(سه‌باره‌ت به تێزه‌كانی فۆیه‌رباخ، ئه‌م بابه‌ته له دیدگای سۆشیالیستی ژماره ١١ دا بڵاوبۆته‌وه. جگه له سه‌رله‌نوێ وه‌رگێڕانه‌وه‌ی تێزه‌كان هه‌وڵمداوه هه‌ر یه‌كه له تێزه‌كان ڕوونبكه‌مه‌وه تاكو بۆ تێگه‌یشتن ئاسان له‌به‌رده‌ستی خوێنه‌ردا بێت…)
تێزه‌كانی ماركس سه‌باره‌ت به فۆیه‌رباخ
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی: جه‌مال موحسین
دیسێمبه‌ری ٢٠١٨
پێشه‌كی:
ئه‌م وتاره هه‌وڵێكه بۆ ناساندنێكی كورت بۆ تێزه‌كانی ماركس ده‌رباره‌ی فۆیه‌رباخ. سه‌ره‌تا ئه‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم ئه‌و ده‌قه كوردیه‌ی لێره‌دایه له ئینگلیزیه‌وه وه‌رمگێڕاوه. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم به‌شێوه‌یه‌ك دایبڕێژم كه بۆ تێگه‌یشتن ئاسان بێ، به‌راوردی ده‌قه‌كه‌ی خۆمم به ده‌قه عه‌ره‌بیه‌كه و فارسیه‌كه و نه‌رویجیه‌كه‌ش كردووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه‌وێ بڵێم ئه‌م تێزانه كه به شێوه‌یه‌كی چڕ و پڕ له‌لایه‌ن ماركس خۆیه‌وه داڕێژراوه و سه‌رخه‌تی بیر و بۆچوونێكی زۆر قوڵترن به‌ڵام بچڕ بچڕ دێته به‌رچاو. من لام وایه هه‌روا ئاسان نییه ئه‌م ده‌ربڕینانه ته‌نها وه‌ك چه‌ند ڕسته‌یه‌ك كه له ئارادان ببینرێن و هه‌ر به‌مجۆره وه‌ربگێڕدرێنه سه‌ر زمانێكی تر ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست و مانایه‌ك كه سه‌باره‌ت به تێگه‌یشتن و تێڕوانین و دیدگایه‌كی زانستی شۆڕشگێڕانه كه له پشتی تێزهكانهوه هه‌ن نه‌بینرێن. نیه‌تی من بۆ وه‌رگێڕانه‌وه‌ی جارێكی تری تێزه‌كان له ئینگلیزه‌وه هه‌رئه‌وه‌یه كه تێگه‌یشتنێكی دروست له‌باره‌یانه‌وه به كوردی به‌ده‌سته‌وه بده‌م. به‌ڵام هاوكاتیش ڕوونكرده‌وه و ناساندنهكهشی كۆمه‌كێك به‌و كاره ئه‌كات.
ئه‌م وه‌رگێڕانه له‌و ده‌قه ئینگلیزیه‌وه كراوه كه له به‌رگی ٥ ی كۆكراوه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ماركس و ئه‌نگڵس له بلاوكراوه‌ی لۆرینس و ویشارتدا بڵاوبۆته‌وه. له‌م به‌رگه‌دا سه‌ره‌تا ده‌قی نوسخه ئه‌سڵیه‌كه‌ی دانراوه و وه‌ك له‌وێشدا ئاماژه‌ی پێ كراوه له ساڵی ١٩٢٤ دا له‌لایه‌ن ده‌زگای ماركسی لینینی حزبی كۆمۆنیستی ڕووسیه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه. به‌ڵام هه‌ر له‌م به‌رگه‌دا و به دوای ئه‌وه‌دا وێنه‌یه‌كی تری تێزه‌كان هه‌یه كه له ئێدیت كردنی ئه‌نگڵسه و له ساڵی ١٨٨٨دا وه‌ك پاشكۆیه‌ك بۆ كتێبه‌كه‌ی خۆی به ناوی (لودڤیگ فۆیه‌رباخ و كۆتایی فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكی ئه‌ڵمانی) بڵاویكردۆته‌وه. له ڕاستیدا ئه‌م وێنه‌یه‌ی دواییان هه‌ندێك له ده‌ربڕینه ئینگلیزیه‌كانی ڕوونتركردۆتهوه و له‌باری زمانه‌وه ڕۆشنتره. بۆیه ئه‌م وه‌رگێڕانه‌ی من له نوسخه‌كه‌ی ئه‌نگڵسه‌وه كراوه. ئه‌وه‌نده‌شی له ڕێی به‌راوردكردنه‌وه دیقه‌تم دا عه‌ره‌بیه‌كه و فارسیه‌كه‌ش له هه‌مان نوسخه‌وه وه‌رگێڕدراون، به‌ڵام نه‌رویجیه‌كه له ده‌قه ئه‌سڵیه‌كه‌وه.
