیە. جەلادی راستەوخۆی قەسابیکردنی ملیۆنان ئینسانی بێتاوانە، بە پشتیوانی و بەرگەی دیموکراسی بۆرژوازییەوە. ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دنیایان لەپێناو بەرژوەندییە سیاسی و ئابورییەکانیاندا، کردۆتە دۆزەخی سەرزەوی. دەستێوردانی سەربازی و سیاسی و ئابوری و کەلتوری و فەرهەنگی، جەنگ و داسەپاندنی ئابلۆقەی ئابورییان لە زۆربەی زۆری گۆشەو کەنارەکانی دنیاو لەوڵاتانی دەرگیر بەجەنگ و ململانێی سیاسییدا، کردۆتە دیاردەیەکی ئاسایی… پاساوی هەموو ئەو ملهوڕیانەیان پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئەمنیەت و ئارامی جیهانە… چ بێشەرمیەکە!! دنیا بەدەست جەنگ و تیرۆریزمەوە، بەدەست نائەمنی و میلیتاریزمەوە، بەدەست ئابوری نیو لیبرالیزمەوە، دەناڵێنێ کە خودی ئەمریکا سەردەستەیەتی. دەرهاویشەکانی ئەم ملهوریەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بەردەوامی دەیان جەنگی راستەوخۆ و بەوەکالەتە. پەرەپێدانی و بەریکردنەوەی باندەکانی تیرۆریزم و حزبی سیاسی و گروپی هەزار جۆری تیرۆریستییە، پاشەپاش گەرانەوەی کۆمەڵگەو بەهاو نەریتە ئینسانیەکانە، سەندنەوەی ئاسایش و ئاشتیییە لە تەواوی بەشەریەت. بەکورتی رۆڵ و نەخشی بۆرژوازی بەگشتی و ئەمریکا و غەرب بەتایبەتی بۆتە بەرینکردنەوەی جەنگ و نائەمنی و بێکاری و برسێتی و دەیان و سەدان موسیبەتی تر، کە خودی دام دەزگای بۆرژوازی ناتوانن چاو لە ئاستیاندا بنوقێنن.
لەدڵی ئەم دۆخەدایە، کە ململانێی نێوان باڵەکانی بۆرژوازی جیهانی لە ئاستی دنیا لەسەر دەیان دۆسیەی ئابوری و ئەمنی پاراستنی قەڵەمرەوی سیاسی و بەریکردنەوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، لەسەر ئاستی ناوچەیی، لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەزمەگرتووی سیاسی و دەرگیر لەگەڵ جەنگ، تادێت بەرینتر دەبێتەوە… عێراق و سوریا، بەپلەی یەکەم لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا گۆڕەپان و سەنیزی ئەو ململانێی جیهانیەن، لە پیناو بەرژەوەندی فروانتری قوتبە بۆرژواییەکان لە ئاستی دنیادا.
ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا و بەدیاریکراوی لە سوریا و عێراقدا، خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە، بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەناوچەکە، سیاسەتەکانی، دەستێوردانەکانی، هەمیشە ڕووبەروو بووە لەگەڵ رێگریەکانی ئێران و لەزۆر باریشدا بەزیانی ئەمریکا شکاوەتەوە… یەکێک لە ئەندازیارانی ڕیگری کردن لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و ناکامکردنەوەی نەخشەکانی، ئێران و قاسم سلێمانی سەرکردەی سوپای قودسی ئیران بووە.
دەوڵەتی ئەمریکا و ترامپ، هەروەها هاوپەیمانەکانیان، باش دەزانن ئێران و ئیسلامی سیاسی دەیانەوێ کە رۆڵ و دەستێوەردانەکانیان لە واقعیەی سیاسی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بۆ بەفەرمی بناسرێت. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی نایانەوێت مل بەو ویستەی ئیران بدەن و پێگەی لەو ناوچە پڕ خێر و بێرە ئابورییەدا، بەفەرمی بناسن. هەر ئەوەشە چوارچێوەی بەریەکەوتنی بەردەوامی ئیران و ئەمریکای بۆ دەیان ساڵە قەوارە پێداوە… باسی پیتاندنی یۆرانیۆم، ترسی دەست راگەیشتنی ئیران بەچەکی ئەتۆمی… زۆر لاوەکین لەچاو ململانێی سەرەکی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لەبەرامبەر ئیراندا، کە مەسەلەی سەرەکی بەفەرمی ناسینی رۆڵی ئێران و سەری رەزامەندی نیشاندانە بۆی. بۆ ئێرانیش کێشەی لەگەڵ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەوەیە کە هێشتا رۆڵی ئێرانیان بەفەرمی لە سیاسەتی ناهاوسەنگی دنیادا، مۆر لێ نەداوە…
قاسم سلێمانیەکان، کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیەکان، هێرش بۆسەر سەفارەتخانەکان، گورز وەشاندن لە بەرژەوەندییە بەرجەستەکانی ئەمریکا، ئەوانەی دواتریش… قوربانیانی ئەم ململانیەن. لەجەنگی جەلادەکانی ئینسان کوژیدا، بەشێک لە جەلادەکان و سەرە تاوانبارەکانیش دەبنە قوربانی جەنگی تەماحەکانیان.
دنیا بەگشتی و ناوچەکە، لەبەردەم هەشەی نابودی و وێرانکاریەکی کەم وێنەدایە. نیو لیبرالیزم، دیموکراسی بۆرژوایی، ئیسلامی سیاسی، پۆست مۆدیرنیزم… لەچەکە وێرانکەرە سەرەکیەکانن. جەنگی چەور و شەڕی وەگەرخستنی تەکنەلۆژیا جەنگییەکان، تەنها وەسیلەیەکی ئەو جەنگە فراوانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییە وێرانکەرەن کە بەشەریەتی ئەم گۆی زەویەی خستۆتە بەردەم ترس و دڵەڕاوکێیەکی ناچارییەوە.
جمهوری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی سەرباری هەر ناکۆکی و ململانێیەکیان لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا و غەرب لەسەر بەش و رۆڵ و قەڵەمرەوی سیاسی و ئابوریان، لازم و مەلزومی نیزامی سیاسی و ئابوری ئەم سەردەمەن.
قوڵبوونەوەی ململانێی و زبرتربوونی کێشمەکیشی نێوان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەگەڵ ئیران، بەجیا لەوەی کەشی ترس و میلتایزم بەسەر ناوچەکە و دنیادا زاڵ دەکات، هاوکات گورزو بەیەکدادانی چەوریش لە پیشهاتەکانی دەبن لە عیراق و ناوچەکەدا کە ئاستی مەترسی و قوربانیەکانی بەرینتر و فراونتر دەبن. لەو نێوەشدا توڕەیی و نارەزایەتی جەماوەری لەشەقامی عێراق و ئیراندا، بەرە پاشەکشە دەبات.
جەماوەری نارازی لە عێراق و ئێران، بە بەردەوامی دان بە خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانیان و بەدەستەوە گرتنی پەرچەمی رۆشنی سیاسی و سوشیالیستی و دیاریکردنی هەنگاوەکانی پێشرەوی، هاوکات پێویستە دروشمی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئێران و کۆتاییهینان بەدەستیوردانەکانیان بەدەستەوە بگرن…
٣ جەنیوەری ٢٠٢٠