هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان پەیامێك بۆ پاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له ‌ڤایرۆسی ناسیۆنالیزم ونه‌ته‌وه‌چێتی! …

دوێنێ سێشەممە ٢٣/٧/٢٠١٩ گۆڕێکی بە کۆمەڵ هەڵدرایەوە لە پارێزگای سەماوە کە تەرمی دەیان ژن و مناڵی کوردزمانی تێدا بوو. قوربانیەکانی ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکە هاوڵاتیانی مەدەنی و بێدیفاعی دێهاتەکانی کوردستان بوون کە لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا لەلایەن رژێمی دڕندەو شۆڤێنسیتی بەعسەوە بە کۆمەڵ کوژرابوون.

هەڵدانەوەی ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە جارێکی دیکە ئازارو ناسۆری کۆمەڵکوژیی دەیان هەزار هاوڵاتی کوردزمانی هێنایەوە سوێ، کە بەبێ هیچ تاوانێك، لەلایەن رژێمی بۆرژوا ناسیۆنال- فاشیستی بەعسەوە، تەنها لەبەرئەوەی کوردزومان بوون، لەسەر ماڵو حاڵی خۆیان راپێچی ئۆردوگاکانی مەرگ کران و بە پێی دەستوری نازیەکان و فاشیستەکانی ئیتاڵیا و لەسەر رێبازی جەنگاوەرانی ئیسلام کۆمەڵکوژکران.

تاوانی ئەنفال و کولانەوەی برینی ئەم کارەساتە مرۆییە، لەگەڵ هەڵدانەوەی هەر گۆڕێکدا، بیرخەرەوەی دڕندەیی رژێمێکی بۆرژوازیە کە پایەکانی ئایدیۆلۆژیای خۆی لەسەر ناسیۆنالیزمی عەرەبی و پان عەرەبیزم دامەزاندبوو، وە ستەمی نەتەوەیی دژی خەڵکی کوردزمان و ئەنجامدانی تاوان و زیندان و کوشتاری سەرجادەیی و کوشتاری بە کۆمەڵیانی وەکو بەشێك لە جێبەجێبوونی شانازی نەتەوەیی تەماشا دەکرد! هاوکات دەوری حەقیرانەی ناسیۆنالیزمی کوردو کوردایەتی و حزبەکانی وەبیر خەڵکی کوردستان دەهێینەوە، کە لەبەرخاتری بەرژەوەندی سیاسی خۆیان، باکیان لەوە نەبوو کە ببن بە بەشێك لە هێزی پیادەی رژێمی جمهوری ئیسلامی لەدژی رژێمی بەعس و بەوجۆرە هاوڵاتیانی بێدیفاعی کوردستان وەکو نێچیر بخەنە ژێردەست و چنگی رژێمی شۆڤێنیستی بەعس کە لەشەڕی عێراق- ئێراندا وەتەنگ هاتبوو وە پەلاماری هەموو شتێکی دەدا.

بەڵام ئەگەر تاوانی ئەنفال، بەڵگەی ئیدانەکردنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەسەڵاتدار و شەرمەزاریی کوردایەتی بێت، ئەوا سیاسەتی رشتنی فرمێسکی تیمساحیانە بۆ قوربانیەکانی ئەنفال و بۆ ژن و مناڵانی ئەنفالکراو، کە دوێنێ تەرمی بەشێکیان بەجلوبەرگەکیانەوە لە گۆڕەکان دەرهێنران، لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و حزبە ڕەنگاو ڕەنگە ئیسلامی و نەتەوەپەرستە دەسەڵاتدارە عەرەبی و کوردیەکان، مایەی دوجار شەرمەزاری و ریسواییە، کاتێك هەر ئەمانە دژی بڕیاردانی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی وەستانەوەو بەهەمان دەستوری بەعس سوپای میراتگری ئەنفالیان ناردە سەر خەڵکی کوردستان و پاڵەوانەکانی کوردایەتیش بە هەڵەداوان بەرەو باوەشی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و میراتگرەکانی بەعس و ئەنفالچیەکان گەڕانەوەو دەیانەوێ بارزگانی سیاسی بە خوێنی قوربانیەکان و بە ئازارو ناسۆری کەسوکاریانەوە بکەن.

ئه‌گه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌م گۆره‌ به‌کۆمه‌ڵانه‌ جارێکیتر ئازار وسوێی تاوا‌نه‌کانی به‌عس ده‌خاته‌وه‌ یادی خه‌ڵکی کوردستان، ئەوا هاوکات ده‌بێ ئەو راستیه‌ی ژیانی خۆشیان ببینن که ‌له‌سایه‌ی ده‌سەڵاتی ٢٨ ساڵە‌ی بۆرژوازی کورد وحزبه‌ ناسیۆنالیستەکانیدا، قوربانی که‌متریان نه‌داوه‌ له‌وه‌ی که‌ له‌سه‌رده‌می به‌عسدا بەسەریاندا هێنراوە. قوربانیانی شه‌ڕی ناوخۆی نێوان یه‌کیه‌تی و پارتی خۆیان و شەڕەکانیان‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌ ئیسلامیه‌کاندا، چ له‌شاخ و چ له‌شار تا تیرۆرو کوشتنی سه‌دان ڕۆشنبیرو میدیاکارو هه‌ڵسوڕاوی سیاسی، تا کوشتنی هەزاران ژنان.. شاهیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن که‌ ناسیۆنالیزم و نه‌ته‌وه‌چێتی بۆرژوازی، ئه‌گه‌ر کوردی بێت یان عه‌ره‌بی، ئاماده‌یه‌ له‌پێناو ڕاگرتنی پایه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی خۆی به‌سه‌ر کۆمەڵگاوه، لەپێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیدا، له‌هه‌ر کاتێکدا، قوربانی له‌هاوڵاتیانی ژێرده‌ستی خۆی وەربگرێت. هه‌ربۆیه‌ ده‌بێ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان، ڕۆژو بۆنەیەك بێت بۆ دادگاییکردنی ناسیۆنالیزم و نه‌ته‌وه‌چێتی و وه‌لانانی کارکرده‌کانی به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵکه‌وه‌.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەبەرامبەر ئەو رووداوە دڵتەزێنەدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا خۆی به‌هاوبه‌ش وبه‌شداری خه‌م و ئازاری کەسوکاری قوربانیان ده‌زانێ و له‌که‌ناریاندا راده‌وه‌ستێ، هاوکات هەڵوێستی هەلپەرستانەو ڕیاکارانەی هەریەکە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتی ناوەندی بەرامبەر بەو مەسەلەیە سەرکۆنەو ریسوا دەکات. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێت که هەڵوێستی ڕاست و ئینسانی بەرامبەر بە ‌کاره‌ساتی ئه‌نفال و گۆڕه ‌به‌کۆ‌مه‌ڵه‌کان و به‌رگرتن به‌ چه‌ند باره‌‌ بوونه‌وه‌ی ئەم جۆرە تاوانانه‌، به پاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌بێت له ‌ڤایرۆسی ناسیۆنالیزم ونه‌ته‌وه‌چێتی له باوه‌ڕی گشتی خەڵك و لە ‌یاسا و سیسته‌‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا، بە‌ وەڕێخستنی خه‌بات دەبێت بۆ به‌دیهێنانی ‌کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازادو یه‌کسان وخۆشگوزه‌ران که‌ ئینسان و ناسنا‌مه‌ی ئینسانی تێدا بنەما بێت و مافی هاوڵاتی یه‌کسان بۆ هه‌مووکەسێك ده‌سته‌به‌ربکات .

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٤/٧/٢٠١٩

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …