رێبوار ئەحمەد:
لە زۆر ڕووەوە هەڵدەگرێت لەسەر کۆنگرەی یەکێتی قسە بکرێت. کە دوای نزیکەی ١٠ ساڵ و مشتومڕێکی بێسنور، بەرلەوەی تەنانەت کاتەکەی بە تەواوی یەکلابێتەوە، ئەنجامەکانی یەکلاکرابوەوە. ناکرێت حاشا لەو بەهرەیە بکرێت کە لە بەڕێخستی ئەم کۆنگرەیەدا بەخەرج دراوە. پەڕاندنەوەی ئەم حزبە لە جەنجاڵی شەڕ و کێشەی باڵەکانی و یەکلاکردنەوەی وەکو حزبی بنەماڵەی تاڵەبانی، دروست وەکو حزبی بنەماڵەی بارزانی دەستەخوشکی، بێگومان بەهرەی تیا خەرجکراوە. هەواڵەکان کە لەزاری کادران و نوێنەرانێکی دڵشکاوەوە دزەی کردووە، ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێکی گەورەی ئەم بەهرەیە خەرجکردنی لێشاوێکی ملیۆنەها دۆلاریە بۆ کڕینی دەنگ و “ویژدان”. پارەیەک کە “بە ڕەنجی شان و بازووی خۆیان” لە تاڵانی و داهاتی نەوتی قاچاغ و موچەی بەناو پاشەکەوتکراوی کرێکار و ماموەستا و فەرمانبەر، پەیدایان کردووە.
لە دنیای سیاسەتدا باڵ و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو ئەحزابی سیاسی بە پلاتفۆڕمی سیاسی جیاواز و مشتومڕی نێوان ئاراستە سیاسیە جیاوازەکان مانا پەیدادەکەن. باڵەکانی ناو یەکێتی لەگەڵ ئەوەی قاڵبێکی فەرمی وەرگرتوە و بە “چەپکە گوڵ”ەکەی تاڵەبانی ستایش دەکرێت، لەم ڕێسا سیاسیە بەدەرە. کێشمەکێشی ئەو باڵانە لەسەر پلاتفۆڕمی سیاسی جیاوازیان نییە لە بارەی ئەوەی کە کۆمەڵگەی کوردستان بەرەوکوێ ببرێت و چ وەڵامێک بە کێشە و مەسەلەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بدرێتەوە. یان چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕەوەند و پێشهاتە سیاسیەکانی ئەم کۆمەڵگەیە و ناوچەکەدا بکرێت، بەڵکو کێشمەکێشێکی رووت و ئاشکرایە لەسەر کورسی و پۆست و پارە. چەند ساڵە بەوهۆیەوە کە نەیاندەتوانی لەسەر دابەشکردنی ئەمانە ڕێک بکەون، کۆنگرەیان بۆ نەدەگیرا. دوای مشتومڕ و سەودایەکی زۆر، بەرلەوەی بڕۆنە هۆڵی کۆنگرەوە، لەسەر دابەشکردنی ئەمانە ڕێکەوتن. پاشان کۆنگرەیان گرت بۆئەوەی مۆر لەم رێکەوتنەیان بدات. بەدەر لەمە هیچ هەواڵێک لە کێشە و جەدەل نییە لەسەر سیاسەت و وەڵام بە کێشەکانی ئەم مەملەکەتەی لەسایەی دەسەڵاتی ئەواندا نوقمی نەداری و نەهامەتییە. ئەم ڕێککەوتنەی خۆیان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتی بەتاڵانبراو، وەکو شانازیەکی گەورە دەدەن بەگوێی ئەو چەند ملیۆن هاوڵاتیەی کە لە سایەی دەسەڵاتی ئەواندا سی ساڵە نوقمی کارەساتن.