دوای ئه‌م پێشه‌كیه ئه‌مه‌وێ بێمه سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ناساندنی تێزه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی. دوای ئه‌مه‌ش ده‌قی تێزه‌كان پێكه‌وه ئه‌خه‌مه به‌رده‌م و ئنجا دواتر به كورتی مانای هه‌ر یه‌كێك له تێزه‌كان به جیا به ده‌سته‌وه ئه‌ده‌م. مێژووی نووسینی تێزه‌كان سه‌باره‌ت به فۆیه‌رباخ ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌هاری ساڵی ١٨٤٥ (له بروكسل)، كه له ڕاستیدا ئه‌م ١١ تێزه سه‌ره‌تا وه‌ك چه‌ند تێبینیه‌ك پێش ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانی نووسراوه. له‌م تێزانه‌دا میتۆد و ده‌زگای ڕه‌خنه‌ی ماركس له فه‌لسه‌فه و فۆیه‌رباخ هاتووه چ له ڕووی تێگه‌یشتنی له ئاین و میتافیزیك و نه‌بوونی هیچ تێگه‌یشتنێكی ماتریالیستانه و چ له ڕووی تێگه‌یشتنیه‌وه بۆ مێژوو. وه ئه‌م تێزانه بوونه هه‌وێنی به‌ندی یه‌كه‌می ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانی كه هه‌مان ئه‌م بیرۆكانه له‌وێدا به دورودرێژی ڕوونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر دراوه. له ڕاستیدا ئادیۆلۆژی ئه‌ڵمانی به تیۆریه‌كی پڕاوپڕی زانستی دائه‌نرێت سه‌باره‌ت به تێگه‌یشتنێكی ماتریالیستانه له مێژوو، واته ماتریالیزمی مێژوویی. ئه‌نگڵس له‌وباره‌یه‌وه ئه‌ڵێ: ”… ئه‌م تیۆریه، كه په‌رده‌ی له‌سه‌ر یاسا پوخته‌كان سه‌باره‌ت به گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا هه‌ڵماڵی و گۆڕانی شۆڕشگێڕانه‌ی به‌سه‌ر زانستی كۆمه‌ڵدا هێنا، یه‌كه‌مین داهێنانی مه‌زنی ماركسی به‌رجه‌سته‌كرده‌وه (كه دووه‌میان تیۆری زێده‌باییه) و ئه‌م داهێنانه ڕۆڵی سه‌ره‌كی بینی له‌وه‌ی سۆشیالیزم له یۆتۆپیایهكهوه (خهیاڵێكهوه) بگۆڕێ بۆ زانستێك” (كۆكراوه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ماركس و ئه‌نگڵس، به‌رگی ٥، پێشه‌كی).
ماركس زۆر سه‌رسه‌ختانه ڕه‌خنه‌ی له هیگڵیه لاوه‌كان ئه‌گرت، له نێویشیاندا فۆیه‌رباخ، له باره‌ی ماتریالیزمێكهوه كه خۆیان پێوه بائه‌دا و ئه‌و به ته‌سه‌وفی له قه‌ڵه‌م ئه‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی كرۆكی مرۆڤیان له په‌یوه‌ندیه ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه نه‌ئه‌بینی. ناوه‌ڕۆكی سه‌ره‌كی و گشتی تێزه‌كان پێداگریه له‌سه‌ر ماتریالیزمێكی دیاله‌كتیكی كه كرده به بناغه و بگره خاڵی ده‌ستپێكردنی هه‌ر مه‌عریفه و تێگه‌یشتنێك دائه‌نێت. تیۆریش بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به هۆكارێكی چالاك له گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ئه‌بێ له كرده‌یه‌كی چالاكی شۆڕشگێڕانه‌دا به‌رجه‌سته بێته‌وه (سێیه‌مین تێزه‌كانی یه‌كه‌م).
ئه‌م تێزانه نیشانده‌ری تێگه‌یشتنی ماتریالیستانه‌ی ماركسه بۆ ”كرۆكی مرۆڤ”. به پێچه‌وانه‌ی فۆیه‌رباخه‌وه كه به شێوه‌یه‌كی موجه‌ڕه‌د له‌م كرۆكهی ئه‌ڕوانی و نه‌یئه‌توانی به په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویه‌كانیه‌وه ببه‌ستێته‌وه، ماركس پێی وایه كه مرۆڤی ڕاسته‌قینه، دیاره نه‌ك خه‌یاڵی، ته‌نها به‌رهه‌می په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه. هه‌روه‌ها ماركس له فۆیه‌رباخ واوه‌تر له ئاین و چۆنێتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌ڕوات و پێی وایه به‌س نییه كه بناغه سهرزهمینیهكانی ئاین ببینیت. پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ئه‌كات كه كۆتایی هێنان یان بنبڕكردنی ئاین په‌یوه‌سته به ئاكتێكی شۆڕشگێڕانه‌وه كه ئه‌و هه‌لومه‌رجه كۆتایی پێئه‌هێنێ كه تیایدا ئاین سه‌رهه‌ڵئه‌دات (هه‌روه‌ك له تێزی چواردا هاتووه).
تێزی یانزه یه‌كێكه له هه‌ره گرنگترین تێزه‌كان كه ماركس خۆی خستوویه‌تیه دواوه و به‌جۆرێك پوخته‌ی دیدگای ڕه‌خنه‌گری له فه‌لسه‌فه پێكدێنێ لای ماركس و ئه‌نگڵسیش، به‌و پێیه‌ی له‌و ساڵانه‌وه هه‌ردووكیان پێكه‌وه كه‌وتبوونه په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانی تیۆریه‌كانیان و بنه‌ما زانستیه‌كانیان. ناوه‌ڕۆكی ئه‌م تێزه‌ی كۆتایی له‌وه‌دایه كه به چڕوپڕی ئه‌یخاته به‌رده‌م كۆمه‌ڵگا كه ئێمه ئه‌بێ له‌م جیهانه تێبگه‌ین تاكو بتوانین بیگۆڕین. به‌ڵام به‌و ئه‌ندازه‌یه تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه گرنگه كه له چوارچێوه‌ی تیۆردا نه‌مێنێته‌وه و ته‌نها بۆ ئه‌وه نه‌بێ كه بزانین بۆچی ئه‌م جیهانه به‌مجۆره بوونی هه‌یه، بگره له پرۆسه‌ی خۆیدا بمانگه‌یه‌نێت به ئاكتێكی شۆڕشگێڕانه بۆ گۆڕینی. له ڕاستیدا هه‌ر ئه‌مه‌شه كه ماركسیزم وه‌كو ڕه‌خنه و تیۆرێك نیشان ئه‌دات كه فه‌لسه‌فه‌ی مه‌وجود تێئه‌په‌ڕێنێ و میتۆدێكی زانستی ئه‌كات به به‌ر تیۆری مه‌عریفه‌دا.
ئه‌بێ دیسان بووترێته‌وه كه ئه‌و دیدگا زانستیه‌ی كه ماركس له‌م تێزانه‌دا به‌ده‌ستیه‌وه ئه‌دات له ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانیدا زیاتر گه‌شه‌ی پێداوه و به دوور و درێژی هاتۆته سه‌ری. وه‌ك ئه‌زانین كه ئه‌م كتێبه‌ی دواییان له دوو به‌ش پێكدێت. به‌شی یه‌كه‌میان به ته‌واوه‌تی ته‌رخان كراوه بۆ ڕه‌خنه له ڕوانگه‌كانی فۆیه‌رباخ و باور و شتێرنه‌ر و به‌شی دووش بۆ ڕه‌خنه له‌و شته‌ی كه پێی ئه‌ووترا ”سۆشیالیزمی ڕاسته‌قینه”، كه له مانیفێستی كۆمۆنیستیشدا هاتوونه‌ته سه‌ری.
مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ كه له تێزه‌كاندا هاتووه چالاكی مرۆڤ یاخود مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌یه (واته پراتیكی ئه‌و). ئه‌م بیرۆكه‌یه وه‌ك بنه‌مایه‌كی ماتریالیستی له ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانیدا زیاتر بره‌وی پێدراوه و له‌وه‌دا به درێژی باس له ڕۆڵی مرۆڤی ڕاسته‌قینه و زیندوو و چالاكیه‌كانی و ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی له سایهیدایه كراوه، واته چ هه‌لومه‌رجێكی مه‌وجود كه دژیه‌تی و چ ئه‌وانه‌ی كه به خودی چالاكیه‌كانی خۆی به‌رهه‌مدێ. هه‌ر لێره‌وه گرنگی سیفه‌تی مێژووییانه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه مادیانه جه‌ختی لێئهكرێتهوه كه هه‌میشه له‌ژێر كاریگه‌ری چالاكیه‌كانی مرۆڤدان. وردبوونه‌وه له بیرۆكه گشتیه‌كانی ناو تێزه‌كان ده‌رباره‌ی فۆیه‌رباخ، ئه‌مانگه‌یه‌نێت به گه‌ڕانی زیاتر به دوای دۆزینه‌وه و تیۆری ماتریالیزمی مێژوویدا كه به‌شی یه‌كه‌می كتێبی ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانی پۆشیویه‌تی. بنه‌مای یاخود كرۆكی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان مرۆڤه‌كان به په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان دیاری ئه‌كرێت وه هه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ی دواییهشه كه بیروبۆچوون و ئاین و یاسا و ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه‌ش دیاری ئه‌كه‌ن، له یه‌ك وته‌دا هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به سه‌رخانی كۆمه‌ڵگاوه. لێكدانه‌وه و ناسینی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌لومه‌رجێك كه لێوه‌ی سه‌رچاوه ئه‌گرن و خۆشیان به‌رهه‌می چالاكی مرۆڤن بۆ ئه‌وه‌یه كه هه ربه چالاكی مرۆڤیش له ئاكتی شۆڕشگێڕانه‌دا گۆڕانكاریان بهسهربهێنرێن. ئه‌مه‌ش به‌شێكه له‌و دیالهكتیكیهتهی كه ڕه‌وتی ماتریالیستانه‌ی مێژوو له‌سه‌ری به‌نده. مه‌سه‌له‌یه‌كی تر كه تێزه‌كان زیاتر تینووت ئه‌كات بۆ تێگه‌یشتن لێی و له ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانیدا زیاتر فراوانی كردۆته‌وه ئه‌وه‌یه كه بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی بیروڕای ئایدیالیستی جه‌خت له‌وه ئه‌كاته‌وه كه كرده له بیره‌وه ڕۆشن ناكاته‌وه بگره بیر و چۆنێتی پێكهاتنی به ئاكتێكی ماتریالیستی ڕۆشن ئه‌كاته‌وه. سه‌رئه‌نجام ئه‌مه‌ش ئه‌یگه‌یه‌نێت به‌وه‌ی كه ئه‌وه ڕه‌خنه‌گرتن نییه بگره شۆڕشه كه هێزی بزوێنه‌ری مێژووه و ته‌نانه‌ت بزوێنه‌ری ئاین و فه‌لسه‌فه و هه‌رجۆره تیۆریه‌كی تریشه (ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانی_ هه‌مان به‌رگی كۆكراوه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ماركس و ئه‌نگڵس، ل ٥٣_٥٤). له ڕاستیدا ئه‌مه‌ش له تێزی یانزهمیندا پوخت كراوه‌ته‌وه كه مه‌سه‌له‌ی بنه‌ڕه‌تی گۆڕینی كۆمه‌ڵگایه له ڕێی شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه وه‌ك كرده‌یه‌كی چالاكی مرۆڤه‌كان.