گومان لەوە نییە کە تەوافوقێکی مەحکەم بۆ تێپەراندنی کۆنگرە کراوە. بەجۆرێک کە هیچکەس لەدەرەوەی ئەم تەوافوقە و بە میکانیزمی رۆتینی حزبی نە پێی ناوەتە ناو هۆڵی کۆنگرە و نە بۆ هیچ ئۆرگانێک هەڵبژێردراوە. گومان لەوەش نیە کە تەمەنی درێژی ئەم تەوافوقە هەر ماوەی کۆنگرەیە. دوای ئەوە وەکو فیدرالیزم هیچ باڵ و بلۆکێک تاسەر بە بەشی خۆی رازی نابێت و هەوڵی زیادکردنی دەدات. واتە قۆناغێکی تازەی کێشمەکێش دەستپێدەکات. جگە لەمە ئەنجامی کۆنگرە ئەوە دەردەخات کە لێرەبەدوا دانایی سیاسی بە مانا گشتیەکەی، سەنگی کەمتری دەبێت لە ژیانی یەکێتیدا. لە جیاتی ئەوە خۆگرێدانەوەی ئەقلیمی و پاشکۆیەتی و مافیاگەری برەو پەیدادەکات. ئەمە دەبێتە خاڵی لاوازی یەکێتی لە مەیدانی سیاسیدا. کێرڤی سەنگی سیاسی یەکێتی ڕوو لە نشێو دەکات.
هونەری گەورەتر ئەوەیە کە کۆنگرە لە نێوان دوو دنیای تەواو جیاواز و ناکۆکدا بەڕێخرا. با بەدەر لە بۆچون و لێکدانەوەی خۆمان لەسەر یەکێتی و کۆنگرە و سیاسەت و کرداری، تەنها سەرنجێکی ئەم دوو دنیایە بدەین و لەگەڵ یەک بەراوردیان بکەین؛
هۆڵی کۆنگرە بۆخۆی دنیایەک بوو کە فەزای شانازی و سەربەرزی و سەربڵندی و سەروەریەکانی یەکێتی هەموو ئامادەبووانی مەستکردبوو. دەرەوەی هۆڵی کۆنگرەش دنیایەکی تر بوو، کە لەمیاندا جەماوەرێکی ملیۆنی بەدوای بەرد و دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ بەردبارانکردنی ئەوانەی لە ناو دنیای کۆنگرەدا خۆیانیان نوقمی شانازی کردبوو. بەراستی مرۆڤ دەبێت دان بەو داناییەدا بنێت کە لە بارهێنانی کادران و نوێنەرانی کۆنگرەی یەکیتیدا بەکاربراوە. بەجۆرێک کە هەمووان فێرکراون بەوپەری حەماسەتەوە، وەکو شیعر و پەخشان بەسەر “سەروەری و شانازی”ەکانی یەکێتیدا هەڵبدەن. ئەوەندە بە دڵگەرمیەوە ئەم کارە دەکەن، هەر دەڵێی بەراستی باوەڕیان کردووە کە یەکێتی نوقمی شانازی و سەروەرییە و خەڵکی کوردستان قەرزاری ئەو هەموو دەسکەوتەن کە یەکێتی بۆی دەستەبەرکردون!! لە کاتێکدا لەو دیوی دەرگای ئەم دنیایەوە، خەڵکی کوردستان یەکێتی و پارتی و سەرکردەکانیان بە دز و تاڵانگەر و گەندەڵ و قاتل و دواکەوتوو و پیاوسالار و تەنانەت بەدڕەوشت دەزانن. دنیای کۆنگرە ئەوەندە مەستی شانازی بوو کە دەڵێی تەنانەت یەک وشەیەکی دنیای دەرەوە دزەی نەکردوە بۆ ناو دنیای کۆنگرە.