تێزه‌كان نه‌خشه‌ی ڕوانینێكی ماتریالیستی مێژوویی ئه‌كێشن كه بۆته بنه‌ما و پایه‌یه‌كی گرنگ بۆ دیدگایه‌كی ماتریالیستی زانستی ماركسی. هه‌روه‌ك لینینیش له‌باره‌ی ئه‌م ماتریالیزمه مێژووییه‌وه، وه‌ك زانستێك ئه‌ڵێ: ”ماركس ماتریالیزمی فه‌لسه‌فی قوڵكرده‌وه و گه‌شه‌ی پێدا تا ئه‌وپه‌ڕی خۆی و تێگه‌یشتن و زانیاری سروشتی فراوانكردهوه بۆ تێگه‌یشتن و زانیاری دهربارهیكۆمهڵگای مرۆڤایه‌تی. ماتریالیزمی مێژووییماركس ده‌سكه‌وتێكی مه‌زن بوو له زانستی بیركردنه‌وه‌دا. ئه‌و پشێوی و بێسه‌روبه‌ره‌ییه‌ی كه پێشتر سایه‌ی كێشابوو به‌سه‌ر ڕوانگهكاندا سه‌باره‌ت به مێژوو و سیاسه‌ت به تیۆریه‌كی زانستیانه‌ی كامڵ و هاوئاهه‌نگ جێگه‌یان گیرایه‌وه، تیۆریه‌ك كه نیشانی ئه‌دات چۆن له ئه‌نجامی گه‌شه‌ی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له سیستمێكی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه سیستمێكی تر و باڵاتر گهشهئهكات، بۆ نمونه چۆن سه‌رمایه‌داری له فیوداڵیزمه‌وه سه‌رده‌ردێنێ. (لینین، سێ سه‌رچاوه و سێ به‌شه پێكهاتووهكهی ماركسیزم_ هێڵی ته‌ئكید هی لینینه). ئه‌مه هه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یه كه له تێزه‌كاندا هاتووه، واته چۆن مرۆڤ وه‌ك بوونه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندیه‌كانی كه زاده‌ی هه‌ڵسوڕان و چالاكی خۆیه‌تی له چوارچێوه‌ی سیستمێكی به‌رهه‌مهێناندا ڕێڕه‌وی مێژووی خۆی دیاریكردووه، ئه‌مه‌ش بنه‌مایه‌كی ماتریالیستی و پراكتیكیه نه‌ك خه‌یاڵ و ته‌ئه‌مول (تێڕامان)، (بۆ نمونه له تێزی حه‌وتدا).
به‌هه‌رحاڵ هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌تاشدا وتم خودی تێزه‌كان و تێگه‌یشتن لێیان له په‌یوه‌ند به تیۆر و زانستێكی گشتگیرتری ماركسهوهیه سه‌باره‌ت به ماتریالیزمی مێژوویی و دیاله‌كتیك. من به‌م ڕوونكردنه‌وه گشتیانه ڕاده‌وه‌ستم و تێگه‌یشتنی زیاتر لێیان ئه‌خه‌مه پرۆسه‌ی مشت‌ومڕ و لێكدانه‌وه و به دواچوونی زیاتری خوێنه‌ر بۆ تێزه‌كان و بیرۆكه‌كانی پشتی ئه‌وانه‌وه. لێره‌وه دێمه سه‌ر ده‌قی وه‌رگێڕانی تێزه‌كان. لێره‌دا پێویست ئه‌كات ئه‌وه بڵێم كه هێڵی ته‌ئكیده‌كان له تێزه‌كاندا هی ماركس خۆیه‌تی.
تێزه‌كان سه‌باره‌ت به فۆیه‌رباخ
كارڵ ماركس
به‌هاری ١٨٤٥
(١)
كه‌موكوڕی سه‌ره‌كی هه‌موو ماتریالیزمهكانی پێشوو، به‌وه‌ی فۆیهرباخیشهوه، ئه‌وه‌یه كه شت [گیگنشتاند] و ڕاستی و هه‌ست ته‌نها له شێوه‌ی مه‌وزوعیدا(ئۆبجێكت) یا له شێوه‌ی تێڕاماندا(ته‌ئه‌مول) ده‌ركی پێئه‌كرێ نه‌ك وه‌ك چالاكیه‌كی هه‌ستپێكراوی مرۆڤ، وه‌ك كرده (پراكتیس)، واته نه‌ك له ڕووی زاتیه‌وه (سه‌بجێكت). له‌به‌رئه‌وه و به پێچه‌وانه‌ی ماتریالیزمه‌وه، ئه‌و به‌شه چالاكهتهنها به‌شێوه‌یه‌كی موجهڕهدانه (ئه‌بستراكت) له‌لایه‌ن ئایدیالیزمه‌وه گه‌شه‌ی پێدراوه چونكه بێگومان ئایدیالیزم خۆی چالاكی ڕاسته‌قینه و هه‌ستپێكراو وه‌ك خۆی ناناسێ. فۆیه‌رباخ شتی هه‌ستپێكراوی به جۆرێك ئه‌وێت كه به ڕاستی جیایه له شتی دهركپێكراو، به‌ڵام خودی چالاكی مرۆڤ وه‌ك چالاكیه‌كی مه‌وزوعی (ئۆجێكتیڤ)تێناگات. له‌به‌رئه‌وه له كتێبی (كرۆكی مه‌سیحیه‌ت)دا ڕوانگه‌ی تیۆری به تاكه ڕوانگه‌ی مرۆیی دائه‌نێت، له كاتێكدا كه كرده ته‌نها له شێوازی ڕوخساره پیسه جولهكهییهكهیدا تێگه‌یشتن و پێناسه‌ی بۆ ئه‌كرێ. هه‌ربۆیه ئه‌و له گرنگی چالاكی ”شۆڕشگێڕانه” و ڕه‌خنه‌ی كرده‌یی تێناگات.
(٢)
مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی كه بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌باری مهوزوعیهوه ڕاسته (حه‌قیقه‌ته) مه‌سه‌له‌یه‌كی تیۆری نییه، بگره كرده‌ییه (پراكتیكیه). به كردار (پراكتیك) مرۆڤ ئه‌بێ ڕاستی، واته واقعیه‌ت و هێز و دنیایی بوونی بیركردنه‌وه‌كانی، بسه‌لمێنێ. مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ڕاستی بوون و ناڕاستی بوونی بیركردنه‌وه‌یه‌ك كه دابڕێنرابێ له كردار مه‌سه‌له‌یه‌كی مه‌كته‌بی په‌تیه.
(٣)
ئه‌و باوه‌ڕه ماتریالیستیهی پێی وایه مرۆڤ به‌رهه‌می هه‌لومه‌رجه‌كان و په‌روه‌رده‌یه و له‌به‌رئه‌وه‌ش مرۆڤی گۆڕاو به‌رهه‌می هه‌لومه‌رجێكی تر و په‌ره‌وه‌رده‌یه‌كی گۆڕاوه، له‌بیری ئه‌چێته‌وه كه ئه‌وه مرۆڤه ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر هه‌لومه‌رجه‌كاندا دێنێت و كه په‌روه‌رده‌كار خۆشی ئه‌بێ په‌روه‌رده‌بكرێ. له‌به‌رئه‌وه ئه‌م باوه‌ڕه ئه‌گات به‌وه‌ی ئه‌بێ كۆمه‌ڵگا بكات به دوو به‌شه‌وه كه یه‌كێكیان باڵاده‌سته به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا (بۆ نمونه وه‌ك لای ڕۆبه‌رت ئۆوین).
ڕێكه‌وتی گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌كان و چالاكی مرۆڤ ته‌نها كاتێك ئه‌توانرێ ده‌رك و تێگه‌یشتنێكی عه‌قڵانی بۆ بكرێ كه به كرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه دابنرێ.
(٤)
فۆیه‌رباخ له ڕاستی خودبێگانهبوونی ئاینیه‌وه ده‌ست پێئه‌كات، له كۆپی كردنی ده‌قاوده‌قی جیهانه‌وه بۆ جیهانێكی ئاینی خه‌یاڵی و جیهانێكی ڕاستی. كاره‌كه‌ی له‌وه‌دا خۆی ئه‌بینێته‌وه كه جیهانی ئاینی به‌لای بناغه نائاینیهكهیدا (سێكیولارهكهیدا) ئه‌خات. ئه‌و چاو له‌وه ئه‌پۆشێت كه دوای ته‌واوكردنی كاره‌كه‌ی، ئه‌و شته سه‌ره‌كیه‌ی كه ئه‌بێ ئه‌نجام بدرێ هه‌ر وه‌كو خۆی ئه‌مێنێته‌وه. ئه‌و ڕاستیه‌ی كه بناغه نائاینیهكه كه له خودی خۆیه‌وه به‌رزئه‌بێته‌وه و خۆی له هه‌وره‌كاندا وه‌ك پاشانشینیهكی سه‌ربه‌خۆ ئه‌چه‌سپێنێ ته‌نها ئه‌توانرێ به ململانێی ناوخۆیی و ناكۆكیه ناوه‌كیه‌كانی ئه‌م بناغه نائاینیه ڕوونبكرێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه پێش هه‌ر شتێك ئه‌بێ ئه‌مه‌ی دواییان له ناكۆكیهكانیهوه ده‌رك بكرێ و ئنجا به كرده‌یه‌كی شۆڕێشگێڕانه ئه‌م ناكۆكیانه وه‌لابنرێن. بۆیه بۆ نمونه هه‌ر كه ده‌ركه‌وت خێزانی سه‌رزه‌مینی نهێنی خێزانی پیرۆزه، ئیتر ئه‌بێ خێزانی سه‌رزه‌مینی له‌باری تیۆریه‌وه بدرێته به‌ر ڕه‌خنه و به كرده‌وه‌ش بگۆڕدرێ.
(٥)
فۆیه‌رباخ كه ڕازی نییه به بیركردنه‌وه‌ی موجهڕهدانه، ڕووئه‌كاته تێڕامانی هه‌ستی. به‌ڵام له‌وه‌ش تێناگات كه هه‌ستیاری بوون چالاكیه‌كی كرده‌یی هه‌ستی مرۆڤه.
(٦)
فۆیه‌رباخ كرۆكی ئاینی له له كرۆكی مرۆیی‌دا ئه‌توێنێته‌وه. به‌ڵام كرۆكی مرۆیی دابڕانێكی په‌تی (تجرید) نییه كه به شێوه‌یه‌كی زگماكی له تاكی ته‌ریك كهوتوودا هه‌بێ، بگره ئه‌م كرۆكه مرۆییه له واقعی خۆیدا كۆی هه‌موو په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه.
فۆیه‌رباخ كه خۆی له قه‌ره‌ی ڕه‌خنه له‌م كرۆكه ڕاسته‌قینه‌یه نادات، سه‌رئه‌نجام به ناچاری ئه‌بێ:
١. خۆی له ڕه‌وتی مێژوویی داببڕێنێ و ئه‌وه به بڕاوه دابنێ كه هه‌ستی ئاینی هه‌ر خۆی له ئارادایه و بوونی ته‌ریك كه‌وتوو و دابڕاویتاكی مرۆڤه‌كان به پێشمه‌رج وه‌ربگرێ.
٢. به‌م پێیه به‌وجۆره سه‌ری له كرۆكی مرۆییش ده‌رئه‌چێ كه ته‌نها وه‌ك جۆر و وه‌ك كه‌سێكی ناوه‌كی گشتی خامۆش لێیبڕوانێ كه ئه‌توانێ ته‌نها له ڕووی سروشتیهوهتاكهكان پێكه‌وه كۆبكاته‌وه.
(٧)
سه‌رئه‌نجام فۆیه‌رباخ ئه‌وه نابینێ كه ”هه‌ستی ئاینی” خۆی به‌رهه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه و ئه‌و تاكه دابڕاوه‌ی ئه‌و شیئهكاتهوه له‌ڕاستیدا سه‌ر به شێوازێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵگایه.
(٨)
ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی له بناغه‌وه كرده‌ییه. ڕێگه‌چاره‌ی عه‌قڵانی هه‌موو ئه‌و نهێنیانه‌ی كه تیۆری به‌ره‌و ته‌سه‌وف ئه‌به‌ن له كرده‌ی مرۆڤ و تێگه‌یشتن له‌و كرده‌یه‌دا ئه‌دۆزرێته‌وه.
(٩)
به‌رزترین خاڵ كه ماتریالیزمی تێڕامانپێی ئه‌گات، واته ماتریالیزمێك كه هه‌ستیاری وه‌ك چالاكیه‌كی كرده‌یی تێناگات، بریتیه له تێڕامان له تاكه دابڕاوه‌كان له ”كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی” دا.
(١٠)
ڕوانگه‌ی ماتریالیزمی كۆن كۆمه‌ڵگای ”مه‌ده‌نیه”؛ له كاتێكدا ڕوانگه‌ی ماتریالیزمی نوێ كۆمه‌ڵگای مرۆییه، یاخود مرۆڤایه‌تی پێكهوهبهستراوی كۆمه‌ڵایه‌تیه.