ئەوەندە زیادەڕۆیی دەکەن لە شانازیکردن، کە ئەم ڕێککەوتنەی خۆیان لەسەر دابەشکردنی کورسی و پۆست و پارە، وەکو مژدەیەکی گەورە دەدەن بە گوێی خەڵکێکدا کە ڕوون و ڕاشکاو دەزانن بۆیە ئەوان لە ئاستی ملیۆنیدا ڕووت و ڕەجاڵ و بێبەرین، چونکە ئەم شانازی فرۆشانە نوقمی سەروەت و سامانن. باسی سەروەری بەجۆرێک مەستی کردوون، دروست وەکو ئەوەی لە ماوەی نزیک بە سی ساڵی حوکمڕانیاندا خەڵکی کوردستانیان نوقمی بەختەوەری و ئازادی و خوشگوزەرانی کردبێت. لە کاتێکدا لەم سی ساڵەدا نەک بچوکترین باشبونیان لە ژیانی خەڵکدا پێکنەهێناوە، بەڵکو لانی کەم نیوسەدە کۆمەڵگەیان بەرەو دوا گێڕاوەتەوە. کاتێک هاتنەسەرکار خەڵک کارەبا و ئاو و سوتەمەنی و خزمەتگوزاریان هەبوو، یەک مانگ و یەک رۆژ موچەیان دوا نەدەکەوت. دکتۆر و دەرمانی بە کوالەتی و بەنرخێکی رەمزی بۆیان فەراهەم بوو…و…لە سایەی دەسەڵاتی ئەواندا، لە جەرگەی شارە گەورەکاندا، هاوڵاتیان وەکو کوێرە دێکانی دەیەی حەفتاکان لە تاریکی شەودا بە چرا و و چراقۆوە بەناو ماڵەکانیاندا دەگەڕین. ئەو سوتەمەنیەی کە بە نرخێکی رەمزی دەگەیەنرایە هەموو ماڵێک، ئێستا بە نرخی مادەگرانبەهاکان بە خەڵک دەفرۆشرێت. هەر کرێکار و فەرمانبەرێکی سادەی ئەم کۆمەڵگەیە چەندین ملیۆن بەزۆر پاشەکەوتکراوی لای ئەم جەنابانەیە کە پارە بۆ کڕینی دەنگ و ویژدان تەخشان و پەخشان دەکەن. تەنانەت دەستیان بۆ دزینی ئەو کرێ و موچە کەمە درێژکردووە کە بەشی نان و ئاوی رووت ناکات. لە جیاتی دکتۆر و دەرمان گەچ و ژەهر لە بازاڕی رەشدا بەخەڵک دەفرۆشن.
لە دنیای کۆنگرەدا لە جیاتی ئەوەی سی ساڵ حوکمڕانی خۆیان و ئەو هەموو نەهامەتیەی بەسەر خەڵکیاندا هێناوە بکەن بە بنەمای هەڵسەنگاندن، درێژی لیستی ناوی شەهیدەکانیان دەکەن بە بنەمای ڕەوایەتیدان بە تاڵان و برۆیان. بەڵام هەتا کەی و بۆچی لیستی درێژی ناوی شەهیدەکانیان دەبێتە بەڵگە و بنەمای ئەوەی سەرانی ئەم حزبانە نوقمی سەروەت و جەماوەری ملیۆنی خەڵکیش بەکەسوکاری شەهیدەکانیانەوە، نوقمی نەداری بن؟! دنیای کۆنگرە کە هەمووانی نوقم و مەستی شانازی کردبوو، ئیتر تۆزقاڵێک بواری ئەوەی تیانەبوو کە بۆ ساتێکیش بێت لەوە رابمێنن؛ بۆچی و بەکام پێوانە سەرانی ئەم حزبە بە نرخی دزی و گەندەڵی و زەوتکردنی کەمترین موچەی کرێکار و فەرمانبەر نوقمی سەروەتن، موچەی خەیاڵی شاهانەیان بۆ خۆیان فەراهەم کردووە و بە هەزارویەک شێوە داهاتی ئەم کۆمەڵگەیە لوش دەدەن. سی ساڵ حوکمڕانی کاتێکی ئەوەندە زۆرە بەشی ئەوە دەکات کۆمەڵگەیەک لەوپەڕی دواکەوتوییەوە بگوێزرێتەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی مودێڕن و پێشکەوتوو و خۆشگوزەران و پڕخزمەتگوزار. بەڵام لەسایەی حوکمرانی یەکێتی و هاوپەیمان و هاوبەشەکانیدا، کۆمەڵگەی کوردستان هەموورۆژێک لە هەموو روویەکەوە لە رۆژی پێشووی خراپترە. رۆژێک بەرلەوەی ئەمانە بێنەسەر کورسی دەسەڵات، دۆخی کۆمەڵگەو ژیان و گوزەران و خزمەتگوزارییەکان چەند بەرابەری ئێستا باشتربوو. ئەمانە کە لە سایەی جەنگ و لەشکرکێشی ئەمریکادا هاتنەسەرکار، سەرەتا هەرچی هۆ و ئامرازەکانی خزمەتگوزاری بوو ئاودیویان کرد. دوای ئەوە کەوتنە وێرانکردن و داتەپاندنی هەموو بنەماکانی ژیان و خزمەتگوزاری. تا سەرئەنجام ئێستا کۆمەڵگەیان نوقمی نەهامەتی و نەداری کردووە.