(١١)
فه‌یله‌سوفه‌كان به شێوازی جۆراوجۆر ته‌نها لێكدانهوهیانبۆ جیهان كردووه؛ له كاتێكدا مه‌سه‌له‌كه گۆڕینیه‌تی.
لێره‌دا تێزه‌كان ته‌واو بوون… با به كورتی هه‌ر تێزێك ڕوون بكه‌ینه‌وه له ڕووی ماناوه، مه‌به‌ستم له‌وه‌یه من لێره‌دا لێكدانه‌وه و شیكردنه‌وه بۆ هه‌ر تێزێك ناكه‌م بگره زۆرتر ئامانجم ئه‌وه‌یه كه مانای تێزه‌كان و مانای پشتی ئه‌وان بخه‌مه‌ڕوو.
ڕوونكردنه‌وه‌ی تێزه‌كان:
تێزی یه‌كه‌م:
چ ئه‌وانه‌ی كه پێشتر خۆیان به ماتریالیست داناوه و چ فۆیه‌رباخیش تێگه‌یشتنێكی ناماتریالیستانهیان سه‌باره‌ت به شتی واقعی و هه‌لومه‌رج به ده‌سته‌وه داوه. ئه‌وان واقعیه‌ت، كه شتێكه له ده‌ره‌وه‌ی زاتی خۆیان، ته‌نها له ته‌ئه‌مولی خۆیانه‌وه بینیوه یان ده‌ركیان پێكردووه. له كاتێكدا كه مرۆڤ خۆی و چالاكیهكهی به شێوه‌یه‌كی دابڕێنراو و موجه‌ڕه‌د ده‌رك ئه‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات ئه‌وجۆره له ”ماتریالیزم” پاڵ به هه‌مان ده‌ركی ئایدیالیستانهوه بدات. ڕه‌خنه‌ی ماركس لێره‌دا له فۆیه‌رباخ و كه نمونه‌ی كتێبه‌كه‌شی (واته كرۆكی مه‌سیحیه‌ت) ئه‌هێنێته‌وه ئه‌وه‌یه كه قورسایی فه‌لسه‌فه و لێكدانه‌وه‌ی فۆیه‌رباخ له‌سه‌ر تیۆره چونكه له كرداری ڕه‌خنه‌گرانه‌ی واقعی یان هه‌ڵسوڕان و چالاكی شۆڕشگێڕانه تێناگات. لێره‌دا ماركس نمونه‌ی كرده، به‌وجۆره‌ی لای فۆیه‌رباخ ده‌رك كراوه، به بازرگانی و پاره و پول په‌یداكردن دائه‌نێ به‌شێوه‌یه‌كی ناپاكانه كه وا باوبووه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕوخسارێكی یه‌هودیانه‌ی هه‌یه. لێره‌دا ماركس ئه‌یه‌وێ بڵێ له‌وجۆره بیركردنه‌وه و فه‌لسه‌فه‌دا كار و چالاكی و كرده‌وه هیچ گرنگیه‌كی نییه و شتێكی پوچ و ته‌نانه‌ت ”ناپاكه”، چ جای چالاكیه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی كرده‌یی شۆڕشگێڕانه، كه دیاره لای ماركس ئه‌مه توخمی ئاڵوگۆڕه و لای فۆیه‌رباخ ڕه‌تكراوه‌ته‌وه.
تێزی دووه‌م:
هه‌روه‌ك له تێزی یه‌كه‌مدا بینیمان كه گرنگیه‌ك به چالاكی یاخود پراكتیك دراوه، ماركس له‌م تێزهشدا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زیاتر ڕوون ئه‌كاته‌وه. به‌وجۆره‌ی كه ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ و بینینی ڕاستی (حه‌قیقه‌ت)، واته ڕاستی ده‌ره‌وه‌ی زات خۆی، مه‌سه‌له‌یه‌ك نییه كه به بیركردنه‌وه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كان و مشتومڕی نێوانیان و تیۆری داتاشین بۆی لێكبدرێته‌وه، ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌كه ڕێك وابه‌سته‌یه به پراكتیكی مرۆڤه‌كانه‌وه. هه‌تا گه‌ر بیركردنه‌وه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌م پراكتیكه ببینرێ ئه‌وا خودی پراكتیكهكهیه كه ڕاستی و ناڕاستیهكهی ده‌رئه‌خات. ئه‌مه‌ش به هه‌مان شێوه ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕوانگه تیۆریه‌یه كه ماتریالیسته‌كانی له جۆری فۆیه‌رباخ (وه ئایدیالیسته‌كان) ئه‌یانه‌وێ وه‌ك تاكه ڕوانگه‌ی مرۆیی بیقهبڵێنن.
تێزی سێیه‌م:
له‌م تێزه‌دا ماركس دێته سه‌ر ڕه‌خنه‌ی خۆی له ماتریالیسته‌كانی تر كه پێیان وایه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ گۆڕانی به‌سه‌ر بێت و هه‌تا هه‌لومه‌رجی باش ببێ، ئه‌بێ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به هه‌لومه‌رجه‌كان و په‌روه‌رده‌وه ببه‌سترێته‌وه. به‌و پێیه‌ی ئه‌م دوانه‌ی دوایی گۆڕانیان به‌سه‌ر دێت، ئیتر مرۆڤیش گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. نا عه‌قڵانی بوون و هه‌تا دۆگمایی بوونی ئه‌م بۆچوونه له‌وه‌دایه كه ڕۆڵی مرۆڤ نابینێ، وه ئه‌سڵه‌ن ده‌ركی ئه‌وه ناكات كه ئه‌وه مرۆڤه كه ئه‌بێ وه‌ك توخمێكی چالاك چ په‌روه‌رده و چ هه‌لومه‌رج بگۆڕێ. كه‌وایه ئه‌بێ مرۆڤ ته‌سلیمی ئه‌و واقعه ببێ كه هه‌ر ئێستا هه‌یه و چینی باڵاده‌ست هه‌یه، ئیتر ئه‌م گۆڕانه كێ ئه‌یكات و چۆن ئه‌كرێ جێگایه‌كی له‌م جۆره ماتریالیزمهدا نییه. به‌ڵام ماركس ئه‌ڵێ كه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، واته گۆڕانكاری، به‌ده‌ستی خودی مرۆڤ دێته دی و ئه‌وه‌ش ته‌نها له كرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌دا ئه‌بێ.