دنیای کۆنگرە و چاوی کۆنگرە ئەم راستیە زەقانەی لێوە دیارنەبوو، تا ئەو هەموو شانازی و سەروەریانەی پێ هەڵسەنگێنن کە بۆ خۆیانیان هۆنیوەتەوە. بەڵام لەوانەش بترازێ، کۆنگرەیەک کە دوای نزیکەی ١٠ ساڵ لە ژیانی ئەو حزبە بەرپاکرا، بەپێی ڕێسای حزبایەتی جێگایەک بوو بۆ هەڵسەنگاندن و ئاوڕدانەوەیەک لە گەلێک ڕووداوی گەورە و کارەساتبار کە یەکێتی رۆڵی گرنگی تیادا گێرابوو. بۆ نمونە ١٦ی ئۆکتۆبەر کە پێش حەشدی شەعبی کەوتن لە هێرشی دڕندانەی بۆسەر خەڵکی کوردستان و بەمجۆرە وەفاداری خۆیان بۆ جەلادێکی وەکو قاسم سلێمانی دووپات کردەوە. بەڵام ئەوەی ڕوویدا نیشانیدا کە چاوەڕوانیەکی وەها لە کۆنگرەی دابەشکردنی کورسی و پۆست و پارە، پوچ و نابەجێیە. ڕەنگە راستر وابێ بڵێین ئەم کۆنگرەیە نیشانیدا کە هەر ناکۆکییەک لەناو یەکێتیدا هەبێت، بەڵام ڕیزەکانی ئەم حزبە “سۆسیال دیموکراتە” بە قیادە و قاعیدەوە لەسەر ئەو خۆشخزمەتیە یەکدەستن کە پێشکەش بە دەولەتانی ناوچەکە و جیهان و تەنانەت میلیشیاکانی عێراقیشی دەکات. چونکە ئەمە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی مانەوەیان لە دەسەڵات.
یەک راستی حاشاهەڵنەگر لەبارەی ئەم کۆنگرەیەوە هەیە، خۆیان ناویان ناوە “نوێ بوونەوە و خوێنی تازە”. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو جیلە تازەیەی بنەماڵە کە ئەم کۆنگرەیە سەری خستوون، لەچاو جیلی پێشوو یەکجار ڕاستڕەوتر و میلیتانتر و توندڕەوتر و راستەوخۆ گرێدراوترن بە دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهانەوە. لە روانگەی ئەوانەوە کۆمەڵگەی کوردستان بۆیە هەیە، تاهەتایە ئەوان پاشای بن و خەڵکیش خزمەتچیان بێت. لەسایەی ئەم جیلە نوێیەدا نەهامەتی و وەیلانێکی یەکجار زۆرتر بەرۆکی خەڵک دەگرێت. لولەی چەکی تیمە رفێنەرە بەتایبەت بارهینراوەکان لەسەرسەری هەرکەسێک دەبێت کە تانە لە مافی پاشایەتی ئەوان بدات. پێویستە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە خەباتیاندا دژی ستەم و زۆرداری، ئەم راستیەیان لەبەرچاو بێت.
٢٧-١٢-٢٠١٩