تێزی چواره‌م:
كێشه‌ی فۆیه‌رباخ له‌وه‌دایه كه له دنیای واقعه‌وه ده‌ست پێناكات چونكه دنیای واقعی له‌و خۆبێگانهبوونه ئاینیه‌وه لێكئهداتهوه و وه‌ك به‌شێك له دنیایه‌كی خه‌یاڵی و ئاینی ئه‌یبینێ. به‌م مانایه‌ش ئه‌وه‌ی كه له دنیای واقعیدا ئه‌گوزه‌رێ و ڕووئه‌دات فه‌رامۆش ئه‌كات تاكو به‌مجۆره خۆی له ڕه‌خنه له‌م دنیایه نه‌دات و ڕه‌خنه‌ش سه‌رئه‌نجام نه‌یگه‌یه‌نێت به بیركردنه‌وه له گۆڕینی. به واتایه‌كی تر ئه‌وه‌ی كه له تێزی سێیه‌مدا پراتیكی مرۆڤه‌كانی نه‌ئه‌بینی لێره‌شدا ناكۆكیه‌كان و ململانێكانی ئه‌م دنیا واقعیه نابینێ. تۆ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ناكۆكیه‌كانی ژیان و هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵگا بگه‌ڕێیت ناتوانی له دنیای مه‌جازی ئاینیه‌وه (كه له خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی خۆتدا داتناوه) بڕوانی. سه‌ره‌تا ئه‌بێ ئه‌م ناكۆكی و پێچهوانهییانهی كه به ڕاستی و له دنیای مادیدا بوونیان هه‌یه ببینی، وه ڕه‌خنه‌یان لێ بگری كه بۆچی به‌م شێوه‌یه‌ن تاكو سه‌رئه‌نجام ئه‌م ناكۆكیانه وه‌لابنێیت. چ مه‌سه‌له‌ی ڕه‌خنه‌گرتن له‌م ناكۆكیانه و چ گۆڕینیان مه‌سه‌له‌یه‌كی پراتیكیه و به دیاریكراویش پراتیكێكی شۆڕشگێڕانه. ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و شته‌یه كه فۆیه‌رباخ، به پێی ئه‌م تێزه، به فه‌رامۆشی سپاردووه له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ركێكی ئاینیانه‌ی هه‌یه.
تێزی پێنجه‌م:
ئه‌م تێزه ڕه‌خنه‌یه له دیدگای فۆیه‌رباخ، دیدگایه‌ك كه پێی وایه ته‌ئه‌مول كردن یان ته‌ئه‌مولی هه‌ستی شتێكی خه‌یاڵی و ناو زهنی تاكه. له كاتێكدا ماركس لێره‌دا ئه‌ڵێ ته‌نانه‌ت هه‌ست و هه‌ستكردن خۆی شتێك نییه له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ بۆی هاتبێ بگره خۆی چالاكیه‌كی پراكتیكانهی مرۆڤه. ئه‌مه به‌و مانایه ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ماتریالیزمهكهی پێشوو و هی فۆیهرباخیشه كه ڕاسته جۆرێك خۆی له ئه‌ندێشه‌ی موجهڕهدانه جیاكردۆته‌وه به‌ڵام په‌نای بۆ تێڕامانی هه‌ستی بردووه و په‌ی نه‌وه نابات كه ئه‌وه‌ش به‌شێكه له پراكتیكی مرۆڤ.
تێزی شه‌شه‌م:
له‌م تێزه‌دا ڕه‌خنه‌ی ماركس له فۆیه‌رباخ ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ وه‌ك شتێكی موجه‌ڕه‌د و دابڕاو و یاخود تاكی ته‌ریك ئه‌بینێ و هه‌ربۆیه فۆیه‌رباخ ئه‌مه‌ی په‌یوه‌ست كردۆته‌وه به جه‌وهه‌رێكی ئاینیه‌وه. ناتوانێ مرۆڤ وه‌ك به‌شێك له په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی گشث مرۆڤه‌كان ببینێ. به مانایه‌كی تر مادام تاك خۆی هه‌ر هه‌یه و له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تاكی تردا به‌شێوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه، ئه‌بێ كرۆكێكی ئاینی له‌ده‌ره‌وه‌ی تاك، ته‌نانه‌ت خودایه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی بوون و ئیراده‌ی تاك خۆی بوونی هه‌بێ كه ئه‌و تاكی به‌ده‌سته‌وه بێ و كۆنترۆڵی كردبێ. ئه‌مه‌ش نه‌بینینی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و هه‌ر به‌وپێیه‌ش كار و كاردانه‌وه‌كانی ئه‌وانه كه ڕه‌وتی مێژووی دیاریئه‌كات. ئیتر به‌پێی ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ی ماركس، ئه‌و بۆچوون و تیۆریه‌ی فۆیه‌رباخ ناتوانێ ماتریالیستی بێ.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه ماركس باس له‌وه ئه‌كات كه مادام تاكه‌كان به‌وجۆره ببینرێ، ته‌نها وه‌ك جۆرێك بوونیان هه‌یه و ئه‌و تاكه وه‌ك توخمێكی سروشتی خۆی و ئه‌وانی دی كۆئه‌كاته‌وه. ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه كار و كاردانه‌وه‌ی خودی مرۆڤ، وه‌ك چالاكیه‌كی به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر خودی سروشتیش نابینێ. به‌مجۆره‌ش و له‌م چه‌شنه ماتریالیزمهی فۆیه‌رباخدا مرۆڤیش وه‌ك هه‌ر بوونه‌وه‌رێكی تر و به‌شێك له سروشت ده‌بینرێ نه‌ك به‌رهه‌می كار و به‌رهه‌مێكی پێكه‌وه بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی.
تێزی حه‌وته‌م:
هه‌ربۆیه‌شه مادام فۆیه‌رباخ تاك وه‌ك جۆر و بوونێكی موجه‌ڕه‌د ئه‌بینێ لێكدانه‌وه‌ی بۆ هه‌ستی ئاینیش ئه‌وه نییه كه ئه‌میش به‌رهه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه، چونكه خودی مرۆڤ وه‌ك به‌شێك له شێوازێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵگایه‌كی دیاریكراو كه له ڕه‌وتی مێژوویدا و له به‌رهه‌می پراتیكه‌وه گه‌شه‌ی كردووه نابینێ، پێی وایه هه‌ستی ئاینی وابه‌سته به تاكی دابڕاو و موجه‌ڕه‌ده.
تێزی هه‌شته‌م:
دیسان له‌م تێزهشدا ماركس جه‌خت له‌وه ئه‌كاته‌وه كه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ شتێكی تیۆری نییه و پراكتیكه. هه‌ر بۆیه ناتوانرێ له خه‌یاڵ و تێڕامانه‌وه ببینرێ. هه‌موو ئه‌و تیۆری و فه‌لسه‌فانه‌ش كه پێیان وایه بوونی مرۆڤ و په‌یوه‌ندیه‌كانی، یان باشتر بڵێین په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی، نهێنیه و ته‌نها به شێوه‌یه‌كی ئاینی و ته‌سه‌وفی ئه‌توانرێ لێیبڕوانرێ، ئه‌توانن ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌م شته ”په‌نهانه” له پراتیكی مرۆڤه‌كاندا بدۆزنه‌وه. به‌ڵام خه‌وشی ئه‌و جۆره فهسلهفه ماتریالیستانه و له‌وانه‌ش هی فۆیه‌رباخ ئه‌وه‌یه كه ئه‌م په‌یوه‌ندیه ڕاسته‌قینه كۆمه‌ڵایه‌تیانه كه به‌رهه‌می پراكتیكن نابینن (ئه‌مه‌ش دووباره په‌یوه‌ست ئه‌بێته‌وه به تێزی شه‌شه‌وه).
تێزی نۆیه‌م:
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لێكدانه‌وانه‌ی كه پێشوتر باس كران و هی ماتریالیسته‌كانی پێشووه (واته ماتریالیسته‌كانی تێڕامان یا ته‌ئه‌مول)، ئه‌وانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ و له خه‌یاڵه‌وه بۆ هه‌ست و هه‌ستیاری و مرۆڤ ئه‌ڕوانن نه‌ك وه‌ك پراكتیكێك، تاك تاكی مرۆڤه‌كان به شێوه‌یه‌كی دابڕێنراو له كرده و له چالاكی سیاسی ته‌نها له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نیدا ئه‌بینن. وه‌ك له تێزه‌كانی پێشووشدا ووترا كه لێكدانه‌وه و ده‌رككردنی هه‌لومه‌رج و كۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌وه‌یه كه له پراكتیكێكی شۆڕشگێڕانه‌دا بگۆڕدرێت، ئه‌مه‌ش یانی سیاسه‌ت. ئه‌و جۆره ماتریالیزمه ئه‌مه قایل نییه بۆ تاكه‌كان له‌و ”كۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نی”هی كه له خه‌یاڵی خۆیانه‌وه بۆی ئه‌چن.
تێزی ده‌یه‌م:
ئه‌م تێزه‌ش په‌یوه‌سته به نۆیه‌مه‌وه. پێداگری یاخود خاڵی ده‌ستپێكردنی ماتریالیزمی كۆن ئه‌و شته‌یه كه پێی ئه‌ووترێ كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، كه دابڕێنراوه له كار و كاردانه‌وه‌ی چینه‌كان و ململانێی نێوانیان و ئه‌و په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی لێیانه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێ و سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت…له كاتێكدا بۆ ماتریالیزمی مێژوویی، هی ماركس، خاڵی ده‌ستپێكردن ئه‌مه‌ی دووه‌میانه، واته كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی كه به‌رهه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه.
تێزی یانزه‌یه‌م:
ڕۆشن‌ترین ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی له‌م تێزهدایه. خودی تێزه‌كه پێمان ئه‌ڵێ كه گرنگ سازدانی مشت‌ومڕ و لێكدانه‌وه نییه بۆ جیهان، بگره گرنگترین مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه كه چۆن ئه‌و جیهانه ئه‌گۆڕدرێ. ئه‌وه‌ش كرده‌یه‌كی سیاسی شۆڕشگێڕانه‌یه. وه‌ك له تێزه‌كانی پێشووشدا باس كراوه ڕه‌خنه له ناكۆكیه واقعیه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا له پێناو ناسینی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌دایه به‌ره‌و ئاقاری گۆڕینی، (له‌سه‌ریشه‌وه له‌سه‌ر گرنگی ئه‌م تێزه ڕوونكردنه‌وه‌م داوه).
سه‌رچاوه‌كان:
١. كۆكراوه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ماركس و ئهنگسڵ، به‌رگی ٥، له بڵاوكراوه‌كانی لۆرنس و ویشارت (پێشه‌كی و ل.٣_ل.١٠)
٢. سایتی ماركسیسته‌كان، تێزه‌كانی فۆیه‌رباخ به زمانه‌كانی عه‌ره‌بی، فارسی و نه‌رویجی
٣. لینین: سێ سه‌رچاوه و سێ به‌شه پێكهاتووهكهی ماركسیزم، به زمانی ئینگلیزی_ سایتی ماركسیسته‌كان.